کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بەڕێوەچونی ڕێوڕەسمەکانی چوار شەممە سوری و نەورۆز دڕکێک لە چاوی ڕژیمی ئیسلامیدا

 

سبەینێ ٢٦ ی مانگی ڕەشەمە ئاخرین چوار شەممەی ساڵی ١٣٩٤ ی هەتاویە. ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتون لە شوێنە جۆراو جۆرەکانی ئێران بە تایبەت لە تاران و لە شارەکانی کوردستانەوە، باس لەوە دەکەن کە هێزە ئەمنیەتیەکانی ڕژیمی ئیسلامی بە گرتنی سەدان کەس و میلیتاریزە کردنی ئاستی شارەکان دەستیداوەتە توند کردنەوەی فەزای ئەمنیەتی لە سەرودەمی نزیک بوونەوە لە ئاخرین چوارشەممەی ساڵ.
حوزوری هێزەکانی یەگانی ویژە و دژی شۆڕش لە زۆربەی شارەکانی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بووە و هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕژیم بەشێوەیەکی بەرین خەریکی بانگ کردن و گرتنی خەڵکن. بە قسەی وتەبێژی هێزە ئینتیزامیەکانی ڕژیم لە شاری تاران هەزار و ٣٠٤ کەس لە سەرودەمی نزیک بوونەوە لە چوار شەممەی ئاخری ساڵ گیراون.رۆژی شەممە ٢٢ ی ڕەشەمە مەسعود خوڕەم نیا فەرماندەی هێزی ئینتیزامی ئوستانی کوردستان هۆشداری داوەتە خەڵک سەبارەت بە ئاگر کردنەوەی چوارشەممە سوری، و وتویەتی: پۆلیس لێبڕاوانە لەگەڵ کەسانی خەتاکار لە رۆژەکانی کۆتایی ساڵدا بەرخورد دەکات و ئەو کەسانە تا کۆتایی پشوی نەورۆزی دەخاتە زیندان.668
رۆژی هەینی ٢١ ی ڕەشەمەش لەسەر دەستوری سپای پاسداران و دەزگا ئیتلاعاتیەکان سەرجەم ئیمامانی جومعەی ئوستانە کورد نشینەکان لە نوێژە هەینیە بێ ڕەونەقەکانیاندا خوتبەیان سەبارەت بە وادار کردنی خەڵک بۆ بەڕێوە نەبردنی مەڕاسمی چوار شەممە سوری خوێندۆتەوە و داوایان لە خەڵک کردوە لە رۆژی چوار شەممە سوریدا ئاگر نەکەنەوە. هاوکات لەگەڵ ئەم هەڕەشانە لە ئێستاوە فەزای شارەکانی کوردستان ئەمنیەتی کراوە. هێزی ئینتیزامی و مائمورانی لیباس شەخسی ڕژاونەتە سەر شەقام و مەیدانەکان و ماشینی خەڵک کۆنترۆڵ دەکەن.
بەبۆنەی بەرپا کردنی جێژن و شادی خەڵکەوە بەردەوام ڕژیمی ئیسلامی لە کابوسدا بووە. بە نزیک بوونەوە لە کۆتایی ساڵ و ئامادە بوونی خەڵک و لاوان لە سەرتاسەریی ئێراندا بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکانی چوارشەممە سوری و نەورۆز، کاربەدەستانی ئینتیزامی، ئەمنیەتی و ئیجرایی ڕژیم دەکەونە خۆ تا کۆبونەوەکانی خەڵک تێکبدەن و نەهێڵن کە بە بۆنەی نەورۆزەوە پێکەنین و شادی و خۆشی بە هیچ کۆبونەوەیەکیانەوە دیار بێت. ئەوان کە لە سێبەری خۆشیان ئەترسن، نیگەرانن لەوەی کە لەم مەراسمانەدا قسەیەک بە ئاماژە یان ڕاستەوخۆ لەدژی ڕژیم ببێتە ئامرازی دەربڕینی ناڕەزایەتی لەدژیان.
بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی چوارشەممە سوری و نەورۆز یەکێک لەو بۆنانەیە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە هەمان سەرەتای هاتنە سەرکاریەوە دژایەتی لەگەڵدا کردوە. بەڵام سەرەڕای هەڕەشەکان و تەنانەت گرتن و زیندانی کردن لەم پێوەندەدا، خەڵکیش لە سەرتاسەری ئێڕان گوێیان بەم دژایەتیە نەداوە و مەڕاسمەکانی چوارشەممە سوری و نەورۆزیان بەشێوەی جۆرا جۆر بەڕێوەبردوە. تایبەت مەندی ئەم بۆنەیە لە کوردستان لەوەدایە کە لەماوەی ئەم یەک دەیەی دواییدا بەڕێوەچوونی جێژنەکانی نەورۆز لە کۆبونەوەی جیاوازدا و بەشێوەی بەکۆمەڵ بەڕێوەچووە. مەڕاسمی چوارشەممە سوریش لە ماوەی دەیەکانی ڕابردودا نەتەنیا لە کوردستان، بەڵکو لە سەرتاسەری ئێران بۆتە گۆڕەپانێک لە شانۆی ناڕەزایەتی و بێزاری خەڵکی وەگیان هاتوو لە حاکمیەتی ئەم ڕژیمە. کۆماری ئیسلامی لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردودا و لەم کاتانەدا بە دەست بردن بۆ هەڕەشە و ترساندن و ئیجرای مانۆڕی نیزامی هەوڵی داوە بەر بە بەڕێوەچوونی مەڕاسمەکانی چوارشەممە سوری و نەورۆز لە ناوچە کورد نشینەکانی ئێران بگرێت. بەڵام خەڵکی کردستان و لە پێشیانەوە لاوانی کچ و کوڕ بە پۆشینی جل و بەرگی ئاڵو واڵا و شادی هێنەر، بەڕێوەبردنی شانۆی هونەری، هەڵبەڕین و گۆرانی وتن، دەستیانداوەتە بەڕێوەبردنی ئەم ڕێوڕەسمانە. ئەمساڵیش لە حاڵێکدا کە خەڵکی کوردستان لە هەموو بەشەکانی وێڕای بوونی هەژاری و دەستکورتی ئابووری و گوشارە جۆراو جۆرەکانی ڕژیم، دەچن بەرەوپیری بەڕێوەبردنی مەڕاسمەکانی کۆتایی ساڵەوە. کاربەدەستانی ئینتیزامی، ئەمنیەتی و جیرە خۆرانی دیکەش کە شادی خەڵک وەک دڕکێکە لە چاویاندا، سەرلێشێواو و نیگەران لە بەڕێوەچوونی کۆبونەوە لە چوارچێوەی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزیدا ترسیان لێ نیشتوە و دەستیان کردوە بە کرداری پێشگیرانە. تەجروبە نیشانی داوە کە ئەگەرچی ئیقداماتی سەرکوتگەرانەی ڕژیم لەم بوارەدا هێندێک مەحدودیەت لە بەڕێوەچوونی مەڕاسمەکانی نەورۆزیدا لە کوردستان بەدی دێنێ، بەڵام ناتوانی بەر بە بەڕێوەچونیان بگرێت و لەم بوارەدا گەلێک ئەزمونی بەدەست هێناوە و بە شێوەی جۆراو جۆر و لە شوێن و مەکان و کاتی گونجاودا بەسەر ئەم کردارانەدا باز ئەدات.

کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر زەوت کردنی شادی و خۆشی لە ژیانی خەڵکدا سەری لە بەرد دراوە و هەوڵەکانی لەم بوارەدا بێ سەمەرە. ئەم شادی و سرورە لە ژیاندا هەمان ئەو هێزەیە کە ڕژیم هەراسان دەکات. ئەم ڕژیمە بەرهەمی خەمۆکی و سستی و بێ هیوا بوون دەخوات. خوازیاری کۆمەڵگایەکی مل کەچ و ڕامە کە تێیدا ئینسانەکان لە بەرانبەر چارەنووسێکدا کە ڕژیم بۆی دیاری کردون موتیع و ڕازی بن. جێژنەکانی چوارشەممە سوری ونەورۆزی ئەمساڵیش وەک ساڵەکانی ڕابردو بەکردەوە دەبنە کاردانەوەیەک لە بەرانبەر ئەم کردارانەدا و دەربڕینی ناڕەزایەتی لەدژی کۆماری ئیسلامی.