کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

توندبوونەوەی ناکۆکی باڵەکانی حکومەتی دوای گاڵەتەجاڕی هەڵبژاردن

گاڵەتە جاڕەکانی هەڵبەژاردن لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا وێڕای کۆمەڵێک خاسییەت کە بۆ مانەوەی هەیبووە، لە هەمانحاڵدا وەک میکانیزمێکی یاسایی بۆ گۆڕینی ئاڕایشی سیاسی جەناح بەندییەکانی نێوخۆی حکومەت بەکار هاتووە. لە ڕاستیدا شانۆکانی هەڵبژاردن بە درێژایی مێژوو، رێگایەک بوون بۆ دیاری کردنی سەهمی هەر کام لە باڵەکان لە دەسەڵاتدا و ناوەندەکانی بەناو هەڵبژێردراوی حکومەتی و تاڵانی سەروەتی کۆمەڵگا. ئەگەرچی بەهۆی دەست ڕایگەیشتنی سپای پاسداران وەک بەهێز ترین باڵی حکومەتی بە سەرچاوە سەرەکییەکانی دەسەڵات، باڵەکانی دیكه‌ بەردەوام لە سەهمێک بۆیان دیاری کراوە ناڕازی بوون. بەم حاڵەشەوە شانۆگەرییەکانی هەڵبژاردن بە شێوەی ئاسایی توانیویانە تا ئاستێک کێشمەکێشەکانی حکومەتی بۆ ماوەیەک هێور بکەنەوە. بەڵام ئەمجارە هێشتا مانگێک بەسەر شانۆگەری هەڵبژاردندا تێنەپەڕێوە کە دەورێکی تازە لە شەڕ و کێشەی باڵە حکومەتییەکان دەستی پێکردووە.

عەلی خامه‌نەیی وەلی فەقیەی ڕژیم لە مەڕاسمی ئیفتاریی ئێوارەی دووشەممە ٢٢ی مانگی جۆزەرداندا کە بە ئامادە بوونی حەسەن ڕووحانی و باقی کاربەدەستانی سەرەوەی حکومەتی بەڕێوەچوو، وتی، نابێ ئەزمونی ساڵی ١٣٥٩ تێکرار بێتەوە کە ” سەرۆک کۆماری ئەوکات کۆمەڵگای دوو جەمسەری کردبوو و خەڵکی بەسەر دوو بەرەی یار و نه‌یاردا دابەش کرد”. ڕووی قسە و نووکی هێڕشەکانی خامه‌نەیی بە ئاشکرایی لە حەسەن ڕووحانی بوو. ئەوە حەسەن ڕووحانی بوو کە دوای کۆتایی شانۆگەری هەڵبژاردن و دوای ئەوەی کە سەرلەنوێ وەک سەرۆک کۆماری ڕژیم سەری لە سندووقەکانی دەنگدان دەرهێنا وتبوی، ” ئاکامی هەڵبژاردن، باس لە موافقەتی زۆربەی خەڵک لەگەڵ ڕوانگەیەکی دیاری کراو لە بەرانبەر ڕوانگەی ڕەقیبدا دەکات.” قسەکانی ئەم دواییەی خامه‌نەیی دوای ئەوە کراون کە چوارشەممەی ڕابردووش بە ڕەخنە گرتن لە کرداری فەرهەنگی دەوڵەت، بە ” ئەفسەرانی شەڕی نەرم”ی وتبوو کە ” لە هەر جێگایەک کە هەستتان کرد دەزگای ناوەندی ناکۆکی هەیە و ناتوانێ دروست مودیریەت بکات، لەوێدا ئاتەش بە ئیختیارن”.148

