کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بەکار هێنانی زمانی هەڕەشە بۆ داپۆشینی پاشەکشە و بێ توانایی

عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی دووشەممە ١٤ی جۆزه‌ردان بە بۆنەی ساڵیادی مەرگی خومەینیەوە کۆمەڵێک قسەی کرد، کە دەنگدانەوەیەکی تا ڕادەیەک بەرینی لە ڕاگەیەنەرەکانی دنیادا هەبووە. ئەو قسانەی خامنه‌یی کە سەرەڕای ڕواڵەتی هەڕەشە ئامێز و هێرشبەرانەی، لە ناوەرۆکی ڕاستەقینەی خۆیدا دیفاعی بوون. خامنەیی لە دوو بەشی جیا لە قسەکانیدا ئاماژەی بە دوو بابەت کرد، یەکیان لە پێوەند لەگەڵ بەرجام و ئەویتریان لە پێوەند لەگەڵ مەسه‌لەی نێوخۆی ولات بوو. ئەو لە پێوەند لەگەڵ بەرجام و وتووێژ لەگەڵ دەوڵەتانی ئۆرووپایی وتی کە دەستورم بە ڕێكخراوی وزەی ئەتۆمی داوە تا ئامادەکاری پێویست بۆ وەگەڕ خستنەوەی سانتریفیوژەکان و دەست پێکردنەوەی پیتاندنی ئۆرانیوم بكه‌ن. ئه‌و لە درێژەدا ڕوو لە دەوڵەتانی ئۆرووپایی وتی: ” ئێران تەحەمول ناکات کە هەم تەحریم بێت و هەم لە مەحدویەتی هەستەییدا بێت.” بەڵام هەر ئەڵیی ئەم قسانەی بە شێوەیەک لەگەڵ قسەکانی یۆکیا ئامانۆ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی، هاوئاهەنگ کراوە، به‌ جۆرێك كه‌ زه‌بری قسه‌كانی خامنه‌یی بگرێ. ئامانۆ چەند کاتژمێر پێشتر رایگەیاندبوو کە بازڕەسانی ئەو سازمانە سەردانی هەموو ئەو ناوەند و دامەزراوانەی کە پیویستیان بە بازڕەسی هەیە، کردووە. لە ڕاستیدا جەوهەری سەرەکی بەرجام لە پێوەند لەگەڵ پرۆژەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، بەردەوامی بازدیدی بێ شەرتومەرجی مەئمورانی ئاژانس لە سەرجەم ئه‌و سایتانه‌یه‌ كه‌ گومانیان له‌سه‌ر بێت. یەکیک لە مەرجە گرنگەکانی ئەمریکاش لە پێوەند لەگەڵ چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران لە ڕاستیدا هەر ئەمە بوو. خامنەیی لە حاڵێکدا ئه‌م قسانه‌ دەکات، کە لەپێشتردا ئەمریکا دڵنیا کراوه‌ته‌وه‌ کە هیچ بەربەستێک بۆ سەردانی مەئمورانی ئاژانس دروست ناکات و هەموو چالاکییەک لەم بوارەدا کۆنترۆڵ کراوە. خامنەیی کە ئاگاداری جێگه‌ و پێگەی قسەکانی خۆیه‌تی و ده‌زانێ چی كردووه‌ و چی ده‌كات. ڕوو بەو کەسانەی كه‌ لە ڕوودانی شەڕ لەنێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسڕائیل نیگەرانن لەم سوخەنرانیەیدا دەڵێ: فریو مەخۆن، هیچ شەڕێک ڕوو نادات. بەڵام ئەوە تەنیا ئامانۆ نییە کە قەرارە بەبێ ناوەرۆک بوونی هەڕەشەکانی خامنەیی نیشان بدات.

