کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

توند بوونەوەی قیرانی ئابووری لەگەڵ درێژەی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی

قیرانی ئابووری و هەژاری و فەلاکەتێک کە ڕژیمی ئیسلامی لە ئێران بەسەر خەڵکیدا سەپاندوە، لەگەڵ بەردەوام بوونی سیاسەتەکانی مافیای ئابووری نیوخۆی نیزام گەیشتۆتە ئاستێکی وەحشەتناک. ئەگەرچی پەیڕەوی و ئیجرای سیاسەتە نیئۆلیبڕاڵیەکانی نیزامی سەرمایەداری لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە لە ئێران دەبێ بە هۆکاری سەرەکی بێکاری و هەژاری و برسیەتی بزاندرێت، بەڵام گومانی تێدا نییە کە سیاسەتە نێوخۆیی، ناوچەیی و جیهانیەکانی حکومەتی ئیسلامی قەیرانی ئابووری چەند بەرابەر کردوە. لەگەڵ ئەوەشدا، گەندەڵی نیهادینە بوو لە ڕایەڵ و پۆی حاکمیەتیشدا یەکێکی تر لە هۆکارە سەرەکیەکانی بارودۆخێکی فەلاکەتبارە کە کۆماری ئیسلامی بەسەر خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشیدا سەپاندوە. لەگەڵ ئەوەشدا ڕێبەران و کاربەدەستانی ڕژیم لە هەوڵدان تا بە سەفسەتە و فریو و کولیی گویی<< دوژمن>> وەک هۆکاری بێکاری و هەژاری و بەرسیەتی خەڵکی ئێران بناسێنن. ئەوان دەتوانن وشەی<< دوژمن>> هەر جارە و بە دەوڵەتێک و یان بە جەریانێک بڵێن و خۆیان لە وڵامدانەوە و دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک بۆ چارەسەری کێشە و گرفتەکانی بەڕێچوون و ئابووری خەڵک بدزنەوە. بەم جۆرە لەگەڵ بەردەوام بوونی سیاسەت و هەڵوێست گرتنە گەمژانە سیاسیەکان، قیرانی ئابووری قوڵ تر و بەرینتر دەکەنەوە.

رۆژی چوارشەممە ١٩ ی مانگی بەفرانبار عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە کۆبوونەوەی گوروپێک لە کەسانی لایەنگری ڕژیمدا لە قوم کە بۆ بینینی بانگ کرابوون، بە جنێودان وەک پێشەی هەمەیشەی وتی:” دوژمن لە هەوڵدایە بە شایعە سازی و تۆهمەت بڵاو کردنەوە خەڵک بترسێنێ و بیانخاتە گیانی یەکتر کە ناتوانێ و خەڵک بەرەنگاری شگردەکانی دوژمن دەبنەوە. هێندێک لە سەرانی ئەمریکا وای نیشان ئەدەن کە شێتن. هەڵبەت من ئەمەم قەبوڵ نییە. ئەوان نەفام س گەمژەی دەرەجە یەکن کە سەبارەت بە ئێران توشی هەڵەی لێکدانەوە هاتوون. بەرپرسانی دەوڵەت لەبەرانبەر تەشەر و توانج و وڕێنەکانی ئەمریکا و ئەروپادا پاشەکشە نەکەن و لەبیری ژیان و بەڕێچوونی خەڵکدا بن. دەبینن ئەوان چەند بێ ڕەبت و وەک دەڵقەک قسە دەکەن؟” ئەم شێوازە قسە کردنە پڕ لە توڕەییەی خامنەیی خۆی نیشانەی داماوی ڕژیمە بۆ چارەسەر کردنی گرفتە ئابووریەکان و شکستی نوسخە پوچەکانی” ئابووری خۆڕاگرانە”ی. ئەو دەزانێ کە تەوسیە کردنی بێ جێ بە دەوڵەت سەبارەت بەوەی کە” لەبیری ژیان و مانگانەی خەڵکدا بن”، بێ ناوەرۆکە و لە بارودۆخی وەرشکست بوونی ئابووریدا لە توانایی ڕژیمدا نییە.

محەممەد جەعفەر مونتەزیری دادستانی گشتی وڵاتیش هەر رۆژی چوارشەممە لە مەشهەد لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ” مودیرانی کوللی ستادی و سازمانی تەعزیرات” یان هەمان ئەشکەنجەگەرانی حکومەتی، بە وتنی وشەی<< دوژمن>> وەک سەبەبکاری قەیرانی ئابووری ڕژیم، وتی:” ئەمرۆ ئێمە لە شەڕێکی بە تەواو مانای ئابووریدا تەڕەفین و دوژمن هەموو تواناییەکانی خستۆتەکار تا نیزامی کۆماری ئیسلامی بروخێنێ.” ئەو لەعەینی حاڵدا ئاماژەی بە بوونی گەندەڵی بەرین لە نێوخۆی حاکمیەتدا و چارەنووسی حەتمی ڕژیم کرد و وتی:” ئەگەر وڵاتێک ئالودە بوو ئیتر ناکرێت چاوەڕوانی مانەوەی ئەو وڵاتە بیت.”

