رۆژەکانی یەکشەممە و دووشەممە ٣ و ٤ی مانگی پوشپەڕ جارێکی تر بەشێک لە شارەکانی ئێران شاهیدی خۆپیشاندانی بەرینی جەماوەری بوو. خۆپیشاندان بە دروشم لەدژی هەژاری و گرانی دەستی پێکرد و بە خێرایی بوو بە ناڕەزایەتیی دهربڕین بهرانبهر به دهسهڵاتی کۆماری ئیسلامی. قۆناغی نوێی خۆپیشاندانی خیابانی لە بازاڕی تارانەوە دەستی پێکرد و بەرەو شارەکانی کەرەج، شەهریار، مەشهەد، بەندەر عەباس، ورمێ و جەزیرەی قیشم، پەرەی سەند.
سەرەتا رۆژی یەکشەممە بەشێک لە بازاڕیانی تاران لە ناڕەزایەتی لەدژی نابەسامی نرخی ئەرز کە گەیشتبووە ٩ هەزار تمهن بۆ هەر دۆلارێک، دوکانەکانیان داخست. بە درێژایی رۆژ ژمارەی بازاڕیانی مانگرتوو زیاتر دەبوو. هەڕەشەی بەردەوامی ڕژیم نەیتوانی بەر بە پەرەسەندنی مانگرتنەکە بگرێت و رۆژی دواتری بازاڕی تاران یەکپارچە چووە مانگرتنەوە. بەشوێن مانگرتنی بازاڕیاندا، جەماوەرێکی بەرین لە لاوان ڕژانە سەر شەقامەکان و دەستیان دایە خۆپیشاندانی بەرین لە بەشێک لە ناوەندی شاری تاراندا. جهماوهرێكی بەرین لە مەسیری جۆراوجۆرهوه بە یەکەوە پەیوەست دهبوون و بەرەو بینای مەجلیسی ئیسلامی ڕژیم دهڕۆیشتن. لەگەڵ گرد بوونهوهی جهماوهری خهڵك لەبەردەم مەجلیسی ڕژیمدا، نوێنەرانی مەجلیس ٢ کاتژمێر زوتر مەجلیسیان چۆڵ کرد و لە درگای پشتەوەی بیناکەوە بۆی دهرچوون.
مەئمورانی ڕژیم به باتۆم و گازی فرمێسک ڕێژ هێرشیان کردهسەر ڕیزی خۆپیشاندەران و دهستیان دایه لێدان و ئازاری خهڵك. بەشوێن هێرشی هێزەکانی ڕژیمدا، کامیۆنداران بە یارمەتی خەڵکی ناڕازیەوە چوون و بە هەڵڕشتنی بارە ئاجورەکانیان، ڕێگای هێرشی هێزهكانی ڕژیم و موتور سوارهكان و لیباس شخسیەکانیان بۆسەر خۆپیشاندەران گرت.
دەوری تازەی ناڕەزایەتیی جەماوەری دژبە گرانی، بێکاری و هەژاری لەگەڵ کێشەی کۆماری ئیسلامی له سهر بەرجام دەستی پێ نهكردووه و بێ گومان بە چارەسەر بوونی گرفتی ڕژیم لەگەڵ دەوڵەتانی رۆژئاوایی و ئەمریکایی کۆتایی پێ دێت. ئاخێزە جهماوهریهكهی مانگی بەفرانباری ڕابردوو کە ئهوكات زیاتر لە ١٢٠ شاری ئێرانی گرتەوە، لە بارودۆخێکدا روویدا کە هێشتا دەوڵەتی ئەمریکا لە بەرجام نەکشابۆوە و ڕژیمیش ههناردهی نەوتی خۆی بەبێ کێشە لە بازاڕەکانی دنیادا دەفرۆشت. ئاشكرایه كهڕیشەی ئەم ناڕەزایەتیانە لە هەژاریەکی كهم وێنه کە کۆماری ئیسلامی بەسەر زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی ئەم وڵاتەیدا سەپاندوە. ئەگەر بازاڕیان ماندەگرن، ئەساسەن بەم هۆیەیە کە دابەزینی توانایی کڕینی کرێکاران و زۆربەی هەرەزۆری خەڵک، کەسب وکاری ئهوانیشی لە ڕەونەق خستوە.
کاتێک ئاخێزی جهماوهری مانگی بەفرانبار لە ئاکامی سەرکوتی بەرینی دوژمندا، بەڕواڵەت دادەمرکێتەوە، به شوێنیدا شەپۆلێک لە مانگرتن و ناڕەزایەتیی دهربڕینی کرێکاری و جەماوەری یهك له دوای یهك دهكهوێته ڕێ. ئەو مانگرتنانەی دوای مانگی بهفرانبار یەک هەنگاو لەپێش مانگرتنەکانی ڕابردوەوە بوون و بەرە بەرە شێوهی هاوئاهەنگ و سەرتاسەریان بە خۆیانەوە گرت. جێگای بەتاڵی ئاخیزە خیابانیەکانیان، تا پێك هاتنی بارودۆخی له بار بۆ ئاخێزێكی تر به مانگرتن لە ناوەندە کرێکاریەکاندا پڕ كرایهوه. شۆفیر کامیۆنەکان و کامیۆندارانی مامناوەند، کرێکارانی بەشە جۆراو جۆرەکانی ڕێگای ئاسن گۆشهیهك له توانایی هێزی سەرتاسەری خۆیان پیشانی ڕژیمدا. دیسان دەرفەتێک هاتەبەرەوە و خەڵکی کازرون و ئەهواز لەدژی ڕژیم ڕاپەڕین. هێشتا ڕژیم لە کابوسی ئەم ئاخێزانە ڕزگاری نەهاتبوو کە کرێکارانی فولادی خوزستان، بە مانگرتن و خۆپیشاندانی بەرین، بەشێک لە داخوازیەکانیان بەسەر ڕژیمدا سەپاند. خوێندکاران بە لایەنگری لە هاوڕێیانی زیندانی کراویان لە ئاخێزی مانگی بەفرانباردا دهنگی ناڕهزایهتییان ههڵبڕی. بەم جۆرە دەبینین کە ئەم ئاگرەی ژێر خۆڵەمێش هەر رۆژە و لە گۆشەیەکەوە بڵێسە دهستێنێ.
