کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
بابه‌تی گه‌یشتوو

بەکام ئاڵوگۆڕ دەڵین شۆڕش؟

  • بەکام ئاڵوگۆڕ دەڵین شۆڕش؟

ئامادە کردنی: پەیمان

شۆڕش،گۆڕانێکی کەیفی و بنەڕەتییە، ئاڵوگۆڕێکی بەرین و بنەڕەتییە لە ژیانی کۆمەڵگادا. واتای شۆڕش لە کۆمەڵناسیدا، ڕووخانی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی کۆن و لەکارکەووتە و جێگرتنەوەیەتی بە سیستەمێکی کۆمەڵایەتی نوێ و بسەردەمیانە تر.

بۆ نموونە: شۆڕشی مەزنی فەڕەنسا کە نزیکەی دووسەد ساڵ لەمەوبەر ڕوویدا، شۆڕشێکی بۆرژوایی بوو. بۆئەوەی سیستەمی دەرەبەگایەتی کۆن کە ڕژێمی پاشایەتی بورپۆنی هێماکەی بوو لە ناوبرد و لە جێی ئەودا سیستەمی سەرمایەداری نوێ و پێشکەوتووتری دانا .

شۆڕشی مەشرووتە دەستووری ئێران شۆڕشێکی بۆرژوایی بوو، چونکە هەرچەندە کۆتایی پێنەهێناو سەرکەوتنی تەواوی بەدەست نەهێنا، بەڵام لەسەر بنەمای خانییەکی بۆگەن و فیوداڵی لێدانێکی جددی لێدا، ڕێگەی گەشەی کۆمەڵگا و بەشداری جەماوەری لەدیاریکردنی چارەنووسی ولاتدا، خۆش کرد.

شۆڕشی مەزنی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ی ڕووسیە شۆڕشێکی گەورەی کۆمەڵایەتی بوو چونکە بە لە ڕیشەکەندنی سیستەمی دەرەبەگایەتی و سەرمایەداری کۆن و بنیاتنانی کۆمەڵگای سۆسیالیستی نوێ کە گەورەترین گۆڕانە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا مێژووی بەرەو ئاقارێکی جیاوازبرد.

شۆڕش گرنگترین قۆناغە لە پێشکەوتنی ژیانی کۆمەڵگادا. جیهان بینیی مارکسیستیلینینیستی شۆڕش وەک دەرئەنجامێکی پێویست لە قەڵەم دەدات کە ئاکامی پێشکەوتنی کۆمەڵگاکان و دابەشبوونیانە بە چینە لە ئاشتی نەهاتوەکان. لە هەموو ئەو کۆمەڵگایانەی کە چین وتوێژەکان بەرژەوەندیەکانی پارادۆکسیکالیان هەیە، پێشکەوتنی ئابووری و کۆمەڵایەتی وئەو گۆڕانانەی لێ ئەبێتەوە، بەرە بەرە و قۆناغ بە قۆناغ ، مەرج و فاکتەرەکانی گۆڕانی قووڵ و بنەڕەتی بۆ پێگەیشتن ئامادە دەکات و دواجار گۆڕانی بنەڕەتی سیستەمی کۆمەڵایەتی بە مسۆگەر و پێویست دەزانێت .

لێکدانەوەی زانستیی ئەم بابەتە لە ڕوانگەی کارڵ مارکسەوە ئاوا باس کراوە: “هێزەکانی بەرهەمهێنانی کۆمەڵگە لە قۆناغێکی دیاریکراوی گەشەی خۆیان لەگەڵ پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان لەگەڵ دەربڕینە دادوەرییەکەی، یانی لەگەڵ پەیوەندییەکانی خاوەنداریەتی کە لە ناو ئەودا گەشەیان کردووە، ناکۆکن. ئەم پەیوەندیانەی بەرهەمهێنان دەبنە بەربەست لەبەردەم گەشەکردنی هێزی بەرهەمهێناندا، ئا لەم کاتەدایە کە قۆناغی شۆڕشی کۆمەڵایەتی دەستپێدەکات . ”

شۆڕش ئەو ناکۆکیەی کە باسمان کرد چارەسەر دەکات و ئەو پەیوەندییە بەرهەمهێنانە کۆنانە تێکدەشکێنێت و لەگەڵ دامەزراندنی پێوەندییه تازەکان ڕێگه بۆ گەشەی خێرای هێزەکانی بەرهەمهێنان دابین دەکات، ئەمە بناغەی ئابووری و بابەتیی شۆڕشە .

شۆڕش چینێکی حاکم دەبەزێنێت و چینێکی تر دەهیێنێتە سەر حوکم کە نوێنەرایەتی پەیوەندیی بەرهەمهێنانی پێشکەوتووتر دەکات. دەکرێت ئەوەش بلێین کە شۆڕش جۆرە حکوومەتێکی نوێ و ئەمڕۆیی تر جێنشینی جۆری پێشووی حکومەت دەکات.

مەسەلەی بنەڕەتی لەهەر شۆڕشێکدا پرسی دەسەڵاتی سیاسی دەوڵەتییە. گرتنی دەسەڵات لە چینی حاکمی بەسەرچوو بە دەستی توێژ یان چینی پێشەنگ، لە هێما بنەڕەتییەکانی هەر شۆڕشێکە. شۆڕش گەورەترین شێوازی خەباتی چینایەتییە و ئەوە چین و توێژە پێشکەوتنخوازەکانن کە لە ڕێگەی شۆڕشەوە قوڵترین و بنەڕەتیترین گۆڕانکاری لە بواری ئابووری، ئایدیۆلۆژی و سیاسیدا درووست دەکەن و سیمای بە تەواوەتی دەگۆڕن.

