کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بەهاییەکانی ئێران، قوربانیانی جینۆسایدێکی بێدەنگ

Untitled

بەهاییەکانی ئێران، قوربانیانی جینۆسایدێکی بێدەنگ

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان لە شەپۆلێکی نوێی هەڵسووکەوتی ئەمنییەتی لەگەڵ هاووڵاتیانی بەهایی، ڕۆژی ڕابردوو ٧ کەس لە شارەکانی تاران، ساری، شیراز و سمنان دەستبەسەر کراون. بە پێی ئەو هەواڵانە، فەهیم ئاگاهی، مەتین ئاگاهی، هەنگامە شەریفی لە تاران، ئەدیب ڕەحمانی لە ساری، نیگار میساقیان و شەکیب فەرزان لە شیراز و ئەرمەغان عینایەتی لە سمنان دەستبەسەر کراون. هاوکات هێزە ئەمنییەکان ماڵی ئەو هاووڵاتیانەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر کەلوپەلی ئەلیکترۆنی و کتێبەکانیاندا گرتووە و لە کەشێکی پڕ لە ترس و تۆقاندندا گواستراونەتەوە بۆ گرتنگەکان. ئێستا هەواڵی گوشاری لەو شێوەیە بۆ سەر بەهاییەکانی ئێران بووەتە ڕووداوێکی بەردەوام. دەستگیرکردنەکانی ئەم دواییە تەنیا نموونەیەکی دیکەن لەو شەپۆلە بەردەوامەی سەرکوتکردن کە چل و حەوت ساڵە بەسەر ئەم کەمینە ئایینیەدا دەسەپێندرێت. گوشار بۆ سەر بەهاییەکان یەکێکە لە پرسە هەرە ئازاربەخشەکانی مافی مرۆڤ لە ئێرانی هاوچەرخدا. لە ڕاستیدا ئەوەی بەسەر بەهاییەکانی ئێراندا دێت، جینۆسایدێکی بەشێنەیی و پێکهاتەییە. ئه‌وه‌ی له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا له چەندین شار ڕوویانداوە، بەشێکە له سیاسەتی سیستماتیکی لەناوبردنی بەهاییەکان که کۆماری ئیسلامی هەر له یه‌که‌م ڕۆژەکانی هاتنەسەرکارییەوە پەیڕەوی کردووه. دەستگیرکردنەکانی ئەم دواییە نیشان دەدەن کە ئەم کارەساتە هێشتا بەردەوامە. لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ٧٢%ی ڕاپۆرتەکانی پێشێلکردنی مافی کەمینە ئایینییەکان لە ئێران، پەیوەندی بە بەهاییەکانەوە هەبووە. ئەم ژمارەیە بەیانگەری ئامانجداربوون و ئاستی ئەو گوشارەیە کە دەخرێتە سەر ئەم کۆمەڵگەیە.

بەڵام بۆچی بەهاییەکان؟ چونکە باوەڕی بەهایی لە ئێران وەکئاینێکی فەرمیدانیپێدانەنراوە. ئەم بەفەرمی نەناسینە دەرگای بەڕووی هەر چەشنە ستەمێکی وەک بێبەشکردنی منداڵان لە خوێندنەوە بگرە تا دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و زەوتکردنی کار و کاسبی، لە زیندانیکردنی ژن و پیاو و تەنانەت منداڵیشەوە بگرە، تا وێرانکردنی شوێنە پیرۆزەکان و لە جیاکردنەوەی گۆڕستانەکانەوە تا شکاندنی بەردی گۆڕەکان، کردووەتەوە. ئەوەی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بەهاییەکان دەیکات، تەنانەت ئاستی سەرکوتی ئاسایی تێدەپەڕاندووە و سروشتی جینۆسایدی بەخۆیەوە گرتووە. بەڵام لایەنی سیاسی ئەم گوشارەش نابێ لەبەرچاو نەگیرێت. ڕژێمە پاوانخوازەکان بەردەوام پێویستیان بەدوژمنێکی ناوخۆییهەیە بۆ سەرکوتکردن و زاڵبوون بەسەر گۆمەڵگادا. بەهاییەکان ئەم ڕۆڵە دەگێڕن: وەک کەسانێکی سەر بە لایەنی دەرەکی ناودەبردرێن، بە بیانووی ئەوەی ناوەندی جیهانی بەهاییزم لە ئیسرائیلە، بە سیخوڕبوون تۆمەتبار دەکرێن. لە هەمان کاتدا گوشار بۆ سەر بەهاییەکان وەک زۆرێک لە سیاسەتەکانی تری ڕژیم بە ئامانجی چاوترسێن کردنی زۆربەی هەرەزۆری خەڵک و هاوکات پەرەپێدان بە ناکۆکی ئایینی بەڕێوە دەچێت.

