دەست پێکردنەوەی سەرلەنوێی کۆماری ئیسلامی بە بەرپا کردنی ئاژاوە و یارمەتی بە شەڕ ئەنگێزی لە کانونەکانی قەیران لە ناوچەکەدا، بە شێک لەو هەوڵانەیە کە ڕژیم بە ئامانجی لە کۆڵ خۆ کردنەوەی قەیرانە نیوخۆیی و دەرەکیەکانی دەستەوداوێنیان دەبێت. هەڵبەت لە بارودۆخی ئێستادا ئەوەی کە گرفتی سەرەکی و هەنوکەیی ڕژیمە، بوونی مانگرتن و ناڕەزایەتیەکی بەردەوامە کە کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش لە ئێران لەدژی بارودۆخی فەلاکەتباری بەڕێچوون بەرپای دەکەن و ڕژیمی ئیسلامی بۆ چارەسەر کردنی نە وڵامێکی هەیە و نە دەتوانێ هەیبێت. لەم ڕوانگەیەوە بەم دواییانە حکومەت بۆ بە لاڕێدا بردنی سەرنجی ڕای گشتی خەڵکی ئێران لەسەر موسیبەت و موشکلاتێک کە بۆیانی پێکهێناوە، لە گۆڕەپانی سیاسەتی خاریجیدا سەرلەنوێ دەستیداوەتە مانۆڕ و تهحریكاتی نیزامی.
بە ئامانجی بەدوادا چوون و بهڕێوهبردنی ئەم سیاسەتە، ڕژیم حەوتوی ڕابردو ئەمیر حاتەمی وەزیری بەرگری ڕەوانەی سوریە کرد تا وێڕای نمایشی توانایی دخاڵەتگەری لە ناوچەکەدا، ئیمزای قەراردادی هاوکاری نیزامی لەگەڵ دەوڵەتی بەشار ئەسەد ڕابگەیەنێت. نوێنەری نیزامی ئێرانیش لە سوریە ڕایگەیاند کە درێژەی حوزوری بەناو ” ڕاوێژکارانی نیزانی” ئێران لە سوریە بەشێک لە قەراردادی هاوکاری نیزامی نێوان دوو دەوڵەت بووە. ئەوە لە حاڵێک دایە کە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چەندین ساڵی بەدەوام و بە تایبەت لە ماوەی حەوت ساڵی شەڕی کۆنەپەرستانە و جەنایەتکارانە لە سوریە بە سەرف کردنی دەیان میلیارد دۆلار و دانی هەزاران کوژراو، بەبێ ڕاگەیاندنی هیچ قەراردادێک لە شەڕ و کاروباری سوریەدا دخاڵەتی کردوە.
تهحریكاتی نیزامیەکانی ئەم دواییەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی کەنداو و دووپات كردنهوهی هەڕەشەی بێ ناوەرۆکی فەرماندەکانی سپای پاسداران لە پێوەند لەگەڵ داخستنی تەنگەی هورمز و دروست کردنی نائەمنی بۆ کەشتی ڕانیش تێیدا بەشێکی تر لە هەوڵەکانی ڕژیمە. ئاشکرایە کە ئەم تەبلیغاتە بێ بنەمایەش بە ئامانجی بە لاڕێدا بردنی سەرنجی خەڵکی ناڕازی ئێران لەسەر بابەتە نێوخۆییەکان و هەروەها بە ئامانجی چەنە لێدان لەگەڵ رۆژئاوا و ئامریکا بە ئامانجی سازش لەسەر مەرجەکانیان لەبەرجامدا بەڕێوە دەچێت. بەڵام ئەم کردارە تەحریک ئامێزانە نە تەنیا ئامانجەکانی ڕژیمی دابین نەکردوە، بەڵکو فەزایەکی گونجاویشی بۆ هەڕەشە و هیرش بۆسەر کۆماری ئیسلامی بەدیهێناوە.