لە بارودۆخی ئێستادا یەکێکی تر لە هۆکارە کاریگەرەکان لە توند بوونەوەی ئەم بارودۆخە شپرزە ئابووریەی کۆماری ئیسلامی کە بۆتە هۆی پەرەسەندنی هەژاری و بێکاری کرێکاران و توێژی هەژاری کۆمەڵگا، تەحریمە ئابووری و سیاسیەکانی ئەمریکا و دەوڵەتانی سەرمایەداری ئوروپایە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ درێژەدان بە سیاسەتە زێدە خوازی و دخاڵەت گەرانەکانی لە ناوچەکەدا، خۆی بەشێکی گرنگ لە باری بەرپرسیاریەتی سەپاندنی تەحریمەکانی سەر خەڵکی ئێرانی لە ئەستۆیە. له‌ ڕاستیدا دوکەڵی سزا ئابووریه‌كانی ئەمریکا بەرلەوەی کە زیان به‌ ڕژیمی دژی خەڵکی کۆماری ئیسلامی بگه‌یه‌نێ، چۆتە چاوی خەڵکەوە و ژیانیانی زیاتر بەرەو رووی هه‌ژاری و برسیەتی کردۆتەوە. ئێستا لە سەرەتای دەورێکی تر لە تەحریمەکانی ئەمریکا لەدژی ئێران، هەژاری و بێکاری سەرچاوە گرتوو لە قەیرانی ئابووری گەیشتۆتە ئاستێک کە تەنانەت شیرەمەنیش لە سەبەدی خۆراکیی زۆربەی خەڵکی ئێران لابراوە. نوێنەرانی مەجلیسی ئیسلامی ئیعتیڕاف بە کاریگەری خراپی بەکردەوە دەرهاتنی دەوری تازەی تەحریمەکان لەسەر گرانی مادەی خۆراکی جێی پێداویستی و حەیاتی خەڵک دەکەن و ئاسەوار و مه‌ترسیه‌كانی ئەم بارودۆخە وەبیر دێنەوە. حەوتوی ڕابردو یەکێک لە نوێنەرانی مەجلیس وتی:” ئەگەر نەتوانین هەزینە زیادیەکانی سیاسەتی نێوخۆ و دەرەوە چارەسەر بکەین، نیزام لە خیابانەکانی تاران زەمین گیر دەبێت و ئەمنیەتمان دەکەوێتە مەترسیەوە.” هۆشداریەکانی خامنەیی و باقی بەرپرسانی ڕژیم بە دەوڵەتی روحانی بۆ باشتر کردنی بارودۆخی بەڕێچوونی جەماوەری خەڵکیش بە تەواوی فریوکارانەیە. ئەوان لە خەڵک باشتر ده‌زانن کە قەیرانی ئابووری ڕژیم گەلێک قوڵ تر لەوەیە کە ڕژیم بتوانێ تەنانەت بەشێک لە داخوازیەکانی کرێکاران و باقی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دابین بکات و بارودۆخی بەڕێچوونی خەڵک باشتر بکات. بەم جۆرە بەردەنگی سەرەکی ئەوان بەرپرسانی دامودەزگا ئەمنیەتی و سەرکوت گەرەکانی ڕژیمە. دادستانی گشتی لە درێژەی قسەکانیدا ئامانجەکانی رۆشن تر کردەوە و وتی:” شەڕی ئابووری گاڵتە نییە. لە شەڕی ئابووریدا ئێمە دەبێ بارودۆخی جەنگیی بەڕێوەبەرین. سازمانی تەعزیراتی حکومەتی دەبێ لەگەڵ کەسانێک کە بەشوێن ئاژین کردنی بێ هیوایی ئابووریەوەن لە نێو خەڵکدا بەرخورد بکات.” ئەمە یانی هەمان کارێک کە لەگەڵ ناڕازیانی مانگی بەفرانباری ٩٦ و لەگەڵ ئیسماعیل بەخشیەکان و سپیدە قولیانەکان کردیان.

هەڵبەت کۆماری ئعیسلامی ساڵانێکە تەکلیفی خۆی یەکلا کردۆتەوە و وڵامی بە داخوازیەکانی کرێکاران و جەماوەری خەڵک، واتە بە << دوژمن>> داوەتەوە. هەموو جۆرە ناڕەزایەتی و داخوازیەک تەنانەت سینفیش بە سیاسی و ئەمنیەتی چاو لێ دەکات و بە هێرشی بەکرێگیراوانی بەسیجی و لیباس شەخسیەکان و هێزی سەرکوتگەری ئەمنیەتی وڵامی ئەداتەوە. بینیمان چلۆن ڕژیمی گەندەڵ و تاڵانچی و ناڕەوا وڵامی ناڕەزایەتی دەیان هەزار کرێکاری نەیشەکەری حەوت تەپە و فولادی ئەهوازی بە گرتن و زیندان و ئەشکەنجە و پیلان گێڕی بۆ شکست پێهێنانی ناڕەزایەتیەکان دایەوە. بەم جۆرە کرێکاران، شۆفیر کامیۆنەکان، مامۆستایان، پەرستاران، خانەنشینان، خوێندکاران و باقی چین و توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگا بۆ دەستەبەر بوونی ماف و داخوازیەکانیان هیچ ڕێگایەکیان بێجگە لە درێژەدان بە خەبات بە شێوازێکی یەکگرتوانە و ڕێکخراو تر بەڵام لە ئاستێکی سەرتاسەری و هاوئاهەنگدا بە ڕێبەریی لێبڕاو و بەرنامەی رۆشنی شۆڕشگێڕانە لەبەردەمدا نییە.

بابەتی پەیوەندیدار

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-