یەکێک لە بەئازارترین دەردەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، بریتییە لە توندوتیژیی بەرامبەر بە ژنان. دەردێکی بێسنوور، کە هیچ چین و توێژ و گەورە و بچووکێک ناناسێت، لە هەموو شوێنێک بوونی هەیە، لە هەر شوێنێک ژنێک هەبێت لە بۆسەدایە بۆ ئەوەی ئازاری بدات. دەردێکی کە زۆرتر، بەرۆکی ژنانی هەژار و کەمدەرامەت، ژنانی کرێکار، ژنانی ناوماڵ، ژنانی نەخوێندەوار، ژنانی کۆچبەر، ژنانی شەڕلێدراو، لەشفرۆش و ژنانی گیرۆدەی ماددە هۆشبەرەکان دەگرێتەوە.
هەر کردەوەیەکی کە بە هەر شێوەیەک ببێتە هۆی ئازار و مەینەتی و زیان گەیاندن بە ژنان، نیشانەی بەکارهاتنی توندوتیژییە لە دژی ژنان، کە لە ئاستێکی بەربڵاودا و لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بەڕێوە دەچێت و دەیانکاتە قوربانی. بەئازارترین جۆری توندوتیژی، بریتییە لە توندوتیژیی جەستەیی، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن پیاوانەوە بە ئەنقەست، وشیارانە و بە ئاشکرا دژی ژنان بەڕێوە دەچێت، بەڵام ئەمە تەنها بەشێکە لە واقیعی جیهانی ئێمە و تەنها بە ناسینی جۆرەکانی تری توندوتیژی دژی ژنان، ڕەهەندە ڕاستەقینەکانی ئەم زیانە کۆمەڵایەتییە بەربڵاوە دەردەکەون. لە هەندێک وڵات سەرچاوەکانی توندوتیژی دژی ژنان دەگەڕێتەوە بۆ زاڵبوونی یاسا و نەریتە لەمێژینە و باوەکان. لە وڵاتێکی وەک ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا، کە فرەژنی، هاوسەرگیری کاتی، سیغە، هەڵاواردنی ڕەگەزی و بێبەشکردنی ژنان لە مافی سەرپەرشتیکردنی منداڵەکانیان، کە توندترین گوشاری دەروونی بەسەر دایکاندا دەسەپێنێ، ئەمانە و گەلێک نموونەی تر، بریتین لەو توندوتیژیانەی دژ بە ژنان کە لەسەر بنەمای بڕگەیەک لە یاسا و ئیلهام وەرگرتن لە ئایەت و ڕەوایەتی ئایینی ئیسلامی بەڕێوە دەچن.
ئەو کیژۆڵە بچکۆلەی کە لە ترسان هەڵدەلەرزێت و چاوەڕێی چەقۆ و تێغی خەتەنەکردنە بۆ ئەوەی تا کۆتایی تەمەنی کەم ئەندام بێت، ئەو کیژۆڵە بچکۆلانەی کە هێشتا زیاتر لە هەر شتێک بیر لە بووکەڵە پلاستیکییەکەی دەکاتەوە و بەزۆر دەنێردرێتە ماڵی پیرە پیاوێکی دەوڵەمەند، ئەو کچە ئازارچێشتووەی کە بەزەحمەت جەستەی ڕەشوشین هەڵگەڕاوی لەژێر دەستی براکەی دەرباز کردووە، ئەو کیژۆڵە بچکۆلانەی کە دەستی کیژۆڵەیەکی بچووکتری گرتووە و لەناو کۆریدۆرەکانی “دادگادا” سەرگەردانە، ئەو ژنە گەنجەی کە جەستە و کەسایەتیی، بە ناوبژیوانی ئاخووندێک لە دەور و بەری بەناو مەزارگە پیرۆزەکانی قوم و مەشهەد دەفرۆشرێت و هەروەها ئەو کچە گەنجەی کە بۆ دابینکردنی مادەی هۆشبەر بۆ ئەندامانی تووشبووی بنەماڵەکەی لە هەموو داوێک دەکەوێت، ئەمانە و زۆر زیاتریش بریتین لە قوربانیانی جۆرێک لە توندوتیژیی کە چارەنووسیان لەلایەن یاسا، شەریعەت، نەریت، دەوڵەت، باوک، برا، مێرد و کولتووری نێر و پیاوسالارەوە دیاری دەکرێت. هەموو ئەمانە و گەلێک شێوازی تر، دەچنە خانەی ئەو توندوتیژییەوە کە بکەر و ئەنجامدەرانی تێیاندا ناسراون، بەڵام فۆرم و شێوازی تری توندوتیژیش هەن کە نابینرێن و لە ڕێگەی میکانیزمە کۆمەڵایەتییەکانەوە جێبەجێ دەکرێن. ئەم جۆرە توندوتیژیانە پشتیوانی یاسایی و پاساوی کولتوورییان هەیە و بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی جێبەجێ دەکرێن. ئەگەر لە توندوتیژی بنەماڵەیی و جەستەیی دا بکەری توندوتیژی دیار و ئاشکرایە، لەم جۆرە توندوتیژیەدا بکەری توندوتیژی نادیارە، بەڵام کاریگەرییەکانی توندوتیژی دیارە و دەتوانرێت پێوانە بکرێت.
