نیوه‌ی یه‌كه‌می مانگی خه‌رمانان له مێژووی بزووتنه‌وه‌ی كۆمۆنیستی ئێران و بزووتتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی كوردستان، وه‌ك ڕۆژانێکی خوێناوی یادی لێده‌كرێ. له وه‌ها ڕۆژ گه‌لێكدا بوو كه كوشتاری به كۆمه‌ڵی كۆمۆنیسته‌كان له زیندانه‌كانی كۆماری ئیسلامی ده‌ستیپێكرد. كوشتاری به‌ندكراوانی سیاسی كه له مانگی گه‌لاوێژدا به ئێعدامی به كۆمه‌ڵی ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی سازمانی مۆجاهدینی خه‌ڵق ده‌ستیپێكرد و دواتر له نیوه‌ی یه‌كه‌می مانگی خه‌رمانان جینایه‌تكارانی كۆماری ئیسلامی ده‌ستیاندایه كوشتاری چه‌پ و كۆمۆنیسته‌كان. دوای ئه‌وه‌یكه “كۆمیسیۆنی مه‌رگ” ڕاپۆرتی ئه‌نجامی جه‌نایه‌تی مانگی گه‌لاوێژی گه‌یانده خومه‌ینی، فەتوای كوشتاری كۆمۆنیسته‌كانیشیان له لایه‌ن خومه‌ینییه‌وه پێدرا و به‌مجۆره كه‌وتنه گیانی ئینسانه ئازادیخوازه‌كان و كه‌سانێك كه دڵیان بۆ ئامانجه به‌رزه‌كانی ڕزگاریی مرۆڤی چه‌وساوه و سته‌ملێكراو لێیده‌دا. له ڕۆژانی ڕه‌شی نیوه‌ی ئه‌وه‌ڵی مانگی خه‌رماناندابوو كه هه‌زاران به‌ندكراوی خه‌باتكار و خۆڕاگر ئێعدام كران به‌ڵام بۆ ساتێكیش پشتیان له ئارمانه ئیسانییه‌كانی خۆیان نه‌كرد و به وڵامی “نا” به پرسیاری كۆنه‌په‌رستان، زاڵ بوونی ئیراده‌ی خۆیان به‌سه‌ر هێزی سه‌ركوتی دوژمن‌دا نیشاندا.
له ڕۆژانی ئه‌وه‌ڵی مانگی خه‌رمانانی ساڵی ١٣٥٨ دابوو كه خه‌ڵخاڵی كۆنه‌په‌رست و جه‌نایه‌تكاری خوێن‌ڕێژ، به فه‌رمانی خومه‌ینی كه نه‌فره‌تێكی قووڵی له خۆڕاگریی خه‌ڵكی كوردستان له به‌رابه‌ر كۆنه‌په‌رستانی ئیسلامی له دڵدا بوو، كه‌وته گیانی ئینسانە شۆڕشگێڕ و خه‌باتكارەکانی كوردستان و مه‌یدانه‌كانی ئێعدام له شاره‌كانی پاوه، سنه، مه‌ریوان، سه‌قز، مه‌هاباد و بانه، به خوێنی ئه‌و ئازیزانه سوور بوو به‌ڵام تا دوایین ساته‌كانی ژیانیان، سه‌ریان له به‌رامبه‌ر كۆنه‌په‌رستانی تازه به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتوو دانه‌نەواند و کڕنووشیان نەبرد. ڕۆژه‌كانی ٤ و ٩ و ١٣ی خه‌رمانان له مێژووی سیاسی كۆمه‌ڵه و حیزبی كۆمۆنیستی ئێران‌دا، وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی سێ ڕووداوی گرینگه. له‌م ڕۆژانه‌دا بوو كه جه‌ریانی ئێمه سێ كه‌س له ڕێبه‌رانی به‌ناوبانگی خۆی واته، “فواد مسته‌فا سوڵتانی، سه‌دیق كه‌مانگه‌ر و غوڵام كه‌شاوه‌رز“ی له‌ده‌ستدا. ده‌ور و نه‌خشی ئه‌وان و پترله دوو هه‌زار و ٥٠٠ گیانبه‌ختكردووی ناو ڕیزه‌كانمان، ژیاننامه‌ی سیاسیی ئه‌وانی كردووه‌ته به‌شێك له مێژووی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه. به پێویستی ده‌زانین كورته‌یەک له‌سه‌ر ژیانی ئه‌و سێ پێشه‌نگه‌ی كاروانی گیانبه‌ختكردووان به یادی هه‌موو ئه‌و ئازیزانه باس بكه‌ین.
