کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
بابه‌تی گه‌یشتوو

بەسەرهاتی ٨ ژن لە ڕەوتی شۆرشی ڕووسیادا

 

نووسین: ئالینا سافرۆنۆڤا

وەرگێران لە فارسیەوە: هیوا ئەمانی

هەرچەندەکە توانایی تەکنۆلۆژیای مرۆڤ زیاتر دەبێ، بەرابەری ژنان و پیاوانیش لە ڕووی فیزیکیەوە زۆرتر لەیەکدی دەچێ؛ بەڵام بەرابەری ژن و پیاو دەبێ لەسەر بنەمای ئاڵوگۆڕی مرۆڤانەی بەها پێوانە بکرێ. بەو مانایەی کە توانایی ژنان لە بەراوەردە کردنی نیازەکانی مرۆڤ، “بەرینتر لە ئەو شێوە توانایە جەستەیەی کە ئەوان لە چوارچێوەی جەستەیان دا هەیانە”، هەمان ئەو بەهایەی هەیە کە پیاوان گونجاو لەگەڵ فۆڕمی لەشیان لە توانایان دا هەیە.   

بە پێی ڕۆژژمێری تازە، دەستپێکی شۆڕشی ڕووسیا لە ١٠٥ ساڵ لەمەوپێش، هاوکاتە لەگەڵ ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژن. ژنان ڕۆڵێکی بەرچاویان لە زۆر لە ڕووداوە شۆڕشگێڕانەکاندا گێڕاوە. لێرەدا ئاوڕێكی کورت لە هەندێک کەسایەتی بەناوبانگی ژن لە سەردەمی شۆڕشی ڕووسیا دەدینەوە.

  

١. نادژدا کرۆپسکایا، مارکسیست و سیاسەتمەدارێکی دەربەست بوو کە زۆرتر وەک هاوسەری شۆڕشگێڕی ویلادیمێڕ لێنین دەناسرا. لە بنەماڵەیەکی خانەدانی پلەداری ئەفسەری لە سەنپێتێرزبورگ لە دایک بووە؛ لە سەردەمی خوێندن دا و لە قوتابخانەی دواناوندی کچان لەگەڵ هەندێک کۆڕ و کۆبوونەوە سیاسی هاتووچۆی هەبوو، هەر لەو ڕێگایەشەوە بوو کە لەگەڵ لێنین ئاشنا بوو. کرۆپسکایا بە هۆی پێوەندی لەگەڵ لێنین کەوتبووە ژێر کاریگەری ئیدە و بۆچوونەکانی و دواتر کاتێک لە ساڵی ١٨٩٦ لێنین دوورخراوە بۆ سیبیری، بڕیاری دا کە پێوەندی پێوە بگرێ. 

لێنین و کرۆپسکایا ماوەیەکی کورت دوای هاتنی کرۆپسکایا بۆ سیبیری زەماوەندیان کرد؛ پێوەندی ژن و مێرد لای ئەوان مانایەکی زۆر بەرینتری هەبوو، و بۆ تەواوی تەمەن بابەتی ژیان و شۆڕشیان پێکەوە بەرەو پێش برد. ئەوان دوای ئازادی لە سیبیری چوون بۆ ژێنێڤ، و کرۆپسکایا وەکوو هەڵەچن لە چاپی ڕۆژنامەی شۆڕشگێڕی ئیسکرا بەشداری کرد.

لە ئاوریلی ١٩١٧، ئەو و لێنین گەڕانەوە بۆ ڕووسیا. دوای بەدەسەڵات گەیشتنی بۆلشویکەکان لە ڕووسیا، بە هاوکاری ئاناتۆلی لۆناچارسکی، بوو بە یەکەمین کۆمیسەری کۆمیساریای پەروەردە و بارهێنانی شۆڕەوی؛ و بابەتی خەبات لە دژی بێسەوادی گەورە ساڵانی لە ئەستۆ گرت. ئەو ١٠ ساڵ وەکوو جێگری وەزیری پەروەردە و بارهێنانی شۆڕەوی کاری کرد. کرۆپسکایا هەروەها خوڵقێنەری کامسۆمۆڵ (رێکخراوی لاوانی حیزبی کۆمۆنیست) و بزوتنەوەی پیۆنیر (بزوتنەوەی بنیاتنانی ناوەندە پەروەردەیەکانی منداڵانی نیوان ١٠ بۆ ١٥ ساڵان)یش بوو.

وردەکاری ژیانی و هەروەها هاوڕێیەتی لەگەڵ لێنین دەتوانن لە کتێبی “یادەکان”دا بخوێننەوە.

