کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

توندوتیژی دژبه‌ ژن له‌ئاستی بنه‌ماڵه‌، كۆمه‌ڵگا و شوێنی كار

N82742328 72013772

توندوتیژی دژبه‌ ژن، یه‌كێك له‌ به‌ژانترین ئازاره‌كانی كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تیه‌‌. ئازارێك  كه‌ نه‌ سنوور ده‌ناسێت و نه‌ توێژ و چین و گه‌وره‌ و چكۆله‌ ده‌ناسێت. له‌ هه‌ر شوێنێك ژنێك بێت، جۆرێك له‌ ئازاریش له‌ كه‌مین دایه‌. ئازارێك كه‌ زیاتر له‌ هه‌موان له‌سه‌ر شانی ژنانی هه‌ژار و بێ ده‌ره‌تان، واته‌ ژنانی كرێكار، ژنانی ناوماڵ، ژنانی نه‌خوێنده‌وار، ژنانی شه‌ڕ لێدراو و ژنانی سته‌ملێكراوی له‌شفرۆش و ژنانی گیرۆده‌ی ئێعتیاد، قورسایی ده‌كات.

هه‌ر كرده‌وه‌یه‌ك كه‌ به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك ده‌رد و ژان و ئازار به‌ ژنان بگه‌یه‌نێت، نیشانه‌ی توندوتیژیه‌ و ئه‌مه‌ش خۆی‌ به‌ شێوه‌ی جۆاوجۆر و له‌ ئاستێكی به‌ریندا دسه‌پێندرێت و ژنان ده‌كاته‌ قوربانی. به‌ژانترین شێوه‌، توندوتیژی فیزیكیه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن پیاوانه‌وه‌ دژبه‌ ژنان، ئاگاهانه‌ و به‌ شێوه‌ی ئاشكرا ئه‌نجام ده‌درێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ش خۆی ته‌نیا گۆشه‌یه‌كه‌ له‌م ئازاره‌ و له‌ ڕاستیدا به‌ ناسینی شێوه‌كانی دیكه‌ی توندوتیژی دژبه‌ ژنانه‌ كه‌ پانتایی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م ئازاره‌ گه‌وره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ ده‌رده‌كه‌وێ.

له‌ هێندێك له‌ وڵاته‌كان توندوتیژی دژبه‌ ژنان، له‌ یاسا و سوننه‌ته‌ كۆن و جێكه‌وتووه‌كانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت. له‌ وڵاتێكی وه‌كوو ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی ئیسلامی كه‌ چه‌ند هاوسه‌ری، هاوسه‌رگیریی كاتی، سیغه‌، هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی، بێبه‌ری كردنی ژنان له‌ مافی سه‌رپه‌رستیی منداڵان كه‌ دژوارترین گوشاره‌ ده‌روونییه‌كان به‌سه‌ر ژناندا ده‌سه‌پێنێت، ئه‌وانه‌ و زۆر نموونه‌ی دیكه‌ ئه‌و توندوتژیانه‌ن كه‌ به‌ پێی به‌ندگه‌لێك له‌ یاسا و ئایات و ڕه‌وایاتێك له‌ ئایینی ئیسلام به‌سه‌ر ژناندا ده‌سه‌پێن.

هه‌موو ئه‌م نموونانه‌ و زۆر نموونه‌ی دیكه‌، له‌ زومره‌ی ئه‌و توندوتیژیانه‌ن كه‌ كه‌س یان كه‌سانێك كه‌ توندوتیژیه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن ده‌ناسرێن، به‌ڵام هێندێك توندوتیژی هه‌ن كه‌ نابیندرێن و له‌ ڕێگه‌ی مێكانیزمه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ ده‌سه‌پێندرێن. ئه‌م شێوازانه‌ له‌ توندوتیژی، پشتیوانه‌ی یاسایی و پاساوی كلتوورییان له‌پشته‌ و به‌ شێوه‌ی ئۆتۆماتیك داده‌سه‌پێن. ئه‌گه‌ر له‌ توندوتیژیی ناو ماڵدا هۆكاری توندوتیژی ئاشكرایه‌ و ده‌بیندرێ، له‌م جۆره‌ توندوتیژیانه‌دا، هۆكاری توندوتیژی نابیندرێت به‌ڵام ئاسه‌واره‌كه‌ی به‌ ئاشكرا دیاره‌ و به‌رئاورد ده‌كرێت.

