کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كانوتاری ڕۆژ

بەیاننامەی ژمارە ١ی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە سەبارەت بە بارودۆخی ئێستا و ئەرکەکانمان

IMG 20260112 102654 969

ئێران لە یەکێک لە هەستیارترین و چارەنووسسازترین ساتەکانی مێژووی هاوچەرخی خۆیدایە. قەیرانە کەڵەکەبووە ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و ژینگەییەکان، هاوکات لەگەڵ سەرکوتی سیستماتیک، گەندەڵی، دزی لەڕادەبەدەر، چەوساندنەوەی دڕندانە، ستەمی نەتەوەیی و ناکارامەیی حکوومەت، کۆمەڵگای گەیاندۆتە ئاستێک کە چیتر گەڕانەوەی بۆ دۆخی ئاسایی خۆی مومکین نییە. خەباتی شێلگیرانە و پڕ تێچووی جەماوەر لە ساڵانی ڕابردوودا نیشانی دا کە کەلێنی نێوان کۆمەڵگا و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی قووڵ و بێ گەڕانەوەیە. لە ئاوا هەلومەرجێکدا پرسیاری بنەڕەتی ئەوە نییە کە ئایا گۆڕانکاری ڕوودەدات یان نا؟ بەڵکوو ئەوەیە کەچۆن و بە چ هێزێک و بە قازانجی کێئەم گۆڕانکارییە ڕوودەدات.

لەم نێوەندەدا ڕۆڵی خەڵکی کوردستان لە بزووتنەوەی سەرتاسەریی کۆمەڵانی خەڵکی ئێراندا پێگەیەکی تایبەت و یەکلاکەرەوەی هەبووە. مانگرتنی گشتی ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبار، ئەڵقەیەکی گرنگ بوو لە زنجیرە خەباتی وشیارانە و ڕێکخراوەی خەڵکی کوردستان. ئەم مانگرتنە نیشانی دا کە کۆمەڵگای کوردستان خاوەن پۆتانسێلێکی یەکگرتوویی، هاوپشتی و کردەی بەکۆمەڵی بەرزە، پۆتانسێلێکی کە نەک هەر لاواز نەبووە، بەڵکوو لەم ئەزموونەدا بەهێزتر و کاریگەرتریش بووە. کاتێک پەنجا شار و شارۆچکەی کوردستان بە یەک دەنگ وەڵامی بانگەوازی لایەنە سیاسییەکان دەدەنەوە، بەو مانایەیە کە خەڵکی کوردستان فێری ئەوە بوون کە هێزی هاوپشتیی خۆیان کەی و چۆن بەکاریبهێنن. ئەم فێربوونە سەرمایەیەکی بەنرخە بۆ پێشکەوتنی زیاتر و بینینی ڕۆڵی چالاکتر لەو خەباتە چارەنووسسازەدا کە لە پێشیانە.

