کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بە بۆنەی ساڵوه‌گه‌ڕی ڕاپەڕینه‌كه‌ی ٢٢ی ڕێبه‌ندانی ١٣٥٧، کۆمەڵگای ئێران تینووی شۆڕشێکی دیكه‌یه‌!

لە ساڵی ١٣٥٧دا جەماوەری خەڵک لە ئێران بە هیوای دەستەبەرکردنی ئازادیی و بەهرەمەندبوون لە ژیانێکی باشتر و ئینسانیی، لەدژی ڕژیمی په‌هله‌ویی ڕاپەڕین و شەپۆلی شۆڕش لە ماوەی ساڵێکدا سەرتاسەری ئێرانی گرتەوە. لە ماوەی مانگەکانی هەمان ساڵدا بوو کە بێتوانایی ڕژیمی په‌هله‌ویی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بارودۆخەکە بۆ دەوڵەتی ئامریکا و هاوپەیمانەکانیشی ئاشکرا ببوو. ئەوان دوای هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی زۆری ڕاپۆرتی ڕۆژانەی باڵیۆزه‌كانی ئامریکا و ئینگلیس لە تاران کە بارودۆخەکەیان لە نزیکەوە لەژێر چاودێریدا بوو، بەو ئاکامە گەیشتن کە پشتیوانیکردن لە محه‌ممه‌د ڕه‌زا شا، ئیتر بە قازانج نییە و ئیمکانی ئه‌وه‌ش هەیە كه‌ دۆخەکە بەرەو ئاراستەیەک بڕوات کە كۆنتڕۆڵ نه‌كرێته‌وه‌ و ئێران وەک ئەفغانستان، بکەوێتە باوەشی یەکێتیی سۆڤییەتەوە.

دەوڵەتی ئامریکا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی، متمانەیەکیان بەوه‌ نه‌بوو كه‌ میللی گەرایانی لیبڕاڵ كۆنتڕۆڵی بارودۆخه‌كه‌ بكه‌ن، ئه‌وانه‌ کە لە ئۆپۆزۆسیۆنی ڕژیمی په‌هله‌ویشدا جێگه‌ و پێگەیەکیان پێدرابوو. زلهێزە ڕۆژئاواییەکان پێویستییان بە سەنگەربەندییەکی نوێ هەبوو لە بەرانبەر مەترسیی دەرچوونی ئێران لە حەوزەی کەمەربەندێکی ئەمنییەتیی کە پێشتر بەدەوری یەکێتیی سوڤییەتدا درووستیان کردبوو. دەوڵەتی ئامریکا لە زۆر پێشتره‌وه‌ لە مەجودییەتی ماددیی و لە هه‌ڵوێست و بۆچوونی ڕەوتە ئیسلامییەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی په‌هله‌ویدا، زەرفییەت و قابێلییەتی گونجاویان بۆ گۆڕینیان بە دژە کۆمۆنیستیی بینیبوو. ئامانجی ئامریکا و باقی دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی بەر لە هەموو شتێک کۆنتڕۆڵکردنی شۆڕشی ئێران لە ڕێگه‌ی ڕەوتە ئیسلامییەکانەوە بوو. بۆ دەستەبەرکردنی ئەم ئامانجەش دەبوو خومەینی وەک ئاڵترناتیوی ڕژیمی په‌هله‌ویی ده‌رخواردی ڕای گشتیی بدرێت و به‌پێی پێویست، بناسێندرێت. خومەینی کە سەرەتا بڕیاروابوو دوای دوورخرانه‌وه‌ بۆ عێراق، بچێتە کووه‌یت یان سوورییە، له‌سه‌ر پێشنیاری ڕاوێژکارەکانی مەسیرەکەی گۆڕی و بەرەو پاریس چوو. له‌دوای جێگیربوونی خومەینیی لە “نۆفل لۆشاتۆ”، هەموو دەزگا تەبلیغاتییەکانی ڕۆژئاوا بە تایبەت سرویسە فارسی زمانەکان، زوومی كامیراكانیان خسته‌ سەری. ئه‌وه‌ لە حاڵیکدا بوو کە ڕه‌وت و هێزە چەپەکان لەناوخۆی ئێراندا، بە لانیکەمی ئیمکانات، نۆسخەی “پۆلی کۆپی”کراوی ئێعلامییەکانیان لە ئاستێکی بەرتەسکدا بۆ بڵاو دەبۆووه‌، هەموو شەوێک بەشی فارسیی ڕادیۆی “بی بی سی” فەرمانەکانی خومەینی به‌ سەرتاسەری ئێراندا بانگەواز دەکرد.42