****
شه‌وی ٤ی مانگی خه‌رمانانی ساڵی ١٣٦٨، هاوڕێ به‌همه‌ن جه‌وادی، ناسراو به غوڵام كه‌شاوه‌رز، سیمای خۆشه‌ویست و به‌ناوبانگی بزووتنه‌وه‌ی كۆمۆنیستی ئێران، كه بۆ چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌ی ڕۆیشتبووه وڵاتی “قوبرس” له شاری “لارن كا” كه‌وته به‌ر په‌لاماری به‌كرێگیراوان و كۆنه‌په‌رستانی كۆماری ئیسلامی و دوای چه‌ند كاتژمیر به‌هۆی كاریبوونی برینه‌كه‌ی له نه‌خۆشخانه گیانی به‌ختكرد.
ساڵی ١٣٦٨ ساڵێکی گەلێک پڕ لە ڕووداو بوو لە جیهاندا. خومەینی جامە ژەهرەکەی خواردبووەوە و شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق کۆتایی هاتبوو، لەسێدارەدانی هەزاران زیندانی سیاسی لەئارادا بوو، جینۆسایدی خەڵکی کورد لە کوردستانی عێراق کە بە ئەنفال ناسراوە و لەو ڕووداوەدا ١٨٠ هەزار کەسی بێ دیفاع لە بیابانەکانی باشووری عێراق کۆمەڵکوژ کران، لە قۆناغی کۆتاییدا بوو، ئەرتەشی یەکێتی سۆڤیەت ئەفغانستانی بەجێهێشت و قۆناغێکی تری ڕۆژ ڕەشی و مەینەتییەکانی ژیان و گوزەرانی خەڵکی ئازارچێشتووی ئەو وڵاتە دەستی پێ‌کرد، دیواری بەرلین ڕووخا و حکومەتەکانی لایەنگری سۆڤیەت لە ئورووپای ڕۆژهەڵات، دوا هەناسەیان دەدا. بەڵێ لە ئاوا هەلومەرجێکدا بوو کە حیزبەکەمان یەکێک لە ڕێبەرە هەڵکەوتووەکانی خۆی بە ناوی غوڵام کەشاوەرز لەدەستدا.
هاوڕێ غوڵام کەشاوەرز، ناوی ڕاستەقینەی بەهمەن جەوادی، ساڵی ١٣٣٤ لە بنەماڵەیەکی هەژار لە گوندی نارەک، یەکێک لە گوندەکانی سەر بە پارێزگای گەچساران لە کۆهگیلویە و پارێزگای بۆیرئەحمەد لەدایک بووە. هاوڕێ غوڵام ساڵی ١٣٥٢ کۆمەڵێکی نهێنی لەژێر ناوی “هەنگاوی شۆڕشگێڕانه لەدژی دۆخی هەبوو”ی پێکهێنا. ساڵی ١٣٥٤ چووە زانکۆی کشتوکاڵی کەرەج. مانگی گوڵانی ساڵی ١٣٥٧ بەهۆی ڕێکخستنی مانگرتنی خوێندکاران لەلایەن ساواکەوە دەستبەسەر کرا. پایزی ساڵی ١٣٥٧ لە کاتی ئازادبوونی زیندانیانی سیاسی، لە زیندان ئازاد کرا. ناوبراو سەرەتای زستانی ١٣٥٨ بە ڕێکخراوی ئیتحادی موبارزانی كۆمۆنیست پەیوەست بوو.
