کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بەیانیەی كۆنفرانسی هێزە چەپ و كۆمۆنیستەكانی كوردستان

24

ڕوخاندنی كۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی دەسەڵاتی شۆرایی ئەركی دەستبەجێی ئێمەیە!

قەیرانی ئابووری ـ سیاسی ڕژیمی ئیسلامی ئێران، موسیبەتەکانی دەسەڵاتی نیزامی سەرمایەداری، گەشەی بزووتنەوەی كرێكاری و بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكانی تر و ناڕەزایەتی قوڵی جەماوەری هەژار ئاسۆی ڕوخانی كۆماری ئیسلامی ڕوون کردوه و هەرەس هێنان به دەسەڵاتی ئەم ڕژیمەی لە ڕێگای شۆڕشێكی جەماوەریەوە كردۆتە ئیمکانێکی حاشاهەڵنەگر.

ئەم ڕژیمە لە ڕوانگای زۆربەی كۆمەڵانی خەڵكی ئێرانەوه دەسەڵاتێكی بەرەو لە ناوچونە. هەر بۆیە دۆزینەوەی جێگرەوەیەك بۆی بۆتە مەشغڵەی بەشێكی زۆری كۆمەڵگا. لە بەرانبەر ئەم ڕەوتەدا، و بۆ وڵامدانەوە بە بابەتە سەرەكییەكانی پرۆسەی ڕوخاندنی كۆماری ئیسلامی و ئەگەرەكانی دواڕۆژ، ڕیزبەندی بەرەی چەپ و ڕاستی كۆمەلگا لە ئێران و له كوردستان زیاتر لە هەمیشه زەق تر بۆتەوە. لە لایەكەوە بوونی بزووتنەوەیەكی چەپ و كۆمۆنیستی و له لایەکی تریشەوه بزوتنەوەیەکی بۆرژواـ ناسیۆنالیستی ئاسۆی جیاوازییان خستۆت بەردەم كۆمەڵگا. لە وەها بارودۆخێكدایه که هێزە جۆراو جۆرە بۆرژواییەكان جەماوەری خەڵك لە شۆڕش دەترسێنن و بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی لە سەرەوە و بە دوور لە دەوری ئاڵوگۆر پێكەری كۆمەڵانی كرێكار و زەحمەتكێش هەوڵ دەدەن.

لە كوردستان ڕێکخراو و هێزەكانی سەر بە بزووتنەوەی بۆرژوا ـ ناسیۆنالیست لە ئێستاوە هەوڵ دەدەن وێنای خۆیان لە ڕەوتی ئاڵوگۆڕی پێكهاتەی سیاسی لە ئێران و چارەنووسی خەباتی خەڵكی كوردستان بە سەر ڕای گشتی دا داسەپێنن و حكومەتێكی فیدراڵی و پاڕلمانی وەك میكانیزمی بەشداری لە كاروباری سیاسی و ئیداری كۆمەڵگای دوای روخانی ڕژیمی ئیسلامی بەسەر خەڵكدا بسەپێنن.

له لایەکی ترەوه چوار دەهە خەباتی بەهێز و بێ پسانەوەی سیاسی، كۆمەڵایەتی و نیزامی بزووتنەوەی كۆمۆنیستی و ڕێکخراوەکانی، خەباتی لێبراوانەی ئەم بزووتنەوەیه له دژی كۆماری ئیسلامی، پشتیوانی شێلگیرانە لە كرێكاران و ژنان و باقی چین و توێژە هەژارەكانی كۆمەڵگا و ڕەخنەی سیاسی لە بزووتنەوە بۆرژواییەكان، چەپی كردۆتە هێزێكی كاریگەری كۆمەڵایەتی لە كوردستان. ئەمرۆ چەپی كۆمەڵایەتی و چەپی ڕێکخراو، كە بوونی لە خەباتی كرێكاران، ژنان و لاوان و لە بوارە جۆراو جۆرەكانی ناڕەزایەتییه كۆمەلایەتیەکان لە شارەكانی كوردستان دەبیندرێت، هێزێكی كاریگەر و چارەنووس سازه. ئەم هێزە چەپه له کوردستان، له هاوئاهەنگی له گەڵ بزووتنەوەی ڕوو له گەشەی سەراسەری له ئێران، پاشەکشە و هەڵپێچانی حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی کردۆته بەشێکی حاشا هەڵنەگر له ڕەەوتی ڕووداوەکانی داهاتوو.

