کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بەرەو پێش چوونی بزوتنەوەی کرێکاری لە گرەوی هاوکاری و یەکگرتویی جیهانی دایە

277

بە ڕاشکاوی دەتوانین بڵێین کە دوای ئاخێزی مانگی بەفرانبار ئاڵوگۆڕێکی مێژوویی لە ئەفکاری جەماوەری خەڵکدا بەدی هاتووە. بێ گومان لە ناوەندی ئەم ئاڵوگۆڕەدا، گۆڕانێکی قوڵە کە لە بزوتنەوەی کرێکاری ئێراندا ڕوویداوه‌. مانگرتنی سەرتاسەری کرێکارانی ڕێگای ئاسن، مانگرتنی هپکۆ ی ئەراک، مانگرتنی شۆفیر کامیۆنەکان، مانگرتن و ڕێپێوان و کۆبوونەوەی هەموو رۆژەی کرێکارانی حەوت تەپە و فولادی ئەهواز، تەحەسونی دوو رۆژی، تەحەسونی خوێندکاران بەگشتی نیشانه‌كانی ئه‌و ڕاستییه‌ن کە نە تەنیا بزوتنەوەی کرێکاری بەڵکو بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی دیکەش هەنگاوی بنەڕەتیان بەرەو پێشەوە هەڵێناوەتەوە. کاتێک کە کرێکارانی حەوت تەپە دروشمی” نان، کار، ئازادی، ئیدارەی شوڕایی” یان هێنایە گۆڕێ، ڕەنگە بە هاسانی نەدەکرا پێتوابێ کە ئەم دروشمە دەبێتە دروشمی هەموو بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و گرنگ تر لەوەش دەبێتە ئاڵقەی پێوەندی داخوازی ئەو بزوتنەوانە. هیچ بەیانیەیەک لە لایەن تەشەکولە کرێکاری، موعەلیمان، خوێندکاران، هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە مەدەنیەکان، هەڵسوڕاوانی بواری مافەکانی ژنان بڵاو نابێتەوە کە بە شێوەیەک لەگەڵ ئەم داخوازیەدا بەرەو روو نەبین. و واوەتر لەوەش هیچ بەیانیەیک بڵاو نابێتەوە کە هاو پێوەندی و هاو چارەنووسی ئەم بزوتنەوانە وەبیر نەهێنێتەوە.

کاتێک کە ئەم بزوتنەوانە لەدژی خوسوسی سازی دروشم ئەدەن و دژایەتی خۆیان لەگەڵ ئەم سیاسەتە نیئۆلیبڕاڵیەی سەرجەم بانەدەکانی ڕژیم ڕادەگەیەنن، هاوکات ئوپوزسیۆنی بۆرژواییش دەکەنە ئامانج و ئەم ئوپوزسیۆنە وادار بە بێدەنگی دەکەن.

ئەم سیاسەتە دژی ئینسانیە کاتێک کە پێ دەنێتە وڵاتانی دەوروبەرەوە، ئاکامەکانی له‌ هه‌موو شوێنێك، كه‌م و زۆر وەک ئه‌وه‌یه‌ كه‌ لە ئێراندا دەیبینین، بە ملیۆن کرێکاری بێکار، بە ملیۆن کرێکار کە حەقدەستیان چوار جار لەژێر هێڵی هەژاری دایە، بەملیۆن منداڵی کار، کۆمەڵێکی زۆر لە کارتۆن خەوەکان، بەشێکی زۆر لەو ئینسانانەی کە بۆ گوزەرانی ژیان ئەندامەکانی جەستەیان هەڕاج دەکەن، ئەو هەزاران ژنەی کە لە بازاڕی لەشفرۆشیدا بوونەتە کالا و دەستاودەست دەکرێن.

ئاخێزی مانگی بەفرانبار سەرەتای ناڕەزایەتیەکی جەماوەری بە گشت ئەم تاڵانگەریانە، ستەم و نابەسامانیە کۆمەڵایەتیانە بوو. وڵامی ڕژیم بەڵام بەڕەواڵی چل ساڵی ڕابردو پەنابردنەبەر سیاسەتی سەرکوت و ترساندن بووە. بەم جیاوازیەوە کە ئێستا سیاسەتی پێكهێنانی ترس و توقاندن، سەرکوت، گرتن و زیندانی کردن ئیتر کاراییەکی ئەوتۆی نەماوە. لە بەرانبەر هەر ڕێبەر و هەڵسوڕاوێکی کرێکاریدا کە دەگیرێ سەدان کەس جێگای دەگرنەوە. لە بەرانبەر هەر خوێندکارێکدا کە دەگیرێ، بەشێکی تر لە خوێندکاران بە بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکانەوە پەیوەست دەبن، ژنان پاشەکشەیان نەکردوە و لە ڕیزی پێشەوەی مانگرتنەکان، ناڕەزایەتی و ڕێپێوانەکانی کرێکاران، موعەلیمان و خوێندکاران دان.

