نەخۆشخانەکان بوون بە ئامرازی سەرکوت و کوشتن
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران کە ناوەندەکەی لە وڵاتی نۆروێژە، کۆمەڵێک زانیاری و دیکۆمێنتی باوەڕپێکراو و هەژێنەری لە زمان پزیشک و کادری دەرمانی شارە جۆربەجۆرەکانی ئێرانەوە پێگەیشتووە کە نیشانی دەدات کۆماری ئیسلامی لە کاتی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤دا نەخۆشخانە و ناوەندە دەرمانییەکانی کردووە بە بەشێک لە دام و دەزگای سەرکوت و کوشتاری خۆی. بەگوێرەی ئەو زانیارییانە خۆپیشاندەرانی بریندار نەک هەر لە مافی چارەسەروەرگرتن بێبەشکراون، بەڵکوو لە هەندێک حاڵەتدا بە ئەنقەست لە ناوەندە پزیشکییەکاندا کوژراون، یان لەسەر تەختی نەخۆشخانەکان دەستگیرکراون و گواستراونەتەوە بۆ شوێنی نادیار. پزیشکێکی خەڵکی پارێزگای لوڕستان وردەکارییەکی ترسناکی سەبارەت بە ڕۆڵی پزیشکانی نزیک لە حکوومەت لە کوشتنی بریندارەکاندا ئاشکرا کردووە. بە وتەی ئەم شایەتحاڵە، پزیشکێک بە ناوی کورتکراوەی دکتۆر هـ.م. کە کەسێکی سەر بە کۆماری ئیسلامییە، بریندارانی هێزە ئەمنییەتییەکانی دەنارد بۆ ژووری نەشتەرگەری، بەڵام بۆ بریندارە ئاساییەکان، دەیوت: “لێیان گەڕێن با لێرە بمرن”. ئەو پزیشکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو بریندارانەی ئامێری هەناسەدانیان پێوە بوو، بە ئەنقەست ئامێرەکانی ئۆکسیژینیان لێدەکردنەوە و لە کاتێکدا کە هێشتا لە ژیاندا مابوون دەخرانە ژووری سەردخانەوە.
هەروەها پزیشکێکی پارێزگای فارسیش ڕایگەیاند کە زۆرێک لە بریندارەکان گوللە بەر سەریان کەوتووە، بەڵام بەهۆی پچڕانی هێڵی تەلەفۆنەوە، کارمەندەکان تەنانەت نەیاندەتوانی پەیوەندی بەو پزیشکانەوە بکەن کە لەبەشی نەشتەرگەری، لە ئەرکدا بوون. بەگوێرەی ڕاپۆرتی چەند شایەتحاڵێک لە تارانەوە، هێزە ئەمنییەکان بە پێی فەرمانی دادگا، لیستی تەواوی نەخۆشە خەوێندراوەکان و زانیاری لەسەر ئەوەی کە کێ هەزینەی پزیشکیی داوە و هەروەها ژمارەی کارتی بانکیی ئەو کەسانەیان لە ڕێگەی نەخۆشخانەکانەوە دەستکەوتووە بۆ ئەوەی بریندارەکان بناسنەوە و دەستبەسەریان بکەن. بەپێی ڕاپۆرتی شایەتحاڵێک لە شاری لوڕستانەوە، تەرمی بریندارانی گیانبەختکردوو بە فێنککەرەوەی بەستەنی براونەتە نەخۆشخانە و لەناو حەوشە دانراون و بەبێ ڕەوانەکردنیان بۆ پزیشکی دادوەری، بڕوانامەی فەوتیان بۆ دەرچووە و بە کۆمەڵ بەخاک سپێردراون. هێشتا زۆرێک لە بنەماڵەکان بەدوای جگەرگۆشەکانیاندا دەگەڕێن. بە بنەماڵەی گیانبەختکردوان دەڵێن، یان دەبێت ڕایبگەیەنن کە منداڵەکەیان ئەندامی بەسیج بووە یان دەبێ ٧٥٠ ملیۆن تا یەک ملیارد تمەن “هەزینەی گوللە” بدەن.
