ڕۆژی یەکشەممە ١١ ی مانگی پوشپەر، جەلەسەی بێدادگای پێڕاگەیشتن بە تاوانە ناڕاستەکانی توماج ساڵحی، گۆرانی بێیژی ناوداری ڕاپی ناڕەزایەتی و تێکۆشەر بەڕێوەچوو. جەنایەتکارێک کە جلی دادستانی لەبەرکردبوو دوای ٨ مانگ ئەشکەنجەی وەحشیانە پەروەندەی لە پێشدا دروست کراو بۆ ئەمڕۆ ڵە بوێرەی خەڵکی هێنایە گۆڕێ. بەشێک لەو تاوانە بێ ناوەرۆکانە، بەقەولی وەکیلەکەی، بریتین لە” فەساد فیلئەرز، تەبلیغ لەدژی نیزام، هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتانی نەیار، هەڵخڕاندنی خەڵک بۆ شەڕ و کوشتار لەگەڵ یەک و سوکایەتی بەڕێبەریی“. لەوێوە کە توماج هونەرمەندێکە بە ناوبانگی نێوخۆیی و جیهانیەوە دادستان بە پێویستی زانی تا تاوانەکانی تا دەکرێت قورستر بکات تا بەشکو بتوانێ مەحکومەیەتێکی قورسی بەسەردا بسەپینێ.
توماج تا ئیستا دوو جار و تەنیا لەبەر وتنی گۆرانی ڕاپ دەستبەسەر کراوە. مەئمورانی سەرکوتگەر دووهەمین جار لە سەرەتای مانگی خەزەڵوەری ١٤٠١ دا، ئەویان لە کاتی بەشداری لە ئاخێزی شۆڕشی” ژن، ژیان، ئازادی“، دا لە ئوستانی چوار محاڵ و بەختیاری، دەستبەسەر کرد. دەستبەسەر کردنی ئەم هونەرمەندە و هەواڵی پەیڕەو کرانی ئەشکەنجەی توند لەدژی، شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی لە نێوخۆ و دەرەوەی بەدوای خۆیدا هێنا. شۆڕشگێڕان لە نێوخۆدا چەندین جار لە ئاکسیۆنەکاندا ناو و وێنەکانی ئەویان بەسەر دیوارەکانەوە کێشایەوە و نووسی و یان بە پلیکانەکاندا هەڵیانواسی و خوازیاری ئازاد بوونی دەستبەجێی بوون. زیاتر لە ١٢٥ هونەرمەندیش رۆژی ٢٢ مانگی ڕیبەندانی ١٤٠١ لە ڕاگەیاندنێکدا خوازیاری ئازادی ئەو بوون. لە دەرەوەی وڵاتیش گەلێک جار لە خۆپیشاندانەکاندا داوای ئازاد بوونی کراوە و چەند پاڕلمانتاریش وەکالەتی نمادینی ئەویان وەئەستۆ گرتوە.
توماج لە تەمەنی ٧ ساڵیدا دەستی کرد بە فێر بوونی ژەنینی مۆزیک. ئەو وتویەتی کە لە منداڵیەوە شیعری خوێندۆتەوە و هۆگری شێعرەکانی خەیام بووە. توماج ساڵحی قۆناغی منداڵی خۆی لە ئیسفەهان و شاهین شار تێپەڕ کردوە و دوو مەدرەکی تراشکاری هەیە. ئەویش وەک باوکی لە بواری ئەندازیاری میکانیک بەگرایشی تەڕاحی و بەرهەمهێنانی کەلوپەلی پزیشکی خوێندوە. باوی ٨ ساڵ زیندانی سیاسی بووە.
توماج هونەری ناڕەزایەتی وەک ئامرازێک لەڕاستای دەستەبەر بوونی ئاڕمان و ئیدەی ئازادی خوازانەیدا بەکار هێناوە و داهاتی تراشکاریەکەی بۆ بڵاو کردنەوەی بەرهەمە بوێرانەکانی هەزینە کردوە. سەرجەم بەرهەمەکانی دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە ئەو هونەرمەندێکی بەرپرس و شۆڕشگێڕە. ئەو لەسەر ئەو بڕوایەیە کە فەلسەفەی ڕاپ ئیعتڕازیە و ئەو دەنگی ئەوانەیە کە دەنگیان نییە. وتویەتی:” چینە باڵا دەستەکان دەنگیان هەیە و دەنگیشیان بەڕادەی پێوسیت بە هەموان دەگات؛ بەڵام چینی خوارەوە دەنگیان نییە و کەس گوێی لە قسەیان نابێت. ڕاپی ئێرانی پێویستە گەروی کپ کراو و بێدەنگی کۆمەڵگا بێت.”