گومانی تێدا نییە کە قسەکانی خامه‌نەیی و ئاماژە کردنی بە دەورەی سەرۆک کۆماری حەسەنی بەنی سەدر، بە واتای هەڕەشە کردن لە حەسەن ڕووحانییە. وەلی فەقیەی ڕژیم هەڕەشە لە ڕووحانی دەکات کە ئەگەر دەست و پێی خۆی کۆنەکاتەوە و لەوە زیاتر هێڵە سوورەکانی نیزامی ئیسلامی ببەزێنێ تووشی چارەنووسی بەنی سەدر دەبێت. ئەوە یەکەمجار نییە کە خامه‌نەیی ڕوو له‌ ڕووحانیی ئەم قسە هەڕەشە ئامێزانە دەکات. عەلی خامه‌نەیی چەند ڕۆژ پێش لە بەڕێوەچوونی ” هەڵبژاردن”یش وێڕای ئاماژە کردن بە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی دوای ” هەڵبژاردنی” ساڵی ٨٨، ڕوو له‌ ڕووحانی وتبوی، ” ئەمنییەتی وڵات دەبێ بپارێزرێت. هەر کەس لەم ڕێگایە لابدات بێ گومان دەبێ بزانی تەنبێ دەکرێ”. خامه‌نەیی وتی، ” ئەو سەهیۆنیستە خاوەن پارە ئامریکاییە خەبیسەی کە وتبوی من توانیم گورجستان بە ١٠ میلیۆن دۆلار ئاوەژو بکەمەوە، لە ساڵی ٨٨ تیشدا بە نەفامیەوە کەوتبوە بیری ئەوەی کە کاریگەری لەسەر کۆماری ئیسلامی دابنێت؛ سەری لە دیواری پتەوی ئیرادە و عەزمی نه‌ته‌وه‌یی درابوو؛ ئەمرۆش هەر بەو جۆرەیە”. خامه‌نەیی ویستی ڕووحانی تێبەگەیەنێت کە ئەگەر بە ئاستەم پێی خوار دابنێت، و کەڵکەڵەی ئەوەی لە مێشکدا هەبێت کە بە پشتیوانی هێزە ڕۆژئاواییەکان دڵی خۆشبکات، ” بەرەو ڕووی دیواری قایمی ئیرادە و عەزمی نه‌ته‌وه‌یی” و لە ڕاستیدا بەرەوڕووی دیواری سپای پاسداران دەبێتەوە و ڕەوانەی حەسری خانەگی دەکرێت.

هێرش و هەڕەشەکانی خامه‌نەیی لەدژی حەسەن ڕووحانی لە حاڵێکدا درێژەی هەیە کە شکستی ئیبڕاهیم ڕەئیسی کاندیدی جێی پشتیوانی خامه‌نەیی لە ئەفکاری گشتیدا وەک شکستی خامه‌نەیی لێکدراوەتەوە و پێگەی ئەوی لاواز تر کردووە. شکستی ئیبڕاهیم ڕەئیسی کە بۆ هەموان پێش بینی کراو بوو لە حاڵێکدا ڕوویدا کە بە پێچەوانەی هەڵبژاردنەکانی پێشوتر ناوەند و مەتبوعاتی سەربە بەیتی ڕێبەری و سپای پاسداران بە ئاشکرایی لەدژی ڕووحانی و بۆ پشتیوانی لە ڕەئیسی هاتبوونە مەیدان.

هەڵبەت بۆ ئەو ڕەوت و ئینسانە وشیارانەی کە ئاشناییان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ شگردەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لە سازماندانی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەکاندا، ئەمانە بە گشتی بەشێک لە ڕەوتێکی گەلێک ئاڵۆزی موهەندیسی کردنی هەڵبژاردن بوون. خامه‌نەیی و لە سەرویەوە سپای پاسداران ئیبڕاهیم ڕەئیسیان کە وەک یەکێک لە جەنایەتکار ترین و بەد ناو ترین سیماکانی ئەم ڕژیمە ناسراوە بۆ سەرکەوتن لە کارزاری هەڵبژاردندا نەناردبووە ئەم مەیدانەوە. ئەوان ئیبڕاهیم رەئیسیان بۆ دۆڕاندن نارد. سپای پاسداران و خامه‌نەیی ڕەئیسیان هێنایە گۆڕەپانی هەڵبژاردنەوە و پشتیوانیان لێکرد تا خەڵک لە هەڵبژێردرانی بترسێنن و لەم ڕێگایەوە تەنوری ساردی هەڵبژاردن گەرم بکەن. ڕەئیسی هێندرایە مەیدانەوە تا ئەو بەشە لە خەڵک کە هێشتا دوودڵ بوون بە گێڕانی نەخشێک لە ڕێگای بەشداری کردن لە هەڵبژاردنەوە بکێشنە بەردەم سندووقەکانی دەنگدان.

