کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

توندووتیژی لەدژی ژنان لە بنەماڵەدا بە پشت بەستن بە یاسای کۆنەپه‌ره‌ستانه‌

154

سه شنبه – ۱۸ تیر – ۱۳۹۸ , 09 – 07 – 2019

154

به‌ڕێوه‌به‌ری ژنانی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان هەموو ساڵێک ڕاپۆرتێک لەژیر ناوی” بەرەو پێش چوونی ژنان” بڵاو دەکاتەوە. ئەم ڕاپۆرتە لەسەر بنەمای زانیاری کۆکراوەكاندا لە سەرتاسەری دنیادا ئامادە دکرێت.” فۆمزیل ئەلامبۆ” به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ئەم ڕێكخراوه‌یه‌ لە بەشی پێوەند بە” بنەماڵە لە حاڵی ئاڵوگۆڕ دایه‌ لە دنیادا ” لە ڕاپۆرتی تەحقیقاتی خۆیدا، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌:” بنەماڵە، جێگای توندووتیژی و هەڵاواردن لەدژی ژنان و کچانە، لە ڕاستیدا، جێگایەکە کە توندووتیژی لەدژی ژنان و کچان تێیدا دەست پێ دەکات.” ئەو دەڵێ:” حاڵەتەکانی توندووتیژی و هەڵاواردن لەدژی ژنان لەلایەن کەسانی نزیکیانەوە، بە ڕادەیەک زۆرە کە دەکرێ بنەماڵە بە مەترسیدار ترین شوێن بۆ ژنان و کچان بزانین.” لە راپۆرتەکەدا هەروەها هاتووە:” لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا، یاساکانی بنەماڵە هەروا بنەمای ئاینییان هەیە، و بەم هۆکارەوە دەوترێت کە یاساکان شیاوی ئیسلاح نین لەبەر ئەوەی ناکرێ یاسای خودا بگۆڕدرێت. ئەگەر کەسێک خوازیاری گۆڕینی ئەم یاسایە بێت، بەرەوڕووی مەترسی هێرش و تەنانەت هەڕەشەی مەرگیش دەبێتەوە”. بەپێی ئەو ئامارانەی لەو راپۆرتەدا هاتوون، تەنیا لە ساڵی ٢٠١٧ دا، ڕۆژانە ١٣٧ ژن لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی دنیا گیانی خۆیان بەهۆی توندووتیژی بنەماڵەییەوە لەدەست داوە.

لەم نێوانەدا ڕژیمی کۆماری ئیسلامیش وەک ڕژیمێکی پارێزەری بەڕبەڕیەتی سەرمایەداریی و هەم وەک ڕژیمێک کە مەزهەبیشی کردووه‌تە ئامرازێک بۆ توند کردنەوەی ئەم مناسباتە دژی ئینسانییە، کارنامەیەکی گەلێک وەحشەتناکی لە ماوەی ئەم ٤٠ ساڵەی ڕابردوودا لەگەڵ خۆی هێناوه‌. ئەم ڕژیمە بە كه‌ڵك وەرگرتن لە مەزهەب وەک ئامرازێکی ئیدئۆلۆژیک و بە یارمەتی وەرگرتن لە ه‌ڕێوه‌به‌ری ژنانی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، هەڵاواردن و نایەکسانییە جنسییەتییەکان و توندووتیژی لەسەر ژنانی بە یاسایی و بە ڕەسمی کردۆتەوە.

توندووتیژی لە بنەماڵەدا ئاسایی ترین شکڵی توندووتیژییە لەدژی ژنان لە ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا. ڕەچاو کردنی توندووتیژی لە بنەماڵەدا، وێڕای شێوازە پیاوسالارانە سوننەتییەکەی، لە ئێراندا یاسامەندیش کراوە. بەپێی مادەی ١١٠٥ ی یاسای مەدەنی ئێران، لە پێوەندی ژن و شودا، پیاو ڕەسمەن سەرۆکی بنەماڵەیە و بەم پێیە فەرمانەکانیشی بۆ باقی کەسانی دیکەی بنەماڵە لازم والئیجران. لێدان لە ژنان لە بنەماڵەدا بەپێی یاسای شەرعی ئیسلام ڕێگه‌ پێدراوە. بەڵام ڕەچاو کردنی توندووتیژی لەدژی ژنان لە بنەماڵەدا شیوازی جۆراوجۆر و ئاڵۆزی هەیە. ئەگەرچی توندووتیژی فیزیکی شێوازی بەرچاویەتی، بەڵام توندووتیژیە نادیارەکان گەلێک جار زیاتر لە توندووتیژی فیزیکی کاریگەری لەسەر دەرونی ژنان هەیە و جاری واش هەیە کارەساتی لێدەکەوێتەوە.

زۆربەی ژنان و کچانێک کە جەستەیان ئاگر تێبه‌رده‌ده‌ن و کۆتایی بە ژیانی خۆیان دێنن، خۆکوژی و خۆسوتاندنیان لە ئاکامی دووپات بوونه‌وه‌ی توندووتیژی نادیارە و ئەو تانە و تەشەرانەیە کە ڕۆژانە لەدژیان بەکار دێت. ئەوان خۆیان لەبەین دەبەن لەبەر ئەوەی لەوە زیاتر تەحەمولی ئەم هەمو گوشار و سوکایەتییەیان نییە. ئەوان خۆیان لەبەین دەبەن بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی بێ هیوایانە ناڕه‌زایه‌تیی خۆیان به‌رانبه‌ر بەو چارەنووسەی بۆیان دیاری کردوون، ده‌رده‌بڕن.