لە وەها بارودۆخێكدا هێنانە ئارای ئاڵترناتیوێكی سۆسیالیستی لە لایەن هێزە چەپ و كۆمۆنیستەكانەوە لە كوردستان، كە تێیدا وێنایەكی روون لە واتای روخانی ڕژیمی ئیسلامی، چۆنایەتی سەركەوتن، شێوازی بەشداری ڕاستەوخۆی جەماوەری خەڵكی كوردستان لە دەسەڵاتی سیاسی، بەڕێوەبردنی كۆمەڵگا و دەستەبەر کردنی ویست و داخوازییەكانی خەڵكی كرێكار و زەحمەتكێشی تێدا دیاری کرابێت، بۆتە ئەرکێکی هەنوكەیی.

لەسەر ئەم بنەمایە و لە وڵام بەم پێویستییە، ئێمە واژۆكارانی ئەم بەیانییە لە دەوری ئەو تەورانەی خوارەوە دەس دەدەینه هەوڵ و تێكۆشانێكی هاوبەش به مەبەستی پێکهێنانی جەمسەرێكی چەپ و كۆمۆنیستی لە كوردستان. 1ـــ بەرەو پێش بردن و هیدایەتی خەباتێكی هەمە لایەنە بۆ روخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی ئیسلامی له کوردستان و ڕێكخستن و هەوڵدانی كاریگەر بۆ تێكەوەپێچانی ناوەندەكانی دەسەلاتی ڕژیم لە كوردستان، ئاڵقەیەكی بەهێزه لە بزووتنەوەی سەراسەری بۆ روخاندنی سەرجەمی دەسەڵاتی ئەم رژیمە.

٢ـــ ئێمە لە بەرانبەر ئەو هێزانەدا ڕادەوەستین كە لە هەوڵدان چارەنووسی خەڵكی كوردستان گرێ بدەن بە سیاسەتی دەوڵەتانی ئیمپریالیستیەوە. هاوکات لەسەر خەبات و هاوچارەنووسی خەڵكی كوردستان لەگەڵ جەماوەری خەڵك لە سەرتاسەری ئێران پێداگری دەكەین و لەو بڕوایەداین که خەباتی كرێكاران و جەماوەری خەڵكی كوردستان پێوەندییەكی چڕوپڕی هەیه لەگەڵ خەباتی سەرتاسەری خەڵكی ئێران و سەرەنجام بە روخاندنی كۆماری ئیسلامی بە سەركەوتن دەگات.

٣ـــ ئەگەری ئەوە هەیە كە بەساتی حكومەت لە كوردستان بەر لە شۆێنەكانی تری ئێران هەڵپێچرێت. بەڵام روخان و تێكشكانی هێز و ناوەندەكانی حكومەتی ناوەندی و پاشەكشەیان له کوردستان كۆتایی ئەرکەکانمان نییە. ئێمە له ئاوا بارودۆخێکدا تێدەکۆشین بۆ پێكهێنانی ناوەندەکانی دەسەڵاتی جەماوەری لە شار و گوندەکان و لەسەر دامەزرادنی دەسەڵاتی شۆرایی به ئیرادەی ڕاستەوخۆی خەڵك لە كوردستان پێ دادەگرین. ڕێکخستنی شۆراكان لە ئێستادا وەك ئامرازی خەبات و دوای ڕوخانی كۆماری ئیسلامی وەك ئۆرگانی پەیڕەوكرانی ئیرادەی ڕاستەخۆی جەماوەری دەزانیین و پێویسته ببێت به ئەركی دەستبەجێی هەر هەڵسوڕاوێكی بزووتنەوەی كرێكاری و بزووتنەوە پێشڕەوەكان تر و ئەركی خێرای هەموو حیزب و لایەنێکی چەپ و كۆمۆنیستە.