هاوڕێ غوڵام كه‌شاوه‌رز یەکێک له پێشڕه‌وانی خه‌باتی كۆمۆنیستی له ئێران بوو. وێڕای خه‌باتی به‌رده‌وام و خۆڕاگریی له سیاچاڵه‌كانی ڕژیمی په‌هله‌وی و چێشتنی ئازاری جه‌سته‌یی و ڕۆحیی زۆر، به‌رده‌وام له ڕێزی پێشه‌وه‌ی خه‌باتی كۆمۆنیستی ئێران‌دا هه‌نگاوی هه‌ڵگرتووه. هاوڕێ غوڵام كه‌شاوه‌رز سیمای خۆڕاگری ناو زیندانه‌كانی ڕژیمی شاه و له یه‌كه‌مین كادره‌كانی ئیتحادی مۆبارزانی كۆمۆنیست و یه‌كێك له دامه‌زرێنه‌رانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران بوو كه له كاتی چالاكی له ناو حیزبی كۆمۆنیستدا به‌رپرسایه‌تیی جۆراوجۆری له‌وانه ئه‌ندامی كۆمیته ناوه‌ندی حیزبی گرته ئه‌ستۆ. هاوڕێ غوڵام هه‌ر له ساڵه‌كانی پێش شۆڕشی ٥٧ ڕووی كردبووه خه‌باتی سیاسی و له ڕاپه‌ڕینی مانگی ڕێبه‌ندان و دواتر له دژی كۆماری ئیسلامی و له هه‌موو بوواره‌كانی دیكه‌ی خه‌باتدا، چالاك و بووێرانه هه‌نگاوی هه‌ڵێناوه. هاوڕێ غوڵام كه‌شاوه‌رز له پڕۆسه‌ی پڕ له ئاڵووگۆڕی ژیانی سیاسیی له ناو حیزبی كۆمۆنیستی ئێران تا كاتی گیانبه‌ختكردنی، هه‌میشه كه‌سێكی بیرمه‌ند و خاوه‌ن هه‌ڵوێستێكی به‌هێز بوو. هاوڕێ غوڵام به وه‌ئه‌ستۆ گرتنی ڕێبه‌ریی ئۆرگانه سه‌ره‌كییه‌كانی حیزب له‌وانه ئه‌ندامبوون له كۆمیته‌ی سازمانده‌یی ته‌شكیلاتی شاره‌كانی ئێران، كۆمیته‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی حیزب، كۆمیته‌ی ڕادیۆ ده‌نگی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران و به‌رپرسی ڕێكخراوی فێدراسیۆنی شۆڕای په‌نابه‌رانی ئێرانی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات و ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزب، ده‌ور و نه‌خشێكی گرینگی له بواری فیكری و سیاسی و ڕێكخراوه‌یی هه‌بوو. هاوڕێ غوڵام له هه‌موو ژیانی
سیاسیی خۆیدا، خه‌باتكارێكی پاك و په‌یگیر بوو له دژی سیسته‌می پڕ له سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌ی سه‌رمایه‌داری و به‌رده‌وام خوازیاری وه‌دیهاتنی دونیایه‌كی به‌رابه‌ر و بێ سته‌م و هه‌ڵاواردان بوو و سادقانه هه‌وڵی بۆ ده‌دا و هه‌ر له‌م ڕێگه‌یه‌شدا گیانی ئازیزی به‌ختكرد.
****
٩ی مانگی خه‌رمانانی ساڵی ١٣٥٨ هاوڕێ فواد مسته‌فا سوڵتانی یه‌كێك له ڕێبه‌ران و دامه‌زرێنه‌رانی كۆمه‌ڵه، سیمای ناسراو و خۆشه‌ویستی بزووتنه‌وه‌ی كۆمۆنیستی ئێران، ڕێبه‌ری خۆشه‌ویستی كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان، له شه‌ڕێكی نابه‌رابه‌ردا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامی له ئاوایی “به‌ستام” له سەر ڕێگای نێوان سه‌قز ـــ مه‌ریوان، دڵه گه‌وره‌كه‌ی له لێدان كه‌وت. هاوڕێ فوئاد ساڵی ١٣٢٧ لە ئاوایی ئاڵمانەی شاری مەریوان لە دایکبووە. تەمەنی منداڵی و تازەلاوی لە شاری سنە بەسەر بردووە و خوێندنی باڵای لە تاران بە بڕوانامەی ئەندازیاری کارەبا تەواو کردووە. ساڵی ١٣٤٨ لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوڕێیانی، ڕێکخراوێکیان دامەزراند، کە دواتر ناوی کۆمەڵەی لێ‌نرا.