 

٢. اینسا ئاڕماند،  فێمێنیست و کۆمۆنیستێک بوو کە کەسایەتیەکی تایبەت و گرنگی لە بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەدا هەبوو، و تا کۆتایی ژیانی خۆشەویست و جێی ڕێزی لێنین بوو. لە بنەماڵەیەکی هونەرمەند لە پاریس لە دایک بوو و لە تەمەنی ١٩ ساڵاندا لەگەڵ کوڕی خاوەن کارخانەیەکی دەوڵەمەند زەماوەندی کرد. ئاڕماند و هاوسەرەکەی بانگەشەی ئەندێشە شۆڕشگێرانەکانیان دەکرد و لە مۆسکۆ خوێندنگایەکیان بنیاتنا کە تایبەت بوو بە منداڵانی جوتیاران (فەقیر).

ئاڕماند دوای ئەوەی کە بە هۆی هەڵسوڕانە سیاسیەکانی لە ساڵی ١٩٠٧ بە دژی دەسەڵاتی تێزاری دەستگیر دەکرێ، بۆ ماوەی یەک ساڵ دوردەخرێتەوە بۆ  باکووری ڕووسیا. ئەو لە ساڵی ١٩٠٨ توانی لە باکووری ڕووسیا هەڵبێت لە پاریس نیشتەجێ بێ، هەر لەوێش بوو کە لێنینی بینی. 

ژنێکی سەرنج ڕاکیش بوو، لە ڕووی موسیقاوە خاوەن بەهرە بوو، شارەزا بوو لە چەندین زمان و ئەویندار بوو بەرامبەر بە بۆلشویزم، هەر بۆیە زۆر زوو توانی وەکوو دەستە ڕاستی لێنین ئەرک وەربگرێ. ئاڕماند هەر ئەو کەسە بوو کە لێنین ناردیەوە ڕووسیا تاوەکوو کەمپەینی چوونە ناوەوەی بۆلشویکەکان بە دۆما [پاڕلمانی ڕاوێژ بۆ یاسا دانان لە ڕووسیای تیزاری] رێکبخا. 

دوای شۆڕشی ئۆکتۆبر، ئاڕمەند بەرێوەبەریەتی ژێنۆتڵ [واتە: رێکخراوێک کە خەباتی دەکرد بۆ بەدیهێنانی بەرابەری ژن و پیاو لە وەرگرتنی ئەرکە حیزبی و یەکیەتیەکاندا] لەسەر شان بوو. وە هەروەها ئەرکی سەرۆکایەتی یەکەمین کۆنفڕانسی نێونەتەوەی ژنانی لەسەر شان بوو. ئاڕمەند تووشی نەخۆشی کۆلێرا (وەبا) ببوو و لە ساڵی ١٩٢٠ و لە تەمەنی ٤٠ ساڵی دا بە هۆی ئەو نەخۆشیەوە گیانی لەدەست دا.

 

٣. ناتلیا سێدووا، مرۆڤێکی شۆڕشگێڕ بوو کە زۆرتر بە هاوسەری دووهەمی ترۆتسکی دەناسرێتەوە. 

لە کۆشی بنەماڵەیەکی دەوڵەمەند و بازەرگان لەدایک بوو و لە ڕووسیا خوێندنی تەواو کرد. سێدووا ٢٠ ساڵان بوو کە لە پاریس لە پێشانگایەک لەگەڵ ترۆتسکی ئاشنا دەبێ. ئەو یەکێک لە هەوادارانی ڕۆژنامەی ئیسکرا بوو و ترۆتسکیش ئەرکی نوێنەرایەتی ئەو ڕۆژنامەیەی لە لەندەن لەسەر شان بوو. سێدووا و ترۆتسکی هەردووکیان لە شۆڕشی ١٩٠٥ دا بەشدار بوون.

بنەماڵەی ترۆتسکی لە کاتی شەڕی جیهانی یەکەمدا سەفەریان بۆ زۆر شوێنی دنیا کردبوو (لە وین تاوەکوو پاریس). سێدووا و ترۆتسکی لە ساڵی ١٩١٧ گەڕانەوە بۆ ڕووسیا. ئەو دوای شۆڕشی ئۆکتۆبر لە کۆمیساریای پەروەردە و بارهێنان دامەزرا و ئەرکی مۆزەخانەکان و شوێنە مێژوویەکانی پێ سپێردرا. ترۆتسکی و بنەماڵەکەی لە ساڵی ١٩٢٩ لە شۆڕەوی دەرکران و دواتر لە مێکزیک نیشتەجێ بوون.

