عەلی خامنەیی، وەلی فەقیەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ ی مانگی گوڵان، لەبارەی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارییەوە کە لە ڕۆژی ٢٩ی مانگی گوڵاندا بەڕێوەدەچێت، وتی، ” ئەگەر کەسێک بیههوێت لەدژی ئەمنیەتی وڵات ڕاپەڕێت، بە دڵنیاییەوە بەرەوڕووی کاردانەوەیەکی توند دەبێتەوە.” ئەو بە ئاماژە بە ناڕەزایەتیی جەماوەری دوای شانۆی هەڵبژاردنی ساڵی ٨٨ وتی، ” ئەمنیەتی وڵات دەبێ بپارێزرێت. هەر کەسێک ئەم بابەتە لەبەرچاو نەگرێت دەبێ بزانێ حەتمەن سزای توند ئەدرێت.” خامنەیی لە درێژەدا وتی :” ئەو سەهیۆنیستە پوڵ دارە ئامریکاییە خەبیسەی کە وتی من توانیم گورجستان بە ١٠ میلیۆن دۆلار ئاوەژو بکەمەوە و لە ساڵی ٨٨شدا نەزانانە لەبیری ئەوەدا بوو کە کاریگەری لەسەر کۆماری ئیسلامیش هەبێت؛ بەرەوڕووی دیواری پتەوی ئیرادە و عەزمی میللی بۆوە؛ ئەمڕۆش هەروایە”. خامنەیی کە لە ڕێوڕهسمی ” دانش ئاموختەگی دانشجویانی ئەفسەری و تەربیەتی پاسداری زانکۆی ئیمام حسێن” سوخەنرانی دەکرد، وتی ئێمە لە هەڵبژاردندا بێ ئەزموون و تازەکار نین، ٣٨ ساڵە کە لەگەڵ هەڵبژاردندا سەروکارمان هەیە، ئێمە لە کاری هەڵبژاردندا شارەزاین، دەزانین ئەو کەسانەی کە لە هەڵبژاردندا لایەنی قەزیەن و دخاڵەت دەکەن، ئەمانە ڕەنگە بکەونە چ ژینگەیەکی فکریەوە و چ دوژمنایەتییەک و چ وەسوەسە و بیرۆکەیەک بێت بە مێشکیاندا.” خامنەیی تەوسیەی بە هەر ٦ کاندیدەکە کرد :” هەوڵ بدەن دژایهتییه ئیعتیقادی، جوغڕافیایی، زمانی و قەومییەکان نە جوڵێنن و پاڵێوراوهكان لەبەر خەتا کردن لە تەشخیسدا، ئەم چین و کەلێنانە بە قازانجی دوژمن هەڵنەخرێنن.”
رووی سەرەکی قسە هەڕەشە ئامێزەکانی خامنەیی لەنێو ٦ کاندیدە حکومەتیەکەدا لە حەسەن ڕووحانییە کە لەم ڕۆژانەدا و لە کارزاری هەڵبژاردندا وادیارە لە هێندێک لە هێڵە سوورەکانی نیزامی کۆماری ئیسلامیی واوەتر چووە. قسە هەڕەشە ئامێزەکانی خامنەیی بە دوای هێرشی توندی ڕووحانی لە ڕەئیسی و قاڵیباف و دوای ئەوە بووە کە ڕۆژنامەی جمهوری ئیسلامیی نووسیبوی” ئەوەی کە ڕوو ئەدات نەک منازرە، بەڵکوو محاکەمەی نیزامە.” حەسەن ڕووحانی ڕۆژی دووشەممە ١٨ی مانگی گوڵان لە ڕەخنە گرتن لە ڕەقیبەکانی و بەبێ ئەوەی کە ناوی ئیبڕاهیم ڕەئیسی و محەممەد باقر قاڵیباف بێنێ ئاماژەی بە کۆمەڵیک بابەتی وەک ” ئێعدام و هەڵاواردنی ڕهگهزی” کردبوو وتبوی، ” مانگی گوڵانی ٩٦ شیش جارێکی دیكه خەڵکی ئێڕان ڕایدەگەیەنن ئەوانەی کە لە ماوەی ٣٨ ساڵدا تەنها ئێعدام و زیندان فێر بوون و شارەزا