ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی مانگی سەرماوەز ترێزا مهی سەرۆک وەزیرانی بریتانیا لە مهنامەی پێتەختی بەحرهین لە سوخەنڕانیەکی توونددا لەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەڵویستی دهوڵهتهكهی بۆ پشتیوانیی لە دهوڵهتانی شوڕای هاوکاریی کانداو و بەتایبەت عەڕەبستانی سعودیی لە کێشمەکێش لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئاشکرا کرد. لایەنگریی ترێزا مهی لە عەڕەبستان بە شێوەیەک ڕوون و ڕاشکاوانە بوو کە تەنانەت قسەکانی بووریس جانسۆن وەزیری دەرەوەی دەوڵەتەکەی کە تێیدا عەڕەبستانی دابووه پاڵ ئێران، دایه بەر ڕەخنە كه وتبووی “ڕژیمهكانی “عەڕەبستانی سعودیی و ئێران، لە شەڕێکی جێگرهوهی ناوچەکەدا بەشدارن و ئەمەش کارەساتە” و وێڕای ڕهتكردنهوهی ئهم ههڵوێسته، ئەمهی بە بۆچوونێكی شەخسیی ههژمار كرد و وتی كه ئەمە هەڵوێستی دەوڵەتی بریتانیا نییە. ئەو بۆ پیشاندانی جیددیبوونی هەڵوێست گرتنی بریتانیا لە پێوەند لەگەڵ دهوڵهتی عەڕەبستانی سعودیی، ڕۆژی هەینی ١٩ی سەرماوەز بووریس جانسۆنی نارد بۆ مهنامە و وابڕیاریش بوو كه بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر لهسهر قسەکانی لە پێوەند لەگەڵ عەڕەبستان و داوای لێبوردن بچێته ئەو وڵاتە.
کۆبونەوەی سەرانی دهوڵهتانی کەنداو ئەمساڵ بەهۆی ئەو ئاڵوگۆڕانەی لە ناوچەکەدا لەئارادان، گرنگییەکی تایبەتی ههبوو. بەم هۆیەوە ترێزا مهی بۆ سوخەنڕانیکردن لە ٣٧مین دانیشتنی سەرانی دهوڵهتانی ئەندامی شوڕای هاوکارییهكانی کەنداو بانگهێشت کرابوو. ئەو لە سوخەنڕانییەکەیدا لەسەر ههبوونی پێوەندیی ئێستراتێژیکیی بریتانیا لەگەڵ عەڕەبستان جەختی کردەوە و خوازیاری هاوکاریی دهوڵهتانی کەنداو و بریتانیا بۆ بەرەوڕووبوونەوە و بەرپهرچدانهوهی سیاسەتی هێرشبەرانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی و به ئیستلاح پاراستنی ئەمنییەتی ناوچەکە بوو.
ئاشکرایە کە ئامانجی سەرەکیی سەرۆکوەزیرانی ئێنگلێستان لە سەفەر بۆ ئەم ناوچە ئێستراتێژیکە و هەڵوێستی لە پێوەند لەگەڵ وڵاتانی دەوڵەمەند و خاوەن نەوتی کەنداو لە سەروبهندی جیابوونەوەی بریتانیا لە یەکێتیی ئۆروپادا، بەدەستهێنانەوەی پێگەی ئهمپڕیالیستیی ئەم دهوڵهتهیه لە ناوچەکەدا و ههروهها بۆ بەهرەمەندبوون لە سەرچاوەی ئابووریی ئەم وڵاتانەیه. دهوڵهتی ئێنگلێستان دەزانێ لە بارودۆخێکدا کە دهوڵهتانی کەنداو و بەتایبەت عەڕەبستانی سعودیی نیگەرانی كاڵبوونهوهی جێگه و پێگهی ناوچەیی خۆیان و ئەو مەترسییانەن کە لە لایەن ڕژیمی ئیسلامییەوە لەسەریانە، ئەم وڵاتانە گەلێک نیازمەندی پشتیوانیی زلهێزێکی وەک بریتانیان. سەرۆکوەزیرانی ئینگلستان بۆ دڵدانەوە و ڕاکێشانی متمانەی دەوڵەتانی کەنداو لە لێدوانێكیدا بۆ كهناڵی ئهلعهڕهبییهش وتی كه ”ئێمە سەبارەت بە کرداری شەڕهنگێزانەی ئێران و دەستێوەردانەکانی لە زۆر ناوچەدا، لەگەڵ ئێوە هاوڕاین. ناوبراو جەختی لهوهش کردەوە کە دهوڵهتانی کەنداو بەپێچەوانەی ئێران، وەک شەریکی ئێستراتێژیکیی ئێمە به ههژمار دێن و بریتانیا یارمەتیی دهوڵهتانی حەوزەی کەنداو دەدات بۆ پاشەکشەکردن بە کرداری هێرشبەرانەی ئێران. ناوبراو تەنانەت ئامادەیی دەوڵەتی ئینگلێستانی بۆ بەرەڕووبوونەوەی نیزامیی بەم ڕستەیە ڕاگەیاند و وتی كه ” ههر بەم هۆیەوە من سەردانی ڕەزمناوی ” ئۆشن” م کرد کە لێرەیە و بۆ یارمەتیدان بە زەمانەتکردنی سەقامگیریی و ئەمنییەتی ناوچەکە لایداوه.”