ئەو ژنە تەڵاقدراوەی کە بەگوێرەی یاسا مافی چاودێری و سەرپەرشتیکردنی منداڵەکەی لێ زەوت دەکرێت، ئەو ژن و کچەی کە لە مافی سەفەرکردن بە تەنیا و سەربەخۆ بێبەش کراون، ئەو ژن و کچەی کە مافی چوون بۆ هەندێک مەیدانی وەرزشییان لێ زەوت کراوە، ئەو کیژۆڵە کەم تەمەنەی کە بەپێی داب و نەریتی دواکەوتووانە، لەسەر ئیزنی باوک و مام و باپیرە و تەنانەت براکەی، بەشوو دەدرێت، ئەو ئیمکانە کۆمەڵایەتیانەی کە ژنان و کچان بەهۆی ژن بوونیانەوە، لەوانە نەبوونی مافی هەڵبژاردنی هەر کارێکی دڵخواز، نەبوونی مافی دیاریکردن و هەڵبژاردنی بوارەکانی خوێندن و نەبوونی مافی هەڵبژاردنی بوارەکانی وەرزشی و هونەری، هەموو ئەمانە و زۆر بابەتی تری هاوشێوە، نموونە گەلێکن لە توندوتیژیی پێکهاتەیی و کۆمەڵایەتی کە بە شێوەیەکی نادیار بەڕێوە دەچن بەڵام ئاسەوار و کاریگەرییەکی زۆر دیار و بۆماوەیی لەخۆیان بەجێ دەهێڵن. جۆرێکی تری توندوتیژی دژی ژنان لە شوێنی کار ڕوودەدات. ئەم شێوازە لە ئازاردان و هەراسانکردنی ژنان هەندێک جار ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ و هەندێک جاریش ئاشکرا و بەشێوەی شاراوە و نادیار بەڕێوە دەچێت کە تەنانەت هەندێکجار شێوازی توندوتیژی جنسیی بەخۆیەوە دەگرێت. ئەو ژنەی کە تەنیا بە هۆکاری ژنبوونی ڕەخنە لە کارەکەی دەگیرێت و بە ئەنقەست لەبەردەم هاوکارەکانیدا لۆمە دەکرێت، ئەو ژنەی کە بە هۆکاری ژنبوونی ناڕاستەوخۆ لەلایەن خاوەنکار و هاوکارە پیاوەکانیەوە گاڵتەی پێدەکرێت و ناو و ناتۆرەی لێدەدرێت، ئەو ژنەی که لە شوێنی کارەکەی ناچارە بە پێچەوانەی ویستی خۆی گاڵتەوگەپە سێکشواڵەکانی پیاوان ببیستێ و هیچ کاردانەوەیەکی نەبێت، ئەو ژنەی کە لە شوێنی کارەکەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەبێتە ئامانجی داخوازیی پێوەندی سێکسی، ئەو ژنەی کە بەهۆی گرنگی نەدان بە بۆچوون و تێڕوانینی خاوەنکار و سەرپەرشتیار و هاوکارە پیاوەکانی، دەکەوێتە بەر ڕق قین و جێگە و پێگەی پیشەیی و ئیمتیازاتی کارەکەی دەکەوێتە مەترسییەوە، ئەو ژنەی کە لە پێناو پاراستنی کارەکەی و “کەرامەتی خۆی و بۆ ڕێگریکردن لە کێشە و “شەرمەزاریی“زیاتر، گاڵتەی پێدەکرێت و تووشی ئازاری جنسیی دەبێت و بێدەنگ دەبێ، هەموو ئەمانە نموونە گەلێکن لە ئەزیەت و ئازاری ژنان و توندوتیژی دژی ژنان لە شوێنی کار.
