رۆژی شەممە ٢٥ ی گوڵان هەواڵنێری ڕەسمی کۆماری ئیسلامی ڕاپۆرتێکی لە چاوپێکەوتنی خامنەیی لەگەڵ ئەندامانی حەوزەی عیلمیەی تاران بڵاو کردەوە. لەم دیدارەدا خامنەیی کۆمەڵیک نیگەرانی دەربڕی هەرچەند تازە نەبوون، بەڵام نەفسی تێکرار و جەخت لەسەر کردنەوەیان نیشانەی جیدی بوون و قوڵ بوونی ئەم نیگەرانیانە بوو. ئەو ئاماژەی بە کاریگەری فەزای مەجازی بەسەر فکری لاوانەوە کرد و ئیعتیڕافی کرد گەلێک گومانی جیدی لەبواری ئیعتیقادات و باوەڕە ئیسلامیەکانەوە بەدی هاتووە. ئەو وتی ” ئەنگیزە سیاسیەکان بۆ تەزریقی ئەفکاری مونحەرف لە زەینی لاواندا بوونی هەیە و فەزای مەجازی لە زیاد بوونی گومانە دینیەکاندا کاریگەری هەبووە.” ئەو لە درێژەدا وتی کە” ئەم مەیدانە، مەیدانی ڕاستەقینەی شەڕە و رۆحانی و تەلەبەکان دەبێ تەیار و ئامادە، بچنە مەیدانی بەرەنگار بوونە لەگەڵ گومان و تەفەکوراتی غەڵەت و ئینحرافیەوە”.ڕاستیەکەی ئەوەیە کە نیگەرانیەکانی خامنەیی بی هۆنییە. خامنەیی و گەلێکی تر لە سەرانی ڕژیم مەترسیەکیان لە پەناگوێی خۆیان هەست پێکردوە. بەڵام مەترسی ڕاستەقینە کە خەوی لە چاوی خامنەیی و باقی سەرانی ڕژیم زڕاندوە، نەک ” زیاد بوونی گومانە دینیەکان لە لاواندا” کە هەڵبەت بەشێک لە ڕاستیەکەیە، بەڵکوو بێگانە بوونی سەرجەم کۆمەڵگای ئێرانە لەگەڵ مەوجودیەتی ڕژیمی ئیسلامی. ئەوان بە باشیی هەستیان بەوە کردوە کە هەرچی کات تێپەڕ دەبێت کۆمەڵگای ئێران بە کردەوە زیاتر و زیاتر لەگەڵ فەرهەنگ و باوەڕ و شێوەی ژیان و حاکمیەتی ئەم ڕژیمەدا دەکەونە بەرانبەر یەکتروە.
دوای نزیک لە ٤ دەیە لە حاکمیەتی ڕژیمی ئیسلامی، سەرەڕای سەرف کردنی پوڵێکی کەڵان، سەرەڕای بەکار هێنانی ئامرازەکانی زۆر و سەرکوت بۆ پەرەدان بە خورافات و زاڵ کردنی ڕێگا و ڕەوشی ژیانی کۆنەپەرستانەی جێی سرنجی، سەرەڕای ئاوێتە کردنی ئاموزش و پەروەرش لەگەڵ مەزهەب، ئێستا هەر ئەڵێی گەڕاونەتەوە خاڵی سەرەتا. کەوایە قسەکانی خومەینی چی بەسەرهات کە دەیوەت” لایەنگرانی موئمنی سبەی رۆژی ڕژیمی ئیسلامی هێشتا لە لانکەدان”. چی بووە کە لە ئێستادا بەم شێوەیە نیگەرانی” گومانی ئیسلامی لاوانی هەمان نەوە و نەوەکانی دواتریشن.”
