بۆ جارێكی دیكه وێنه‌ی په‌نابه‌ران له یه‌كیه‌تیی ئۆرووپا، به سهرسهختییهكی بێوێنه‌وه، خۆی خسته ناوه‌ندی میدیاكانه‌وه. ڕێك یه‌ك ڕۆژ به‌ر له ده‌ستپێكی ته‌عتیلاتی جێژنی ساڵی نوێی زایینی، پتر له هه‌زار و ٢٠٠ په‌نابه‌ر، له‌گه‌ڵ داخرانی كه‌مپی “لیپا” له په‌راوێزی شاری “بیهاج“، له بوسنی، ئاواره‌ی سه‌ر شه‌قامه‌كان بوون. سێ مانگ پێشتر ئاگركه‌وتنه‌وه له كه‌مپی موریا له دوورگه‌ی “لێسبوس“ی یونان، گه‌لێك وێنه‌ی هاوشێوه‌ی له پانتاییه‌كی به‌رینتردا خسته ناو میدیاكانه‌وه. له ١٩ی مانگی خه‌رماناندا، ئاگر كه‌مپی “موریا“ی كرد به تهپكێك له خۆڵه‌مێش و به‌هۆیه‌وه ١٣ هه‌زار كه‌س له دانیشتووانی كه‌مپه‌كه به‌حاڵی خۆیان ڕه‌ها كران. ئه‌وه‌ش له حاڵێكدا بوو كه ئه‌م كه‌مپه ته‌نیا هه‌ڵگری ٣ هه‌زار كه‌س بوو. ئه‌وان بۆ چه‌ندین حه‌فته له هه‌موو شوێنێك به‌ره‌وڕووی گه‌مارۆی هێزه سه‌ركوتگه‌ره ده‌وڵه‌تییه‌كان و گرووپه میلیشیا فاشیسته‌كان بوونه‌وه. ئه‌گه‌رچی ئه‌وكاتیش یه‌كه‌م جار نه‌بوو كه وێنه‌ی وێرانه‌كانی یونان، كه ناوی كه‌مپی په‌نابه‌رانیان له‌سه‌ر داناوه، له میدیاكانه‌وه ده‌رده‌كه‌وتن، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان مه‌شخه‌ڵی سه‌ركه‌شی ئاگر و پاشماوه‌ی ئاسنی كه‌مپه‌كان، یه‌كجار هاوشێوه‌ی وێرانه‌كانی مه‌یدانی شه‌ڕ بوون. له ئێستادا وێنه‌ی هه‌زار و ٢٠٠ په‌نابه‌ر له سه‌رمای ژێر پله‌ی سفر له كه‌مپی “لیپا” و چه‌ند به‌شێك له‌و كه‌مپه كه ئاگری تێبه‌ر بووه، له جه‌رگه‌ی ئۆرووپادا، سه‌ره‌نجی هه‌مووانی به‌ره‌و میدیاكان ڕاكێشاوه. وته‌بێژی “ڕێكخراوی جیهانیی په‌نابه‌ران” له چه‌ند ڕۆژ پێشتره‌وه ڕایانگه‌یاندبوو كه ئه‌م كه‌مپه به‌هۆی ئه‌وه‌یكه هیچ جۆره ئیمكاناتێكی لۆجستیكی، ئاو، به‌رق و پێداویستی ته‌ندرووستی نییه، پێویسته دابخرێت و به‌مجۆره بوو كه له ٢٣ی دێسامبر، به‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ ٣ی به‌فرانبار، كه‌مپه‌كه داخرا و په‌نابه‌ران بۆ جارێكی دیكه ته‌نانه‌ت ئه‌و گیانپهنایهشیان له‌ده‌ست دا. ئه‌وان ببوونه كایه‌ی ده‌ستی به‌رپرسانی خۆجێیی و ده‌وڵه‌تی بوسنی و دامه‌زراوه‌كانی ناوه‌ندی یه‌كیه‌تیی ئۆرووپا. له هه‌مان ڕۆژدا ڕاگه‌یه‌ندرا كه ئه‌رته‌ش كه‌مپێكی دیكه، كه له‌ناو شار بووه و چه‌ندین ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، به‌هۆی ناڕه‌زایه‌تیی دانیشتووانی شاره‌وه داخرابوو، له ماوه‌ی دوو حه‌فته‌دا، بۆ نیشته‌جێ بوونیان ئاماده‌ی ده‌كات. به‌ڵام له ئێستادا، سه‌ره‌ڕای تێپه‌ڕینی پتر له دوو حه‌فته و به‌له‌به‌رچاوگرتنی بێ وڵام مانه‌وه‌ی