پزیشکێکی پسپۆر لە تاران ڕایگەیاندووە کە ئەو کەسانەی بە دەستڕێژی گوللە بریندار بوون لە نەخۆشخانەکان، لەژێر ناوی هۆکارگەلێکی ساختەی وەک “ڕووداوی هاتوچۆ” یان “نەخۆشی“، چارەسەریان بۆ دەکرێت. ئەو پزیشکە نموونەیەک دەهێنێتەوە و دەڵێت: “کچێکی تەمەن ٢٢ ساڵ کە دوێنێ لەژێر ناوی ئەوەی تووشی وەرەمێکی چەناگە بووە نەشتەرگەری بۆ کرا، لە ڕاستیدا گوللە بەر قوڕگی کەوتبوو.” هەروەها هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر نەخۆشخانەکانی میلاد، سەعدی، سپاهان، سینا و غەرەزی لە ئیسفەهان و زیاتر لە ٥٠٠ پەروەندەیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە کە پەیوەندییان بە بریندارەکانەوە هەبووە. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران دەستگیرکردنی لانیکەم ٣٥ پزیشک و پەرستار و کارمەندی پزیشکییان بە تۆمەتی یارمەتیدان و دەرمانکردنی خۆپیشاندەران پشتڕاست کردووەتەوە. هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵ و کلینیکەکان و پزیشکان و فریاگوزارانی خۆبەخشیان بەوپەڕی توندوتیژییەوە دەستگیرکردووە و کەلوپەلی ئەو کەسانەیان لەناوبردووە. لە ئیسفەهان باس لەوە دەکرێت کە پزیشکان هەڕەشەیان لێ کراوە و بانگهێشت و دەستبەسەر کراون. زۆرێک لە بریندارەکان بەهۆی ترس لە دەستگیرکردنیان وازیان لە چارەسەرکردن هێناوە و ڕوویان لە چارەسەری نهێنی و نافەرمی کردووە. پزیشکێک لە شاری ڕەشت ڕایگەیاند، تەنیا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکاندا، نزیکەی هەزار و ٢٠٠ حاڵەتی گیانلەدەستدان لە یەکەم ڕۆژی وەرگرتنی بریندارەکان لە (١٨ی بەفرانبار)دا تۆمارکراوە. یەکێکی دیکە لە شایەتحاڵەکان کەشوهەوای شاری ڕەشت لە ڕۆژی ٢٠ی بەفرانبار بەدواوە، “بەو ناوچانەی ئەوروپا دەشوبهێنێت کە لەلایەن هێزەکانی ئاڵمانی نازییەوە لە شەڕی جیهانی دووەمدا داگیرکرابوون”. ئەستەمە خێزانێک بدۆزیتەوە کە ئازیزێکی لەدەست نەدابێت یان یەکێک لە خزم و نزیکەکانی بریندار نەبووبێت.
سەد و پەنجا کورسی بەتاڵ: کوشتاری منداڵان و قوتابیان
شۆڕای هەماهەنگیی ڕێکخراوە سنفییەکانی فەرهەنگیانی ئێران لیستی ١٥٠ خوێندکاری بڵاو کردۆتەوە کە لە ئاکامی کوشتاری ١٨ و ١٩ی بەفرانباردا گیانیان لەدەست داوە. ئەو منداڵ و هەرزەکارانە دەبوو ئێستا لە پۆلەکانی خوێندن بوونایە نەک لە ڕێزی کوژراوەکاندا. سەد و پەنجا کورسیی بەتاڵ نیشان دەدەن کە چ شتێک لەم منداڵانە ئەستێندراوەتەوە: مافی ژیان، مافی فێربوون و مافی گەورەبوون بەبێ ترس.
