ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا تەعرەفەی گومرۆکی تازەی لەسەر هاوردهی ئالمینیۆم و فولادی لە یەکێتی ئۆروپا، کانادا و میکزیکی لە رۆژی هەینی یەکی ژوئهن، ١٠ی مانگی جۆزەردانەوە راگەیاند. هەموو ئەو هەوڵانەی کە سەدری ئەعزەمی ئاڵمان و سەرۆک کۆماری فەرانسە و کاربەدەستانی یەکێتی ئەروپا لە چاوپێکەوتن لەگەڵ ترامپ و کاربەدەستانی دەوڵەتەکەی بۆ پەشیمان کردنەوەی لەم بڕیارە ئەنجامیاندا، دهستكهوتێكی نەبوو. لە ڕاستیدا سێ مانگ لەوە پێش کۆمەڵێک وتووێژ بۆ بەرگرتن لەم “شەڕە بازهرگانی”یە دەستی پێکرد بوو. دەوڵەتی ئەمریکا تا سەرەتای مانگی ژۆئهنی دەرفەت دا بە ڕەقیبە ئابووریەکانی تا ڕێگا چارەیەک بۆ گوڕینی هاوسەنگی بازهرگانی بدۆزنەوە. ترامپ لە پرۆسەی هەڵبژاردنیدا گەلێک جار وتبوی کە ستراتیژیەکەی له سهر ئهساسی “ئەمریکا یەکەم” دادهمهزرێ. ئەم ستراتیژییە بەر لە هەموو شتێک وڵامدانەوەیه بە گۆڕانی هاوسەنگی هێزە لە دنیادا. ئەگەر مەبلەغی ٧٠٠ ملیارد دۆلار بودجەی نیزامی لە ساڵی ٢٠١٨دا واتە ١٥ لەسەد زیاتر لە بودجەی نیزامی ساڵی ٢٠١٦ و ٦ لەسەد زیاتر لە ساڵی ٢٠١٧ دەبێ قەدەر قودرەتی ئەمریکا لە بەرانبەر هاوپەیمانان و ڕەقیبانی روسی و چینی ئەمریکادا پیشان بدات، بەڵام لە حەوزەی ئابووریدا ئەم قەدەر قودرەتیە تەنیا دەکرا لە هێرش بۆسەر بەرژەوەندی هاوپەیمانان و ڕەقیبانی ئەمریکادا دابین بێت.
“ئەمریکا یەکەم”ی ترامپ ئەو پەیامەی بۆ هاوپەیمانانی ئەمریکا هەبوو کە نەزمی دەورانی دوای شەڕی جیهانی دووهەم، کە وڵاتانی ئیمپڕیالیستی رۆژئاوا و هاوپەیمانانیان لە چوارچێوەی ئەم نەزمەدا مناسباتی خۆیان لەگەڵ یەکتر ڕێکدەخست، لە حاڵی لێک هەڵوەشانەیه. ترامپ بە ئاشکرایی ڕایگەیاندبوو کە بە هیچ پەیمان، قەرارداد و نەزمێکی کە لە بەرانبەر ستراتیژی “ئەمریکا یەکەم”ی ئەودا بێت، پێبەند نابێت. ئەو ئەمەی لە چەندین مانگ لەوە پێشەوە لە هەلوەشاندوەی وتووێژی قەراردادی بازهرگانی نێوان یەکێتی ئەروپا، ئەمریکا و کانادا، کشانەوە لە پهیمانی ژینگهیی پاریس و دواتر کشانەوە لە بەرجامدا نیشاندا بوو. ترامپ لە ماوەی