توندوتیژی دژی ژنان هیچ سنوورێک ناناسێت و وەک دیاردەیەکی دزێوی کۆمەڵایەتی، هەموو جیهانی داگرتووە و مێژوویەکی هەزاران ساڵەی هەیە، بەڵام ئەمڕۆ سیستمی سەرمایەداریی سەردەمی ئێمە، هۆکار و سەبەبکاری مانەوەیەتی. لەم ڕووەوە توندوتیژی دژ بە ژنان، بە هەموو دزێویەکانییەوە، دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە و پێویستە وەک هەر دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی تر، زەمینەکانی بەرهەمهاتنەوەی بناسرێت و بەپێی تایبەتمەندییەکانی، هێزی ڕێکخراوی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانخواز لە ئاستێکی کۆمەڵایەتیدا، لەدژی بکەوێتەگەڕ. پێویستە دەوڵەتەکان بەڕادەیەک بخرێنە ژێر زەخت و گوشار کە ناچار بن بۆ هەر چەشنە توندوتیژییەک بەرامبەر بە ژنان لەناو بنەماڵە، قوتابخانە، ناوەندەکانی کار و یان هەر بەشێکی کۆمەڵگادا، سزای توند لەبەرچاو بگرن. هیچ کەس نابێت ڕێگە بەخۆی بدات توندوتیژی دژی ژنان، وەک بابەتێکی کەسی، بنەماڵەیی، نەتەوەیی، کولتووری، یان ئایینی لەقەڵەم بدات و لە لێپێچینەوە و سزادان پارێزراو بێت. هەرکەسێک بە هەر شێوەیەک توندوتیژی دژ بە ژنان بەکار بێنێت، پێویستە بەبێ ئەملاو ئەولا سزا بدرێت. نەک هەر پێویستە هەرچەشنە ئەزیەت و ئازار و بێ حورمەتی و سوکایەتیکردن لەناو کۆمەڵگا و هەر جۆرە توندوتیژییەک لە ناوەندەکانی کار، بە تەواوی قەدەغە بکرێت، بەڵکوو پێویستە کەسی تاوانبار و خاوەنکاریش لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و سزا بدرێن، هەروەها ئەگەر ئەو ژنەی توندوتیژی لەدژی بەکارهاتووە، بە هەر هۆکار یان بەبێ هیچ هۆکارێک نەیوێت لەو شوێنی کارەکەی بمێنێتەوە، پێویستە تا ئەو کاتەی کارێکی گونجاو دەدۆزێتەوە لە مافی بیمەی بێکاری بەهرەمەند بێت. تەنیا بە خەباتێکی ڕێکخراو و یەکگرتووانە بە بەشداریی بەربڵاوترین چین و توێژەکانی ژنانی چەوساوە و ستەملێکراو و هەروەها ئەو پیاوانەی کە بەردەوامیی ئەو ستەمکارییە بە گوشارێکی بەئازار و سووکایەتییەکی ئاشکرا بە مرۆڤایەتی خۆیان دەزانن، دەتوانرێت هەر لە ئێستاوە ژینگەیەکی تاڕادەیەکی زۆر ئەمنتر لە ناو ماڵ و پەیوەندییەکی ئینسانیی تر لە کۆمەڵگا و هەروەها کەشێکی ئەمنتر لە ناوەندەکانی کار دابین بکرێت. بەڵام بێگومان لە کۆتاییدا تەنیا بە ڕزگاربوون لە دەستی سیستەمی سەرمایەداری و بنیاتنانی سیستەمێکی سۆسیالیستییە کە دەتوانریت بۆ هەمیشە ئاسەواری ئەو دیاردە دزێوە لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا بسڕدرێتەوە.