خواستی به‌رپرسانی خۆجێیی له ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی، كه‌س نازانێ كه چ ژماره‌یه‌ك له‌م په‌نابه‌رانه له‌ژێر سه‌رمای چه‌ندین پله ژێر سفر و به‌فر و باراندا، ده‌بنه قوربانی. وێده‌چێ كه‌مپی “لیپا” له وه‌رزی هاویندا، له باروودۆخی گشتگیر بوونی كۆرۆنا، به‌شێوه‌ی كاتی و به ئاماجی قه‌ره‌نتینه كردنی ئه‌م ژماره‌یه له په‌نابه‌ران ئاماده كرابوو تا دوای ماوه‌یه‌كی كورت ڕه‌وانه‌ی كه‌مپێكی سه‌ره‌كیان بكه‌ن، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای تێپه‌ڕینی پتر له ٦ مانگ، هه‌موو نیشانه‌كان ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێ كه هیچ ڕێگا چاره‌یه‌ك بۆ ئه‌م مرۆڤانه له ئاسۆ دا نییه.
له‌گه‌ڵ به‌سترانی مه‌سیری باڵكان، كه تێپه‌ڕگه‌ی په‌نابه‌ران بوو به‌ره‌و ئۆرووپای ڕۆژئاوا، له ساڵی ٢٠١٦ی زایینی، واته ٥ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، سنووری بوسنی و كرۆواسی و په‌راوێزی شاری “بیهاج“، بووه‌ته تێپه‌ڕگه‌ی سه‌ره‌كیی په‌نابه‌ران. به وته‌ی “ڕێكخراوی جیهانیی په‌نابه‌ران” له ئێستادا، نزیك به ٨ هه‌زار په‌نابه‌ر له بوسنی به‌سه‌ر ده‌به‌ن كه ته‌نیا ٥ هه‌زار كه‌سیان له كه‌مپه‌كاندا نیشته‌جێ كراون. هه‌زار و ٢٠٠ كه‌س له كه‌مپی “لیپا” بوون كه له ئێستادا ئاواره‌ی شه‌قامه‌كان بوون و نزیك به هه‌زار و ٨٠٠ كه‌سی دیكه‌ش له‌ناو دارستانه‌كانی سنووری بوسنی و كرۆواسی له چارداخه ڕووخاوه‌كاندا چاوه‌ڕوانی ده‌رفه‌تێكن تا له سنوور تێپه‌ر بن. هه‌ر له ٥ ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌وه، به‌رده‌وام و هه‌موو ساڵێ له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی وه‌رزی زستان، ڕێكخراوه‌كانی داكۆكیكاری مافی په‌نابه‌ران، به‌له‌به‌رچاوگرتنی باروودۆخی ناله‌باری كه‌مپه‌كانی بوسنی، به‌رده‌وام خوازیاری ئه‌وه بوون كه باقیی وڵاتانی ئۆرووپایی ده‌ست بده‌نه وه‌رگرتنی په‌نابه‌ران و هه‌موو ساڵێ ئه‌م داواكارییه بێ وڵام ده‌مێنێته و ئه‌مساڵیش هه‌ر وه‌ك ساڵانی ڕابردوو، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی وه‌رزی سه‌رما، تراژێدییهكان دووپات ده‌بنه‌وه و گرژی و كێشمه‌كێشی په‌نابه‌ران و دانیشتووانی خۆجێیی، په‌ره ده‌ستێنێ. په‌نابه‌ران دوایین دارایی خۆیان له مه‌سیری ئه‌م سه‌فه‌ره ئاڵۆزه‌دا له‌ده‌ست داوه و له‌گه‌ڵ هه‌ژاری و برسییه‌تی به‌ره‌وڕوون و دانشتووانی خۆجێییش، هێشتا له‌ژێر وێرانه‌كانی شه‌ڕی ناوخۆیی یوگسلاویدا پشتیان ڕاست نه‌بووه‌ته‌وه، هه‌ربۆیه، ئه‌مجۆره كێشمهكێشانهش دوور له چاوه‌ڕوانی نین.