چالاكی كۆمه‌ڵایه‌تیی فوئاد به ڕێبه‌ریی كردنی ناڕه‌زایه‌تیی به‌ندكراوانی سیاسی له زیندانه‌كانی ڕژیم ده‌ستیپێكرد. ئه‌گه‌ر پێشتر ته‌نیا ڕێبه‌ر و ڕێكخه‌ری خه‌باتی نهێنی بوو، له‌م قۆناغە بەولاوە، تواناییه‌كانی له بواری ڕێبه‌ریی و خه‌باتی كۆمه‌ڵایه‌تی ڕۆژ له دوای ڕۆژ په‌ره‌ی سه‌ند. كۆمه‌ڵه وه‌ك ڕێكخراوێكی كۆمۆنیستی كه كاك فوئاد و هاوڕێیانی ٩ ساڵ پێشتر دایانمه‌زراندبوو، له‌گه‌ڵ ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵكی ئێران له دژی ڕژیمی شا، عه‌له‌نی بۆوه و ئەوە دەستپێکی چالاكی سوودمەندی ته‌شكیلاتێک بوو کە بە درێژایی دەسەڵاتی سەرەڕۆ و سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی، لەگەڵ ناوی کرێکار و کۆمۆنیزم و خەباتی لێبڕاوانە لەدژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، ئاوێتە بووە. ناوی فوئاد مسته‌فا سوڵتانی و كۆمه‌ڵه، له ڕێبه‌ریی خه‌باتی ده‌ورانی ڕاپه‌ڕینی ساڵی ٥٧ی بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریی له شاری سنه و پێكهاتنی شوڕای شار، له كۆچی مێژوویی مه‌ریوان، له ڕێكخستنی یه‌كیه‌تی جووتیاران، له ڕێپێوانی به‌رینی جه‌ماوه‌ری له سنه‌وه بۆ مه‌ریوان، له پێكهاتنی ئه‌وه‌ڵین ده‌سته‌ی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه، له جه‌معیه‌ته دیمۆكراتیكه‌كان كه له زۆربه‌بی شاره‌كانی كوردستان پێكهاتبوون و له ڕێكخستنی موقاومه‌تی چه‌كداری له به‌رامبه‌ر هێرشی ڕژیم بۆسه‌ر كوردستان، دره‌وشایه‌وه. له‌گه‌ڵ هێرشی كۆماری ئیسلامی بۆسه‌ر كوردستان له مانگی گه‌لاوێژی ساڵی ١٣٥٨، كاك فوئاد ده‌ستیدایه ڕێكخستنی موقاومه‌تی شۆڕشگێڕانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان و له ڕۆژی ٩ی خه‌رمانانی ئه‌وساڵه‌شدا بوو كه له شه‌ڕێكی نابه‌رابه‌ردا له‌گه‌ڵ داگیركه‌رانی ڕژیمی ئیسلامی گیانی به‌ختكرد. فوئاد كۆمۆنیستێكی ماندوو نه‌ناس بوو كه له ڕێگای ڕزگاریی چینی كرێكار و جه‌ماوه‌ری سته‌ملێكراو لێبڕاوانه خه‌باتی ده‌كرد. به‌ڵام به‌داخه‌وه پارێزه‌رانی جه‌هل و خوڕافه‌ی سه‌رمایه ده‌رفه‌تیان پێنه‌دا تا ده‌ستڕه‌نجی هه‌وڵی خۆی و یارانی له پێكهێنانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران‌دا كه ساڵیانێكی زۆر بوو هه‌وڵی بۆ ده‌دا و یه‌كێك بوو له ئامانجه به‌رزه‌كانی، به چاوی خۆی ببینێت.