بەڵام کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بەم بارودۆخە دەست بەستراو و داماوە. سەرلەشکر ڕەحیم سەفەوی فەرماندەی پێشوی سپای پاسداران و ڕاوێژکاری ئێستای خامنەیی لە کاروباری نیزامیدا لە ئاماژەیەکدا بە بارودۆخی ئێستا لە ئێران دەڵێ: “هێندێک جار وا بەزەین دەگات ئەگەر دەوڵەت نەبێت، وڵات باشتر بەڕێوەدەچێت.” بێتوانایی لە کۆنترۆڵ کردنی نرخی ئەرز بە روونی نیشانی ئەدات کە ڕژیم توانایی ئەنجامدانی ڕیفۆڕمی ئابووری بۆ هێور کردنەوەی كهش و ههوای ئالۆزی کۆمەڵگای ئێرانی نییە. لەم روەوە ڕێگای خۆی هەڵبژاردوە و ئەویش هیچ شتێک نییە بێجگە لە لەبەرچاو نەگرتنی داخوازیەکانی جهماوهر و بەکارهێنانی توانایی سەرکوت لەدژی خەڵکی ناڕازی. بەڵام کارایی سەرکوتیش بەرتەسک بۆتەوە. ڕژیم لە بواری سەرکوت و فریودا لە ماوەی ٤ دەیەی ڕابردودا هەرچی لە توانایدا بووە کردویەتی. بە شێوەیەک کە ئهمڕۆ ئیتر نە دانی وادهی سەرخهرمان، وه نە تاشینی دوژمنی دەرەکی، نە دەستەو دامێنی فریودانی مەزهەبی بوون و نە سەرکوتی ڕاستەخۆ، هیچکامیان ڕێگا چارەی ڕژیم نین بۆ دەرچوون لە قەیرانێک تێیکەوتوە. خەڵکی ئێران بۆ نان و بۆ ئازدی هاتونه مەیدان و عەزمی خۆیان بۆ دەستەبەر کردنی ئهم ئامانجه جەزم کردوە. بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان، بزوتنەوەی کرێکاری، بزوتنەوەی ژنان، بزوتنەوەی لاوان و خوێندکاران و بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان، ئەو کۆڵەکە ستراتیژیکانەن کە دەتوانن خەباتی ڕەوا و مافخوازانەی ئێستا جهماوهری خهڵك به ئاراستهی ڕزگار بوونی یەکجاری ئەم کۆمەڵگایە لە قەید و بەندی چەوساندنەوە و ستەم دا بهرن. قوڵ بوونەوەی ڕادهی وشیاری، به ڕێكخراو بوون و حهرهكهتی هاوئاههنگ، پتەو کردنی ڕێبەریی، ئهمانه بە گشتی بەرهەمی درێژەی ئەم خەباتەن. ئەگەرچی تاکتیکەکانی وەها خەباتێک بە شێوەی سروشتی جۆراو جۆر و مونعەتف دەبێت، بەڵام لە کۆتاییدا دەبێ بتوانێ هێزی ڕژیم ماندوو هێلاك بکات و ئەوان لە سەرکوتی ڕاستەخۆ، رۆژ لەگەڵ رۆژ بێ تواناتر بکات. شور و شهوقێك كه كهوتووته ڕێ، پێویسته لەگەڵ ووشیاری و کاری بیر لێکراوە و بەرنامە بۆ داڕێژراو تێكهڵ بكرێ. كاری ڕێكخراو لەگەڵ هەنگاوی تاکتیکی و سیاسی ئاگاهانە به پشت بهستن به ئهزمونی ڕابردوو، بەرەو پێشەوە بردنی ئەو بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە پێشڕەوانەی کە ڕژیم بە هاسانی لەنێویاندا توانایی و ئیمکانی مانۆڕ و ترساندنی خهڵكی نییە، دەتوانن سەرئەنجام ڕژیم بەچۆکدا بێنن. توانایی له گۆڕینی تاكتیك له كاتی خۆیدا واتای ئەوەیە، ئەوەی کە ناوی دەندرێت دامركانهوهی خۆپیشاندانهكان، دەستپێکی فازێکی تربێت لە خەبات و خۆڕاگری خەڵک بۆ دەستەبەر کردنی هەمان ئامانج کە لە فازی یەکەمدا بۆی ڕژابوونە سەر شەقامەکان. ئەزمونی خەڵکی تێکۆشەر تاکتیک و حەرەکەتی جۆراو جۆری تێدایە. ئەوەی کە لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردودا بینیمان، تەنیا چاوەیەک لە هێزی لە بن نەهاتوی جهماوهری خەڵکی خوازیاری نان و ئازادی بوو. هێشتا کارێکی زۆر ماوە کە دەبێ بکرێت.