ئه‌و ژنه‌ ته‌ڵاق دراوه‌ی كه‌ به‌ پێی یاسا له‌ مافی سه‌رپه‌رستیی منداڵ بێبه‌ری ده‌كرێت، ئه‌و ژن و كچه‌ی كه‌ مافی به‌ته‌نیایی سه‌فه‌ر كردن و چوون بۆ مه‌یدانه‌ وه‌رزشییه‌كانی لێ زه‌وت ده‌كرێ، ئه‌و كچه‌ كه‌م ته‌مه‌نه‌ی كه‌ به‌ حوكمی سوننه‌ته‌ دواكه‌وتووه‌كان له‌سه‌ر ئیزنی باوك و باپیر و ته‌نانه‌ت براكه‌ی به‌شوو ده‌درێ، ئه‌و ئیمكاناته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی كه‌ ژنان و كچان ته‌نیا به‌خاتری ژن بوونیان لێیان بێبه‌رین، بۆ نموونه‌ مافی هه‌ڵبژاردنی هه‌موو جۆره‌ پیشه‌یه‌كیان نییه و ناتوانن ئازادانه‌ ڕشته‌ی خوێندن و ڕشته‌ی وه‌رزشی و هونه‌ریی خۆیان هه‌ڵبژێرن، هه‌مووی ئه‌وانه‌ و زۆر نموونه‌ی دیكه‌ له‌ زومره‌ی ئه‌و توندوتیژیه‌ پێكهاته‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ن كه‌ شاراوه‌ن به‌ڵام ئاسه‌واره‌كانیان یه‌كجار به‌رچاوه‌.

شێوازێكی دیكه‌ له‌ توندوتیژی دژبه‌ ژنان، له‌ شوێنه‌كانی كار ڕوو ده‌دات. ئه‌م شێوازه‌ له‌ توندوتژی هێندێك جار ڕاسته‌وخۆ و به‌ ئاشكرا و هێندێك جاریش ناڕاسته‌وخۆ و شاراوه‌ داده‌سه‌‌پێندرێ و شكڵی ئازاری سێكسی به‌خۆی ده‌گرێت. ئه‌و ژنه‌ی كه‌ به‌خاتری ژن بوونی بێ هیچ ده‌لیلێك ئیراد له‌ كاره‌كه‌ی ده‌گرن و له‌ئه‌نقه‌ست له‌به‌رچاوی هاوكارانی هۆشداری پێده‌ده‌ن، ئه‌و ژنه‌ی كه‌ به‌خاتری ژن بوونی ناڕاسته‌وخۆ له‌ لایه‌ن خاوه‌نكار و پیاوانی هاوكارییه‌وه‌ گاڵته‌ی پێده‌كرێت و مه‌ته‌ڵه‌ك ده‌بیستێ، ئه‌و ژنه‌ی كه‌ له‌ شوێنی كار ده‌بێ جۆكی سێكسی پیاوان ببیستێت و بێده‌نگی بگرێته‌ به‌ر، ئه‌و ژنه‌ی‌ كه‌ له‌ شوێنی كاره‌كه‌ی ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ ده‌كرێته‌ ئامانجی داواكاریی ڕابیته‌ی سێكسی، ئه‌و ژنه‌ی كه‌ بایه‌خ به‌ ڕوانین و نیگای خاوه‌نكار و هاوكارانی پیاوی نادات و ده‌كه‌وێته‌ به‌ر نه‌فره‌ت و دواجار پێگه‌ی كاری و پیشه‌یی ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، ئه‌و ژنه‌ كه‌ بۆ پاراستنی پیشه‌ و پاراستنی “ئابڕوو” و بۆ پێشگرتن له‌ ده‌ردیسه‌ر و “ئابڕووچوون“ی زیاتر، مه‌ته‌ڵه‌ك ده‌بیستێت و ئازاری جنسی ده‌بینێت و بێده‌نگی ده‌گرێته‌ به‌ر، هه‌مووی ئه‌وانه‌ نموونه‌گه‌لێكن له‌ توندوتیژی دژبه‌ ژن له‌ شوێنه‌كانی كار.

