گۆڕەپانی سیاسی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەبەردەم ئاڵوگۆڕی نوێ دایە. زلهێزەكان هێشتا نەیانتوانیوە ” نەزمی” دڵخوازی خۆیان لە ناوچەکەدا دابمەزرێنن و لە لایەکی دیکەوە هێزە ناوچەییەکانیش هەرکامە و لە ڕقابەت لەگەڵ یەکتردا بۆ پتەو کردنی پێگەی خۆیان لە چوار چێوەی ” نەزمی” داهاتودان. داهاتوی سوریە هێشتا لەژێر تەمی گوماندایە و روسیە و ئامریکا هێشتا نەیانتوانیوە پێکهاتنە شاراوەکانیان لەسەر داهاتوی ئەم وڵاتە کە لە ساڵێک لەوە پێشەوە دەبیسترێت، بهكردهوه بهڕێوهبهرن.
لەم نێوانەدا دیاردەکان باس لەوە دەکەن کە دوای كونتڕۆڵ كردنهوهی موسڵ و دەرچوونی داعش لەو ناوچانەی داگیری کردون، عێراق زیاتر دهكهوێته ناوهندی ڕووداوهكانهوه. پرۆژەی کورت کردنەوەی دەستی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا كه لە لایەن دەوڵەتی نوێی ئامریکاوە دەستی پێکردوە، لەسەر عێڕاق چڕ دەبێتەوە. کۆماری ئیسلامی لە لایەن ئامریکاوە لەژێر گوشاردایە تا نفوزی خۆی لە عێڕاق لەگەڵ مەسڵەحەتی دەوڵەتی ئامریکا لەم وڵاتە هاوئاهەنگ بکات. دەوترێ کە دەوڵەتی ئامریکا خەریکی دروست کردنی چهند پێگەیەکی گەورەی نیزامی لە کوردستانی عێڕاق و دامەزراندنی کونسولگەریتەکی گەلێک گەورە لە شاری هەولێر پێتەختی حکومەتی هەرێمی کوردستانه. لە کۆنفرانسی ئەمنیەتی مونیخ هەوڵەکانی دەوڵەتی ئامریکا بۆ پێکهێنانی ئیئتیلافێکی نوێ بە بەشداری دەوڵەتانی تورکیە و عەرەبستانی سعودی ژێر گوشار خستنهسهر کۆماری ئیسلامی بەرچاو بوو.
بێ هۆ نەبوو کە محەممەد جەواد زەریف، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران وەک بڵێی لە لێدوانی توندی نوێنەرانی عەرەبستان و تورکیە غافڵگیر بووبێت، سیاسەتی عەرەبستانی سعودی لە ناوچەکەدا بە ” نا ئاسایی” نێوبرد و ئەم وڵاتە و تورکیەی دایەبەر هێرش و ئەوانی بە وڵاتانی لاواز وێنا کرد. ئەو دەوڵەتی تورکیەی بە بێ مەسئولیەتی تاوانبار کرد و وتی کە ” وڵاتی دراوسێی ئێمە حافزەیەکی لاوازی هەیە و یارمەتیەکانی ئێمەی لەبیر چۆتەوە.”
بەڵام کۆماری ئیسلامی، کە بە پشت بەستن بە حکومەتی شیعەی لایەنگری خۆی لە عێڕاق بۆتە خاوەنی پێگەیەکی تایبەت بە بەراورد بە ڕەقیبەکانی لەم وڵاتەدا، دهستی باڵاتری ههیه هەوڵ ئەدات ئەم پێگەیەی بپارێزێ و تەنانەت نفوزی خۆی لە کوردستانی عێڕاقیش پەرەپێبدات. هەر لەم پێوەندەدایە کە ئوستانی کەرکوکی کە ناوچەیەکی ئاوس بە قەیرانە، کردۆتە ئامانج و لەسەر توند بوونەوەی ناکۆکیەکانی نێوان ئەحزابی سیاسی حاکم لە کوردستان سەرمایە گوزاری دەکات.
بۆ دەوڵەتی تورکیەیش عێڕاق و بە تایبەت کوردستانی عێڕاق، لەگەڵ ئەوەی بۆ ئەو سفرەیەکی ڕاخراوی ئابووریە و خاوەنی نەوتێکی هەرزانە و لە داهاتە نەوتیەکانی کوردستانیش بەهرەمەندە، لە هەمان حاڵدا ناوچەیەکە کە دەتوانێ بەشیک لە کێشە و گرفتە نێوخۆییەکانی بۆ ئەوەی بگوازێتەوە. دەوڵەتی تورکیە لە هەوڵدایە تا لە ڕێگای کوردستانی عێڕاقەوە بزوتنەوەی ناسراو بە ” رۆژئاوا” لە سوریە زیاتر بخاتە ژێر گوشارەوە. شەڕی خۆی لەگەڵ حیزبی کرێکارانی کوردستان بگوازێتەوە بۆ دەرەوەی سنوورەکان. کۆمەڵیک نیشانە بوونیان هەیە کە دەوڵەتی تورکیە بۆ دەست پێکردنی شەڕێکی نێوخۆیی تر لە بەشە کورد نشینەکانی سوریە لە ڕێگای کوردستانی عێڕاقەوە خەریکی بەرنامە داڕشتنە.
