کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بەشوێن ناڕەزایەتیەکان و داخرانی بازاڕی تاراندا لە رۆژەکانی یەکشەممە، دووشەممە و سێشەممە،

 

بەشوێن ناڕەزایەتیەکان و داخرانی بازاڕی تاراندا لە رۆژەکانی یەکشەممە، دووشەممە و سێشەممە، رۆژی چوار شەممە ٦ی مانگی پوشپەڕیش بازاڕی تاران سەرەڕای فەزای توندی ئەمنیەتی و حزوری بەرینی هێزە سەرکوتگەرەکان هەروا داخرابوو. خەڵکی وەگیان هاتوو لە دەست بێکاری، هەژاری و گرانی و بەرز بوونەوەی نرخی دۆلار کە بۆتە هۆی ڕکودی زیاتری بازاڕ، خۆپیشاندانیان پەرەپێدا بۆ باقی شوێنەکانی تاران بە تایبەت ناوچە بێبەشەکانی جنوبی تاران، سەوزە مەیدان، بازاڕی ئاسنگەران لە کوچەی مۆعه‌زه‌مۆل ده‌وله‌، بازاڕی بەینۆلحەرەمەین، پاساژی جەواهیریان و گەڕەکی جەوادیە. ئەوانیش بە دادانەوەی دەرابەی دوکانەکانیان و بە دانی دروشم لەدژی بارودۆخی ئابووری ئێستا و لەدژی کوللی حاکمیەتی ڕژیمی ئیسلامی، بە مانگرتنکەوە پەیوەست بوون. رۆژی سێشەممە هەواڵی پەرەسەندنی مانگرتن و کۆبوونەوە ناڕەزایەتیەکانی بازاڕی چەندین شاری تر لەوانە ئیسفەهان، کەرەج، شەهریار، کرماشان، مەشهەد، ئەراک، قشم، بەندەر عەباس، تەورێز و ورمێش بڵاو بۆوە.

ناڕەزایەتیی چەند رۆژ لەوە پێش دەبێ بە ڕەوتی سروشتی درێژەی ناڕەزایەتیەکانی مانگی بەفرانباری ڕابردوو دابنین. بە پێچەوانەی بۆچوونی لایەنگرانی ڕژیم و لیبڕاڵه‌كان و ئیسلاح خوازه‌كانی حكومه‌تی کە نیگەرانی گەشەسەندنی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش لە خوارەوەن، ئەو ناڕەزایەتیانە کۆتایی 152نەهاتبوو وە کۆتایی نایەت. لەبەر ئەوەی عەوامل و هۆکاری سەرەکی دەرکەوتنی ناڕەزایەتیەکان کە هەژاری و برسیەتی و پێشێل کردنی مافە ئینسانیەکانی جەماوەری خەڵکە، وەک خۆی ماوەتەوە. لەم ماوەیەدا ناڕەزایەتیی لە شێوازی جۆراو جۆریدا لەوانە مانگرتن و کۆبونەوە و ناڕەزایەتیی بەرینی کرێکاری مانگرتنی سەرتاسەری درێژماوە و سەرکەوتنی شۆفیر کامیۆنەکان، خۆڕاگری و خەباتی ژنان لە ناڕەزایەتیی بە بێ مافی بە توشی کێشە کردنی بنەماکانی ئاپارتایدی ڕەگەزیی ئیسلامی و ژێڕ پێ خستنی یاسا کۆنەپەرستانەکانی و ناڕەزایەتیی و داخوازی مامۆستایان، خانە نشینان و ماڵباختەکان و باقی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا و تەنانەت ئاخێزە شاریەکان هەروا درێژەیان هەبوو.

زیاد بوونی خێرای نرخی دۆلار لەبەرانبەر تمەندا کە هۆکاری یەکەمی ناڕەزایەتیی ئەم دەورەیە بوو، لە ئاسەوارەکانی قەیران لە ساختاری ئابووری کۆماری ئیسلامیدایە. روون و ئاشکرایە کە بە دابەزینی ئەرزشی تمەن نرخی کالا و پێداویستیەکانی رۆژانەی خەڵک بەرز دەبێتەوە و بە گران بوونی ئەرز توانایی کڕینی خەڵک بۆ دابین کردنی نیازەکانی ژیانیان کەم دەبێتەوە. ئەم ئەلف و بێی ئابوورییە باڵەکانی ڕژیمیش بە باشی دەیزانن. ئەوان دەزانن کە یەکێک لە هۆکارەکانی توند بوونەوەی قەیرانی ئابووری و بەرز بوونەوەی نرخی ئەرز، هەڕەشەی گەڕانەوەی تەحریمەکانی ئەمریکا و دەوڵەتانی رۆژئاواییە. دەزانن ئەمەش خەڵکی سەبارەت بە نیزامی بانکی و ماڵی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە پێشو بێ متمانە کردوە و لە ئاکامدا ڕێژەی داخوازی بۆ کڕینی ئەرزی بەرز کردۆتەوە. ئێستا ئەگەر خامنەیی و باڵی ئوسولگەرا لە تەسویە حیسابی جەناحیدا لەگەڵ دەوڵەتی روحانی خۆیان لە نەزانی داوە و ئەو بە خەتابار دەزانن و خوازیاری دەست لەکار کێشانەوەی دەوڵەتەکەین، و یان باڵی روحانی تەبلیغاتی ئەوان لەدژی کارکردنی دەوڵەت بە ئامانجی لابردنی دەوڵەت بە هۆکاری لەبەین چوونی متمانەی خەڵک دەزانن، بابەتێکی ترە.