حەرەکەتە نیزامیەکانی ئەم دواییەی کۆماری ئیسلامی بەرەو رووی کاردانەوەی نەرێنی ئامریکا، ئیسرایل و عەرەبستان و تەنانەت یەکێتی ئوروپاش بۆتەوە. عادل جوبێر وەزیری دەرەوەی عەرەبستان رۆژی چوار شەممە ٧ ی مانگی خهرمانان لە دیدار لەگەڵ هاوتا روسیەکەی بە لەحنێکی توند وێڕای هێرش کردنە سەر کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە دەست تێوەردانی لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکەدا، لەسەر پێویستی داسەپاندنی تهحریمی زیاتر لەدژی کۆماری ئیسلامی جەختی کردەوە. نتانیاهو سەرۆک وەزیری ئیسرایلیش رۆژی چوارشەممە لە ئاماژە بە تەوافوقی ڕاگەیەندراوی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ دەوڵەتی ئەسەد بۆ مانەوە لە سوریە، ڕایگەیاند کە وەها تەوافوقێک بە ڕەسمی ناناسێت و ئیجازە نادات کە هێزە نیزامیەکانی ئێران لە سوریەدا بمێننەوە و هەر کاتێک بە پێویستی بزانێت هێزەکانی ڕژیم و ناوەندە نیزامیەکانیان لە سوریە ئەداتە بەر هێرش. ترامپیش بە ئاشکرایی ڕاگەیاند کە یەکێک لە هۆکارەکانی دەست پێکردنەوەی تەحریمەکانی ئامریکا، کردارەکانی ڕژیمی ئێران لە سوریە، عێڕاق و یەمەنە. لە هەمان حاڵدا وەزیری بەرگری ئامریکا لەسەر چوونە دەری بەتەواوەتی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە سوریە جەختی کردەوە و مەرجی تریشی لەوانە ڕاگرتنی پشتیوانی کۆماری ئیسلامی لە حیزبوڵڵای لوبنان و حوسیەکانی یەمەنی بۆ گەیشتن بە تەوافوق باس کرد. لەم نێوانەدا تەنانەت یەکێتی ئوروپاش کە لەبەر خاتری بەرژەوەندیەکانی دەوڵەت و شیرکەتە پیشەسازی و توجاریەکانی خوازیاری پاراستنی بەرجامە، بەرانبەر به تهحریكاتی نیزامی کۆماری ئیسلامیدا هۆشداری داوە. رۆژی پێنج شەممە ٨ی مانگی خهرمانان وەزیری دەرەوەی فەڕانسە بەر لە چوونی بۆ جەلەسەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئوروپا وتی:” کۆماری ئیسلامی دەبێ پێبەندی عەهدنامە هەستەییەکان بێت. ئێران ناتوانێ خۆی لە قسەکردن سەبارەت بە سێ بابەتی گرنگ لەوانە بەرنامەی موشەکی، بەرنامەی هەستەیی و دەستێوەردان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوڕاست بدزێتەوە.”
کۆماری ئیسلامی دەبێ بزانێت کە کاتی ئەم جۆرە شگردانە کۆتایی هاتوە. لەوێوە کە پەرەگرتن و قوڵ بوونەوەی قەیرانی ئابووری ڕژیمی گەیاندۆتە لیواری وەرشکست بوون، سەرانی ڕژیم ئیتر لەو ئیمکاناتە ماڵیەش بەهرەمەند نین کە بتوانن وەک پێشو بە میلیارد دۆلار لە گیرفان و سفرەی خەڵکی ئێڕان بۆ دەخاڵەت و حوزور لە ناوچەکەدا خەرج بکەن. ڕژیم ئیستا لە موقعیەتێکدا نییە تا بتوانێ چ لە ئاستی ناوچەکە و چ ئاستی دنیادا بۆ بەرەو پێش بردنی بەرنامە تەوسعە تەڵەبانە و زێدە خوازیەکانی دەست بداتە گرەوکێشی. لە مەیدانی نێوخۆیشدا دەستی ڕژیم بۆ کرێکاران و جەماوەری خەڵکی بێبەش و برسی وەها ئاشکرا بووە کە کۆماری ئیسلامی ئیتر نە دەتوانێ بە بیانوی دەرگیری لەگەڵ دوژمنی دەرەکی و بە ڕەچاو کردنی ئامرازی سەرکوت ئەوان لە بەدوادا چوونی خواست و داخوازییە حەیاتیەکانیان سارد بکاتەوە. هەر وەک ئەوەی لە چەند مانگی ڕابردوودا نەیتوانی بە مانۆڕ دان لەنێوان باڵەکانی نێوخۆی نیزامدا خەڵک لە بەداوادا چوون و خەبات بۆ دەستەبەر کردنی داخوازیەکانیان پەشیمان بکاتەوە. خەڵکی ئێران ئێستا زیاتر لە ڕابردوو لەگەڵ فڕوفێڵ و شگردە شەرعیەکانی سەرانی ڕژیم ئاشنان. نمایشی دووری و یان نزیکی باڵەکانی ڕژیم لەیەکتر ناتوانێ خەڵک بەرەو باڵێک لە حاکمیەت ڕابکێشێت. لە ڕوانگەی کرێکاران و خەڵکی ستەم دیتوی ئێرانەوە، کولیەتی حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی لە سەران و فەرماندەکانی سپای پاسدارانەوە گرتویەتی تا خامنەیی و دەوروبەریەکانی بەیتی ڕێبەریی و تا روحانی و تەیفی ئیعتیدال و ئوسولگەرا ” ماجەرا ئیتر تەواو بووە”. بێ گومان درێژەی مانگرتنی بەهێزی بزوتنەوەی کرێکاری لە پێوەندی و هاوئاههنگی لەگەڵ بزوتنەوەی ناڕەزایەتی سەرتاسەری و شكڵ گرتنی ڕێبهرییهكی لێبڕاو و وشیار، پێداگر و چەپ و ڕادیکاڵ لە ناخی ئەم ناڕزایەتیانەدا سێبەری حاکمیەتی ئیسلامی سەرمایە لەسەر خەڵکی ئێران لادەبات.