کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ترسێک کە ئیدیعا نامەی ئیسماعیل بەخشی دروستی کردوە!

ئیسماعیل بەخشی بوێر ترین نوێنەری کرێکارانی حەفت تەپە و ڕێبەری مانگرتنەکەیان کاتێک دوای ٢٥ رۆژ لە ئەشکەنجەگای ڕژیم ڕزگاری بوو، جەنایەتکاران لەسەر ئەو بڕوایە بوون کە ئەو لانیکەم بۆ ماوەیەکی زۆر دەنێرنەوە بۆ سوچی ماڵ و لە دەستی ڕزگاریان دەبێت. ئەو بەڵام تەنیا بە تێپەڕ بوونی چەند رۆژ پشودان لەوەی کە جەنایەتکارانی ئیسلامی بەسەریان هێنا بوو، لە نامەیەکدا بۆ وەزیری ئیتلاعاتی ڕژیم داوای داد خواهی کرد. ئەو ئەمجارەش نیشانیدا کە عەزمی بۆ دیفاع لە قوربانیانی ڕژیم، بۆ دیفاع لە کەرامەت و حورمەتی ئینسانی هەر وا پێداگرە. ئەمجارە ئەو هەم وەک ڕێبەرێکی کرێکاری کە ئێستا گەڕاوەتەوە نێو باوەشی گەرمی هاوکارانی و هەم وەک دەنگی بەرزی ئەوانەی کە بە تاوانی دیفاع لە سەرەتایی ترین حقوقی ئینسانی واتە ژیانێکی شەرافەت مەندانە و بە تاوانی داکۆکی لە مافی کرێکاران زیندانی کرابوون، قسەی کرد. ئەو دەیزانی کە سپیدە قولیان بە تاوانی بڵاو کردنەوەی هەواڵی کرێکارانی حەفت تەپە زیندانی کراوە و لە ژێر ئەشکەنجە دایە. ئەو دەیزانی کە کرێکارانی دەست بەسەر کراوی فولادی ئەهواز لە هەمان ئەشکەنجەگادا ئه‌سیرن کە ئەو تا ئاستی مردن تێیدا ئەشکەنجە کرابوو. ئەو دەیزانی کە هاوکارەکەی عەلی نەجاتی کە گیرۆدەی گەلێک نەخۆشینە، هەروا لە لایەن ئینسان کوژانی ئیسلامیەوە دەستبەسەرە. و ئەو دەبوو ببێتە دەنگدانەوەی دەنگی هەمویان.

نامەکەی شەپۆلێک لە پشتیوانی و هاوکات شەپۆلێک لە بێزاری گشتی لەدژی حاکمانی بەدی هێنا. مەگەر تاوانی ئەو چی بوو؟ بێجگە لەوەی کە دیفاعی لە بەرژەوەندی خۆی و هاو چینەکانی کردوە لەبەرانبەر بە تاڵانچوونی حەقدەستەکانیان. بێجگە لەوەی کە دەیوت کرێکارانی حەفت تەپە خوسوسی سازیان ناوێت، بێجگە لەوەی کە دەیوت کە ئێمە دەمانەوێ بەسەر خەرج و دەخڵی حەفت تەپەدا چاودێریمان هەبێت لەو روەوە کە حەقدەستە کەمەکەشمان نادڕێتێ. بێجگە لەوەی کە دەیوت ئێمە دەمانەوێ شوڕای سەربەخۆی خۆمان هەبێت تا دیفاع لە هاوچینەکانمان بکەین؟.

ئەو ئەمجارەش بە پشتیوانی هەمان کرێکاران کە ئەویان کردبووە وتەبێژی جەسوری خۆیان و لە هەموو ئەو ماوەی کە ئەو لە زیندانی جەنایەتکارانی ئیسلامیدا بوونی لە پێناو ئازاد کردنی دا شەڕیان کردبوو، ئەو بە پشتیوانی ئەو خوێندکارانەی کە وتیان و نووسیان ئێمە ئیسماعیل بەخشین، بە پشتیوانی ئەو وەکیلانەی کە ئامادەی دیفاع لەو و هاوکارەکانی زیندانی کراوی بوون و بە پشتیوانی هاوپشتی بەرینی خەڵکی ماف خواز لە نێو خۆ و لە دەرەوەی وڵات، هاتبووە مەیدان. ئەو ئێستا ئیتر تەنیا نوینەری کرێکارانی حەفت تەپە نەبوو، ئەو نوێنەری کرێکارانی زیندانی کراوی فولادی ئەهواز بوو، ئەو ببوو بە وتەبێژی ئەوانەی کە شه‌لاقکاری کرابوون، کە جەستەیان لە ئەشکەنجەگاکانی ڕژیمدا ئازار درابوو وە لەم کاتەدا ئەو سەرجەم ئەم ئەشکەنجە گەرانە و سەرانی ڕژیمی بۆ نەبەرد بانگەواز دەکرد.

