کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بە یادی هاوڕێ جەعفەر شەفیعی ڕێبەری شۆڕشگێڕ و کۆمۆنیست

Picsart 25 10 28 18 29 58 115

کاتژمێر شەشی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی ٧ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٦٦ بەرامبەرلەگەڵ ٢٩ی ئۆکتۆبری ١٩٨٧، هاوڕێیەکمان بەجێی هێشتین کە هێمای ئینسانیی باشترین ڕەهەندەکانی ئارمانی کۆمۆنیستی لەنێو ئێمەدا بوولەو ڕۆژەدا دوکتۆر جەعفەر شەفیعی لە ڕێگای کەرکوک بۆ بەغدا بە ڕووداوێکی ئۆتۆمبێل گیانی لەدەستداڕووداوێکی سەخت و تاڵ و دڵتەزێن بوو بۆ ڕیزەکانی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیست و هەروەها بۆ سەرجەم ئەو کرێکار و زەحمەتکێشانەی کە هیوا و ئاواتەکانی خۆیان لە بوونی ئەودا بەدی دەکرد و بوونی ئەو متمانەی بە داهاتوویان زیاتر دەکرد. ژیانی سیاسی و خەباتکارانەی هاوڕێ جەعفەر شەفیعی و تەنانەت ژیانی تایبەتی ئەو، گەلێک دەوڵەمەند و فرەلایەنە بوو. هاوڕێ جەعفەر خاراوی قۆناغێک لە خەباتی ڕەوتی کۆمۆنیستی و شۆڕشگێڕانە و هەروەها نوێنەرێکی بە هەست و دڵسۆزی ئەم ڕەوتە بوو.

هاوڕێ جەعفەر شەفیعی کەسایەتییەکی ناسراوی ناو بزووتنەوەی کۆمۆنیستی ئێران، ڕێبەرێکی خۆشناو و خۆشەویستی نێو کرێکاران، هاوڕێیانی حیزبی و جەماوەری ستەمدیتوو و خەباتگێڕی خەڵکی کوردستان بوو. هەروەها یەکێک بوو لەو کەسایەتیانەی کە حیزبەکەمان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، زۆرێک لە پێشکەوتنەکانیی قەرزاری ئەوە. ئەو لە زومرەی ئەو دەگمەن ڕێبەرانە بوو کە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی دەبێ ڕەنجی ساڵانێکی دوور و درێژ لە خەبات و تێکۆشان و گەلێک ئەزموونی سەخت و دژوار تێپەڕێنێت بۆ ئەوەی هاوشێوەی ئەو، لە داوێنی خۆیدا پەروەردە بکات. هاوڕێ جەعفەر یەکێک بوو لەو ڕێبەرانەی که ناو و کردەوه و هەر هەنگاوێکیان له نێو کۆمەڵانی خەڵکی کرێکاردا وەبیرهێنەرەوە و هێما و هاندەری خەباتن لەپێناو ڕزگاربوون له دەست کۆیلایەتی و نایەکسانی و چەوسانەوە، واته ڕێبەرانی کۆمۆنیستی جەماوەری زەحمەتکێشان. هاوڕێ جەعفەر شەفیعی، لە ماوەی ساڵانێک خەبات و تێکۆشانی سیاسی لەدژی جەور و ستەمی سەرمایە، لەدژی ڕژێمی شا و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و هەروەها لە ڕێبەریکردنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستاندا، کۆمەڵێک ئەرک و بەرپرسیارێتی قورسی لە ئەستۆ بوو، هاوڕێ جەعفەر لە جێگە و پێگە و بەرپرسیارێتییە تەشکیلاتیەکاندا، لە کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە و دەفتەری سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، لە سەرنووسەریی ڕادیۆی دەنگی شۆڕشی ئێران (ڕادیۆ کۆمەڵە)، سەرنووسەریی گۆڤار و بڵاوکراوە حیزبییەکان، لە نووسین و وتارەکانیدا، ئەرک و مەئموورییەتە تەشکیلاتییەکان و بە گشتی لە ڕاپەڕاندنی سەرجەم ئەرکە سیاسی و حیزبییەکانیدا، نموونەیەکی بەرجەستە بوو لە کارزانی و فیداکاری و یەکێک بوو لە ئاڵاهەڵگران و پێشڕەوانی شیاو و ماندوونەناسی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە بواری بانگەشە و پەرەپێدانی کۆمۆنیزم، لەقاودان و ئاشکراکردنی فریوکاران و دوژمنانی جەماوەر و چینی کرێکار.