سێدووا دوای مردنی هاوسەرەکەی لە ساڵی ١٩٤٠ [لە ڕاستیدا لەلایەن ئێستالینەوە تێرۆر کرا]، چووە پاریس و لەوێ لەگەڵ زۆریەک لە شۆڕشگێڕە دورخراوەکان پێوەندی گرت. یەکێک لە کارە گرنگەکانی ئەو لە کۆتایەکانی تەمەنیدا، نووسینەوەی ژیاننامەی ترۆتسکی بوو. 

 

٤. ئەلێکساندرا کۆلێنتای، کەسایەتیەکی شۆڕشگێڕ، تێکەڵ لەگەڵ سیاسەت و هەروەها دیپلۆماتکاری شۆڕەوی بوو. ئەو یەکەمین ژن بوو لە مێژووی ڕووسیا دا کە توانی پلەی وەزیر بەدەست بهێنێ. بە هۆی هەڵسوران و خەباتەکانی ئەوەوە بوو کە ژنان لە ڕووسیا توانیان بە مافی بەرابەر لەگەڵ پیاوان بگەن.

ئەو کە لە ئۆکراین لە دایک ببوو لە سەنپێتێرزبورگ گەورە بوو. کۆلێنتای دوای هاوسەرگیریەکی ناوەخت و جیایی لە هاوسەرەکەی لەگەڵ هەندێک دامەزراوەی پەروەردەی خۆڕایی دەستی بە کار کرد. لە زوریخ و لە بەشی زانست درێژەی بە خوێندن دا و  دواتر چەند ساڵێکیش لە فینلاند ژیا. کۆلێنتای لە ساڵی ١٩١٥ بووە ئەندامی بۆلشویکەکان و دوای شۆڕشی ئۆکتۆبر گەڕاوە ڕووسیا و زۆر خێرا بوو بە بەرپرسی خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی. 

ئەو لێکۆلینەوە گەلێکی زۆری لەسەر ژنان لە ڕووسیا ئەنجام دا، کە ئاکامەکی هەنگاو گەلێک بوون کە بەرابەری نێوان ژن و پیاوی لە ناو خەڵکدا بڵاو دەکردەوە. کۆلێنتای لە سەردەمی ئیستالین دا وەکوو باڵوێزی شۆڕەوی لە وڵاتانی نۆڕوێژ، سوێد و مەکزیک کاری کردووە. 

 

٥. لاریسا ڕایزنر، زۆریەک لە هاوچەرخەکانی ئەویان وەک “واڵکێری شۆڕشی ڕووسیا” پێناسە دەکرد [واڵکێری ئوستورەیەکی نۆڕوێژی-سوێدی و یەکێک لە خزمەتکارانی ئەودینە (خودای هونەر و فەرهەنگ و شەڕ و مردوەکان)کە پەرەستیاری لە ڕۆحی شەهیدەکاندەکا]. ئەو نمونەیەکی تەواو و تایبەت بوو لە وێنەی ژن لە هونەری شۆڕشگێڕانەدا.

ئەو لە لەهێستان لە کۆشی بنەماڵەیەکی مافناس و مافەوان لە دایک بوو. ڕایزنێر هەڵوسوڕانی ئەدەبی خۆی دوای تەواو کردنی قۆناغی خوێندن لە سەنپێتێرزبورگ دەست پێکرد. گۆڤارێکی ئەدەبی و دژە جەنگی بە ناوی “رودین” دامەزراند؛ و دوای شۆڕشی فێوریە کاری بۆ گۆڤاری ڕوسی نوایا ژیزن دەکرد کە لە ژێر چاوەدێری ماکسیم گۆرکی دا بوو. لە ساڵی ١٩١٧ دا وەکوو یاریدەدەری لۆناچارسکی لە ئێسمۆلێنی دەستی بەکار کرد و ئەرکی پاراستن و ئاگادری بوو لە بەرهەمە هونەری-مێژوویەکان. [ئێسمۆلێنی شوێنێکی بەناوبانگ بوو لە ناوەڕاستی سەنپێتێرزبورگ کە پێکهاتبوو لە کۆمەلێک بینای مێژوویی. ئەو بینایانە لە سەدەی ١٨ و ١٩ دەدا دروستکرابوون و لێنین لە کۆتایەکانی ١٩١٧ تا سەرەتایی ١٩١٨ لەوێدا دەژیا].