وێنه‌ی ئه‌م هه‌زار و ٢٠٠ كه‌سه له‌ناو به‌فر و به‌سته‌ڵه‌ك و سه‌رمادا، جه‌وهه‌ری ڕاستیه‌قینه‌ی ئه‌و “بایه‌خه ئۆرووپایی“یانه‌یه، كه سه‌رانی ده‌وڵه‌تانی ئۆرووپایی، شه‌و و ڕۆژ له میدیاكانه‌وه، ته‌بلیغی بۆ ده‌كه‌ن. هه‌مووی ئه‌م وێنانه‌ش، خۆیان، یه‌كجار هاوشوه‌ی ئه‌م وێنانه‌ن كه له ئه‌فریقا، ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له عێراق، سووریه، لیبی، ئه‌فغانستان و یه‌مه‌ن، به‌رده‌وام ده‌بیندرێن. وێنه‌ی منداڵانێك كه له قوڕ و چڵپاوی خێوه‌ته‌كاندا دێن و ده‌چن، ئه‌و دایك و باوكانه‌ی، كه نازانن چۆن له‌ناو ئه‌م ویرانییهدا، زگی خۆیان و منداڵه‌كانیان تێر بكه‌ن و كاتێكیش كه به هه‌ڵكه‌وت، له مه‌یدانی شه‌ڕی نیابه‌تی، تایفی و مه‌زهه‌بی و هێرشی ئیمپریالیستی، خۆیان ده‌رباز ده‌كه‌ن، ئه‌مجاره‌یان پێویسته خۆیان له ئاگری “موریا” ڕزگار بكه‌ن و یان له شه‌قامه‌كانی “بیهاج” له بوسنی، دوایین جله‌كانیان له‌به‌ر بكه‌ن تا به‌ڵكوو له هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌رما و به‌سته‌ڵه‌كدا، گیانیان له ئه‌ماندا بێت. به‌ڕاستی لێره دایه كه ده‌بێ بوترێ، “ئه‌وه چ بهربهریهتێكه كه به‌سه‌ر ئه‌م جیهانه‌دا زاڵه“. له شوێنێك له‌م جیهانه‌دا، ده‌سته‌یه‌ك، جلی ڕازاوه‌یان له‌به‌ر كرد و له جێژنی سه‌ری ساڵدا له‌گه‌ڵ كه‌سوكاریان و له په‌نا دره‌ختی كریسمه‌س، دیاری‌یان به‌خشی به یه‌كتر. به‌ڵام له شوێنێكیتر، ڕه‌قابه‌ت له‌سه‌ر ئه‌وه بوو كه چ وڵاتێك توانیویه‌تی ڕێژه‌یه‌كی زیاتر واكسێن به‌رهه‌م بێنێت و له شوێنێكی دیكه‌ش، له جه‌رگه‌ی جیهانی مه‌سیحییه‌تدا له بوسنی، پاشماوه‌ی خێوهتهكان سووتان و به‌فر و سه‌رما و باران، ته‌نانه‌ت بۆ ساتێكیش، ده‌رفه‌تی به مرۆڤه‌كان نه‌دا، تا یه‌كتری له ئامێز بگرن. بێگومان، هه‌مووی ئه‌وانه، دیمه‌نی جیهانێكه كه تێیدا گشت بایه‌خه ئی نسانییهكان گاڵته‌یان پێده‌كرێت و نومایشی بهربهریهتێكه كه نیزامی سه‌رمایه‌داری به‌سه‌ر جیهاندا زاڵی كردووه.