لە سەروبەندی ٢٥ی نوامبر ڕۆژی جیهانی خەبات لەدژی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان یەکێک لە بۆنە گرنگەکانی ساڵداین. ئەم دیاردە دڵتەزێنە یەکێکە لە بەئازارترین شێوازە باوەکانی سەردەمی کۆن، کە نیزامی سەرمایەداری سەدەی بیست و یەک هۆکاری مانەوەیەتی و تا ئێستاش لەسەر شانی مرۆڤایەتی قورسایی دەکات. لە چەند سەد ساڵی ڕابردوودا و لەگەڵ بە پیشەسازی بوونی شێوازەکانی بەرهەمهێنان، گەشەی شارنشینی، درووستبوونی قوتابخانە و زانکۆکان، هاتنی ژنان بۆ ناو بازاڕەکانی کار، پەرەسەندنی پەیوەندییەکان، پێکهاتنی ڕێکخراوە سنفی، فەرهەنگی و سیاسییەکان و بە تایبەتی بەشداری بەربڵاوی ژنان لە پڕۆسەی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیدا، ژنان کەم تا زۆر، لە هەموو جیهان، توانیویانە وەک نیوەی کۆمەڵگا لە هەموو بوارەکانی کار و ژیاندا، حزووری بەرچاو و چالاکانە و کاریگەریان هەبێت. ژنان لە هەموو بوارەکاندا بە شێوەیەک بەرەوپێش چوون و بوونەتە خاوەن توانایی و هێزێکی داهێنەری ئەوتۆ کە لەو ماوە کورتەدا کە توانیویانە لە درەوەی چوارچێوەی ماڵدا کار بکەن، بخوێنن و چالاکی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، هونەری و ئابووریی ئەنجام بدەن، ڕواڵەتی شار و کۆمەڵگایان، ئینسانی تر و یەکسان تر کردووە. بەڵام هەر ئەم پێشکەوتنە ڕێژەیی و دەستەبەربوونەی بەشێک لە مافە پێشێلکراوەکانی ژنان لە هیچ کۆمەڵگایەکدا بابەتێکی سەهل و ئاسان نەبووە، بەڵکوو زۆبەی کاتەکان لەگەڵ خەبات و تێکۆشانی بەربڵاو و بەردەوام و بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ سەرکوت و توندوتیژییەکی لەڕادەبەدەر لەلایەن حکومەتەکان و دام و دەزگا ئایینی و قەشە و ئاخووندەکان و هەروەها کولتوور و کۆمەڵگەی پیاوسالاری و بیر و باوەڕی کۆنەپەرستانە بەرەوڕوو بوونەتەوە و هەتا ئێستاش دەست و پەنجەی لەگەڵدا نەرم دەکەن.
لەم نێوەندەدا، ڕژیمی کۆماری ئیسلامیش، چ وەک ڕژیمێکی بەرگریکاری بەربەرییەتی سەرمایەداری و چ وەک ڕژیمێکی کە ئایینیش وەک ئامرازێک بۆ سەپاندنی هەرچی زیاتری ئەو پەیوەندییە دژە ئینسانیانە بەکار دەهێنێت، لە ماوەی دەسەڵاتدارێتی خۆیدا کارنامەیەکی گەلێک ترسناکی لەخۆی بەجێهێشتووە. ئەم ڕژیمە بە کەڵک وەرگرتن لە مەزهەب وەک ئامرازێکی ئیدئۆلۆژیک و پشتبەستن بە کولتووری دواکەوتووانەی پیاوسالاری، هەڵاواردن و نابەرابەری جێندەری و توندوتیژی بەرامبەر بە ژنانی کردووە بە دیاردەیەکی یاسایی و ئاسایی. ژنانی ئێران لە ماوەی ٤٤ ساڵی ڕابردوودا، هاوشانی چینی کرێکار، زۆرترین ستەم و مەینەتی و نەهامەتییان لە دەست ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەرکەوتووە. کۆماری ئیسلامی لەو ماوەیەدا زۆر هەوڵیدا بە پشتبەستن بە بیروباوەڕی ئایینی، باوەڕ و نەریتە ڕزیو و گیانسەختەکان، سەپاندنی گەلێک یاسا و ڕێسای پشتبەستوو بە مەزهەب و سەرکوتی وەحشیانە، ستەم لەسەر ژنان بکاتە باوەڕێکی دەروونی و بەو قەناعەتەیان بگەیەنێت کە ژێردەستەیی خۆیان وەک پرسێکی ئاسایی قبووڵ بکەن، بەڵام لەم هەوڵەیدا سەرکەوتوو نەبوو.
