
له ئه‌نجامی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێكی جاده‌یی له ویلایه‌تی “خوست” له ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌فغانستان، نزیكه‌ی ١٠ هاووڵاتیی مه‌ده‌نی گیانیان له‌ده‌ستدا.
به پێی ئه‌م ڕاپۆرته، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ئه‌فغانستان ڕایگه‌یاندووه كه ئه‌م ڕووداوه به‌یانی ڕۆژی سێشه‌ممه ٢٦ی سه‌رماوه‌ز له ناوچه‌ی “بوخانه” له به‌شی ویلایه‌تی خوست ڕوویداوه و به‌هۆیه‌وه ماشینێكی هه‌ڵگری كه‌سانی مه‌ده‌نی ته‌قیوه‌ته‌وه. به‌وته‌ی ناوبراو، به‌هۆی ئه‌م ته‌قینه‌وه‌یه سێ منداڵیش گیانیان له‌ده‌ستداوه. سندوقی پاراستنی منداڵانی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ناسراو به “یوونیسێف” له نوێترین ڕاپۆرتیدا ڕایگه‌یاندووه كه له ٩ مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا، به شێوه‌ی مامناوه‌ند ڕۆژانه ٩ منداڵ له ئه‌فغانستان گیانیان له‌ده‌ستداوه یاخود كه‌مئه‌ندام بوون. ئه‌م ژماره‌یه له‌چاو پاره‌كه ١١ له‌سه‌د زیادی كردووه. به پێی ئه‌م ڕاپۆرته، له نێوان ساڵه‌كانی ٢٠٠٩ تا ٢٠١٨، نزیكه‌ی ٦ هه‌زار و ٥٠٠ منداڵ له ئه‌فغانستان كوژراون و ١٥ هه‌زار منداڵی دیكه‌ش برینداربوون.