بوون، قەبوڵ نییە”. حەسەن ڕووحانی لە درێژەی قسەکانیدا چووە سەر پێشینە و ڕابردووی ڕەقیبەکانی لەم کارزارەی شانۆی هەڵبژاردندا و وتی، ” ئەوان باسی ئازادی ڕادهربڕین و ڕەخنە گرتن دەکەن. جێی سەر سوڕمانە. ئەوانەی کە گەلێک زمانیان بڕی و دەمیان دوری. ئەوەی کە لە ئێوە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا وەشاوەتەوە و دەر کراوە، وشەی قەدەغە بووە؛ مەمنوعیەتی قەڵەم؛ مەمنوعیەتی تەسویر. تکایە ئێوە باسی ئازادی مەکەن کە ئازادی خەجاڵەت دەبێتەوە. ئێوە باسی ڕەخنە مەکەن.” ناوبراو ڕوو بە لاوان وتی، “ئەگەر ئێوە لاوان لە ماڵەوە دابنیشن بزانن لە پیادە ڕەوەکانیشدا دیوار درووست دەکرێت. ئێوە ئەوان ناناسن، من دەیان ناسم. ئەوانە ڕۆژێک لە جەلەسەیەکدا بڕیاریاندا کە لە تاران و لە پیادە ڕەوەکانیدا دیوار درووست بکەن. ئەوان دەیانویست پیادە ڕەوی ژنانە و پیاوانە درووست بکەن وەک ئەوەی لە شوێنی کاریان بەخشنامەی جنسیەتیان دهرکرد.”
دیاردەی ئێعدام و زیندان و بڕینی زمان ودورینی زار و سانسۆڕ و پیاوانە و ژنانە کردنی شوێنەکانی کار بۆ خەڵکی ئێران کە ژیانی لەژێر دهسهڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا تاقی کردووە هیچ شتێکی تازەنییە. کەمتر کەسێک هەیە لە کۆمەڵگای ئێراندا کە بە چەشنێک برینێکی کرداری جەنایەتکارانەی ئەم ڕژیمەی بە رۆح و جەستەوە نەبێت. ئەوەیکە سەرۆک کۆماری ڕژیمی ئیسلامیی تازەیە ئیعتیڕافی پێ دهكات بە کرداری جەنایەتکارانەی ٣٨ ساڵی ڕابردووە. بەشێک لە ئیعتڕافاتی حەسەن ڕووحانی پێوەندی بە دەور و نەخشی ئیبڕاهیم ڕەئیسیەوە هەیە لە کوشتاری هەزاران ئینسانی کۆمۆنیست و شۆڕشگێر و نەیارانی سیاسی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لە ساڵی ١٣٦٧ دا. هەڵبەت ڕووحانی لەبیری چۆتەوە کە خۆیشی لە کاتی کارەساتی کوشتاری بهندكراوانی سیاسیدا و ناشتنیان لە گۆڕی بەکۆمەڵدا، یەکێک لە یاران و ڕاوێژکارانی نزیکی ڕەفسنەجانی و شەخسی خومەینی بووە. ڕووحانی هەروەها لەبیری چۆتەوە کە مستەفا پوورمحەممەدی یەکێک لە ئەندامانی هەیئەتی ٣ نەفەرەی، ناسراو بە ” هەیئەتی مەرگ” لەو قۆناغەدا وەزیری دادگوستەری دەوڵەتەکەیەتی. لە مێژووی جەنایەتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا ناوی ئیبڕاهیمی ڕەئیسی لەپاڵ هەیئەتی ٣ کەسی حسێنعەلی نەییری، موڕتەزا ئیشڕاقی و مەستەفا پوور محمەدیدا کە لە ڕکابی خومەینیدا دەور و نەخشێکی ڕاستەوخۆی لە کوشتاری بهندكراونی سیاسیدا هەبووە تومار کراوە. کاتێک خامنەیی ڕوو بە کاندیدە حکومەتییەکان