ئەگەر تادوێنێ کاتێک کرێکارانی حەوت تەپە باسی ئەشکەنجەی بەخشیان دەکرد و وڵامیان نەئەدرایەوە، ئەگەر تا دوێنێ وەکیلەکەی بەخشی لەگەڵ پیلانی بێدەنگی مەئمورانی ئەمنیەتی و ئەشکەنجەگەراندا بەرەوڕوو بوو وە دەنگی بە هیچکوێ نەدەگەیشت، ئیستا ئیسماعیل بەخشی وەقسە هاتوە و ڕیسوایان ده‌كات.

ئەگەر لە لایەکەوە چەند کەسێک باسی ئەشکەنجەگەرانی خۆیان کرد، لە لایەکی دیکەوە سەرجەم باندەکانی حاکمیەت وەجوڵە کەوتن. بابەتەکە دەبوو لە ناخی هەراو هوریای باندەکانی ڕژیمدا ون بێت کە گۆیا بۆ یەکەم جارە بیستویانە کرێکارێک لەبەر داوا کردنی حەقدەستە دواخراوەکەی ئەشکەنجە دراوە، گۆیا بۆ یەکەم جارە دەبیستن کە کرێکارانی مەعدەنی بافق بە تاوانی هەر ئەم داخوازیانه‌ درانە بەر گوللە، گۆیا بۆ یەکەم جارە بیستویانە کە کرێکارانی هیپکۆ شه‌لاقکاری کراون. وە گاڵتەی مێژوو ئەوەیە کە ئێستا دەبێ ئەم دادخاهیە لە داڵانە تاریکەکانی هەمان ئەو ئۆرگانانەدا توێژینەوەی لێ بکرێت کە نزیک بە ٤٠ ساڵ هەموو دەنگێکی ئازادی خوازانەی بە گوللە وڵام داوەتەوە و لە قەتڵگاکانیاندا هەڵواسراون و ئەم شێواز و کارەیان بە پانتایی جوغڕافیای ئێران پەرە پێدابوو. بێشەرمانە چاو لە چاوی خەڵک دەکەن و دەست دەکەن بە وەدرۆ خستنەوەی ئەشکەنجە درانی بەخشی. پارێزگاری خوزستان لەو کەسانە بوو کە وتی لە بەرپرسانی پرسیوە و ئەوان وتویانە ئەشکەنجەیەک لە کاردا نەبوو. و ئەوە لە حاڵێکدایە کە وتەبێژی قوەی قەزاییە، هەمان ئەو قوەی کە خۆی کارنامەیەکی قورسی لە سەرکوت هەیە ناچار دەبێت بڵێ داوای لە ئیسماعیل بەخشی کردوە کە” شکایەت بکات تا سەبارەت بە رووداوەکە توێژینەوە بکرێت” و دەبێ چەندە بێ شەرم ێیت تا پرسیار لەو دەزگایانە بکات کە ئایا ئەو کارەیان کردوە. و هەموو ئەمانە لە حاڵێکدایە کە وەکیل مدافعی ئیسماعیل بەخشی لەم رۆژانەدا لە ڕا‌ڕەوەکانی دادگوستەری خوزستاندا خەریکی بەدواداچوونی پەروەندەی موەکیلەکەی بووە و دەڵێ کە” کەسانێک بەخشیان بۆ وەدرۆ خستنەوەی قسەکانی خستۆتە ژێر گوشارەوە” و ئەو جاریکی تر جەختی کردەوە کە” قسەکانی بەخشی سەبارەت بە ئەشکەنجە کرانی راستە”. بەڵام هاوکات سەرۆکی قوەی قەزاییە بە بێشەرمی تەواوەوە بە وتنی ئەوەی کە” زیندان هۆتێل نییە و هەڵەیەکی ئیحتیمالی بازجویەک نابێ بە حیسابی سەرجەم ئەو ناوەندە بنووسرێت” جەوهەری تا ئەوپەڕ کۆنەپەرستانەی خۆی پیشاندا. وە هەڵبەت کرێکارانی حەوت تەپە لە رێگای کاناڵی تێلگڕامی سەربەخۆیانەوە لە وڵامدا وتیان” تکایە خۆتان گێل مەکەن، قسە لە هوتێل نییە، قسە لەسەر ئەشکەنجەیە تا ئاستی مردن. باس لە لێدان و ئازار دان و شکاندنی پەراسوی ئیسماعیل بەخشیەو، قسە لە دەرمانی ڕەوانگەردانە تا ئەو جێگایەی ئیسماعیل سەریی بە دیواری سلولەکەیدا داوە.”

