کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بەهەدەرچوونی ژیان به‌ هۆی پەرەسەندنی دیاردەی چەند شوغڵیدا

کێشە و گرفتێکی ئابووری کە داوێنی زۆربەی خەڵکی ئێرانی گرتوە، لە پاڵ لەخوارەوە بوونی حەقدەستەکان و نەبوونی ئەمنیەتی پیشەیی، بۆتە هۆکاری سەرەکی سەرهەڵدانی دیاردەی چەند شوغڵی لە بازاڕی کاری ئێراندا. وەزاڕەتی کار ژمارەیانی لانیکەم ٤٠٠ هەزار کەس ڕاگەیاندوە. ئەم ئامارە کە بێگومان گۆشەیەکی چکۆلەیە لە ڕاستیەکە، تەنیا شاملی شوغڵی دووهەم نابێت کە تا ڕادەیەک بە بەرەکەتی حاکمیەتی ڕژیمی ئیسلامی لە ئێراندا جێکەوتوە، بەڵکو باس لەو سێ شوغڵانەشە کە لەم یەک دوو دەیەی دواییدا پەرەی سەندوە. هۆکاری مەسەلەکە زۆر روونە. کاتێک داهاتی کەسێک بەشی هەزینەی بنەماڵەکەی ناکات و ئەم هەزینانە بە هۆی تەوەڕوم و گرانی رۆژ لە رۆژ زیاتر، نان ئاوەری بنەماڵە ناچار دەبێت بەشوێن شوغڵی دووهەم و یان تەنانەت سێهەمیشدا بگەرێ.481هەرلەم پێوەندەدا خراپ نییە کە سرنج بدرێتە قسەکانی وتەبێژی کانونی باڵای ئەنجومەنی سینفی کرێکارانی ئێران کە ڕێکخراوێکی دەوڵەتیە و لە خزمەت سیاسەتەکانی دەوڵەت دایە. هادی ئەبەوی لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێری ئیسنادا وتویەتی کە: حقوق و حەقدەستێکی کە لە بارودۆخی ئەمرۆدا کرێکاران وەریدەگرن بەشی زیاتر لە حەفتەیەک ناکات و تەنیا سەرفی هەزینەی خۆراک، هاتوچۆ، تەحسیل و مەسکەنیان دەبێت. ئەو لە درێژەدا روونتر دەڵێت: ئێمە بە پێچەوانەی وڵاتانی تر بە ڕیاڵ حقوق وەردەگرین، لە بەرانبەردا بەکردەوە دۆلار خەرج دەکەین.بە وتەی هادی ئەبەوی، کرێکاران لە ئێراندا لەخوارەوە ترین حەقدەست وەردەگرن و ئامارە جیهانیەکانیش جەخت لەسەر ئەم بابەتە دەکەنەوە. ناوبراو بە ئاماژە بە لەخوارەوە بوونی ڕوتبەی ئێران لە ڕیزبەندی پەرداختی حقوق و حەقدەستدا، وتی: بەداخەوە لە باسی حقوق و حەقدەستێکدا کە ئەیدەین بە کرێکاران لەنێو وڵاتانی دنیادا لە ڕیزی ئاخرداین. ئەبەوی بە دەربڕینی ئەوەی کە لەخوارەوە بوونی حەقدەستی کرێکاران زیان بە بەرهەمهێنان و ئابووری دەگەیەنێت، وتی:” کرێکارێکی کە لە حقوق و حەقدەستەکەی ڕازی بێت هەست بە بەرپرسیاریەتی و دڵسۆزی زیاتر دەکات لە کاردا و بە دڵنیاییەوە خەریکی کاردەبێت”. هەر وەک دەیبینین و چاوەڕوان دەکرێت، ئەو کە پۆزی دیفاع لە مافی کرێکاران لێ ئەدات، نیگەرانیەکانی سەبارەت بە کەیفیەتی کارە. لە پلەی بەرپرسی ڕێکخراوێکی دەوڵەتی لەنێو کرێکاراندا گەلێک سروشتیە سرنجی ئەوە نەدات کە حەقدەستی کەم بەر لەوەی کە لەتمە لە کەیفیەتی کار بدات، زیان بە ژیانی کرێکار دەگەیەنێ و واداری دەکات، روو بکاتە شوغڵی دووهەم و سێهەم.گەلێک باوە دەڵێن لە ڕابردودا کەسێک کاری دەکرد و چەند کەسیتر نانیان لێدەخوارد بەڵام لەمرۆدا کەسێک کار دەکات، هەڵبەت ئەگەر کاری دەستبکەوێ، موشکلە ئەگەر بتوانێ ژیانی خۆی بەڕیوەبەرێت چ بگات بە دابین کردنی پێداویستیە سەرەتاییەکانی ژیانی بنەماڵەیەک.