لە سەروبەندی
بووژانەوەی سروشتدا، بووژانەوەی مرۆڤایەتی خەڵکی ئێران خێرا دەبێت!
نەورۆز بەڕێوەیە، بەهار بۆ ڕاماڵینی زستان لە دەرگا دەدات. زستان، تەنها زستانی ساڵنامەیی نییە، نەگبەتی دەسەڵاتی
ئایین و ویلایەت و نەگبەتی سەرمایە، زستانێکی کۆمەڵایەتییە. “زستانێکی سەخت و سەخڵەت” بە جۆرێک دەسەڵاتی بەسەر ئێراندا زاڵکردووە کە ڕۆژگاری لە خەڵک تاڵ کردووە. زستانێکی بێ کارەبا، بێ گاز، بێ ئاو، بێ هەوای
پاک، بێ پووڵ، بێ بوونی سفرەیەکی شیاوی مرۆڤ و بێ ئارامی لە ژیاندا. زستانێک هاوکات لەگەڵ سەرکوت، زیندان، سێدارە، گەشتەکانی نوور و “پاسدارانی شەروور”.
ئێستا بەهاری سروشت، لەگەڵ بەهاری ئاخێزی
خەڵکی ئێران، واتە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی”، ئاوێتە دەبێت. هێزەکانی سروشت و کۆمەڵگا دەست لە دەستی یەکتر ئەنێن بۆ تێکشکاندنی زستانی ساڵنامەیی و مێژوویی. کۆمەڵگا هاوشێوەی سروشت،
دەستی کردووە بە شۆڕش و سەرهەڵدان، لە کۆچە و بازاڕ، ماڵ و گەڕەک، شەقام و شار، قوتابخانە و زانکۆ و کارگە و ئیدارە. لە هەموو شوێنێک، دەنگی ناڕەزایەتی بەرزە و حەز و خولیای ژیانێکى نوێ شەپۆل دەدات. تیغی
سەرکوت، کول بووە و وەک جاران نابڕێت، توانایی ترساندنی لەدەستداوە، ترس بەسەر پاسداران و پارێزەرانی ئەو نیزامەدا زاڵ بووە و تووشی داماوی و سەرلێشێواوی بوون، هەروەک چۆن لە شارەکانی کوردستان
ڕێوڕەسمەکانی پێشوازی لە نەورۆز، بە ژنان و کچان و هاوکاری پیاوانی ئازادیخواز، ڕەنگ و بۆنی ئازادی و مژدەی ڕزگاربوون لە دەسەڵاتی ئیسلامی گرتووە. شۆڕش لە دژی دەسەڵاتی ئایینیش، ڕووحانییەتی دەسەڵاتداری بێ ئابڕوو و
دووکانی دووڕوویی و فریوکاری ئاشکرا و سەبەبکاران و پێکهێنەرانی ئەم دۆخەی ڕیسوا کردووە. مارشی ژیانێکی نوێ دەستی پێکردووە و کۆمەڵانی ئازادیخواز، چەوساوە و یەکسانیخواز کەوتوونەتەڕێ!
خەڵک چیتر نایانەوێت لەژێر فەرمانی هیچ کەسدا بن، ئەوان هەر چەشنە سەرەڕۆییەک، لەوانە سەرەڕۆیی ئایینی، سەرەڕۆیی پاشایەتی، سەرەڕۆیی تاکەکەسی و سەرەڕۆیی حیزبییان ڕەتکردووەتەوە. خەڵک
دەیانەوێت چارەنووسیان لە دەستی خۆیاندا بێ و چیتر ئاسەوارێک لە هەڵاواردن، چەوساندنەوە، هەژاری، سەرکوت، ئەشکەنجە و زیندان بوونی نەبێ و دەسەڵات بەدەست خۆیانەوە بێت، سنوورەکانی شوناسی
ئایینی، چینایەتی و ناسیۆنالیستی، نەمابێت. هەروەک چۆن لە نوێبوونەوەی سروشتدا دار و گوڵ و دەشت و چیا و ڕووبارەکان پێکەوە هەواڵی گۆڕانکاری دەدەن، خەڵکیش دەیانەوێت لە کۆمەڵگایەکدا بژین کە
تێیدا شوێنی نیشتەجێبوون بۆ هەمووان مافێکی سەرەتاییە، خزمەتگوزاری پزیشکی و دەرمانی بۆ هەمووان بە خۆڕایی بەردەستە و خزمەتگوزاری فێرکردن و بارهێنان، کاڵایەکی تایبەت بە سەرمایەداران
نییە و هەمووان مافی فێربوونی بێبەرامبەریان هەیە. گرنگییەکی تایبەت بە ساوایان و منداڵان دراوە و قورسایی کاری ماڵەوە لە سەرشانی ژنان لابراوە. ئەوان دەیانەوێت شێوازی ژیان، جۆری پۆشاک، ئاڕاستەی جنسی، هاوسەرگیری،
شوێنی کار، ڕێگای سەفەرکردن، جۆری بیرکردنەوە و باوەڕی خۆیان، بە ئازادی هەڵبژێرن. ئەوان مافی ئەوەیان هەیە بە زمانی دایکی فێربن، دەیانەوێت بێ سانسۆر گوێ لە مۆسیقای دڵخوازی خۆیان بگرن، فیلمی
دڵخوازی خۆیان تەماشا بکەن، کتێبی دڵخوازی خۆیان بخوێننەوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بگەڕێن، ئاهەنگەکانیان بە بێ ترس لە هێرشی پاسدارانی ئیسلامی بگێڕن، تەنانەت پرسەی خۆیان بەو شێوەیەی کە دەیانەوێت ڕێکیبخەن.