دوکتۆر جەعفەر شەفیعی وەک پزیشکێکی شۆڕشگێڕ و یار و یاوەری خەڵکی زەحمەتکێش، ناوبانگ و خۆشەویستییەکی ئەوتۆی بەدەستهێنا کە بەدەستهێنانی هەرگیز کارێکی ئاسان نییەپەیوەندیی ئەو لەگەڵ خەڵکدا، وەک پزیشکێک بە هیچ شێوەیەک تەنیا لە چوارچێوەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و ویژدانی پیشەیی دا خۆی نەدەدیتەوەبە پێچەوانەوە شێوازی ئەو بە تەواوی “ناپیشەیی” بوو. ئەو لەم بابەتەشدا وەک شۆڕشگێڕێکی ڕاستەقینە خۆی نواندقورسترین ئەرک و سەردان و چاوەدێری دڵسۆزانە و بێ بەرامبەری بۆ نەخۆشەکان و ئەو چین و توێژە هەژارە بەڕێوە دەبرد کە بەزۆری داوای یارمەتیان لێدەکرد و ئەویش بە دڵ و گیان بە هانایانەوە دەچوو.

بەم شێوەیە، لە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی بەریندا، کە زۆربەیان لە کرێکاران و خەڵکی هەژار پێکهاتبوون، وەک کەسێک خۆی دەرکەوت کە خاوەن زانست و شارەزایی پزیشکییە بەڵام پێگەی کۆمەڵایەتی و چینایەتی پزیشکیی قبوڵ ناکات و سەر بە توێژی کۆمەڵایەتیی ئەوان نییە، هەر بۆیەش یەکێک نییە لەئەوان، بەڵکوو یەکێکە لەئێمە، پەیوەندییەکی بەربڵاوی دامەزراند. هەربۆیە کاریگەری و پێگەی ئەو تەنها کاریگەری و پێگەی پزیشکێکی خاوەن ویژدان نەبوو. پەیوەندییەکی قووڵ و بەربڵاوی کۆمەڵایەتی و مرۆیی لەوە ئەولاتر لەدەوری ئەو پێک دەهاتن و بەم هۆیەوە یاد و ناوی ئەو لەناو جەماوەردا ​​بۆ هەمیشە زیندوو دەمێنێتەوە. بەشێوەيەکی گشتی دامەزراندنی پەیوەندییەکی پتەو و قووڵی ئینسانی لە زومرەی ئەو تایبەتمەندییانە بوو کە هەر ناسیاوێکی نوێش لە کەسایەتی ئەودا هەستی پێدەکرد.

هاوڕێ جەعفەر لە چالاکی سیاسیدا بە مانای ڕاستەقینەی وشە، بەرهەمی هیچ کارلێکێکی تەشکیلاتی نەبوو، هەربۆیە پێناسەکردنی وەک کادرێکی حیزبی، وەسفێکی ناتەواو و ناواقیعییە لە تایبەتمەندیی ئەوئەو بەڕادەیەک کار و چالاکیی سیاسی، نفووز و کاریگەریی کۆمەڵایەتی، وزەی خەباتکارانە و هەروەها لێهاتوویی و داهێنان و بیرکردنەوەی سیاسیی لەخۆیدا کۆکردبووەوە کە ئیتر مەحاڵ بوو بە خێرایی تەنانەت لە ئۆرگانی ڕێبەرایەتی کۆمەڵەدا جێگای خۆی نەکاتەوە، کە هەرواش بوولە حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانیشدا ئەم پێوەندییە واقیعییەی لەگەڵدا بوو. ئەو بەکردەوە کادر و شۆڕشگێڕێکی بەرجەستە و دیاری بزووتنەوەی کۆمۆنیستی ئێران بوو کە لە ڕێبەرایەتی حیزبدا جێگای خۆی کردەوە. هاوڕێ جەعفەر بە دڵ و گیان لە پێناو شۆڕشدا تێدەکۆشا و لە هەر هەلومەرجێکدا ئەو ئەرکەی بەرەو پێش بردووەچ لە جۆش و خرۆشی سەردەمی شۆڕشدا، چ لە هەلومەرجی ژینگەیی ناو کۆمەڵەدا، سەرەڕای بوونی برین لە گەدەیدا و لەژێر هەڕەشەی بەردەوامی هێرشی نیزامی ڕێژیمی ئیسلامیدا، یان ئەو ماوە کورتەی کە لە ئورووپا ژیانی بەسەر برد، شەو و ڕۆژ بەشێوەیەکی ماندوونەناسانە سەرقاڵی نووسین و خوێندنەوە بوووزە و شێلگیرییەکی لەڕادەبەدەر بەهێزی کە بە سانایی لە هەموو کەسێکدا بەدی ناکرێت، کارەکتەری ئەوی شکڵ پێدەدالەوەی کە ئەگەر لە دەرئەنجامی کارێک ڕازی نەبوایە و تەنانەت ئەگەر پێویست بوایە دە جاریش سەرلەنوێ ئەنجامی بداتەوە، هیچکات ماندوو نەدەبوو و هەموو جارێک بەوپەڕی حەز و تواناوە کاری دەکردئەو هیچ کات لە خوێندنەوە و دیالۆگ و گفتوگۆ لەسەر بابەتە فیکرییەکان تێر نەدەبووهێندە شێلگیر و ماندوونەناسانە کاری دەکرد وەک ئەوەی بزانێت کە دەرفەتێکی زۆری لەبەردەمدا نەماوەلە هەمان کاتدا ئەوەندە بە هەست و سۆزەوە ژیانی خۆشدەویست و بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چێژی لە بچووکترین هێماکانی ژیان دەبینی، وەک ئەوەی کە هەرگیز بیری لە مردن نەکردەوە.

