ڕێبەرانی حیزبەکان و ڕێکخراوەکانی باکووری کوردستان ڕۆژی ڕابردوو دەستپێکی ڕێوڕەسمەکانی جەژنی نەورۆزیان ڕاگەیاند و بە دەرکردنی بەیاننامەیەک خوازیاری فەرمی بوونەوەی زمانی کوردی لە وڵاتی تورکیە بوون.
بەپێی هەواڵی بڵاوکراوە لە سایتی فەرمی “هەدەپە”، هەر یەکە لە “مەدحەت سنجر” و پەروین بوڵدان” هاوسەرۆکانی هەدەپە، “بوردان ئوزتورک” هاوسەرۆکی کونگرەی جڤاکی دیمۆکراتیک” چالاکانی بزووتنەوەی ژنانی ئازاد، “ساڵەحە ئایدنیز” و کسکین بایندیر” هاوسەرۆکانی حیزبی ناوچەی دیمۆکراتیک”، نوێنەرانی حیزبی کمۆنیستی کوردستان و حیزبی مرۆڤ و ئازادی و چەند لایەنێکی دیکە لەو بەیاننامەیەدا پێداگریان لەسەر بەفەرمی ناساندنی زمانی کوردی وەک دووهەم زمان لە وڵاتی تورکیە کرد و خوازیاری پەروەردە بە زمانی کوردی لە مەدرەسەوە هەتا کۆتایی قۆناغی زانکۆ بوون.