لەم ١٠ تا ٢٠ ساڵەی دواییدا دەرسەدێکی بەرچاو لە خەڵک دوای کۆتایی هاتنی ساعاتی کار و ماندوبونی کاری رۆژانە، بە جێگای گەڕانەوە بۆ ماڵەوە و پشودان لەنێو بنەماڵەکەیدا، بەخێرایی دەچێتە سەرکاری دوهەمی. ئەم کەسانە نەک هەر کاتیان بۆ مانەوە لەلای بنەماڵەکانیان و دۆست و ئاشنایانیان بۆ نامێنیتەوە، نە تەنیا کاتیان بۆ پشودان و تەفریح نابێت، بەڵکو بەرە بەرە توانایی جەستەیی و فکری خۆشیان لەدەست ئەدەن. لەم دەورەی ئاخردا هێندێک کەس دوو شوغڵە بوونیش بە دابینکەری مەخارجی ژیانیان نازانن و پەنایان بۆ شوغڵی تریش بردوە. بەم بارودۆخەوە گەلێک کەس دەڵێن تەنیا بەڕواڵەت چەند شوغڵیان هەیە، چون هەموو ئەو پارەیەی وەریدەگرن بە ئەندازەی شوغڵێکی ڕەسمی و دروست و حیسابی نییە، بەڵام مەجبورن بۆ بەدەستهێنانی داهات رۆژانە چەند کار ئەنجام بدەن و یان بنەماڵەکان بە ئەفرادی زیارتەوە بچنە بازاڕی کار.بەپێی ئاخرین ئاماری بەدەستهاتو لە ئێران لە کۆی ٢١ ملیۆن کەسی شاغڵ لە ساڵی ١٣٩٢، زیاتر لە ٤٠٠ هەزار کەس لەو کەسانەی کاریان هەیە وتویانە کە زیاتر لە شوغڵێکیان هەیە کە ١٥ لەسەدیان، حقوق بگیری کەرتی گشتی و ١٩،٤ لەسەدیشیان حقوق بگیری کەرتی تایبەت بوون و ٦٥،٦ لەسەدیش لە بەشەکانی تردا خەریکی کار بوون. خاڵی جێگای سرنج ئەوەیە کە زۆر ترین دەرسەدی چەند شوغڵەکان لە گوروپی کارمەندانی سەربەخۆ بوون. بە واتایەکی تر، کەسانی چەند شوغڵە مەعمولەن خاوەنی چالاکی لە بازاڕی کاری ناڕەسمیدان و یان کارێکیان لە بازاڕی ڕەسمیدا و کارێکی تریشیان لە بازاڕی ناڕەسمیدا هەیە؛ وەک کارمەندێکی کە لە ساعاتەکانی دوانیوەرۆدا خەریکی کاری گواستنەوە و گەیاندنە و یان فرۆشیاری دوکانێکە.دوو شوغڵە یان چەند شوغڵە بوون هەرچەند ڕەنگە بارودۆخی بەڕێچونی بنەماڵیەک بەشێوەی کاتی تا ڕادەیەک سەروسامان بدات، بەڵام لەسەر سڵامەتی جستەیی و رۆحی کەسەکان، ڕێژەی ئاوڕدانەوە لە ئەندامانی بنەماڵە و هیتر کاریگەریەکی خراپی دەبێت. سەرەڕای تەبلیغاتی دەوڵەتی سەبارەت بە چارەسەری موشکلاتی ئابووری لە ئاکامی لاچونی گەمارۆکاندا کە لە وتووێژەکانی ئەم دواییەدا بەشێوەیەکی چڕ بەردەوامە، دەبێ ئەم ڕاستیە قەبوڵ بکەین کە تەنانەت ئەگەر واش بێت، ناکرێ شاهیدی ئاڵوگوڕی جیدی لە چارەسەری کێشە و گرفتە ئابووریەکان کە پێوەندیان بە ژیانی زۆربەی خەڵکی ئەم وڵاتەوە هەیە، بین. ڕژیمی ئیسلامی نە زەرفیەت و نە توانایی ئەوەی نییە کە بتوانێ باشتر بوونێکی جیدی لە ژیانی خەڵکدا بەدی بێنێت. ٣٦ ساڵ داسەپاندنی هەژاری و بێبەشی و بێ مافی بەسەر زۆربەی خەڵکی ئێراندا شاهیدی ئەم ئیدیعایەیە. بە پەرەدان بە ناڕەزایەتی و خەبات دەکرێ ویست و داواکاریەکان بەسەر ئەم ڕژیمەدا بسەپێندرێت، ئەم ڕژیمە تەنیا لە بەرانبەر هێزدا تەسلیم دەبێت، هێزێک کە لە تەشەکول و هاوپشتی و یەکێتی هێزی کار و زەحمەتی ئەم وڵاتەدایە و دەبێ بە ئاشکرایی خۆی دەربخات و سەرتاسەری بێتەوە.