لاریکا ڕایزنر دوای ئەوەی پێوەندی بە بۆلشویکەکانەوە گرت، ئەرکێکی تایبەتیان پێسپارد؛ ئەو لە قامەتی سیاسەتمەدارێکی سەربازی دا دەستی بەکار کرد. لە ساڵی ١٩١٩ وەکوو “کۆمیسەری بارەگای هێزە دەریایەکان” لە مۆسکۆ دەستی بەکار کرد. 

لە ساڵی ١٩٢٣ دا سەفری کرد بۆ ئاڵمان تاوەکوو یەکەمین شاهیدی شۆڕش بێ لە ئاڵمان، و هەندێک بابەت لەسەر شۆڕش لە ئاڵمان بنوسێ. ئەو بابەتانە دواتر لە ژێر ناوی “بێرلین، ئۆکتۆبری ١٩٢٣” و “سەنگەربەندی لە هامبۆرگ” بڵاو  بوونەوە. لاریسا لە ماوەی ٣ ساڵ مانەوەی لە ئاڵمان پێوەندی سۆزداری لەگەڵ کارڵ رادێک (شۆڕشگێڕی ئەنترناسویۆنالیست) دروست کرد؛ و دوای گەڕانەوە بۆ ڕووسیا، لە ساڵی ١٩٢٦ و لە تەمەنی ٣٠ ساڵی دا گیانی لەدەست دەدا. 

 

٦. سۆفیا پانینا،  منداڵی بنەماڵەیەکی کارەخانەدار و یەکێک لە یەکەمین فێمینیستەکانی ڕووسیا بوو. ئەو یەکەمین ژن بوو کە لە کابینەی دەوڵەتی کاتی دا سەرەتا وەک جێگری  وەزیری کاروباری خێرخوازی و دواتر وەکوو جێگری وەزارەتی پەروەردە دەست بەکار بوو. بە هۆی بەشداری لە بزوتنەوەی لیبراڵی و کارە خێرخوازانەکانی بەناوبانگە. 

پانینا لە مۆسکۆ لەدایک بووە و هەر لەوێش خوێندنی تەواو کردووە. تەمەنی تەنیا ٢٠ ساڵ بوو کە دەستی بە دروست کردنی ساڵۆنێکی نەهارخۆری لە ناوچەی کرێکاری سەنپێتێرزبورگ کرد. وە هەروەها (ماڵی خەڵکی لێگۆفسکی) دروست کرد بۆ نیشتەجێ بوونی کرێکاران [ئەو  کرێکارانەی کە بێ ماڵ وحاڵن].

دەستپێکی هەڵسواڕانی سیاسی ئەو دەگەڕێتەوە بۆ کەمێک دوای شۆڕشی فێوریە لە دومای سەنپێتێرزبورگ. بە (کێنتسی سوور) ناوبانگی دەرکردبوو، چونکوو بەردەوام بە دژی سەرەڕۆیی و ستەمکاری هوڵسورانی دەکرد. سۆفیا وەکوو یەکێک لە ئەندامانی دەوڵەتی کاتی ئامادە نەبوو کە سامانی وەزارەتی پەروەردەی فەرهەنگ بدرێ بە بۆلشویکەکان.

سۆفیا پانینا لە لایەن دادگای شؤڕایی پۆترۆگراد دادگایی کرا، بەڵام سزایەکی سووکیان بەسەردا سەپاند: سزاکەی بریتی بوو لە لۆمەی گشتی. لە ساڵی ١٩١٩ دا پیوەندی بە ژێنێڕاڵ ئانتۆنەوە گرت کە ئەو کات لە باشووری ڕووسیا بوو، بەڵام دوای چەند ساڵێک ناچار بوو کە کۆچ بکا بۆ ئامریکا؛ ئامریکا ئەو شوێنە بوو کە سۆفیا کاریگەری و ڕۆلێکی بەرچاوی لە بنیاتنانی ناوەندی لێئۆ تۆڵستۆدی، نووسەری کلاسیکی ڕووسیا، گێڕا.

 

٧. وێرا زاسۆلیچ،  نووسەرێکی مەنشویک و شۆڕشگێڕ بوو. زاسۆلیچ لە نزیک ئێسمۆلێنسک لە کۆشی بنەماڵەیەکی هەژار بەڵام خۆشناو لە دایک بوو. ئەو دوای تەواو کردنی خوێندنی دواناوەندی چوو بۆ سەنپێتێرزبورگ و لەوێ ناوەندێکی بۆ فێرکردنی خوێندەواری بە کرێکاران دامەزراند. 