دەوڵەتی عەرەبستانیش سیاسەتێکی چالاک تری سەبارەت بە عێڕاق گرتۆتە پێش. نیشانەکانی ئەم ئاڕاستە گرتنە لە کۆنفڕانسی ئەمنیەتی مونیخیشدا بەرچاو بوو. لەوێ دەوڵەتی عەرەبستان بە بایەخ نەدان بە پۆزی ئاشتی خوازانەی کۆماری ئیسلامی بە توند ترین واژەکان هێرشی کردە سەر ڕژیمی ئێران. عادل الجوبیر، وەزیری کاروباری دەرەوەی عەرەبستانی سعودی دوای ئەم کۆنفرانسە چوو بۆ بەغدا و لەوێ ڕایگەیاند کە عەرەبستان سورە لەسەر کردنەوەی باڵوێزخانەکەی لە عێڕاق. و خاڵی سنوری ” الجمیمە”، لە مەزری عەرەبستانی سعودی و عێڕاق دەکرێتەوە و هاتوچۆی ڕاستەخۆی فرۆکەکانی هەردوو وڵات دەست پێدەکاتەوە. هەروەها وتی ” هەوڵ ئەدات کە سەقامگیری بۆ ناوچە ئارامەکان بگەڕێتەوە.” ئاشکرایە کە ئەم هەوڵە هیچ شتێک نییە بێجگە لە پشت بەستن بە هێزە سوننیەکان بۆ خستنە ژێر گوشاری دەوڵەتی شیعە. لە لابەلای ئەم قسانەی کاربەدەستانی عەرەبستاندا کۆمەڵیک نیشانە لە بوونی پرۆژەگهلێكی ئابووری ئەم وڵاتە بۆ بنیات نانەوەی ناوچە سوننی نشینەکانی عێڕاق دهبیندرێ. دەوڵەتی عەرەبستانی سعودی هەروەها هەوڵ ئەدات ئەم پرۆژانە بۆ بەغدا و ناوچە بەینابەینیەکانیش پەرە پێبدات.
بەم جۆرە وڵاتی عێڕاق بۆتە مهیدانی كێشمهكێشی ئەو بەرژەوەندیانە و هیچکام لە لایەنەکانی کێشەکە بە هاسانی دەستی لێ هەڵناگرن و لەم پێوەندیەدا گەلێک کرداری دخاڵەتگەرانەیان لە دەستوری کاردا هەیە. بەڵام بەرژەوەندی هیچکام لهم دهوڵهتانه لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا هاوتەریب نییە لەگەڵ قازانج و بەرژەوەندیهكانی خەڵکی ئازار چێشتوی کرێکار و زەحمەتکێش لە عێڕاق و لە کوردستاندا. جهماوهری خهڵكی عێڕاق و کوردستان تا ئێستا لەم دهست تێوهردانانه، بێجگە لە ڕەنج و موسیبەت، پەرەسەندنی شەڕ و نائەمنی و بە کورتی لەبەین چوونی ژیانیان هیچی تریان بە نسیب نەبووە. بێ گومان توند بوونەوەی ئەم ڕقابەتانەش بەرهەمێکی بێجگە لە نابوود بوونی زیاتری ژیانیان هیچی تری بۆیان بەشوێنەوە نابێت. دەوڵەتی عێڕاق و هێزە سیاسیەکان لە کوردستان گەلێک جار نیشانیانداوە کە توانایی خۆڕاگریان لەبەرانبەر ئەم دخاڵەتگەریانەدا نییە و خۆیان بوونەتە بەشیک لە بەرەوپێش بردنی ئەم یان ئەو ستراتیژ.
پەرەسەندنی ناڕەزایەتی لەم دهست تێوهردانانه، تێگهیشتنی واقع بینانە لە رۆڵی وێرانگەری هەموو هێزە گەورە و چکۆلە دەرگیرەکان، یەکگرتویی کرداری خەڵکێکی هاوچارەنووس کە لەم بارودۆخە فەلاکەتبارە وەگیان هاتوون، بە ئامانجی کۆتایی هێنان بە شەڕ و نائەمنی بۆتە نیازێکی هەنووکەیی. رۆڵ گێڕانی جەریاناتی چەپ و پێشکەتنخواز لە عێراق، لە ناوچەکە و لە دنیادا، بۆ شکڵ پێدان و بەهێز کردنی وەها حەرەکەتێک ئەرکێکی جیدی و مێژووییە.