کاتژمێر شەشی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی ٧ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٦٦، هاوڕێیەک بەجێی هێشتین کە هێمای ئینسانیی باشترین ڕەهەندەکانی ئارمانی کۆمۆنیستی لەنێو ئێمەدا بوو. لەو ڕۆژەدا دوکتۆر جەعفەر شەفیعی لە ڕێگای کەرکوک بۆ بەغدا بە ڕووداوێکی ئۆتۆمبێل گیانی لەدەست دا. ڕووداوێکی سەخت و تاڵ و دڵتەزێن بوو بۆ ڕیزەکانی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیست و هەروەها بۆ سەرجەم ئەو کرێکار و زەحمەتکێشانەی کە هیوای خۆیان لە بوونی ئەودا بەدی دەکرد و بوونی ئەو متمانەی بە داهاتوویان زیاتر کرد. هاوڕێ جەعفەر شەفیعی، سیمایەکی ناسراوی ناو بزووتنەوەی کۆمۆنیستی ئێران، ڕێبەرێکی خۆشەویستی ناو کرێکاران، هاوڕێیانی حیزبیی و جەماوەری ستەملێکراو و خەباتکاری خەڵکی کوردستان، لە زومرەی ئەو دەگمەن ڕێبەرانە بوو کە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی دەبێ ڕەنجی ساڵانێکی دوور و درێژ لە خەبات و تێکۆشان و گەلێک ئەزموونی سەخت و دژوار تێپەڕێنێت بۆ ئەوەی هاوشێوەی ئەو، لە داوێنی خۆیدا پەروەردە بکات. هاوڕێ جەعفەر شەفیعی، لە ماوەی ساڵانێک خەبات و تێکۆشانی سیاسی لەدژی جەور و ستەمی سەرمایە، لەدژی ڕژێمی شا و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و هەروەها لە ڕێبەریی کردنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان، کۆمەڵێک ئەرک و بەرپرسیارێتی قورسی لە ئەستۆ بوو، هاوڕێ جەعفەر لە جێگە و پێگە و بەرپرسیارێتییە تەشکیلاتیەکاندا، لە کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە و دەفتەری سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، لە سەرنووسەریی ڕادیۆی دەنگی شۆڕشی ئێران (رادیۆ کۆمەڵە)، سەرنووسەریی گۆڤار و بڵاوکراوە حیزبییەکان، لە نووسین و وتارەکانیدا، ئەرک و مەئموورییەتە تەشکیلاتییەکان و بە گشتی لە ڕاپەڕاندنی سەرجەم ئەرکە سیاسی و حیزبییەکانیدا، نموونەیەکی بەرجەستە بوو لە کارزانی و فیداکاری و یەکێک بوو لە ئاڵاهەڵگران و پێشڕەوانی شیاو و ماندوونەناسی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە بواری بانگەشە و پەرەپێدانی کۆمۆنیزم، لەقاودان و ئاشکراکردنی فریوکاران و دوژمنانی جەماوەر و چینی کرێکار. دوکتۆر جەعفەر شەفیعی وەک پزیشکێکی شۆڕشگێڕ و یار و یاوەری خەڵکی زەحمەتکێش، ناوبانگ و خۆشەویستییەکی ئەوتۆی بەدەستهێنا کە بەدەستهێنانی هەرگیز کارێکی ئاسان نییە. پەیوەندیی ئەو لەگەڵ خەڵکدا، وەک پزیشکێک بە هیچ شێوەیەک نەدەکرا تەنیا لە چوارچێوەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و ویژدانی پیشەیی دا کورت بکرێتەوە. بە پێچەوانەوە شێوازی ئەو بە تەواوی “ناپیشەیی” بوو. لەم بابەتەشدا وەک شۆڕشگێڕێکی ڕاستەقینە خۆی نیشاندا. قورسترین ئەرک و سەردان و چاوەدێری دڵسۆزانە و بێ بەرامبەری بۆ نەخۆشەکان و ئەو چین و توێژە هەژارە بەڕێوە دەبرد کە بەزۆری داوای یارمەتیان لێدەکرد و ئەویش بە دڵ و گیان بە هانایانەوە دەچوو. هاوڕێ جەعفەر شەفیعی لە کار و ئەرکی سیاسیی دا، بە مانای ڕاستەقینەی وشە، بەرهەمی هیچ کارلێکێکی ڕێکخراوەیی نەبوو، هەربۆیە وەسفکردنی ئەو وەک کادرێکی حیزبی، پێناسە و وێنایەکی زۆر ناتەواوە لە تایبەتمەندییەکانی ئەو. ئەو کەسانەی کە لە نزیکەوە لەگەڵ ژیانی سیاسی ئەو ئاشنان، زۆر باش ئەم ڕاستییە دەزانن. ئەو بەڕادەیەک کار و چالاکیی سیاسی، نفووز و کاریگەریی کۆمەڵایەتی، وزەی خەباتکارانە و هەروەها لێهاتوویی و داهێنان و بیرکردنەوەی سیاسیی لەخۆیدا کۆکردبووەوە کە ئیتر مەحاڵ بوو بە خێرایی تەنانەت لە ئۆرگانی ڕێبەرایەتی کۆمەڵەدا جێگای خۆی نەکاتەوە، کە هەرواش بوو. لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانیشدا ئەم پێوەندییە واقیعییەی لەگەڵدا بوو.