جەعفەر شەفیعی، مارکسیستێکی بەتەواومانا بەدەروەست بوو، بەبێ ئەوەی کە ئەم بابەتە بەلای ئەوەوە بە واتای پشتبەستن بە داتا و زانیارییە ئامادە و بەردەستەکان بێتئەو کەسێک بوو کە بەدوای زانیاریدا دەگەڕا، لێکۆڵینەوەی سیاسی و تیۆری و هەروەها ئارەزووی کردنەوەی ئاسۆی نوێ، لەودا بێ کۆتایی بووئەو، هاوشێوەی ئەو ڕەوتەی کە خۆی یەکێک بوو لە باشترین نوێنەرەکانی، ڕێبوارێکی ڕێگای نادیار بووسەرەڕای ئەو هەموو پەیوەندییە ناوچەییە بەربڵاوەی کە بووی، بەڵام بەدوور بوو لە ناوچەگەرێتیلەگەڵ ئەوەی کە خۆی لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا دەدیتەوە، بەڵام تا دەهات چوارچێوەی سۆسیالیزمی ئێرانی بۆخۆی بەرتەسکتر هەست پێدەکردهزر و و پەیوەندی فیکریی و هەوڵەکانی، ئەوی هەرچی زیاتر بەرەو بزووتنەوەیەکی جیهانی پەلکێش دەکردهەر لە بەشداریکردن لە کۆڕ و کۆمەڵە نهێنییە مارکسیستییەکانی سەردەمی شا و سەرەتاییترین پەیوەندییە کرێکارییەکانەوە بگرە تا ئەزموونی دەستبەسەر بوون لە ساواک و زیندانیی سیاسی، لە چالاکییە بەربڵاوە ئاشکراکان و وتارە جەماوەرییەکانی سەردەمی شۆڕشەوە تا گەشتە سیاسییەکان لە کوردستان و بەشداریکردن لە وتووێژ و دانوستانە جۆراوجۆرەکانی کە کۆمەڵە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و لەوانە جارێک لە ساڵی ١٣٥٨دا لە هەیئەتی نوێنەرایەتی خەڵکی کورد لەگەڵ ڕێژیمی ئیسلامیدا بووی، لە بەرەوپێشبردن و ئاراستەکردنی کاری تەبلیغاتی و ڕاگەیاندنی بەربڵاو و هەروەها تێکۆشانی ماندوونەناسانەی لەم بوارەدا، تا بەشداری لە ڕیزی پێشمەرگەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی عێراق وەک پزیشکێکی شۆڕشگێڕ لە یەکێک لە دژوارترین بارودۆخەکاندا کە تێیدا بوون، لە بەجێگەیاندنی ئەرک و چالاکییە جۆراوجۆرە حزبییەکانەوە بگرە تا دەگاتە بینینی ڕۆڵی ڕێبەریی لە قۆناغ و بڕیارە جۆراوجۆرەکاندا، دوکتۆر جەعفەر شەفیعی ڕێگایەکی دوورودرێژ و فرەڕەهەند و پڕ لە هەوراز و نشێوی بڕیئەگەرچی ئەو ڕێگایەی کە ئەو تێپەڕی کرد، بە هەوێنی بەهێزی سروشت و تایبەتمەندییە کەسییە درەوشاوەکەی ڕەنگ و بۆیەکی تایبەتی بەخۆیەوە گرتبوو، بەڵام لە کۆتاییدا کارنامەی گەشەکردن و پێگەیشتوویی ڕەوتێکی کۆمەڵایەتیی بوو کە لە نموونەیەکی بەرچاودا کورت کرابۆوە. ڕەوتێکی کە لە فۆرمی کۆمەڵەدا خۆی دەنواند، وشیاری چینایەتی و کاراکتەری سۆسیالیستی خۆی لە نەبەردێکدا لەگەڵ دیاردە دزێوە کۆمەڵایەتی و هزرە تەقلیدییە غەیرە مارکسیستی و غەیرە کرێکارییەکاندا، قووڵتر دەکاتەوە، خۆی وەک بەشێک لە چینێکی کۆمەڵایەتی گەشەسەندوو و بەرگریکاری وشیاری ئەو، هەست پێدەکات، لە فۆرمی ناوچەیی و خۆجێیی خۆی بە قازانجی