تەبلیغاتی هەڵبژاردنیدا و هەروەها لە کاتی چوونی بۆ كۆشكی سپی گەلێک جار بە بۆچوونی ئەو باسی لە “قەراردادە نا عادڵانە بازرگانیەکانی بەزیانی ئەمریکاییەکان” کردبوو وە بە هاوپەیمانان و ڕەقیبەکانی هۆشداری دابوو. بە نزیک بوونەوەی دەرفەتی کۆتایی دەوڵەتی ئەمریکا و کاریگەر نهبوونی چاوپێکەوتنەکانی بەرپرسانی بازرگانی یەکێتی ئەروپا لەگەڵ وەزیری بازرگانی ئەمریکا، ئیتر گومانێک نهمابووهوه کە لە رۆژی هەینی یەکی مانگی ژوئهنەوە تەعرەفەی گومرکی بۆ فولاد و ئالمینیۆم بە تەرتیبی ٢٥ و ١٠ لەسەد بە کردەوە دەردێت. رۆژێک بەر لەوەیکە ترامپ بارودۆخی تەعرەفە تازەکان ڕابگەیەنێت، مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەرانسە روو بە ترامپ وتبووی :” ناسیۆنالیزمی ئابووری شەڕی لێدەکەوێتەوە و ئەمە هەمان ڕهوته کە لە ساڵەکانی دەیەی ٣٠ سەدەی ڕابردوودا شهڕی لێ كهوتهوه”. وەزیری دەرەوەی فەرانسەش لە رۆژەکانی پێشودا هەڕەشەی کردبوو کە “ئێمە ئوروپاییەکان، یەکدەست، ئەم بابەتە قەبوڵ ناکەین و کاردانەوەمان دەبێت.” وەزیری ئابووری ئاڵمان وتی:” ئێمە ئەوە قەبوڵ ناکەین کە ئەمریکا بە سیاسەتی داسەپاندنی یەك لایهنهی خۆی، پیشەسازی فولاد و ئالمینیۆمی ئوروپای کردۆتە نیشانە”. بەرپرسی بازرگانی کوموسیۆنی یەکێتی ئۆروپا وتی کە “ئەمریکا بەم کارەی یارییەکی مەترسیداری دەست پیکردوە و ئەمە لەسەر ئابووری جیهانیی کاریگەری دەبێت.” چین دەوڵەتی ئەمریکای بە سوئیستیفادە لە یاسای بازرگانی جیهانیی تاوانبار کرد و هۆشداریدا بوو کە ئەم وڵاتە ئامادەیە کردارەکەی ئەمریکا وڵام بداتەوە، دەوڵەتی ئەمریکاش رایگەیاند ئەگەر بێت و وتووێژ لەگەڵ چین سەرکەوتوو نەبێت، تەعرەفەی تازە دەخرێتە سەر کالا چینیەکان. ئەگەر سەرنج بدەین کە ئیجلاسی وەزیرانی دارایی وڵاتانی “جی ٧” لە کانادا بەبێ بڵاو کردنەوەی ڕاگەیاندنێک رۆژی شەممە کۆتایی هات، کەوایە وتنی ئەوەیکە شەڕێکی بازرگانی لە ئەوەڵی ژوئهنەوە دەستی پێکردوە زۆر دوور لە ڕاستی نییه وە باس کردنی بە ئاشکرای ئەو کێشمەکێش و ناکۆکیانەیە کە لەنێوان جەمسەرەکانی دنیای سەرمایەداریدا لە ئارادایە.