دەڵێ ” لایە و درز و کەلێنە ئیعتیقادی، جوغڕافیایی، زمانی و قەومییەکان مەجوڵێنن و …” لە ڕاستیدا نیگەرانی درووست بوونی دەلاقەیەکە بۆ ئاخیز و هەڵچونی قینی پهنگ خواردوی جەماوەری لەو جەنایەتانەی ئەم ڕژیمە دەر حەق بەوان ئەنجامی داوە. بابەتێکی دیكه کە بۆتە هۆی توڕە بوونی خامنەیی ئەو دروشمانەیە کە بۆ پشتیوانی لە میر حسێن موسەوی و کەڕوبی لە میتینگەکانی هەڵبژاردنی حەسەن ڕووحانیدا ئەدرێن. هاوکات لەگەڵ ئەوەدا عەلی موتەهەری جێگەری سەرۆکی مەجلیسی ئیسلامیی لە زانکۆی ئەمیر کەبیر لە کۆبونەوەی خوێندکاراندا ڕایگەیاندووە ئەو کەسەی کە لە وڵاتدا دەستوری مەمنوعیەت و حەسر واتە زیندانی بوون لەماڵدا دەدات، عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامییە. کاتێک کە خامنەیی لە قسە هەڕەشە ئامێزەکانیدا لە ژێر ناوی ” سەهیۆنیستی پوڵ داری ئامریکایی خەبیس” دا ئاماژە بە ” جۆرج سۆرۆس”، سەرمایەگوزار و بازرگانیی ئامریکایی لە ڕووداوەکانی ساڵی ٨٨ دا دەکات لە ڕاستیدا دەیەوێ بە تیرێک دوو نیشانە بپێکێ. یەکەم دەیەوێ بە پشتیوانانی موسەوی و کەڕوبی و عەلی موتەهەری بڵێت کە پەروەندەی تاوانەکانیان بە ئەندازی کافی قورسە با جارێ لە حەسەردا بمێننەوە و دووهەم ئەوەیکە ڕووحانی حاڵی بکات کە ئەگەر پەل ببزێوێ، وەسوەسە بێت و دڵی بە پشتیوانی هێزە ڕۆژئاواییەکان خۆش بکات، ” بەرەوڕووی دیواری پتەوی ئیرادە و عەزمی نهتهوهیی” و لە ڕاستیدا بەروڕووی دیواری سپای پاسداران دەبێتەوە و ڕەوانەی حەسەری خانەگی دەکرێت.
بەڵام کاتێک کاندیەکانی حکومەتی لە جەریانی ئەم کارزارەی شانۆی هەڵبژاردندا لە لەقاودانی دەور و نەخشی یەکتر سەبارەت بە ئاستی هەژاری و فەلاکەتێک کە بەسەر خەڵکیاندا سەپاندوە و جەنایەتێک کە لەدژی ئەوان لە ماوەی ٣٨ ساڵی ڕابردوودا ئەنجامیان داوە بەم شێوەیە کێبەرکێیان داناوە، خەڵک بۆچی دەبێ لە بەینی ئەم ٦ جەنایەتکارەدا یەکێکیان هەڵبژێرن؟ سپای پاسداران دەستی لە نێو دەستی خامنەیی ناوە و بە هەر فڕوفێڵ و شگردێک بووە یەکێک لەم جەنایەتکارانە لە سندووقەکانی دەنگدان دەردێنن، بەڵام نابێ بتوانن خەڵک بکێشنە بەردەم گاڵتەجاڕی هەڵبژاردن. خەڵک لە ئێستاوە دەبێ ئامادە بن کە لێبڕاوانە بەساتی ئەم بەناو هەڵبژاردنە بکەنە شانۆی ناڕەوا بوونی ئەم ڕژیمە. ئەگەر بۆ سەرانی ڕژیم گرنگە کە مۆری موشروعیەتی هەڵبژاردن لە درێژەی حاکمیەتی جەنایەتکارانەیان بدەن، خەڵک دەبێ بە نەچوون بۆ بەردەم سندووقەکانی بهناو دەنگدان ئەم گاڵتەجاڕەی هەڵبژاردن بکەنە گۆڕەپانی شکست و سەرشۆڕی بۆیان.