لە وهها بارودۆخێکدا و لەگەڵ دەرچوونی بریتانیا لە یەکێتیی ئۆروپا، دەستی دەوڵەتی ئەم وڵاتە بۆ هاوکاریی و هاوئاهەنگیی لەگەڵ ئامریکا کراوەتر دەبێت و بە هەڵبژێردرانی تڕامپ و ئەو هەڕەشانەش كه کردوونی، نیگەرانی لە پەرەسەندنی هەڕەشە و ڕەچاوکرانی سیاسەتی شەڕەنگێزانەیان زیاتر لە پێشوو بێت. لە وهها حاڵەتێکدا ناوچەکە زیاتر لە ئاگری شەڕی جەنایەتکارانەی سەرمایەداراندا ڕۆ دهچێت.
یەکێکی دیكه لە ئامانجەکانی “ترێزا” لەم سەفەرە و ئەو هەڕەشانەش کە وەک سەرۆکوەزیری دهوڵهتێكی موحافزهكار لە دەوڵەتانی گەورەی سەرمایەداریدا لەدژی ئێران کردوونی، گوشارە بۆسەر کۆماری ئیسلامیی بۆ ئیجرای ئهو تەعەهۆدە ناوچەییانهی کە لە قەراردادی بەرجامدا چووهته ژێر باری و سهلماندوونی. ئەگەرچی بەڕواڵەت موزاکراتی هەستەیی کۆماری ئیسلامیی لەگەڵ دەوڵەتانی ١+٥ لەسەر پرسی هەستەیی بووە، بەڵام ئاشکرابوو کە یەکێکی دیكه لە ئامانج و مەرجی ئەم دەوڵەتانە بۆ موزاكره، دەستەبەرکردن و ئیجرای داواکاریی دیكه بوو کە لە کۆماری ئیسلامییان خواستووه. بەرتەسککردنەوەی بازنهی دهستوهردانی ڕژیم لە کاروباری ناوچەکە و بەرگرتن به تهگهره خستنهسهر ڕێگهی ئیجڕای بەرنامە و سیاسەتی زلهێزە سەرمایەدارییەکان لە ناوچەکە و هاوڕێیهتیی و هاوکاریی ڕژیم لەگەڵ ئەو سیاسەتانەدا، لە خاڵەکانی بوون. لە ڕوانگەی دهوڵهتی بریتانیا و هاوپەیمانەکانیەوە، کۆماری ئیسلامیی لەم ماوەیەدا ئەو بەشە لە تەعەهودەکانی جێبەجێ نەکردووە. بەڵام ئەوە تەنها ئێنگلێستان نییە کە دەیهەوێ ڕژیمی ئیسلامیی بخاتە ژێر گوشارەوە. لە ئامریکاش به ئاراستهی درێژەی گوشارخستنەسەر کۆماری ئیسلامیدا، سێ هەفتە لهمهوبهر مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا “یاسای تەحریمەکانی سەر ئێران”ی بۆ ماوەی دە ساڵی دیکە درێژ کردەوە و سەرەڕای هیوای ڕژیمی ئیسلامیی بە ئەگەری ڤێتۆی ئەم یاسایە لە لایەن باڕاک ئۆباماوە، ئەویش ئەو یاسایەی تەئید و ئیمزا کرد. بە شوێن ئەوەدا ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی مانگی سەرماوەز یەکێک لە نوێنەرانی کۆنگرەی ئامریکا ڕایگەیاند کە کۆنگرە بهنیازه ڕێوشوێنی توندتری بازرگانیی لەدژی ئێران بخاتە بواری جێبەجیکردن و لەمهودوا ئەو شیرکەتانەش کە خوازیاری مامەڵە لەگەڵ ئێرانن، دەخرێنە ژێر چاودێری وردەوە.