بەڵام نیگەرانیەکانی خامنەیی تەنیا بە ئیعتقادات و باوەڕە مەزهەبیەکانی لاوان و گومانە ئیسلامیەکان لەنێویاندا بەرتەسک نابێتەوە. نیگەرانیەکانی خامنەیی سیاسی تر و ئاشکرا تریشە. ئەو ١٠ رۆژ لەوە پێش ئاماژەی بە مەترسی ” ئیسلامی ئامریکایی” لە بەرانبەر ” ئیسلامی ناب ” دا کرد. ئەمرۆ لە ئێراندا واتای سیاسی ئەم واژە سیاسیانە و کاربوردیان بۆ هەموان ئاشکرایە. خامنەیی لەسەر ئەو بڕوایەیە کە بە شێوەکاری کەسانی وەک رۆحانی ناکرێت حکومەتی ئیسلامی بپارێزرێت. ئەو لەم پێوەندیەدا میانە ڕەو و ئیسلاحخوازەکان بە کەسانێکی خاوەن گومان و دودڵ دەزانێ، کە بە نەزان کاریەکانیان، بەبێ ئەوەی کە خۆیان بیانەوێ، حکومەتی ئیسلامی لەنێودەبەن. بەڵام خامنەیی نایەوێ بزانێت کە مەسەلە رۆحانی و ئیسلاحخوازانی حکومەتی و پەیڕەوانی بەقەولی ئەو ” ئیسلامی ئامریکایی” نییە، بەڵکوو مەسلە ئەوەیە کە هەرچی کات تێپەڕ ئەبێت، نەگونجان و لەگەڵ یەکتردا نەهاتنەوەی حکومەتی ئیسلامی بە ئیدئۆلۆژی، سیاسەت و کردارەکانیەوە لەگەڵ ئاستی بەرەوپێشەوە چوونی فکری و فەرهەنگی و سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی ئێران ئاشکرا تر ئەبێت.
٣٨ساڵ لەوەپێش بۆ حاکم کردنی ” ئیسلامی ناب” کەوتنە گیانی شۆڕشی خەڵک، ویست و داواکاریە کرێکاری و جەماوەریەکانیان بۆ دواوە بردەوە و پایەکانی حکومەتی تیرۆر و وەحشەتیان دامەزراند. لەو تاریخەوە تا ئێستاش بێوچان لە بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ئەم مەترسیەدا واتە ئەو شتەی ئیسلامە نابەکەیان ئەخاتە مەترسیەوە، ناوەندەکانی سەرکوتیان بەهێز کردوە، بە ژمارەی ئێعدام و گرتن و زیندانی کردنیانەوە زیاد کردوە، هێزی بەسیجیان لە شکڵ و شێوەی جیاوازدا بە شەقام و کۆڵان و ماڵەکاندا بڵاو کردۆتەوە و کەرامەتی ئینسانەکانیان پێشێل کردوە. هەواڵنێران و نووسەران و ڕەخنەگرانیان بەم شگردانەی کە گۆیا ڕێگا بۆ نفوزی ئیسلامی ئامریکایی و هیتر خۆش دەکەن، گرتوە و یان تیرۆر کردوە. بەناو بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ” ئامریکا و سەهیۆنیستەکان” لە خیابانی شارەکاندا مانۆڕ ئەدەن و هێزی ئەمنیەتی و ئینتیزامی بە رووی خەڵکدا ئەکەن. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا واتای قسەکانی خامنەی ئەوەیە کە ئەوان لە ماوەی ئەو هەموو ساڵەدا لە ڕاستیدا ئاویان لە هاوەندا کوتاوە و لەمرۆشدا گەڕاوەنەتەوە بۆ هەمان خاڵی سەرەتا.
لە ڕاستیدا ترسی خامنەیی و باقی سەرانی ڕژیم نەک لە ئیسلامی ئامریکایی، بەڵکو لە ئاخیزی خەڵکە لەدژی حکومەتی ئیسلامی. پشت تێکردنی خەڵک لە حاکمیەتی مەزهەبی و ئیستبدادی حوکمێکی مێژوییە، ڕژیمی ئیسلامی دەتوانێ حەرەکەتی تاریخ بە کرداری زۆر و سەرکوت و یان هێزی فریو و خەڵەتاندن وەدوادا بخات یان بەرەو رووی گرفتی بکاتەوە بەڵام گومانی تێدا نییە کە ناتوانێ ڕایبگرێت. بە گشتی مەسەلە لەسەر ئەوەیە کە هێزە روو لە گەشەکانی ئەم کۆمەڵگایە کرێکاران و کومونیستەکان چ دەورێک لە بە ئاکام گەیاندنی ئەم حوکمەدا ئەگێڕن؟ چینی کرێکار بە حوکمی پێگەکەی لە بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی و خەباتی تا ئێستایدا و کومونیستەکان بە حوکمی ئەزمونێکی بەنرخ کە لە هەوراز و نشیوێکی سەد ساڵە لە کۆمەڵگای ئێراندا بەدەستیان هێناوە، دەتوانن پێگەیەکی یەکلاکەرەوە لە شکڵدان بە داهاتوی سیاسی ئەم کۆمەڵگایە دەستەبەر بکەن.