له‌گه‌ڵ ڕووخانی ڕژیمی په‌هله‌ویی، ئامانجی خومەینیی هاتبووەدی، کەواتە پێویست بوو بڵێسەکانی شۆڕش کپ بکرێتەوە. بەڵام هاتنەدی ئەم ئامانجەش ئامرازی تایبەت بەخۆی دەویست. خومەینیی ئێستراتێژیی خۆی بۆ خامۆشکردنی بڵێسەکانی شۆڕش بەکردەوە دەرهێنا. عەوامفریوییەکانی خومەینیی و شاردنه‌وه‌ی نییەته‌ واقعیی خۆی لە ڕای گشتی کۆمەڵگه‌، ئەو دەرفەتەی بۆ ڕه‌خساند هه‌تا خۆی بۆ سەرکوتی یەکجارەکی و کۆتایی شۆڕش ئامادە بکات. درووستکردنی خۆش و خرۆشی درۆیینە بە ئامانجی هەڵخڕاندنی بیروڕای جەماوەر، کە نموونە ئاشكراكه‌ی له‌ ماجه‌رای داگیرکردنی سه‌فاڕەتی ئامریکا لە تاران و سێناریۆی بەگرەوگانگرتنی ٤٤٤ ڕۆژەی دیپلۆماتەکانی، وتنه‌وه‌ی درووشمی دژه‌ ئامریکایی کە هه‌ر هه‌موویان بە ئامانجی ئامادەكاریی سه‌ره‌تایی بۆ سەرکوتی خوێناویی خەباتی ڕاستەقینەی دژه‌ ئه‌مپریالیستیی داڕێژرابوون، نومایشه‌كانی “لایەنگریکردن لە مۆستەزعەفان” و “ژیانی ساده‌ی شەخسیی”، درووستکردنی تەوەهوم و خۆشباوه‌ڕیی لە بواری دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەروەت لەناو جەماوەری بێبەش، چوون بە پێر شەڕ لەگەڵ عێراق بۆ هێشتنه‌وه‌ی کۆمەڵگه‌ لە حاڵی بەسیج و گڕوتینی بەردەوام، هێرش بۆسەر زانکۆکان و هه‌روه‌ها داخستنیان لەژێر ناوی “ئینقلابی فەرهەنگیی”، لە نموونە هه‌ره‌ به‌رچاوه‌كانی عەوامفریوییه‌كانی خومەینیی بوون بە ئامانجی ئێستراتێژیکیی خامۆشکردنی بڵێسەکانی شۆڕش. بەمجۆرە دژه‌ شۆڕشی ئیسلامیی، دەرفەتی ئه‌وه‌ی بۆ ڕه‌خسا، هه‌تا گورزە یەک لەدوای یەکەکانی لە پەیکەری تازەپێگرتووی شۆڕشی ئێران بوەشێنێت و سەرئەنجام لە مه‌ودای زه‌مه‌نیی ساڵە سه‌ره‌تاكانی دەیەی ٦٠دا، توانی بە یارمەتیی وەحشیانەترین و بەرینترین سەرکوتەکان، ئەو شۆڕشە تووشی شکست بکات، هه‌تا بۆ ماوەی زیاد لە سێ دەیە، بتوانێ ٢٢ی ڕێبەندان، ساڵوه‌گه‌ڕی ئەم ڕۆژە پڕشکۆیە، ڕیاکارانە بەناوی خۆیەوە مۆسادرە بکات.