خەڵک تینووی ئازادی، یەکسانی و دێموکراسین.
خەڵک دەیانەوێت شەرافەتمەندانە بژین. ئەوان لە هەژاری و نەداری، لە کارتۆن خەوی و سەربان خەوی، لە ناچاربوون بە فرۆشتنی گورچیلە و ئەندامەکانی
لەشیان، لە داهاتی کەم لە بەرامبەر کاری سەخت و تاقەت پروکێن، لە هەڵاوسانی بەردەوام و دراوی بێبەها، لە پەرەسەندنی کەلێنی نێوان چینی هەژار و دەوڵەمەند، لە جیاوازی مووچەی کەمی چین و توێژەکانی خوارەوەی
کۆمەڵگا لەچاو مووچەی زۆری چینی سەرەوە، لە دزی و گەندەڵی لەڕادەبەدەری تاقمێکی نزیک لە بازنەی دەسەڵات، وەزاڵە هاتوون. ئەوان دادپەروەرییان دەوێت. دەیانەوێت ئەو ئیمکاناتە بەرینەی وڵات بە شێوەیەکی
دادپەروەرانە لە پێناو دابینکردنی ژیانی هەموواندا بەکار بهێنرێت. خەڵک خوازیاری یەکسانین. ئەوان دەیانەوێت لەگەڵ هەموو خەڵکانی جیهان لە پەیوەندییەکی بەردەوام و بێ ترسدا بن. خەڵک شەڕیان ناوێت.
ئەوان نایانەوێت بەردەوام لەژێر ترسی بۆمباران، شەڕ و کوژرانی گەنجەکانیاندا بژین.
ئەوەی کۆمەڵانی خەڵک دەیانەوێت، دڵخوازی دەسەڵاتداران و سەرمایەداران نییە. شۆڕشێکی بەرین لە پێناو
ڕزگاریدا دەستی پێکردووە. لەم ڕێبازە شکۆدارەدا، خەڵک خۆیان ڕێکدەخەن، لە ئاهەنگەکانی نەورۆز، لە شوێنەکانی کار و ژیان و لە بەرگری لە ژینگەی ئێران. ڕیزەکانی هاوپشتی و هاوخەباتی ڕۆژ بە ڕۆژ بەرینتر و
یەکگرتووتر دەبن. مارشی بزووتنەوە پێشکەوتووە کۆمەڵایەتییەکان لە پێناو تێکشکاندنی زستانی کۆنەپەرستان و زاڵبوونی بەهاری ئازادی، بەرەو پێش هەنگاو دەنێت. بەهار بەڕێوەیە.
هاتنی نەورۆز و
بووژنەوەی سروشت لە خەڵکی ئێران، لەو ملیۆنان مرۆڤەی کە بە ناچاری لە تاراوگە دەژین و هەموو ئەو خەڵک و نەتەوانەی کە ئەم نوێبوونەوەیە و هاتنی بەهار جەژن دەگرن، پیرۆز بێت.
بڕووخێت ڕژێمی کۆماری ئیسلامی
بژی شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران
بژی ئازادی، دێموکراسی و سۆسیالیزم
هەیئەتی ئیجرایی
ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر) و کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
یەکشەممە ٢٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، بەرامبەر بە ١٦ی مارسی ٢٠٢٥