ئەم سیاسەتە بە ئامانجی لەناوبردنی فیزیکی و فەرهەنگی بەهاییەکان بەڕێوە دەچێت. قوتابیانی بەهایی لە قوتابخانە دەردەکرێن و خوێندکاران ناتوانن بچنە زانکۆکان، ئەمە واتە بێبەشکردنی بەتەواوەتی نەوەیەک لە داهاتوو، فەرمانبەران لە هەر کار و پیشەیەکی حکوومی و تایبەت دەردەکرێن و سەرەنجام ناچار بە کۆچی زۆرەملێ دەکرێن. ئەم سیاسەتە هەمان ئەو سیاسەتەیە کە ئاڵمانی نازی لە دژی یەهوودی و کۆچەر و سۆسیالیستەکان بەکاری هێنا. هەمان ئەو هەڵسوکەوتەیە کە داعش لە دژی ئێزیدیەکانی شەنگال بەکاری هێنا. واتە جینۆساید، تەنها جیاوازی ئەوەیە داعش لە چەند مانگێکدا ئەو کارەی کرد، بەڵام کۆماری ئیسلامی هامان کاری بە شێنەیی و لە ماوەی ٤٧ ساڵدا ئەنجام داوە. بێدەنگبوون لە بەرامبەر جینۆسایددا، واتە بەشداربوون تیایدا. ئەوانەی لە بەرامبەر ئەو تاوانانەدا بێدەنگ بوون، سبەی ڕۆژ لە بەرامبەر مێژوو و نەوەکانی داهاتوودا، جگە لە شەرمساری هیچی تریان بۆ نامێنێتەوە. یەکێک لە شانازییەکانی خەڵکی کوردستان بریتییە لە پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی سەرجەم ئایین و مەزهەبەکان و لەوانە قبوڵکردنی بەهاییەکان. ئێستاش کوردستان یەکێکە لەو دەگمەن ناوچانەی کە تیایدا بەهاییەکان بە باوەشێکی ئاواڵەوە وەرگیراون و ئایین وەک پرسێکی تایبەتی تاکەکان دادەنرێت. ئەمە مۆدێلێکە کە پێویستە لە سەرانسەری ئێراندا پەرەبستێنێت.

پێویستە بەبێ ئەملاو ئەولا بەرگری لە مافی ئینسانیی بەهاییەکان بکرێت. بەهاییەکان و پەیڕەوانی هەر ئایین و مەزهەبێک، هەر عەقیدە و بیروباوەڕێک، دەبێ بتوانن لە ئازادی و ئاسایشدا بژین. دەبێت ژیان و ماڵ و سامانیان لە هەر چەشنە دەستدرێژی و توندوتیژییەکی حکوومەت و تاقم و گرووپە لات و چەقۆکێشەکان پارێزراو بێت. بەرگری بێ شەرت و مەرج لە مافی ئینسانیی بەهاییەکان واتە: نابێ بوترێتمن موافقی ئایینی بەهایی نیم، بەڵام نابێت مافی مرۆڤ ببەستێنەوە بە شەرت و مەرجی بیروباوەڕ، بەڵکوو دەبێ بوترێتهەر مرۆڤێک مافی خۆیەتی باوەڕمەند بێت بە هەرچی بیەوێت“.

پێویستە داوای گەڕانەوەی ماڵ و موڵکی دەستبەسەرداگیراوی بەهاییەکان بکەین. دەبێ هێرش و توندوتیژی بەرامبەر بەهاییەکان، دەستبەجێ بوەستێنرێت. دەبێ سەرجەم ئەو کەسانەی تۆوی ڕق و بێزاریی لە دژی بەهاییەکان دەچێنن،   دادگایی بکرێن و سزا بدرێن. بەرگریکردن لە بەهاییەکان، بەرگریکردنە لە مرۆڤایەتی. بەرگریکردن لێیان واتە داکۆکیکردن لە ئازادی و مافەکانی هەموومان. ئەمە ئەرکێکی ئەخلاقییە و ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت. بەرگریکردن لە بەهاییەکان داکۆکیکردنە لە مافەکانی مرۆڤ. بەرگریکردنە لە ئازادی ئایین و بێدینی. بەرگریکردنە لە جیایی دین لە دەوڵەت. جیایی بەتەواوەتی دین لە دەوڵەت، نەبوونی ئایینێکی فەرمی، جیاکردنەوەی ئایین لە پەروەردە، ئازادی ئایین و لە هەمووی گرنگتر ئازادی بێ باوەڕبوون بە ئایین، کۆتاییهێنان بە هەر پشتیوانییەکی دارایی دەوڵەت لە دامەزراوە ئایینییەکان و باج وەرگرتن لە سەرچاوە بازرگانییەکانی ئەو ناوەندانە، مەرجی پێویستن بۆ کۆتاییهێنان بەو کارەساتەی کە بەردەوام بەرامبەر بە بەهاییەکان و کەمینە ئاینییەکانی دیکە بەڕێوە دەچێت.