هەر هەوڵێکی سەرکوتگەرانە و سووکایەتیکردن بەرامبەر بە ژنان، گڕگانی ڕق و بێزاری ئەوانی بڵێسەدارتر کردووە. ئەگەر تا دوێنێ، لە هەر شوێنێک بزووتنەوە و خەباتێک لە ئارادا بووبێت، ژنان ڕۆڵێکی بەرچاویان تێدا گێڕاوە. ئەمڕۆ لە شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی“دا ژنانی ئازادیخواز زنجیری کۆیلایەتیان پچڕاندووە و کۆڵەکەکانی دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیان خستووەتە لەرزین. چاونەترسی و خۆڕاگری بووەتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و سەرکوت و ترس و تۆقاندن کاریگەرییان نەماوە. ئەگەرچی ئەم جێگە و پێگەیە بە ئاسانی بەدەست نەهاتووە و لە ماوەی کەمتر لە یەکساڵدا خوێنی سەدان ژن و پیاوی گەنجی لەپێناودا ڕژاوە، بەڵام دەستکەوتەکانی گەیشتووەتە ئاستێک کە چیتر پاشەکشەی پێناکرێت. دامودەزگا ئایینییەکان و ژمارەی زۆرەی ئەو مەلا و ئاخووندانەی کە لەگەڵ پرسی یەکسانی و دادپەروەریدا ناتەبان و دوژمنایەتییەکی لە ئاشتی نەهاتوویان هەیە، بەردەوام خەریکی هاندانی پیاوان بۆ توندوتیژی لەدژی ژنانن، زیندان و ئەشکەنجە و تیرۆر، ژەهراویکردنی کچانی خوێندکار و ئەو یاسا دزێو و کۆنەپەرستانەی کە هەر ڕۆژە و تەرح و پلانێکی نوێ لە دژی ژنان دەخەنە دەستووری کارەوە، تەواوی ئەم پلان و ڕێوشوێنانە لە بەرامبەر بزووتنەوەی بەرین و کۆمەڵایەتی ژناندا بەچۆکدا هاتووە و تووشی داماویی و سەرلێشێواوی بوون، ئەم داماویی و سەرلێشێواوییە لە گوتار و کردەوەکانی ڕژیم و دار و دەستەکەیدا بە ئاشکرا دەردەکەوێت. سەرەڕای هەموو ئەمانەش هێشتا تا گەیشتن بە ڕزگاری یەکجاریی، پێویستمان بە هەڵگرتنی هەنگاوی گەورەتر هەیە. تەنیا بە خەباتێکی ڕێکخراو و یەکگرتووانە و بەشداریی بەربڵاوی چین و توێژەکانی ژنانی چەوساوە و ستەمدیتوو و هەروەها ئەو پیاوانەی کە مانەوە و بەردەوامبوونی ئەم ستەمگەرییە بە گوشارێکی ئازاردەر و پێشێلکردنی ئاشکرای کەرامەتی ئینسانیی خۆیان دەزانن، دەکرێت هەر لە ئێستاوە پیاوسالاری و نیزامی سیاسی زاڵ بەسەر کۆمەڵگادا تا ڕادەیەکی زۆر ناچار بە پاشەکشە بکرێت و ژینگەیەکی ئەمن تر لەناو ماڵ و پەیوەندییەکی ئینسانی لەناو کۆمەڵگادا و کەشێکی ئەمن تر لە شوێنی کار، بۆ ژنان دابین بکرێت. بەڵام بێ گومان کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، سەرەنجام تەنیا بە ڕزگاربوون لە کۆت و بەندی سیستەمی سەرمایەداری و دامەزراندنی نیزامێکی سۆسیالیستی دەتوانێت ئەم نەنگە لە داوێنی خۆی بسرێتەوە.
بژی شۆڕش، مەرگ و نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی، بژی سۆسیالیزم
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٢٣ی نوامبری ٢٠٢٣