کادری ڕێبەریی سپای پاسداران کە ڕوانینێکی گەلێک ستڕاتێژیک تری بۆ پێگەی میکانیزمی هەڵبژاردن لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا هەیە و زەمانەتی مانەوەی نیزامی ئیسلامی لە قوتب نمای دیاری کردنی سیاسەت و هەڵوێستەکانیدا دەبینێ بە هیچ شێوەیەک خۆی و نیزامی ویلایەتی فەقیە بە دۆڕاوی ئەم هەڵبژاردنە نازانێ. لە ڕوانگەی ستڕاتێژیکی سپای پاسدارانەوە لەوێوە کە سەرکەوتنی حەسەن ڕووحانی بەسەر ئیبڕاهیم ڕەئیسیدا لەلای مەحفەلە دەوڵەتییەکانی ئامریکا و هێزە ئوروپاییەکان و تەنانەت هاوپەیمانانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست خاوەنی مەقبوڵەیەتی زیاترە، زۆرتر لەگەڵ ستڕاتێژی مانەوەی کۆماری ئیسلامیی لەم دەورەیەدا دێتەوە.

بەڵام ئەگەر لە ڕوانگەی سپای پاسدارانەوە و لەگەڵیدا خامه‌نەیی سەرکەوتنی ڕووحانی بەسەر ڕەئیسیدا بەشێک لە ڕەوتی مۆهەندیسی کردنی هەڵبژاردن بووە، بۆچی لەم ڕۆژانەدا خامه‌نەیی بەردەوامە لە هێرشەکانی لەدژی ڕووحانی؟ ئەگەر خامه‌نەیی ڕۆژێک ڕوو بە ڕووحانی دەڵێ، ” كه‌لێنی ئیعتیقادی، جوغڕافیایی، زمانی و قەومییەکان قووڵ نه‌كه‌نه‌وه‌”، ڕۆژێک بە ڕەخنە گرتن لە کرداری فەرهەنگی دەوڵەت، بە ” ئەفسەرانی شەڕی نەم” دەڵی لە هەر جێگایەکدا هەست دەکەن دەزگای ناوەندی خەلەلی هەیە و ناتوانێ بە درووستی مودیرییەت بکات، لەوێدا ئاتەش بە ئیختیارن.” و لەم دواییانەشدا دەڵێ کۆمەڵگا بەسەر دوو جەمسەری یار و نه‌یاردا دابەش نەکەن تا گیرۆدەی چارەنووسی بەنی سەدر نەبن، لە ڕاستیدا نیگەرانی کرانەوەی دەلاقەیەکە بۆ هەڵچوونی قین و توڕەیی پۆنگ خواردووی جەماوەر لە حاکمیەتی جەنایەتباری ڕژیمی ئیسلامیی.

خامه‌نەیی بە باشیی دەزانێ هێرشی بەردەوامی ڕژیم بۆسەر کار و ژیان و بەڕێچوونی کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگا و بارودۆخێکی کارەساتبار کە بەسەر زۆربەی خەڵکی ئێراندا سەپاوە ئەوانی بێزار کردووە و مەوقعیەتێکی نزیک لە تەقینەوەی لە کۆمەڵگەدا درووست کردوە. خامه‌نەیی کە ئاگاداری بێتوانایی دەوڵەتی ڕووحانی و کولییەتی ڕژیمە بۆ کۆتایی هێنان بەم بارودۆخە کارەساتبارەیه‌، لەوە ده‌ترسێت کە هێرشەکانی ڕووحانی بۆسەر باڵی بەرانبەر بۆ داپۆشینی بێتواناییەکانی ببێتە بوار و ده‌لاقه‌یه‌ك بۆ تەقینەوەی قین و توڕەیی جەماوەر.