چەند کاتژمێر دوای قسەکانی خامنەیی بێهروز کەماڵ وەندی وتەبێژی ڕێكخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران بە هەواڵنێریی ئیسنای وەت: لە نامەیەکدا بۆ ئاژانسی وزەی ئەتۆمی کە لە لایەن نوێنەری ئێرانەوە لە وییه‌ن تەحویل دەدرێت، ڕاگەیەندراوە کە کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژی دووشەممەوە دروست کردنی كارخانه‌ی مونتاژی “رۆتور سانتریفیوژ، دەست پێدەکات. ئەو هەروەها وتی: “به‌ پێی قه‌راردادی به‌رجام لەگەڵ پێكهێنانی زەرفییەت بۆ بەرهەمهێنانی سانتریفیوژ، کێشەیەکمان لەگەڵی نییە و پێویستی بە نامە نووسین و ڕاگەیاندن بە ئاژانسیش نییە. ئەو جەختی کردەوە کە بەرهەمهێنانی چەکی هەستەیی ” پێچەوانەی هەلوێستی دینی ئێمەیە” و لە درێژەدا وتی کە ” پەیامی کردارەکانمان ئەوەیە کە ئێمە زەرفییەتمان بۆ چالاک سازی لەسەر ڕێژەیەیەکی بان دەپارێزین و ئەگەر ئێستا مەحدودیەت قەبوڵ ده‌كه‌ین بەم هۆکارەیە کە هەردو لایەنی تەوافوق دەبێ پێبەندی تەعەهود و تەوافوقەکە بن. بەم جۆرە ڕوون دەبێتەوە کە ڕواڵەتی هەڕەشە ئامێزی قسەکانی خامنەیی بەهیچ شێوەیەک ناتوانێ واقعیەتی عەینی پاشەکشەی بە کردەوەی کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر گوشارەکانی ئەمریکادا داپۆشێ. کۆماری ئیسلامی تەنانەت لە بەرانبەر گوشاری نیزامیی ئیسڕائیلدا کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەوڵەتی ڕووسییەدا بەڕێوە دەچێت، لە پێگەکانی لە سوورییە له‌ پاشه‌كشه‌ دایه‌. بوونی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە سوورییە، ئەگەر ڕۆژێک بۆ پاراستنی ڕژیمی بەسار ئەسەد لە دەسەلاتدا پیویست بوو، ئه‌مڕۆ ئیتر هەم بۆ بەشار ئەسەد و هەم تەنانەت بۆ حیزبوڵڵای لوبنان سەرئێشەن. خامنەیی بە خەیاڵی خۆی بەم قسانەی کە بە تایبەت لە فەزای پڕ لە کێشەی نێوان ئۆرووپا و ئەمریکادا لەسەر تەعرەفەی گومرکی کراون، ناتوانێ ماهیەتی پاشەکشەی ڕژیم بشارێتەوە. مەسه‌لەکە بەهیچ شێوەیەک ئەوە نییە کە سانتریفیوژەکان بکەونەوە کار یان وەکار نەکەونەوە. مەسه‌لە لەسەر گۆڕانی هەڵسوکەوتی ڕژیم لە پێوەند لەگەڵ سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە هەموو ناوچەکەدایە. و ئەم پرۆسەیە چ لە ڕێگای وتووێژی پشتی پەردەوە بێت یان وتووێژی بە ئاشکرا، به‌ كرده‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

بەڵام خامنەیی لە بەشێکی دیکەی قسەکانی لە ساڵیادی مەرگی خومەینیدا، ئاماژەشی بە ناڕەزایەتییە کرێکاریەکانی ئەم ڕۆژانەی دوایی لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی ئێران کرد. ئەو وتی، عەواملی بە وتەی ئەو دوژمن، لەم جۆرە بوارانەدا دەست بەکار بوونه‌ تا کۆبونەوەی ئارامی خەڵک بەرەو بشێوی و دەژایەتی لەگەڵ حکومەت بەرن. ئەم وتانه‌ قسەی ناسراوی سەرجەم ئەو دیکتاتۆڕانەیە کە لە مێژوو و تەنانەت لە ئەزمونی ڕاستەوخۆی خۆشیان دەرس وەرناگرن. قسەکانی خامنەیی سەبارەت بە مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە نیشانی دا، کە ئەو به‌ باشتی مەترسیەکەی لە بن گوێی خۆی هەست پیکردووە. ئەوەیکە لەم ڕۆژانەدا خامەنیی و باقی سەرانی ڕژیمی خستۆتە وەحشەتیەوە، ئەم راستیەیە کە ناڕەزایەتیی مانگی بەفرانباری ڕابردوو، لە شێوازی جۆراوجۆردا، دەرێژەی هەبووە و ئێستا بەرەو ئەوە دەچێت تا ببێتە حەرەكەت گه‌لێكی بەرین و سەرتاسەریش. دەزگا سەرکوتگەرەکانی ڕژیم لە بەرانبەر خەباتی سەنگەر بەسەنگەر و سەرتاسەریدا، مونفەعیل و زەمین گیر بوون. هەڕەشەکان، بانگ کردن و گرتن و زیندانی کردنەکان، بەکار هێنانی بەسیجیە مانگرتن شکێنەکان و هیتریش ئیدی کارێکیان لە دەست نایەت. خامنەیی لەم بارەیەشەوە بە تەپوتۆز کردن، دەیەوێ بێ توانایی ڕژیم لە وڵام دانەوە بە داخوازی مانگرتوان و خەڵکی ناڕازی، بشارێتەوە. دوژمنێک کە خامنەیی باسی دەکات، هەر ئەم کرێکار و زەحمەتکێشانەن کە نان و ئازادیان دەوێت و ناڕەزایەتیی ماف خوازانەیان هیچ پێوەندیەکی بەگوشارەکانی ئەم و ئەوەوە نییە، بەڵکوو وڵامێکە بە ٤٠ ساڵ ده‌سه‌ڵاتی چەوساندنەوە و ستەم و سەرکوت لە ئێران.

بابەتی پەیوەندیدار

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-