هاوڕێ جەعفەر بە دڵ و گیان لەپێناو شۆڕشدا کاری دەکرد و ئەو ئەرکەی لە هەر هەلومەرجێکدا بەرەو پێش دەبرد. چ لە جۆش و خرۆشی سەردەمی شۆڕشدا، چ لە هەلومەرجی ژینگەیی ناو کۆمەڵەدا، سەرەڕای بوونی برین لە گەدەی دا و لەژێر هەڕەشەی بەردەوامی هێرشی نیزامی ڕێژیمی ئیسلامیدا، یان ئەو ماوە کورتەی کە لە ئورووپا ژیانی بەسەر برد، شەو و ڕۆژ بەشێوەیەکی ماندوونەناسانە سەرقاڵی نووسین و خوێندنەوە بوو. وزە و شێلگیرییەکی لەڕادەبەدەر بەهێزی کە بە ئاسانی لە هەموو کەسێکدا بەدی ناکرێت، کارەکتەری ئەوی شکڵ پێدەدا. لەوەی کە ئەگەر لە دەرئەنجامی کارێک ڕازی نەبوایە و تەنانەت ئەگەر پێویست بوایە دە جاریش سەرلەنوێ ئەنجامی بداتەوە، هیچکات ماندوو نەدەبوو و هەموو جارێک بەوپەڕی حەز و تواناوە کاری دەکرد. ئەو هیچ کات لە خوێندنەوە و دیالۆگ و گفتوگۆ لەسەر بابەتە فیکرییەکان تێر نەدەبوو. هێندە شێلگیر و ماندوونەناسانە کاری دەکرد وەک ئەوەی بزانێت کە دەرفەتێکی زۆری لەبەردەمدا نەماوە. لە هەمان کاتدا ئەوەندە بە هەست و سۆزەوە ژیانی خۆشدەویست و بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چێژی لە بچووکترین هێماکانی ژیان دەبینی، وەک ئەوەی کە هەرگیز بیری لە مردن نەکردەوە.