کۆماری ئیسلامیی کە لە ماوەی زیاد لە سێ دەیه‌ی حاکمییەتی کۆنەپەرستانە و جەنایەتکارانەیدا، بەردەوام هەوڵیداوە مێژووی فیداکارییەکانی شۆڕشگێڕانی دەورانی ڕاپه‌ڕینی ٥٧ بەناوی خۆیەوە جەعل و دەستکاریی بکات. ئەم ڕژیمە لە هه‌موو ئیمکاناتێک کە لە ئیختیاریدا بووە، کەڵکی وەرگرتووە هه‌تا لەناو بیر و زەینی لاوانی ته‌مه‌ن ژێر ٣٠ ساڵی ئەم دەورەیەدا، ئەوە جێگیر بکات کە گۆیا کاربەدەستانی ئەم ڕژیمە و ئیمامەکەیان، میراتگرانی ڕاستەقینەی ڕاپەڕین و شۆڕشی خەڵکن. بەڵام ٣٨ ساڵ ژیانی ژێر حاکمیەتی ڕژیمی ئیسلامیی، کرێکاران و زۆربەی خەڵکی ئەم وڵاتەی وەها خاراو کردووە، کە ئیتر کەسێک گوێ نەداتە تەبلیغاتی پووچ و بێناڤەڕۆکی لەم چه‌شنه‌. کۆمەڵگه‌ی ئێران بۆ ڕزگاربوون لە چنگاڵی ڕژیمی ئیسلامیی، لەمڕۆدا تینیووی ڕاپەڕین و ئاخێزێکی دیكه‌یه‌. ڕاپه‌ڕینێك بە ئامانجێكی ڕوون، کە لە هەنگاوی یەکەمیدا، ئه‌م دیکتاتۆڕییه‌ ئیسلامییه‌ زاڵكراوه‌، بە هه‌موو تواناییه‌ نیزامیی، ئەمنییەتیی و دەوڵەتییەکەیەوە، تێک بشکێنێت و ئاواتە دەستەبەرنەکراوەکانی ئاخێزی مانگی ڕێبەندانی ١٣٥٧، بەدی بهێنێت.

ئەمڕۆكه‌ خەڵکی ئێران دەزانن کە چییان ده‌وێت‌ و چیشیان ناوێت. خەڵک ئازادیی و یەکسانیی و حورمەتی ئینسانییان گه‌ره‌كه‌. ئەم خەڵکە به‌ده‌ست هەژاریی، برسێتیی، شه‌للاق، زیندان، ئێعدام، سەنگسار، خورافەی مەزهەبیی و ئاخوند و پاسدار و بەسیجییه‌وه‌ وه‌زاڵه‌ هاتوون و لێیان بێزارن. ئەم خەڵکە نایانهەوێ لە وڵاتێكدا كه‌ خاوه‌نی ئەم گشتە سەروەتەیه‌، لەژێر هێڵی هەژاریدا بژین. لەوە زیاتر تەحەمۆلی بێ سەرپەنایی ناكه‌ن و ناخوازن شەوە ساردەکانی زستان لە گۆشەی دیوار و لەناو کارتۆنێکی شێدار و ته‌ڕدا ڕۆژ بکەنەوە. نایانهەوێ ڕۆڵه‌كانیان لەسەر شەقام و لە سەر چوارڕێیانەکاندا شووشەی ماشێنه‌كان پاك بکەنەوە و بەساتی واكس كردنی کەوش پان بکەنەوە. نایانهەوێ کچە کەم تەمەنەکانیان لەسه‌ر شه‌قامه‌كاندا وێڵ بن و جەستەیان هەڕاج بکەن. نایانهەوێ لاوەکانیان لە کەلاوەکان و لە کەنار خیابانەکاندا ببینن کە خۆیان لەوپەڕی بێڕێزیدا کوشمە و گرمۆڵە کردووە. نایانهەوێ زیندانەکان پڕ بن لەو لاوانەی کە بۆ ئازادیی و یەکسانیی و لەدژی دیکتاتۆڕیی و خەفەقان هاواریان کردووە. ئەم خەڵکە نایانهەوێ هیچ نیشانەیەک لە ئاپاڕتایدی ڕەگەزیی ببینن و ئینسانەکان لەسەر ئەساسی جنسییەتیان لە یه‌كتر جیا بکرێنەوە و پلەبەندیی بکرێن. نایانهەوێ هەواڵی هەڵواسرانی کەسێک بە تاوانی دەربڕینی بیروباوەڕ، بۆچوونی مەزهەبیی، ئەوینداریی یان هەر هۆکارێکی دیكه‌ ببیستن. ئەم خەڵکە چیتر نایهەوێ دین و مەزهەب و ئایین، نۆڕم و ڕه‌واڵی ژیانیان دیاریی بکات، تەوەهۆمات و خوڕافەی مەزهەبیی بەسەر زەینی منداڵەکانیانه‌وه‌ قوورسایی بکات و قانون و ئەحکامی قەزاییان، لە دین و شەریعەته‌وه‌ وەربگیرێن.