سەرجەم ئەوانەی کە مێعماران و کاربەدەستانی ئەم ڕژیمە بوون گۆیا لە خەوی ٤٠ ساڵە ڕاستبوونەتەوە. سەرۆکی ئەمنیەتی میللی و سیاسەتی دەرەوەی ڕژیم وتویەتی کە ئەم کوموسیۆنە لە جەلەسەیەکدا بە ئامادە بوونی بەرپرسانی مه‌ربوته‌ لە مەسائیلی پێوەندیدار بە کرێکارانی حەوت تەپە و لەوانە ئیسماعیل بەخشی دەکۆڵێتەوە.” ئەمانە دوای تێپەڕ بوونی چەند حەفتەیەک لە مانگرتنی کرێکارانی حەت تەپە و ئازاد کرانی بەخشی تازە کەوتونەتە بیری جەلەسەوە و ئەویش لەگەڵ” بەرپرسانی پێوەندیدار.” وتەبێژی کوموسیۆن ئومید لە مەجلیسی ڕژیمیش ڕایگەیاند کە” ئەم فڕاکسیۆنە داوا لە بەرپرسانی وەزارەتی ئیتلاعات دەکات دوای لێکۆڵینەوە لە قسەکانی ئیسماعیل بەخشی راپۆرتێک پێشکەش بکات”. عەلی موتەهەری جێگری سەرۆکی مەجلیسیش لە رۆژنامەی ئیعتیماد دا نووسی” ئاغای بەخشی لەم نامەیەدا باسی لە ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و دەروونی لە زیندان و هەروەها شنودی تەلەفونی موبایل و قسەکانی لەگەڵ هاوسەرەکەی لە لایەن ئیتلاعاتەوە کردوە. وەزاڕەتی ئیتلاعات دەبێ ڕابگەیەنێت کە ئایا ئەم تاوانانە ڕاستن یان نا” و دواتر دەڵێ کە ” ئایا لە ٤٠ ساڵەی شۆڕشی ئیسلامیدا تەرح بوونی ئەم ئیدیعایانە شایانی کۆماری ئیسلامییە؟” دەبێ بەم جیگرەی سەرۆکی مەجلیس بوترێت کە پێویست ناکات چاوەڕوانی نوێنەری وەزارەتخانەیەک بیت کە بە سەدان ئەشکەنجەگای شاراوە و ئاشکرای هەیە، ئەوەندە بەسە بچیت بۆ شوێنەکە و ئیسماعیل بەخشی و ئاساوارەکانی ئەشکەنجە بەسەر جەستەیەوە ببینی. موتەهەری زیاتر لەوەی کە نیگەرانی ئیسماعیل بەخشی بێت نیگەرانی” ئیسلامی عەزیز”ە. ئەو باشتر لە هەر کەسێکی تر دەزانێ کە تاریخی ئیسلامی سیاسی مێژوویەکی پڕ لە جەنایەت و ستەمگەریە. دەبێ پێی بوترێت کە کۆمەڵگای ئێران مێژووی خوێناوی ٤٠ ساڵی ڕابردوی لەبیر ناچێتەوە. کێ هەیە نەزانێ کە ماشێنی سەرکوت، مەرگ، و ئەشکەنجەی ئەم نیزامە لە ماوەی ئەم ساڵانەدا بۆ ساتێکیش نه‌وه‌ستاوه‌.

بەڵام ئێستا گرنگ ئەوەیە کە بزانین ئەگەر قەرارە بەخشیەکان بگەنە ئارامی و ئاسایش، ئەگەر قەرارە کرێکاران، موعەلیمان، خوێندکاران، ژنان و منداڵان شه‌لاق کاری نەکرێن و ئەگەر قەرارە کە ئەشکنجە بە مێژووی سەردەمی وەحشیگەری بەشەریەت بسپێدرێت، ڕێگایەک بێجگە لە روخاندنی ئەم ڕژیمە لە مەسیری شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیدا بوونی نییە.

بابەتی پەیوەندیدار

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-