ئەم منداڵانە کوژران، بەڵام بەر لەوە گەلێک جاران لە قوتابخانە، لە شەقام، لە گێڕانەوەی فەرمی و لەو یادەوەرییەی کە حکوومەت دەیویست کۆنترۆڵی بکات، سڕدرانەوەرانەوە. ئەستاندنی ئەم گیانانە دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی سیاسەتەکانی سەرکوت و بێ بایەخ کردنی گیان و کوشتنی خەونەکان و دوورخستنەوەی منداڵانە لە هاوکێشەکانی داهاتوو. شۆڕای فەرهەنگیان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەم لیستە بڵاودەکەنەوە نەک بۆ ڕشتنی فرمێسکی ساتیی، بەڵکوو بۆ تێکشکاندنی زنجیرەی ئاساییکردنەوەی مەرگی منداڵان و بۆ ئەوەی کەس نەتوانێت بڵێت “نەماندەزانی“.
ئەم جینایەتە سیستماتیکیانە دژ بە خەڵکی ئێران و بەتایبەت منداڵان و تازەلاوان، نیشانەی داڕمانی تەواوەتی هەر پێوەرێکی ئەخلاقی و یاساییە لە کۆماری ئیسلامیدا. کەڵک وەرگرتن لە نەخۆشخانەکان وەک ئامرازێکی کوشتار، کوشتنی بە ئەنقەستی بریندارەکان بە لێکردنەوەی ئامێرەکانی هەناسەدان، ساختەکردنی بەڵگەنامەی پزیشکیی و سەرکوتکردنی کارمەندانی بەشی پزیشکی، هەموویان نموونەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتین. ئەم تاوانانە لێکەوتەی سیاسی قووڵیان بەدواوەیە. هەر دڵۆپە خوێنێکی ڕژاو، هەر منداڵێکی کە گیانی لەدەست داوە و هەر دایک و باوکێکی کە ماتەمین بۆ جگەرگۆشەکەیان دەگێڕن، بزمارێکە لە تابووتی ڕزیوی ئەم دەسەڵاتە دەدرێت. خەڵکی ئێران کە بنەماڵەکانیان داغدار بوون، هەرگیز ئەم تاوانانە لەبیر ناکەن. کەلێنی نێوان خەڵک و حکوومەت بە ڕادەیەک قووڵ بۆتەوە کە بەهیچ شێوەیەک پڕنابێتەوە. پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، بە توندترین شێوە ئەو تاوانانە ئیدانە بکەن و بەشێوەی سەربەخۆ لێکۆڵینەوە لەم ڕاپۆرتانە بکەن. بەکارهێنانی سیستەمی چاودێری تەندروستی وەک ئامرازێکی سەرکوتکردن، نەک تەنها قەیرانێکی مافی مرۆڤ، بەڵکوو قەیرانێکی تەندروستی جیهانییە کە پێویستی بە وەڵامدانەوەی دەستبەجێی نێونەتەوەیی هەیە.
بەڵام ئەولاتر لە مەحکوومکردنی نێونەتەوەیی، ئەوەی کە گومانی تێدانیە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی و سەرجەم ئەو جینایەتکارانەی کە ئەو تاوانانەیان ئەنجامداوە، لە سبەی ڕۆژی ئازادیدا، کە زۆر دوور نییە، لە دادگای عادڵانەی کۆمەڵانی خەڵکی ڕاپەڕیودا، سزای شیاوی خۆیان وەردەگرن. مێژوو نیشانی داوە کە هیچ ستەم و سەرەڕۆییەک بۆ هەمیشە بەردەوام نابێت و جەماوەرێکی کە فیداکارییەکی ئەوتۆیان لەخۆیان نیشان داوە، سەرئەنجام سەردەکەون. سەد و پەنجا کورسی چۆڵ و هەزاران چاوی بە فرمێسک و ملیۆنان دڵی خەمگین، هەموویان شایەتحاڵی تاوانێکن کە هەرگیز نە لەبیر دەکرێن و نە بێ وەڵام دەمێنێتەوە.