توندوتیژی دژبه‌ ژن هیچ سنوورێك ناناسێت و وه‌ك دیارده‌یه‌كی ناحه‌زی كۆمه‌ڵایه‌تی، گشت جیهانی داگرتووه‌ و مێژوویه‌كی هه‌زاران ساڵه‌ی هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ نیزامی سه‌رمایه‌داریی هۆكاری مانه‌وه‌یه‌تی. هه‌ربۆیه‌ توندوتیژی دژبه‌ ژنان به‌ هه‌موو ئازاره‌كانییه‌وه‌، دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ و هه‌ر وه‌ك هه‌موو دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیی دیكه‌ پێویسته‌ به‌ستێنی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی بناسین و به پێی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی، به‌ شێوه‌ی ڕێكخراو بۆ خه‌بات له‌دژی، هێزی كۆمه‌ڵایه‌تیی ژنان و پیاوانی ئازاده‌ و به‌رابه‌ری ته‌ڵه‌ب، بێنینه‌ مه‌یدان. پێویسته وه‌ها گوشارێك بخرێته‌ سه‌ر ده‌وڵه‌ته‌كان كه‌ قه‌بووڵی بكه‌ن كه‌ هه‌رجۆره‌ توندوتیژییه‌ك دژبه‌ ژنان له‌ ناو ماڵ، له‌ مه‌دره‌سه‌، له‌ناوه‌نده‌كانی كار و له‌ هه‌موو شوێنێكی كۆمه‌ڵگا، سزای قورسی به‌دواوه‌ بێت. 

هیچ كه‌س نابێ ڕێگه‌ به‌خۆی بدات كه‌ توندوتیژی دژبه‌ ژن به‌ بابه‌تێكی كه‌سی، بنه‌ماڵه‌یی، تاییفی، كلتووری و ئایینی پێناسه‌ بكات و له‌ به‌دواداچوون و سزا، له‌ئه‌مان دا بێت. هه‌ركه‌س، به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك، توندتوتیژی دژبه‌ ژن ئه‌نجام بدات، پێویسته‌ به‌ بێ هیچ پاساوێك، سزا بدرێ. نه‌ ته‌نیا نابێ هه‌موو شێوازێكی لێدان و توندوتیژیی فیزیكی و سووكایه‌تی كردن له‌ناو كۆمه‌ڵگا و هه‌مووجۆر توندوتیژییه‌ك له‌ شوێنی كار، قه‌ده‌غه‌ بكرێت، به‌ڵكوو ئه‌و كه‌سه‌ی كه توندوتیژی لێ ده‌وه‌شێته‌وه‌، پێویسته‌ بكه‌وێته‌ ژێر چاوه‌دێرییه‌وه‌ و سزا بدرێت. ئه‌گه‌ر ژنی ئازار دیتوو به‌هه‌ر هۆكارێك نه‌یهه‌وێ له‌و شوێنه‌ بمێنێته‌وه‌، پێویسته‌ تا دۆزینه‌وه‌ی كاری گونجاو، له‌ بیمه‌ی بێكاری به‌هره‌مه‌ند بێت.

ته‌نیا له‌ ڕێگه‌ی خه‌باتێكی ڕێكخراو و یه‌كگرتووانه‌ به‌ به‌شداریی به‌رینترین توێژه‌كانی ژنانی چه‌وساوه‌ و سته‌ملێكراو و پیاوانێك كه‌ مانه‌وه‌ی ئه‌م سته‌مه‌ به‌ گوشارێكی ئازارده‌ر و به‌ سووكایه‌تییه‌كی ئاشكرا‌ به‌ مرۆڤایه‌تیی خۆیان ده‌زانن، ده‌كرێ هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ تا ڕاده‌یه‌كی به‌رچاو كه‌ش و هه‌وایه‌كی ئه‌منتر له‌ناو ماڵه‌كان و هه‌ڵسووكه‌وت و په‌یوه‌ندیی ئینسانیتر له‌ كۆمه‌ڵگا و شوێنی كارێكی سالمتر دابین بكرێت. به‌ڵام بێ گومان، سه‌ره‌نجام به‌ ڕیشه‌ كێش كردنی نیزامی سه‌رمایه‌داری و دامه‌زراندنی سۆسیالیسم،  ئه‌م په‌ڵه‌ نه‌نگینه‌ بۆ هه‌میشه‌ له‌ سه‌ر جه‌سته‌ی مرۆڤایه‌تی لاده‌چێت.