لێرەدا بزووتنەوەکە لەگەڵ پرسیارێکی ڕاستەقینە و بەپەلە بەرەوڕوو دەبێتەوە، ئەویش ئەوەیە کە: هەنگاوی داهاتووی دوای مانگرتنی گشتی چییە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە نەک هەر لە ڕەچەتەی پێشوەختە ئامادەکراودا نییە، بەڵکوو لە هەناوی ئەزموونە کۆنکرێتییەکانی خودی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندایە. لە دەیان ساڵی ڕابردوودا کۆمەڵگای کوردستان گەلێک شکڵ و شێوازی خۆنیشاندان و تاکتیکی جۆراوجۆری مەدەنی و سیاسی ئەزموون کردووە، لەوانە: پێکهێنان و بەهێزکردنی ڕێکخراو و دامەزراوە مەدەنییەکان، ڕێکخراوە کرێکارییەکان، ڕێکخراوەکانی ژنان، موعەلیمان، کۆڕ و کۆبوونەوە خوێندکارییەکان بۆ دیفاع لە داواکارییە گشتیەکان، کۆڕ و کۆبوونەوەکانی پەیوەست بە مافە مەدەنییەکان و زمانی دایکی، چالاکییە ژینگەییەکان، بەرنامەی فەرهەنگی و ئەدەبی، کۆبوونەوەی دایکانی دادخواز و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی گیانبەختکردوان لە ساڵڕۆژ و بۆنە جۆراوجۆرەکاندا. ئەم فۆرمانە لە خەبات، بزووتنەوەکە دەکەن بە بزاڤێکی وشیارانە و بەردەوام و بەرچاو ڕوون، بزووتنەوەیەکی کە نەک هەر بیر لە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی حکوومەتی ئیسلامی ئێران دەکاتەوە، بەڵکوو لە پرۆسەیەکی بەکۆمەڵ و فرەچەشندا دەشزانێت چی دەوێت، لەوانە: چۆن و لە چ پرۆسەیەکدا دەتوانرێت بێکاری، هەژاری، پەروەردە، بێهداشت و دەرمان، تێکچوونی ژینگە، هەڵاواردن لە دژی ژنان و نەتەوە ستەملێکراوەکان، چارەسەر بکرێت. بزووتنەوەیەکی نەک لە ڕووی سەرکێشی و هەڵچوون، یان بەرژەوەندیی وڵاتانی دەرەوە، یان ئەو سەرمایەدارانەی کە بە گۆڕینی ڕووخسارەکانی ناو حکوومەت، جەماوەری شۆڕشگێڕ دەنێرنەوە بۆ ماڵەوە، بەڵکوو بزووتنەوەیەکی واقیعی و ڕێکخراو و خاوەن ویست و داخوازی ڕوون و ڕزگاری بەخشە. لە ئاوا هەلومەرجێکدا، هاوکات لەگەڵ هەوڵی هێزە کۆنەپەرستەکانی وەک فاشیستە پاوانخوازەکان، دەرفەت بۆ سەرهەڵدانی بزووتنەوە ڕەسەنەکان و خۆڕێکخستنی جەماوەریی دەڕەخسێت. دەبێ بە باشترین شێوە لەو کاتە کەڵک وەربگیرێت.

لە هەلومەرجی ئێستادا، دووبارە زیندووکردنەوە و پەرەپێدانی ئەو فۆرم و شێوازانەی خەبات لە ئاستێکی بەربڵاوتر، هاوئاهەنگتر و بە مۆرکی هەلومەرجی نوێوە، دەتوانێت ببێتە دەفر و چوارچێوە گەلێک کە تێیاندا ڕێبەرانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی لە دڵی کۆمەڵگاوە سەر هەڵبدەن، متمانەی گشتی بگەڕێتەوە و ئاراستە سیاسییە دروستەکان، پێگەی کۆمەڵایەتی بەدەستبهێنن. خاڵی بەهێزی ئەو شکڵ و شێوازە لە خەبات ئەوەیە کە سەرکوتکردنی تەواوەتییان بۆ حکوومەت کارێکی ئاسان نییە و تێچووی سیاسی و کۆمەڵایەتی قورس بەسەر دوژمندا دەسەپێنێت. هاوکات پێویستە بە ڕاشکاوی و بەرپرسیارانە بە خەڵک بڵێین کە ئازادی، دێموکراسی و ژیانێکی شایستە تەنها بە دەستی خۆدی جەماوەر مومکین دەبێت. هەر چەشنە ئومێدێک بە دەستێوەردانی نیزامیی ئەمریکا یان ئیسرائیل وەک سەرچاوەی ئازادی، گەشبینییەکی زیانبەخش و مەترسیدارە. ئەزموونی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لانیکەم لە سێ دەیەی ڕابردوودا، لە عێراق و ئەفغانستانەوە بگرە تا لیبی و سوریا، بە ڕوونی نیشانی داوە کە دەستێوەردانی نیزامیی ئیمپریالیستیی نەک هەر ئازادی و دێموکراسی و ئەمنییەت بەدیاری ناهێنێت، بەڵکوو دەبێتە هۆی وێرانکاری و تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵایەتی و پاشەکشەی بزووتنەوە جەماوەرییەکان. هێرشی نیزامی بۆ سەر ئێران، ئەگەر ڕووبدات، ئەگەری زۆرە ببێتە هۆی دامرکاندنەوەی بزووتنەوەی جەماوەری و بەهێزکردنی کەشی ئەمنی و پەراوێز خستنی ویست و داواکارییە ئازادیخوازانەکان. لەمڕووەوە ئێمە هەرچەشنە بانگەوازێک بۆ دەستێوەردانی نیزامیی لە ئێران، تەنانەت ئەگەر بە ناویبەرگریکردن لە جەماوەریش بکرێت، بە توندی ڕەتدەکەینەوە.