****
كاتژمێر ٢ی نیوه‌شه‌وی ١٣ی خه‌رمانانی ساڵی ١٣٦٨، هاوڕێ سه‌دیق كه‌مانگه‌ر ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران و ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه، له هه‌وڵێكی جه‌نایه‌تكارانه‌دا له لایه‌ن خائین و به‌كرێگیراوێكی كۆماری ئیسلامییەوە هێرشی كرایه سه‌ری و گیانی به‌ختكرد. هاوڕێ سدیق کەمانگەر ساڵی ١٣٢٥ لە گوندی ئافریانی سەر بە پارێزگای کامیاران لەدایک بووە. ساڵی ١٣٤٤ چووەتە زانکۆی تاران و لە بواری یاسا و زانستە سیاسییەکاندا خوێندنی درێژه‌ی بە خوێندن دا. ئەو ساڵی ١٣٥٠ لەم زانکۆیە بە بڕوانامەی ماستەری وەرگرتووە و لە شاری سنە وەک پارێزەر کاری کردووە.
سه‌دیق كه‌مانگه‌ر سیمای دره‌وشاوه و خه‌باتكاری بزووتنه‌وه‌ی كۆمۆنیستی، یه‌كێك له به‌ناوبانگترین و خۆشه‌ویست ترین ڕێبه‌رانی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك و بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی كوردستان، ئاژیتاتۆر و وته‌بێژی ناودار و یەکێک لە كادره‌كانی دامه‌زرێنه‌ری حیزبی كۆمۆنیستی ئێران بوو. زیاتر له ٤ ده‌یه، هاوڕێ سه‌دیق ئارمانی كۆمۆنیسم و خه‌بات له ڕێگای ڕزگاریی چینی كرێكاری كردبووه ئامانجی هه‌موو ژیانی و پاشان ئه‌و ئامانجه‌ی له‌گه‌ڵ خه‌باتی كۆمۆنیستی و شۆڕشگێڕانه تێكه‌ڵاو كرد. خه‌باتی ڕێكخراو و نهێنی له ئه‌وه‌ڵین مانگه‌كانی دامه‌زرانی كۆمه‌ڵه، ڕێبه‌ریكردنی بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریی له ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵك له دژی حكوومه‌تی پاشایه‌تی، ڕێبه‌ر و وته‌بێژی باڵی ڕادیكاڵ و شۆڕشگێڕانه له به‌رامبه‌ر كۆنه‌په‌رستانی مه‌حه‌لی و ئایینی له باشووری كوردستان، زمانی پاراو و ئاگرینی خه‌ڵك له دژی ڕژیمی تازه به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتوو له جه‌ره‌یانی نه‌ورۆزی خوێناویی سنه و ڕێبه‌ریی شوڕای ئینقلابیی ئه‌مشاره، هیدایه‌ت كردنی شەڕی شۆڕشگێڕانه له كوردستان وه‌ك فه‌رمانده‌یه‌كی نیزامی، سه‌رپه‌رشتی و به‌ڕێوه‌بردنی ڕادیۆ ده‌نگی شۆڕشی ئێران و نووسه‌ر و وته‌بێژی به‌هێزی ڕادیۆ كۆمه‌ڵه، به‌شداریی له چالاكیی جۆراوجۆری سیاسی و ته‌شكیلاتی وه‌ك ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ی ناوه‌ندی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران و كۆمه‌ڵه. بێگۆمان، ته‌نیا گۆشه‌یه‌كه له كارنامه‌ی سیاسیی و پڕباری هاوڕێ سه‌دیق كه‌مانگه‌ر.
وێڕای به‌ڵێنیی درێژه‌ی ڕێگای ئه‌م ئازیزانه هه‌تا وه‌دیهاتنی ئامانجه به‌رزه‌كانیان، یادی گیانبه‌ختكردووانی مانگی خه‌رمانان و سه‌رجه‌م گیانبه‌ختكردووانی ڕێگای ڕزگاری كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشان له سته‌می نیزامی سه‌رمایه‌داریی، ڕێزلێده‌گرین. به ئۆمێدی ئه‌و ڕۆژه‌یكه جینایه‌تكارانی كۆماری ئیسلامی، له دادگای عه‌داڵه‌تی جه‌ماوه‌ری ئازار چێشتووی ئێران‌دا موحاكمه بكرێن و نهێنیی جه‌نایه‌ته بێ ئه‌ژماره‌كانیان زیاتر ئاشكرا بێ و به سزای شیاوی خۆیان بگه‌ن.