جەعفەر شەفیعی، مارکسیستێکی بەتەواومانا بەدەروەست بوو، بەبێ ئەوەی کە ئەم بابەتە بەلای ئەوەوە بە واتای پشتبەستن بە داتا و زانیارییە ئامادە و بەردەستەکان بێت. ئەو کەسێک بوو کە بەدوای زانیاریدا دەگەڕا، لێکۆڵینەوەی سیاسی و تیۆری و هەروەها ئارەزووی کردنەوەی ئاسۆی نوێ، لەودا بێ کۆتایی بوو. ئەو، هاوشێوەی ئەو ڕەوتەی کە خۆی یەکێک بوو لە باشترین نوێنەرەکانی، ڕێبوارێکی ڕێگای نادیار بوو. سەرەڕای ئەو هەموو پەیوەندییە ناوچەییە بەربڵاوەی کە بووی، بەڵام بەدوور بوو لە ناوچەگەرێتی. لەگەڵ ئەوەی کە خۆی لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا دەدیتەوە، بەڵام تا دەهات چوارچێوەی سۆسیالیزمی ئێرانی بۆخۆی بەرتەسکتر هەست پێدەکرد. هزر و و پەیوەندی فیکریی و هەوڵەکانی، ئەوی هەرچی زیاتر بەرەو بزووتنەوەیەکی جیهانی ڕادەکێشا. هەر لە بەشداریکردن لە کۆڕ و کۆمەڵە نهێنییە مارکسیستییەکانی سەردەمی شا و سەرەتاییترین پەیوەندییە کرێکارییەکانەوە بگرە تا ئەزموونی دەستبەسەر بوون لە ساواک و زیندانیی سیاسی، لە چالاکییە بەربڵاوە ئاشکراکان و وتارە جەماوەرییەکانی سەردەمی شۆڕشەوە تا گەشتە سیاسییەکان لە کوردستان و بەشداریکردن لە وتووێژ و دانوستانە جۆراوجۆرەکانی کە کۆمەڵە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و لەوانە جارێک لە ساڵی ١٣٥٨دا لە هەیئەتی نوێنەرایەتی خەڵکی کورد لەگەڵ ڕێژیمی ئیسلامیدا بووی. لە بەرەوپێشبردن و ئاراستەکردنی کاری تەبلیغاتی و ڕاگەیاندنی بەربڵاو و هەروەها تێکۆشانی ماندوونەناسانەی لەم بوارەدا، تا بەشداری لە ڕیزی پێشمەرگەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی عێراق وەک پزیشکێکی شۆڕشگێڕ لە یەکێک لە دژوارترین بارودۆخەکاندا کە تێیدا بوون، لە بەجێگەیاندنی ئەرک و چالاکییە جۆراوجۆرە حزبییەکانەوە بگرە تا دەگاتە بینینی ڕۆڵی ڕێبەریی لە قۆناغ و بڕیارە جۆراوجۆرەکاندا، دوکتۆر جەعفەر شەفیعی ڕێگایەکی دوورودرێژ و هەمەچەشن و پڕ لە هەوراز و نشێوی بڕی. ئەگەرچی ئەو ڕێگایەی کە ئەو تێپەڕی کرد، بە هەوێنی بەهێزی سروشت و تایبەتمەندییە کەسییە درەوشاوەکەی ڕەنگ و بۆیەکی تایبەتی بەخۆیەوە گرتبوو، بەڵام لە کۆتاییدا کارنامەی گەشەکردن و پێگەیشتوویی ڕەوتێکی کۆمەڵایەتیی بوو کە لە نموونەیەکی بەرچاودا کورت کرابۆوە.
ئێمە کۆمۆنیستەکان، گیانبەختکردووان لە خەرمانەیەک لە پیرۆزی خوڕافات یان هەستێکی ڕۆمانسییەوە ناپێچین. بۆ ئێمە مێژووی داهاتوو، زیندووەکان دروستی دەکەن و هەرئێستا لەگەڵ خەبات و تێکۆشانێکی زیندوو و ڕاستەقینە، بە هەموو گرنگییەکییەوە بەرەوڕووین، بەڵام ڕێک هەر لێرەدایە کە سەرلەنوێ یاد و بیرەوەری هاوڕێ جەعفەر شەفیعی بۆ ئێمە زیندوو دەبێتەوە. نەک هەر لەبەرئەوەی کە ئەمڕۆ جێگای ئەو، لەو نەبەردە سەختە و ئاڵەنگارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی کە لەبەردەم کۆمەڵە و حزبی کۆمۆنیست دایە، زۆر خاڵییە، بەڵکوو لە بنەڕەتدا لەبەرئەوەی هەموو ئەو کەسانەی کە لە نێو ئێمەدا دەیانەوێت خۆیان لە هەناوی خەباتی چینایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ستەملێکراوانی کۆمەڵگادا ببیننەوە، هەموو ئەو کەسانەی کە ئامانجیان بریتی بووە لەوەی کە بە هەموو تواناوە بەشدارییەکی جددی لەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەدا بکەن، بە حەق ڕێز لە یەکێک لە شەریفترین و شێلگیرترین تێکۆشەری ئەم ڕێبازە دەگرن و لەوەش گرنگتر، ئیلهامی لێ وەردەگرن.
یادی بەرز و بەڕێز بێ و ڕێبازی بەردەوام