٤ـــ سەركەوتنی ئاڵترناتیوی سۆسیالیستی لە گرەوی تێكشكاندنی یەكجارەكی هێزی دەوڵەتی ناوەندی، پێشڕەوی چینی كرێكار، پێشڕەوی بزووتنەوە و ئەحزابی كۆمۆنیستی، بێ دەسەڵات كردنی بورژوازی، دەستەبەر كردنی دەسەڵاتی سیاسی و دامەزراندنی حكومەتی كرێكاری لە ئاستی سەرتاسەری دایە. ئاسان ترین ڕێگای پاراستنی دەستكەوتەكانی خەباتی خەڵكی كوردستان بریتییه له گڕێدانی ئەم خەباته به شۆڕشێک و بزوتنەوەیەكی سەراسەری بۆ ڕوخاندنی شۆڕشگێڕانەی سەرجەمی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی.

٥ـــ مەرجی پێویست بۆ بەرەوپێش چوونی خەباتی شۆڕشگێڕانە و دامەزراندنی دەسەڵاتی خەڵكی كوردستان، دوورکەوتنەوەی جەماوەری كرێكار و زەحمەتكێشە لە ستراتێژ و سیاسەتەكانی ئەحزابی بۆرژوا ـ ناسیونالیست لە كوردستان و بەهێز كردنی ستراتێژی سۆسیالیستی لە ئاستی كۆمەڵایەتیدا. ئەنجامدانی ئەم كارە گڕێ دراوه به بەرەو پێش چوونی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەكان و پێکهێنانی ئاڵوگۆڕی ڕاستەقینە لە ژیانی كۆمەڵایەتی جەماوەری خەڵكی كوردستان دا.

٦ـــ ئێمە له دژی سیاسەت، پلان و دەست تێوەردانی زلهێزە جیهانییەکان و هاوپەیمانانی ناوچەییان ڕادەوستین که به مەبەستی داسەپاندنی ئاڵترناتیوی راست بە سەر ڕەوتی ئاڵوگۆرە سیاسییەكان لە ئێران و كوردستان له ئارادایه. ئێمه هەموو جۆرە پلان و ئاڵترناتیوێك که له سەرەوەی کۆمەڵانی خەڵكەوە دەستنیشان بکرێت ڕەد دەکەینەوه و ڕاشكاوانە بۆ پەڕاوێز خستنی تێدەكۆشین.

٧ـــ حیزب و لایەنه بۆرژواییەکان لە كوردستان هەوڵ دەدەن سیاسەتەكانیان لە چوارچێوەی ساختارێكی فیدڕالیستیدا دوای روخانی ڕژیمی ئیسلامی بەسەر خەڵكدا بسەپێنن. وەها سیناریۆیەك بە واتای درێژەدان به بێبەشی و بێ مافی خەڵكی كوردستانە. ئەزموونی تا ئێستا سەلماندوویەتی كە فیدرالیزمێك كە لە لایەن هێزە بۆرژوا ـ ناسیۆنالیستەكانەوە باسی لێوه دەکرێت ڕێگا چارەیەك نییە بۆ سڕینەوەی ستەمی نەتەوایەتی و چارەسەری پرسی كورد. ئێمە هەر چەشنە پلانێک كە ستەم لەسەر خەڵكی كوردستان بهێڵێتەوه و ببێتە هۆی پێکهاتنی چەند بەرەكایەتی لەنێو خەڵكدا ڕەد دەكەینەوە و لە بەرانبەریدا دەوەستین.