توماج بەم بیر و بۆچوونەوە چووە نێوڕیزی شۆڕشگێڕانەوە و بەشداری ئاخێزی شۆڕشگێرانەی ژینا بوو. ئەو لەسەرەتای مانگی خەزەڵوەری ١٤٠١ دا وێنەیەکی خۆی لە ریزی ناڕەزایەتیەکاندا بڵاو کردوە. هەروەها لە گۆرانیەکدا بەناوی فاڵ لە فینجانێکی قاوەدا بینی کە مۆرە ورد و درشتەکانی سەرانی ڕژیم گیراون.
توماج دەڵێ:” ئێستا پێویستمان بە خەمخواردن نیە. ئەگەر ئازیزانمان بکوژرێن نابێ بگرین. دەبێ بەدوای محاکەمەوە بین“.
توماچ لە وتوێژێکدا لەگەڵ شەبەکی سی بی سی تەلەویژن وتبووی کە بە داهاتوی ناڕەزایەتیەکان هیوادارە. ئەو هەروەها وتی:” مۆسیقای ناڕەزایەتی دەتوانێ ئاڵوگۆڕی گەورە دروست بکات و لە کۆمەڵگادا زۆر کاریگەرە. ئەم مۆسیقایە هیوا بە کۆمەڵ دەبەخشێت و بوێری ئاژین دەکات، چوون لە کۆمەڵگایەکدا کە خەڵک ئەوەندە لەژێر گوشاری حکومەتیدا بن، سەرخوردە و بێ هیوا دەبن.” توماج ساڵحی پەرەدان بە بوێری و ئازایەتی و هیوا بەخشین بە خەڵک بە ئەرکی خۆی دەزانێت.
ڕەخنەگرێکی مۆزیک لە بارەیەوە وتی:” توماج ساڵێک دوان پێش ئەم ڕووداوانەی دوایی، بابەتێکی لە نووسراوەکانیدا دەربڕی کە ئێمە هێشتا بە شێوەی ئاشکرا لە کۆمەڵدا نەماندەبینی. واتەڕەخنەی ناڕەزایەتی لە فۆڕمی شۆڕشگێڕانە، بێپەروا و بێ هیچ سانسۆڕێک لە بەرهەمەکانیدا تەرح دەکرا.”
ئەو لە درێژەدا دەڵێ:” ئەم ڕاپ خوێنە لاوە لە سەرەتاوە لە بەرهەمەکانیدا نیشانی دا کە لە ئاستی ژێرەوەی کۆمەڵدا چی ڕوو ئەدات و کاتێک ناڕەزایەتیەکان هەڵچوون، هاتە ڕیزی بزوتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیەوە و بە شێوەیەک بوو بە دەنگی ئەم بزوتنەوەیە.”
بۆچوونەکانی توماج پێشگویی شۆڕشێکی ڕوخێنەر بوو کە بە شێوەی ئاخێزی شۆڕشی ژینا خۆی نواند و بۆخۆشی وەک یەکێک لە هەڵسوڕاوانی ناسراو و بانگی بەرزی ئەم ئاخێزە دەرکەوت. کۆماری ئیسلامی بێهودە لەهەوڵی کپ کردنی ئەم دەنگ و نرکە بەرزەی شۆڕش دایە. توماج لە گەرماوگەرمی توندبوونەوەی سەرکوت لە نێوخۆدا و خۆش کردنی ڕێگای سازش لەلایەن سەرانی ڕژیم لە دەرەوە محاکەمە کراوە. بۆ ڕزگاربوونی و بەرگرتن لە قوربانی بوونی لە کوشتارگای ئیسلامی سیاسیدا دەبێ ڕیزی ملیۆنی هەموو ئەو کەسانە ڕێک بخەین کە لە نێوخۆ و دەرەوە خوازیاری ئازادی دەستبەجێی توماج، ئەم هێمای هونەری ناڕەزایەتی و تێکۆشەرە شۆڕشگێڕەن.