زاسۆلیچ لە دەیەی ١٨٧٠ دا پێوەندی بە باکۆنین و بزوتنەوە ئاناڕشیستیەکەیەوە گرت. دوای ئەوەی کە زاسۆلیچ پێوەندی بە گروپە ئاناڕشیستیانەوە گرت، یەکێک لەو گروپانە کە ئەویش ئەندامی بوو، پلانی تێرۆری سەرهەنگ فیدرۆ تێرپۆفی قایمەقامی پێترۆزبۆرگ یان داڕشت و بە کردەوەی دەرهێنا. قایمەقام زۆر بە سەختی لەلایەن زاسۆلیچەوە بریندار کرا، وە بەرلەوەی کە دەستگیر بکرێ توانی ڕابکا. ئەو دوای شۆڕشی ١٩٠٥ گەڕاوە ڕووسیا و پێوەندی بە لایەنی یەدینێستڤۆ (بە مانای یەکگرتن)ەوە گرت کە لایەنێک بوو لە حیزبی سۆسیال دیمۆکرات  کرێکاری ڕووسیا کە لەنێوان ساڵەکانی ١٩١٤ تا ١٩١٧ لەلایەن پلێخانۆفەوە ڕێبەری دەکرا. 

زاسۆلیچ لە شۆرشی ١٩١٧ دا بەشداری کرد، بەڵام پشتیوانی لە لایەنێک کرد کە دژی لێنین بوو: ئەو لەگەڵ ئەو لایەنە لە سەردەمی چاپ و بڵاو کردنەوەی ئیسکراوە ئاشنا بوو.

زاسۆلیچ ماوەیەک دوای شۆڕشێ ئۆکتۆبر، لە ساڵی ١٩١٩ دا بۆ هەمیشە چاوەکانی لێکنا و ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

 

٨. ڕۆزیلا زێملیچکا، شۆڕشگێڕێكی ڕووس لە بنەماڵەیەکی یەهودی، سیاستوانی شۆڕەوی و ژنێکی کار لێهاتوو بوو لە دەوڵەتدا. هەندێک کەس ناویان لێنابوو “شەیتان” یان “توڕەیی ترسێنەری سوور”. یەکەمین ژن بوو کە توانی مەدالیای “پەرچەمی سوور” وەربگرێ.

زێملیچکا لە دایکبووی بنەماڵەیەکی بازرگانی دەوڵەمەند بوو، تەمەنی منداڵی لە کیەف بردە سەر، و دەورەی پەروەردەی پزشکی بە باشترین دەرەجەوە پشت سەر نا. وێڕای خوێندن لە پزشکی سەرقاڵی هەڵسورانە شۆڕشگێڕانەکانیش بوو.

وە هەروەها لە ڕێكخستنی یەکەمین شۆڕشی ڕووسیا لە ١٩٠٥ و دواتر لە شۆڕشی فێوریە بەشداری کرد؛ تەنانەت لە ساڵی ١٩١٧ کرێکارانی هان دەدا کە لە مۆسکۆ ڕێپێوانی چەکدارانە ئەنجام بدەن. 

دوای شۆڕشی ئۆکتۆبر ڕۆزیلا وەکوو سکرتێری کومیتەی کریمە دەستی بەکار کرد. هۆکاری ئەوەی کە هاوڕێ لەگەڵ بالکۆن ناوبانگیان پەیدا کرد، بریتی بوو لە ڕێكخستنی تێرۆرە سوورەکان بە دژی هێزەکانی سوپای سپی لە کریمە لە ساڵەکانی ١٩٢٠ تا ١٩٢١. زێملیچکا لە ساڵی ١٩٤٧ ماڵئاوایی لە ژیان کرد و پەیکەرەکی لە مەیدانی سوور، لە نزیک دیواری کرێملین بە خاک سپێردرا.   

                     

بابەتی پەیوەندیدار

ئێران بۆ ھێرش دەکاتە سەر ھەولێر؟

د.شێرکۆ کرمانج

شەرە جنێوی هیتلەرەکان، پەیوەندی بە مافی ستم لێکراوانەوە نییە ؟!

-

جارێکی دیکە دەستی چەپەڵی تیرۆری کۆماری ئیسلامی له هەرێمی کوردستان !؟

-

‏تێبینیەک له سەر هەڵوێست گرتن بەرامبەڕ شەڕی‎ ئیسڕائیل و حەماس

-

خەڵاتی مافی مرۆڤی ئورووپا بۆ ژینا سەرکەوتنێکی دیکە بۆ شۆڕشی ژن؛ ژیان؛ ئازادی

-

سەبارەت بە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەقەڵەمی هاوڕێ ئیبراهیم عەلیزادە

-