کۆماری ئیسلامیی بە ئامانج و سیاسەتێکی ئاژاوهگێڕانهی کە لە كاروباری وڵاتانی ناوچەکەدا گرتوویهتهبهر و بەشداریی ڕاستەوخۆی لە شەڕەکانی سوورییە و یەمەن و عێراقدا ههیه، بووهتە هۆی نیگەرانیی زیاتری دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی. ئەم ڕژیمە بوارخۆشكهری گرژیی زیاتره له ناوچهكه و لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی دروستبوونی مەترسیی بەرەوڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی نیزامیی لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە و هاوپەیمانەکانیاندا. دهستێوهردانهكانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لە كاروباری وڵاتانی ناوچەکە و پێکهێنانی هێزی میلیشیای چەکداری وابهسته بە خۆی لە ناوچەکە لە جۆری حیزبوڵڵا لە لۆبنان و حەشدی شەعبیی لە عێراق و هەروەها لە سوورییە و یەمەن بۆ زۆروێژیی و بهشخوازییەکانی ههتا ئێستا، بووهتە هۆی درێژەی شەڕ و کوشتاری دەیان هەزار کەس و گەرمکردنی ئاگری شەڕ لە ناوچەکەدا.
بەڵام ئەوەیكه بۆ حاکمانی کۆنەپەرست و جەنایەتکاری ئالی سعوود له عهڕهبستان و کۆماری ئیسلامیی له ئێران گرنگە، درێژەی حاکمییەتی دژه مرۆیی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیانە. ئەمانه وەک ههر حاکمێكی دیکتاتۆڕ و دژه خەڵکیی سەرمایەداریی، لە وەڕێخستنی شەڕ و ڕژانی خوێنی جەماوەری خەڵک باکیان نییە. ئەگەر کۆماری ئیسلامیی لە عێراق و سوورییە و یەمەن كهوتووهته بهرهی شەڕێکی جێگرهوهی ناسراو به نیابهتیی كه به هۆیهوه بۆتە هۆی ئاوارەبوونی بەمیلیۆن مرۆڤ و وێرانبوونی وڵاتانی وەک سوورییە، عێراق و یەمەن، لە لایەکی دیکەی ئهم جهنگ و شەڕ و کوشتارانەدا، ڕژیمێكی کۆنەپەرست و جەنایەتکاری وهك ئالی سعوود و باقی ڕژیمەکانی هاوپەیمانی، لهوانه قەتەر و تورکییە و ئیماراتدا وهستاون. ئەم جهنگانه، بە ئیمکاناتی دارایی و ئینسانی و سەروەتی خەڵکێک خراوەتەڕێ، کە لە وڵاتەکانی خۆیاندا دەستەویەخەی هەژاریی و بێکاریی و برسێتین.
ئەم حکومەتانە لە ماوەی چەند دەیەی دهسهڵاتدارێتیی خۆیاندا، نیشانیانداوە کە نە سەڵاحییەتی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگهیان هەیە و نە توانایی ئیدارەکردنیشی. ئەوەی به خهیاڵیاندا نهیهت، بەرەوپێشبردنی وڵات و ئاسایش و ئاسوودهیی و خۆشبژێویی و ڕیفاهی خەڵکه، ئهوان تهنها بەرژەوەند و مەسڵەحەتی حاکمان و سەرمایەدارانیان لا مهبهسته. ئەم حکومەتانە دەبێ بە شۆڕشێکی هەڵقوڵاو لە ئیرادە و هێزی جەماوەری خەڵک و لەپێشیانەوە، چینی کرێکاری وشیار و ڕیکخراو بڕووخێن و لە جێگهشیان دهسهڵاتێكی شۆڕشگێڕانەی کرێکاریی به ئاراستهی بونیاتنانی نیزامێکی سۆسیالیستی دابمەزڕێت. ئەوە تاكهڕێگهی ڕزگاربوونە لەم دۆزەخەیکە سەرمایەداران بۆ خەڵكیان بەدیهێناوە.