کۆمەڵگه‌ی ئێران له‌دوای تەحه‌مۆلکردنی ٣٨ ساڵ ڕەنج و ئازار و بێبەشیی و چەوسانەوە، ئێستا تینووی شۆڕشێکی دیکەیە. شۆڕشێک کە ئەمجاریان ئیتر هەوسار نه‌كرێت و هیچ دژه‌ شۆڕشێك توانای کۆنترۆڵكردنی نەبێت. قین و توڕەییەکی په‌نگخواردوو کە هەر ئان و ساتێك، لە گۆشەیەکەوە به‌ به‌رچاوی هه‌مووان و له‌وانه‌ خۆدی سه‌رانی ئه‌م ڕژیمه‌وه‌ سەر هەڵ دەدات، له‌ نیشانەکانی گۆڕانكارییه‌كی مێژووسازن کە لەڕێدایە. گۆڕانكارییه‌ك کە دەتوانێ گرێ كوێرەی ئێستای ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش بکاتەوە. شۆڕشێک کە مزگێنیده‌ری ئازادیی ئەم کۆمەڵگه‌یە بێت لە چەوسانەوە، ستەمگەریی و نادادپەروەریی. شۆڕشێک کە چینی کرێکار پێشه‌نگیه‌تی و هەموو خه‌س و خاشاكی ناو ئەم کۆمەڵگه‌یە لەسه‌ر ژیانی ئەم خەڵکە ده‌سڕێته‌وه‌.

لە ساڵوه‌گه‌ڕی ڕاپه‌ڕینی ٢٢ی ڕێبه‌ندانی ساڵی ١٣٥٧دا، لە یادی هه‌موو ئەو گیانبەختکردووانە به‌رز ڕاده‌گرین کە بوێرانە لە بەرانبەر هێزی سەرکوتگەری په‌هله‌ویدا سینگیان کردە قەڵغان و بە گیانبازیی خۆیان ڕژیمی شایان فڕێ دایە ناو زبڵدانی مێژوو، وه‌ یادی ئه‌و شۆڕشگێڕانه‌ش ڕێز لێده‌گرین كه‌ له‌پێناو داكۆكیی له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی ئاخێزی ڕێبه‌نداندا گیانیان به‌ختكرد. سڵاو دەنێرین بۆ ئەو مرۆڤه‌ ئازادیخوازانەی کە لە مەیدانە جۆراوجۆرەکانی خەبات دژبه‌ ڕژیمی دژه‌ مرۆیی کۆماری ئیسلامیدا گیانیان بەختکردووە.