بەڵام ئوروپا لە بارودۆخێکدا دەچێتە نێو ئەم شەڕە بازرگانیەوە کە خۆی یهكیهتیهكی نهخۆشه. پهرهسهندنی جەریاناتی ڕاسیست و دژی یەکێتی ئوروپا لە گەلیک لە وڵاتانی ئوروپاییدا سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم نەخۆشینە بوو، بەڵام دەرچوونی بریتانیا یەکێتی ئوروپای توشی ئاستنەگی تازە کرد کە هێشتاش ههموو ئاكامهكانی لەسەر ئابووری یەکێتی ئوروپا پێش بینی ناكرێ. لە ناخی ئەم بارودۆخەدا ئاکامی هەڵبژاردن لە ئیتالیا، جێگایەک کە زیاتر لە نیوەی دەنگدەران بە ئەحزابی ڕاسیستی و پوپولیستی دەنگیان داوە، خۆی گورزێکی دیکەیە لەم نەخۆشیە. دواهاتەکانی نا سەقامگیری لە ئیتالیا بە لەبەرچاو گرتنی پێگەی لە یەکێتیەکەدا بە هیچ شێوەیەک لە كێشهی ئوروپا لە بەرانبەر قەیرانی یۆناندا بهراورد ناكرێ. ئیتالیا کە هێزی چوارەمی ئابووری ئوروپایە لەعەینی حاڵدا بەرابەر بە دوو هەزار و ٣٠٠ ملیارد یۆرۆیی قەرز، دووهەم وڵاتی قەرزدارە دوای یۆنان لە یەکێتی ئوروپادا. ئەگەر سیاسەتە دژی ئوروپاییەکانی دەوڵەتی ئیتیلافی نوێی ئیتالیا مەترسی بۆسەر پاراستنی یەکێتیەکەیە، هاوکات ئاکامی قیرانی ئابووری لە ئیتالیا دهتوانێ کۆتایی پوڵی واحیدی یۆرۆ بێت. هەڵبەت ئیتالیا تەنیا نیگەرانی یەکێتی ئوروپا نییە. روخانی “راخۆی” لە حەفتەی ڕابردودا کە سەرۆکی حیزبی محافزەکارە و لە ساڵی ٢٠١١وە سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا بووە بە هۆی گەندەڵی ماڵی زۆری کاربەدەستانی پلە بەرزی حیزب و مەحکوم کرانیان بە دانی سەدان هەزار یۆرۆ جەریمەی نەغدی و زیندانی جەند سالە، لە ئێستاوە ناسەقامگیری لە ئیسپانیا دەرخستوە و ئەمە مهترسیەکی دیکەیە بۆ یەکێتی ئوروپا.
سەرجەمی ئەم بارودۆخە قیرانی ههمهلایهنهی یەکێتی ئوروپا نیشان دهدات. لەخۆڕا نییە کە وەزیری ئابووری ئاڵمان بە ئاماژە بە شەڕی بازرگانی ڕاگەیەندراو لە لایەن ترامپەوە دەڵێت کە کرداری پێچەوانە لە بەرانبەر ئەمریکادا بەستێنێکی گونجاوە تا ناکۆکیەکانی ئێستا لەنێوان وڵاتانی ئوروپاییدا کەم بکاتەوە و ئەوان یەکبخات. بەڵام له ڕاستیدا دەمی نوکی تیژی شەڕی بازرگانی ئەمریکا لەدژی یەکێتی ئوروپا، رووی لە ئاڵمانە. و ئەوە ئاڵمانە کە زیاتر لە هەموان تەعرەفە تازەکان زیانی پێدەگەیەنن. ترامپ لە وتووێژ لەگەڵ مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەرانسە لە مانگی ئاوریلدا وتبوی کە ئەو ” ئەم کێشە بازرگانیانە تا ئەو جێگایە درێژە پێئەدات کە هیچ ماشێنێکی بێنز بە شەقامی پێنجی نیویورکدا نەڕوات”. لە ڕاستیدا یەکێتی ئوروپا زیاتر لە هەموان لە بەرژەوەندی ئاڵمان لەم شەڕە بازرگانیەدا دیفاع دەکات و دیار نییە کە وڵاتانی ئەندامی یەکێتیەکە تا کوێ ئامادەن کە دیفاع لە بەرژەوەندیەکانی ئاڵمان بکەن.
بێ گومان شەڕی بازهرگانی ئێستا، هەرەج مەرەج و بشێوی زاڵ بەسەر دنیادا زیاتر دەکات. لە بەرانبەر مەترسی ئهم بارودۆخە، کۆمەڵگای بەشەری دوو ڕێگای زیاتر لە بەردەمدا نییە. یان بەم نائارامییە سامناكهی نیزامی سەرمایەداری ڕازی بێت و ببێتە کۆیلەی نیزامی بەڕبەڕیەتی سەرمایەداری و یان ئەوەتا لە ناخی ئەم بارودۆخەدا بە ڕیزبهستێكی تازەوە بێتە مەیدانی نەبەردەوە. نەبەردێک کە ببێتە هۆی ڕزگار بوونی ئینسان و خاڵی کۆتایی لەسەر ئەم بشیویە دابنێت.