یەکێکی دیکە لە مەترسییە جدییەکانی بەردەم بزووتنەوەی کوردستان، بریتییە لە سیناریۆی سبەینێی داڕمان یان لاوازبوونی لەڕادەبەدەری دەوڵەتی ناوەند، دۆخێکی کە تێیدا بوونی تاقم و گرووپ گەلێکی چەکدار و نابەرپرسیار، دەتوانێت کۆمەڵگا بەرەو ناسەقامگیری و ململانێی ناوخۆیی ببات. بۆ ڕێگریکردن لە مەترسییەکی لەو شێوەیە، زۆر گرنگە لە دۆخێکی ئاوادا دەستبەجێ دەسەڵاتی هێزە چەکدارەکان بخرێتە دەستی شۆڕا و دامەزراوە هەڵبژێردراوەکانی جەماوەر. ئەمەش پێویستی بەوەیە کە ئەو حیزب و هێزە چەکدارانەی ئێستا، هەر لە ئێستاوە بچنە ناو گفتوگۆیەکی شەفاف، بەرپرسیارانە و ئاشکرا و لەسەر میکانیزم و شێوازی ڕادەستکردنی کۆنترۆڵی چەک بە دامەزراوە دێموکراتییەکانی جەماوەر ڕێکبکەون. دواخستنی ئەم پرسە دەتوانێت تێچوویەکی لە قەرەبوو نەهاتوو بۆ کۆمەڵگا، بەدوای خۆیدا بهێنێت.

لەم پێناوەدا پێویستە ئیدارەی کاروباری کوردستان بە تەواوی بخرێتە دەستی دامەزراوە هەڵبژێردراو و دێموکراتیکەکانی جەماوەر. شۆڕاکان، کۆڕ و کۆمەڵی گەڕەکەکان و ئەو ناوەند و دامەزراوانەی کە بەرهەمی ئیرادەی ڕاستەوخۆی هاووڵاتیانن، دەبنە پایەی سەرەکی دەسەڵاتی سیاسی لە دواڕۆژی ڕزگارییدا. حیزب و لایەنە سیاسییەکانیش دەتوانن سیاسەت و بەرنامەکانیان لە ڕێگەی بەشداریی دێموکراتیک و کێبڕکێیەکی ئازادەوە، نەک لە سەرەوە و بە شێوەیەکی دەستووری، بخەنە بەر قەزاوەت و ڕای جەماوەر. تەنیا بەم شێوەیە سیاسەت دەتوانێت ببێتە بابەتێکی کۆمەڵایەتی و شەفاف و وەڵامدەرەوە.

لە کۆتاییدا پێویستە جەخت لەوە بکرێتەوە کە دەستکەوتەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان تەنیا کاتێک بەردەوام دەبن و دەپارێزرێن کە ئەم خەباتانە لە پشتیوانی کۆمەڵانی خەڵکی هاوچارەنووس لە سەرانسەری ئێران بەهرەمەند بن. چارەنووسی کوردستان جیا نییە لە چارەنووسی کرێکاران، ژنان، لاوان و زەحمەتکێشانی بەشەکانی دیکەی ئێران. دامەزراندنی حکوومەتێکی دێموکراتیک، جەماوەریی و لامەرکەزیی لە ناوەند، زامنی پاراستن و مانەوەی دەستکەوتەکانی نەتەوە و ناوچە جیاوازەکانە و زەمینە بۆ هەنگاوی هاوبەشی کرێکارانی کوردستان و ئێران بەرەو کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان و خۆشگوزەران، واتە کۆمەڵگەیەکی سۆسیالیستی خۆش دەکات.

ئەمڕۆ ئەرکی ئێمە پتر لە هەر کاتێکی دیکە، بریتییە لە گرێدان و لێک هەڵپێکانی خەباتی ناوچەیی و لۆکاڵی بە ئاسۆی سەرتاسەری، بەهێزکردنی خۆڕێکخستنی جەماوەریی، دوورکەوتنەوە لە وەهم و خۆشباوەڕییە مەترسیدارەکان و خۆئامادەکردنی وشیارانە بۆ سبەینێی دوای کۆماری ئیسلامی. داهاتوو بنیات دەنرێت، گرنگ ئەوەیە کە بە ئاگایی و بەکۆمەڵ و لە بەرژەوەندی زۆربەی هەرەزۆری جەماوەردا بنیات بنرێت.

کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)

٢٢ی بەفرانباری ١٤٠٤