ڕەوتێکی حیزبیی ڕادیکاڵ و کۆمۆنیستی سەرتاسەریی تێدەپەڕێت و بە پشتبەستن بەو ڕەوتە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەی کە پێگە و پشتیوانی بوون، لە دژی ناسیۆنالیزم، پۆپۆلیزم، سازشی چینایەتی، ئایین، داب و نەریتی دواکەوتووانە و هێزە کۆمەڵایەتییەکانی سەرمایە و نوێنەرەکانی، پێدەنێتە ناو دنیای خەباتێکی بێوچان و لەو پێوەندییەدا و بە پێی ئەوە، سەرجەم ئەو شتانەی کە لە خۆیدا بە ناتەواو و لەسەر بنەمای تێگەیشتنێکی سنووردار و کورتبینانە دەبینێت دەداتە بەر ڕەخنە. خەباتی ئەم ڕەوتە سۆسیالیستییە هێشتا بە ئامانج نەگەیشتووەتە و پێویستی بە هێز و بڕوا و بوێری و لێبڕاویی کەسانێکی وەک جەعفەر شەفیعی هەیە.

ئێمە کۆمۆنیستەکان، گیانبەختکردووان لە خەرمانەیەک لە پیرۆزی خوڕافات یان هەستێکی ڕۆمانسییەوە ناپێچینبۆ ئێمە مێژووی داهاتوو، زیندووەکان دروستی دەکەن و هەرئێستا لەگەڵ خەبات و تێکۆشانێکی زیندوو و ڕاستەقینە، بە هەموو گرنگییەکییەوە بەرەوڕووین، بەڵام ڕێک هەر لێرەدایە کە سەرلەنوێ یاد و بیرەوەری هاوڕێ جەعفەر شەفیعی بۆ ئێمە زیندوو دەبێتەوەنەک هەر لەبەرئەوەی کە ئەمڕۆ جێگای ئەو، لەو نەبەردە سەختە و ئاڵەنگارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی کە لەبەردەم کۆمەڵە و حزبی کۆمۆنیست دایە، زۆر خاڵییە، بەڵکوو لە بنەڕەتدا لەبەرئەوەی هەموو ئەو کەسانەی کە لە نێو ئێمەدا دەیانەوێت خۆیان لە هەناوی خەباتی چینایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ستەملێکراوانی کۆمەڵگادا ببیننەوە، هەموو ئەو کەسانەی کە ئامانجیان بریتی بووە لەوەی کە بە هەموو تواناوە بەشدارییەکی جددی لەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەدا بکەن، بە حەق ڕێز لە یەکێک لە شەریفترین و  شێلگیرترین تێکۆشەری ئەم ڕێبازە دەگرن و لەوەش گرنگتر، ئیلهامی لێ وەردەگرن.

ئەمڕۆ لە باردۆخێکدا کە کۆمەڵگای ئێران لەبەردەم گۆڕانکاریی چارەنووسسازدایە، ڕێزگرتن و ئیلهام وەرگرتن لە ڕێبەری گیانبەختکردوو جەعفەر شەفیعی و سەرجەم ئازیزانی گیانبەختکردوومان، گەلێک پێویست و یارمەتیدەرە.