٨ـــ ستەمی نەتەوایەتی له ڕێگای دڕندانه ترین شێوازەكانی سەركوت لە لایەن ڕژیمە داپڵۆسێنەرەکانی پاشایەتی و ئیسلامییەوە به سەر خەڵکی کوردستان دا داسەپاوه و موسیبەتی زۆری بۆ خەڵکی کوردستان به شۆێنەوه بووه. هەر بۆیه ئێمە خوازیاری نەهێشتنی دەستبەجێی ستەمی نەتەوایەتی و چارەسەرکردنی کێشەی كوردین. بۆ ئەم مەبەستەش سەرەنجامی بڕیاری ئازادانەی خەڵكی كوردستان، بە واتای جیا بوونەوە، و یان مانەوە لە چوارچێوەی ئێراندا بە شەرتی دابین بوون و زەمانەتی مافی یەكسان، بە ڕەسمی دەناسین. ئێمە هەموو جۆرە كردارێكی توندوتیژانه و نیزامی بۆ بەرگرتن لە بڕیاری خەڵكی كوردستان و بەڕەسمی نەناسینی ئاكامەكەی بە بیانوی “پاراستنی یەكپارچەیی خاكی ئێران” و “بەرەنگار بوونەوە له دژی جیایی خوازی” و یان هەر پاساوێكی تر بە توندی ڕەد دەكەینەوە و شەرمەزاری دەکەین. ئێمە لە هەمان کاتدا لەسەر هاوپشتی و هاوچارەنووسی خەباتی خەڵكی كوردستان لەگەڵ خەباتی خەڵكی ئازادی خواز و ستەم لێ کراو لە سەرتاسەری ئێران جەخت دەكەینەوە.

٩ـــ به هۆی ئەوەی که ڕژیمە سەركوتگەرەكان ماف و ئازادییە سەرەتاییەكانی خەڵكی كوردستان بە لەشكەركێشی و زەبروزەنگ پێشێل دەكەن، خەڵكی كوردستان مافی خۆیانە بۆ پارێزگاری لە خۆیان دەست بدەنە چەك و لە ماف و حورمەت و كەرامەتی ئینسانی خۆیان لەبەرانبەر هەر هێزێكی سەركوتگەردا پارێزگاری بكات. مافی خۆیانە چەكدار بن و هێزی چەكداری ڕێكخراوی ژێر كۆنترۆڵی ناوەند و شۆرا خەڵکییەکان ڕێك بخەن.

١٠ـــ ئێمە وەک هێزگەلی ئەنترناسیۆنالیست، كە پتەو بوونی هاوپشتی كرێكاران و جەماوەری خەڵكی زەحمەتكێش و ستەمدیتوو بە ئەرك و ئامانجی خۆمان دەزانین، لە خەباتی ئازادی خوازانەی خەڵكی كوردستان لە عێراق، توركیە و سوریە بۆ ئازادی، نەهێشتنی ستەمی نەتەوایەتی و لە دژی هەژاری و نایەكسانی كۆمەلایەتی پشتیوانی دەكەین. ئەمە بنەمای سیاسەت و ڕێبازی ئێمەیە لە بەرانبەر پرسی كورد وەك كێشەیەكی ناوچەیی.

١١ـــ ئێمە واژۆكارانی ئەم بەیانییە هەوڵ دەدەین، بۆ بەرەوپێش بردنی ئەو ئاڕاستەیەی که باس كرا و بۆ هاوئاهەنگ كردنی چالاكی هاوبەشمان، میكانیزمی پێویست پێك بێنین و بەڵگە و پەیڕەوی پێویستی بۆ پەسەند بكەین.

١٢ـــ ئێمە كرێكاران، خەڵكی ئازادیخواز و یەكسانی خۆاز لە كوردستان بانگهێشت دەكەین كە هاوشان و هاوڕی لەگەڵ كۆمەڵانی خەڵكی ئێران ئاخێزی شۆڕشگێڕانە بۆ ڕوخاندنی كۆماری ئیسلامی بەهێز و لێبڕاویەوە بەرەو پێش بەرن و بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتی شۆرایی لە كوردستان و لە سەرتاسەری ئێران تێبكۆشن. بۆ ئەم مەبەسته هەموو ئازادی خوازان و هەڵسوراوانی چەپ و سۆسیالیست بانگهێشت دەكەین بەم هەوڵە هاوبەشەی ئیمەوە پەیوەست بن. . بڕوخی كۆماری ئیسلامی ئێران!

دابمەزرێت دەسەڵاتی شۆرایی!

بژی سۆسیالیسم!

ڕەوتی سوسیالیستی کۆمەڵه

کۆمیتەی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران

کۆمیتەی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران ـ حیکمەتیست

کۆمەڵە ـ ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٢٧ ژانویەی 2019