درێژەی ناڕەزایەتیی کرێکاری و جەماوری لە ئێران رووی لە سەرجەم حاکمیەتی ئیسلامییە و هەر رۆژە و بە شێوازێک و لە شوێنێک سەرهەڵ ئەدات، سەرانی ڕژیمی لە هەموو باڵەکانی بە توندی نیگەران کردوە. لەم پێوەندەدا هاوکات لەگەڵ درێژەی ناڕەزایەتیەکانیی بازار، رۆژی سێ شەممە مەجلیسی ئیسلامی ڕژیم بۆ هەڵسەنگاندنی، کۆبونەوەیەکی داخراوی بەڕێوەبرد و قوەی قەزاییەش دانیشتنێکی خێرای پێکهێنا. لەوێوە کە سەرجەم باڵەکانی ڕژیم دەزانن تەنانەت بە خواردنەوەی جامی ژەهری تەسلیمی ئەمریکا بوونیش هیوایەک بە باشتر بوونێک لە بارودۆخی ئابووری خەڵکدا بوونی نییە و ناتوانن وڵامی ویست و داخوازیە ئابووری و سیاسیەکانی خەڵک بدەنەوە، لەم کۆبوونەوانەدا ڕێگا چارەیەکیان بێجگە لە بە دەستەوە گرتنی ئامرازی سەرکوت بۆ مانەوەیان نەدۆزییەوە. رۆژنامەی کەیهان زمان حاڵی ئوسولگەرا توند ڕەوەکان رۆژی دوو شەممە چواری مانگی پوشپەڕ باسیان لە “ئێعدام و دەست بەسەردا گرتنی ماڵ و مڵکی ناڕازیان” وەک ڕێگا چارەیەک بۆ ئیسلاحی ساختاری ئابووری کردبوو. رۆژێ دوای کۆبوونەوەی قوەی قەزاییە سادق لاریجانی و ژمارەیەک لە نوێنەرانی مەجلیسیش لە جەلەسەی داخراوی مەجلیسدا، بارودۆخی وڵاتیان “شەڕی ئابووری” ئەمریکا لەدژی ئێران وەسف کرد و هەڕەشەیان لە ناڕازیان بە بارودۆخی نابەسامانی ئابووری و بەڕێچوونی خۆیان کرد کە بە ئێعدام و زیندانی کردنی درێژ ماوە و دەست بەسرا گیرانی مڵک و ماڵیان تۆڵەیان لێدەکرێتەوە.

بەڵام ئەوە تەنیا باڵی ئوسول گەرا نییە کە وا بیر دەکاتەوە كه‌ گۆیا بە وەڕێخستنی كه‌ش و هه‌وای ترس و تۆقاندن بە ئێعدام و ئەشکەنجە و زیندان دەتوانن جەماوەری خەڵک لە بەدوادا چوونی داخوازیەکانیان پەشیمان بکەنەوە. حەسەن روحانی ئەم سیما ئەمنیەتیەی ڕژیم کە ١٠ رۆژ لەوەپێش لە چاوپێکەوتن لەگەڵ خامنەیی ئیدیعای کردبوو ” لە وڵاتدا کەمبوونێکمان نییە کە کۆمەڵگا توشی ڕەنج و ئازار بکات. نە کەم بوونی مادەی خۆراکیمان هەیە و نە کەم بوونی ئەرز و تەنیا پێویستیمان بە متمانە بە داهاتو هەیە.” رۆژی سێ شەممە لە کۆبونەوەی کاربەدەستانی قوەی قەزاییەدا هۆکاری بە وتەی ئەو “هەڵکشان و داکشانی ئەرز” شەڕی ڕەوانی ئابووری ئەمریکایە لەدژی کۆماری ئیسلامی و لە هاوئاهەنگی لەگەڵ باڵی ڕەقیبدا داوای لە دادستانەکان کرد لەگەڵ ئەو کەسانەی کە “بە تەبلیغاتی شوم خەڵک دەترسێنن، بەرخوردی قاتع بکەن.”

بە پێچەوانەی ڕێبەران و کاربەدەستانی دز و تاڵانچی ڕژیم کە بە ملیارد دۆلار لە سەروەت و سامانی کۆمەڵگایان ئاخنیوەتە گیرفانەوە، کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زۆرلێکراو و بێبەشی ئێران لە خەبات بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانیان هیچ شتێکیان بۆ لەدەست دان و دەست بەسەردا گیران نییە کەوایە ناڕەزایەتیی و خەباتی رۆژانەیان بۆ گەیشتن بە ویست و داخوازیەکانیان بابەتێکی حەیاتیە و هەڕەشەی جەنایەتکارانی ڕژیم نەیتوانیوە و ناتوانێ ئەوان لە بەدوادا چوونی داواکاریەکانیان پاشگەز بکاتەوە. لەم بارودۆخەدا ئامرازی سەرکوتی ڕژیم کاراییەکی بەرتەسکی دەبێت. بێ گومان درێژە و پەرەگرتنی ئەم ناڕەزایەتیانە بۆ ئاستی سەرتاسەری و سازمان یابی و ئاوێتە بوونی لەگەڵ ناڕەزایەتیی و مانگرتنی کرێکاری و باقی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان ڕێگایەکە کە خەڵک لە چنگی ئەم ڕژیمە جەنایەتکارە ڕزگار دەکات.