ئاشکرایە کە ڕوودانی هەندێک گۆڕانکاری یان چاکسازی، یان ڕێفۆڕم و کردار لە چوارچێوەی سیستەمێکی کۆمەڵایەتیدا، بە هەمان دەسەڵاتی سیاسی دەوڵەتیەوە، لە لایەن خودی چینە دەسەڵاتدارەکانەوە، ناکرێت بە شۆڕش ناوببرێت، هەرچەند پڕوپاگەندە وهەراوهوریا لەو بارەیەشەوە زۆر بێت.

بەم جۆرە دەبینین کە بەپێی قۆناغەکانی پێشکەوتنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و، چینی لە حاڵی خەبات، دەکرێت چەندین جۆر شۆڕشی کۆمەڵایەتی جیا  بکرێنەوە. بۆ وێنە: شۆڕشی بۆرژوازی ، شۆڕشی بۆرژوا دیمۆکراتیک، شۆڕشی سۆسیالیستی و هتد. بۆ دیاریکردنی جۆری شۆڕشی کۆمەڵایەت گرنگە بزانین هەر شۆڕشێک چ ناکۆکیەک چارەسەر دەکات، چ ئەرکێکی کۆمەڵایەتی جێبەجێ دەکات، چ چینێک لە دەسەڵات لا دەبات و چ چینێک لەڕیزی پێشەوەی ئەو شۆڕشدایە.

بەو لێکدانەوەیە شۆڕشی مەزنی ئۆکتۆبەر شۆڕشێکی سۆسیالیستی بوو، شۆڕشی مەزنی فەرەنسا و شۆڕشی مەشرووتە لە ئێران شۆڕشی بۆرژوایی بوون. شۆڕشی مەشرووتە یان دەستووری، لە قۆناغەکانی فراوانیی گەشەکردن، تا ڕادەیەک لە چوارچێوەی شۆڕشی بۆرژوازی تێپەڕی، چونکە لەم نموونەیەدا جەماوەری خەڵک بە دروشم و داواکاریی خۆیان بەشداریان تێدا کرد و مۆری خۆیان لەسەر دانا و لایەنی دژە داگیرکاری و دژە ئیمپریالیستانەی ئەو شۆڕشەیان بەهێز کرد.

شۆڕش بە هێز و بە بەشداریی جەماوەری گەل ئەنجام دەدریت، هیچ شتێکی هاوبەشی لە گەڵ کودەتا و شۆڕشی دەرباردا نییە، و ئەم جۆرە کارانە کە لە مێژوودا نموونەیان زۆرە، لە گەڵ شۆڕش دا نایەنەوە.

بۆ ئەوەی شۆڕشێک ڕوو بدات، مەرجی بابەتی( مەرجی شۆڕشگێڕانە ) و مەرجی فکریی( بوونی ڕێکخراوێکی شۆڕشگێڕ ) پێویستە .

شۆڕش ڕاپەڕینێکی جەماوەرییە بۆ ئەوەی لە بنەڕەتەوە سیستەمی کۆمەڵایەتی مەوجود بگۆڕدرێت.

وەک ئەوەی ئێستاش ئاخێزێکی جەماوەری گەورە و بەرین لە ئاستی کوردستان و ئێران، بە تایبەتمەندی خۆیەوە، لە ئارادایە. ئەم ئاخێزە جەماوەرییە دوای قەتڵی حکومەتیژینا ئەمینیو لە کوردستانەوە چەخماخەکەی لێدراو بە پێشەنگایەتی ژنان و لاوان و هاوڕێیەتی باقی چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵ، بەرەو ئەوە دەچێت ببێتە شۆڕشێکی بناغە هەڵتەکێن و ئاڵوگۆڕی سیستم و دەسەڵات بە قازانجی کڕێکاران و زەحمەتکێشان و توێژی زۆرلێکراو بکاتە بابەتێکی حەتمی و ڕژیمی کۆنەپەرستی ئیسلامی سەرمایە بەرەو زبڵدانی مێژوو بەرێت.

بابەتی پەیوەندیدار

وتارێکی لنین بە بۆنەی یەکی ئایارەوە کە لە ساڵی ١٩٠٤ دا نووسراوە لە فارسیەوە: هیوا مەجید زادە

-

ڕۆژی یەکی ئەیار، بە ڕیوایەتی” رۆزا لۆکزامبۆرگ” سەرچاوە: ئاڕشیوی دەنگی شۆڕشی ئێران

-

ئێران بۆ ھێرش دەکاتە سەر ھەولێر؟

د.شێرکۆ کرمانج

شەرە جنێوی هیتلەرەکان، پەیوەندی بە مافی ستم لێکراوانەوە نییە ؟!

-

جارێکی دیکە دەستی چەپەڵی تیرۆری کۆماری ئیسلامی له هەرێمی کوردستان !؟

-

‏تێبینیەک له سەر هەڵوێست گرتن بەرامبەڕ شەڕی‎ ئیسڕائیل و حەماس

-