ئەوەی کە ژنان لە ئێران لەسەرەتایی ترین مافەکانیان وەک مافی جیا بوونەوە، مافی سەرپەره‌ستی منداڵ، مافی یەکسان لە میرات، مافی سەفەر کردن، مافی هەڵبژاردنی جلوبەرگ، بێبەشن، ئەوەیکە مافی چەند هاوسەری ئەدرێت بە پیاوان، ئەوەیکە په‌ره‌دان به‌ سیغە واتە کڕین و فرۆشتنی ژنان وەک کۆیلەکانی جنسی، بەگشتی لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا بە یاسایی کراون، گشت ئەمانە لە عەینی حاڵدا بەستێنێکی لەبارن بۆ پەرەسەندنی توندووتیژی لە بنەماڵەدا.

یاساکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی توندووتیژی لەدژی ژنان لە کۆمەڵگادا نیهادینە و په‌ره‌ پێئەدەن و دەیکەنە شەرعی. مەلاکانی خاوەن دەسەڵات لە ئێران پەسه‌ند کردنی یاسا لەدژی ژنان وەک عەمەل کردن بە ئەحکامی ئیلاهی دەبینن و ئیجرای ئەم یاسایانە بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵگای ئیسلامی بە پێویست دەزانن. لەبەر ئەوەی وابیردەکەنەوە کە بە ڕەوایدان بە توندووتیژی لەدژی ژنان دەکرێ بەر بە گەندەلی و بێ بەندوباری لە کۆمەڵگادا بگیرێت. لە حاڵیکدا کە بەپێی ڕاپۆرتەکان ئاماری بێبەندوباری و گەندەڵی لەنێو جەمعیەتی پیاواندا کە مەلاشیان تێدایە شیاوی بەراورد کردن لەگەڵ ژناندا نییە و گەلێک زیاترە. توندووتیژی لەدژی ژنان بە گشت دزێویەکانییەوە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە و وەک هەر دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی تر دەبێ بەستێنی دیسان بەرهەمهاتنەوەی بناسرێت و بەپێی تایبەتمەندیەکانی بە شێوازی سازمان دراو و لە ئاستێکی کۆمەڵایەتیدا بۆ خەبات لەدژی، هێزی ژنا و پیاوانی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەب بەسیج بکرێت. دەبێ وەها گوشار بخرێتە سەر دەوڵەتەکان کە قەبوڵی بکەن گوشار هێنان بۆسەر ژنان جا بە هەر شکڵ و شێوازێک بێت لە بنەماڵەدا، لە مەدرەسە، ناوەندەکانی کار و هەر جێگایەک لە کۆمەڵگا، سزای قورسی بەشوێنەوە بێت.

هیچکەس نابێ ئیجازە بە خۆی بدات توندووتیژی لەدژی ژنان بە ئەمرێکی شەخسی، بنەماڵەیی، قەومی، فەرهەنگی و مەزهەبی بزانیت و بە دوور بێت لە سزای یاسایی. هەرکەس کە بەهەر شکڵ و شێوازێک توندووتیژی لەدژی ژنان بنوێنێ، بەبێ هیچ ئەملا و ئەولایەک دەبێ سزا بدرێت. نە تەنیا دەبێ هەموو شێوازێک لە زەبرو زەنگ نواندن و سوکایەتی پێکردن لە کۆمەڵگا و هەر شێوازێک لە توندووتیژی لە شوێنی کار بە تەواوەتی قدەغە بێت، بەڵکوو دەبێ کەسێک کە توندووتیژی نواندوە و خاوەنکارەکەش بکەونە بەر لێپێچینەوە و سزا بدرێن.

تەنیا لە خەباتێکی ڕیکخراو و یەکگرتوانەدا بە بەشداری بەرین ترین توێژەکانی ژنانی چەوساوە و ستەم دیتو و ئەو پیاوانەی کە مانەوەی ئەم ستەمگەریە بە گوشارێکی پڕئازار و سوکایەتی بە ئاشکرا بە ئینسانییەت خۆیان دەبینن، دەکرێ لە ئێستاوە بە ڕادەیەکی بەرچاو ژینگەیەکی ئەمنتر لە ماڵەوە و لە پێوەندی و مناسباتی ئینسانی لە کۆمەڵگادا و فەزایەکی ئەمنتر لە بنەماڵە و لە کۆمەڵگادا فەراهەم بکەن. بەڵام بێ گومان لە کۆتاییدا بە رزگار بوون له‌ نه‌گبه‌ته‌كانی نیزامی سەرمایەداریی و دامەزراندنی نیزامێکی سۆسیالیستییە کە دەکرێت بۆ هەمیشە ئەم پەڵەی شەرمەزاریە لە داوێنی بەشەریەت بسڕدرێتەوە.