ڕژیم ئێستا هاوکات لەگەڵ ده‌ست بردن بۆ سەرکوت فڕوفێڵ و پیلان گێڕانەکانیشی زیاتر کردوە. هاوکات بەشێکی زۆر لە کرێکاران ئەم وشیاریەیان دەستەبەر کردوە کە شگرد و پیلان گیڕانی ڕژیم بناسن و پوچەڵ بکەنەوە. ئەمە ڕادەیەک لە وشیاری، خەبات و خۆڕاگری کرێکارانە کە شەپۆلێک لە هاوپشتی لەگەڵ ئەوانی لە نێوخۆ و لە دەرەوە پێكهێناوه‌. لە بەیانیەی” شوڕای سینفی خوێندکاراندا” کە ٣٦ شوڕای سینفی مۆریان کردوە، هاتووە کە:” هەر جارێک کە دەنگی ناڕەزایەتی ئێمە بەرز دەبێتەوە، لەگەڵ هێرشی ئەمنیەتی توند، هەڕەشە، گرتن و زیندانی و ئەشکەنجەدا بەرەو روو بوینەتەوە. خۆڕاگری بەدیهاتوش، هەمووی لە ڕاستایەکی وەک یەکدا بووە: خۆڕاگری هەڵسوڕاوانی بزووتنه‌وه‌ی، ژنان، مانگرتنەکانی حەوت تەپە، هیپکۆ ی ئەراک، فولاد ی ئەهواز و کامیۆنداران، تەحەسونی مۆعه‌لیمان و ناڕەزایەتی پەرستاران بە گشتی لە ڕاستای پاشەکشە کردن بە هێرشی نیئۆلیبڕاڵی لە گۆڕەپانە جۆراوجۆرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا بوون. کەوایە ڕه‌وتی حه‌ره‌كه‌تی خوێندکارانش هاو پێوەند لەگەڵ بزوتنەوەی مۆعه‌لیمغان، ناڕەزایەتی کرێکاران لەدژی خوسوسی سازی، خانەنشینی، پەرستاران و باقی چین و توێژە هەژارەکان دایە. ئێمە لەسەر ئەم پێوەندیە جەخت دەکەینەوە و شانازی پێوەدەکەین.”

لە بەیانیەی هاوپشتی هەڵسوڕاوانی مافەکانی ژناندا کە ناوی ١٠٠ کەسی بەژێروەیە، هاتوە:” ئێمە کۆمەڵێک لە هەڵسوراوانی ژنان لە ئێران، وێڕای ڕاگەیاندنی هاوپشتی لەگەڵ مۆعه‌لیمان، پەرستاران و کرێکارانی ڕاپەڕیو دەڵێین کە ئێمەش وەک ئێوە لەسەر ئەو بڕوایەیەن سیاسەتە نیئۆلیبڕاڵیەکان و لە ناخی خوسوسی سازیدا دەستکەوتێکی بێجگە لە هەژاری و ڕۆژ ڕەشی بۆ خەڵک بەشوێنەوە نییە، لەم ڕوەوە خۆمان لەپاڵ ئێوەدا دەبینین.”

لە بانگەوازەکەی” سەندیکا کرێکاریەکان و تەشەکولی مامۆستایاندا” بۆ پشتیوانی لە ئازادی ئیسماعیل بەخشی، عەلی نەجاتی و سپیدە قولیاندا هاتووە:” ئێمە کە له‌م بانگەوازەوەدا ناومان هاتوە داوا لە گشت کرێکاران و تەشەکولە کرێکاریەکان لە ئێران و جیهان دەکەین دەنگی ناڕەزایەتی کرێکارانی حەوت تەپە بن و یەکگرتوانە بۆ ئازادی هەرچی زووتر و بێ شەرت و مەرجی ئیسماعیل بەخشی و عەلی نەجاتی و هەروەها دەستەبەر بوونی داخوازیەکانی کرێکارانی نەیشەکوری حەوت تەپە و هەروەها بۆ ئازادی خانمی سپیدە قولیان، ئەو هاووڵاتییه‌ی کە لە کۆبوونەوەی کرێکاران و بنەماڵەکانیاندا ئامادە بووە و گیراوە لە هیچ پشتیوانیەک دریغ نەکەن.”

لە دەرەوەی وڵاتیش بە هیممەتی ئەحزاب و سازمانە چەپ و کومونیستەکان و ناوەندەکانی لایەنگری مافەکانی کرێکاران زیاتر لە ٣ حەفتەیە کە کۆمەڵێک کەمپەین لە جەریاندایە. هاوکات زیاتر لە ٨٠ سەندیکای کرێکاری لە دنیادا بە ناردنی نامەیەک ناڕەزایەتی خۆیان بۆ خامنەیی دەربڕیوە. کۆنگرەی چواری” کۆنفیدڕاسیۆنی نێونەتەوەیی یەکێتیە کرێکاریەکان” لە قەتعنامەیەکدا کە رۆژی هەینی ١٦ ی مانگی سەرماوەز بڵاو کرایەوە،” خوازیاری ئازادی گیراوەکان لەوانە ئیسماعیل بەخشی و عەلی نەجاتی و بە ڕەسمیەت ناسرانی یەکێتی و شوڕا سەربەخۆ کرێکاریەکان لە ئێراندا بووە.” یەکێتی کرێکارانی پیشەسازی دنیا” بە نوێنەرایەتی ٥٠ ملیۆن کرێکار لە ١٤٠ وڵاتی دنیادا بە ئاماژە کردن بە” خوسوسی سازی حەوت تەپە و فولادی ئەهواز” و بە ئاماژە کردن بە سیاسەتی سەرکوتگەرانەی ڕژیم ڕایگەیاندوە کە” ئەم جۆرە هەوڵە توندوتیژ ئامێز و سەرکوتگەرانە بۆ شکاندنی مانگرتنی کرێکاران بۆ حاکمیەتی ئێران شەرمەزاری بە شوێنەوە دەبێت.”

ئێستا بە سەرنجدان لە کاردانەوەی جیهانی خەباتی کرێکاری، پێویستە کە هەروا کەمپەینە سەرتاسەریەکان لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات بۆ دیفاع لە بزوتنەوەی کرێکاری ئێران و ئازادی کرێکاران، خوێندکاران و مۆعه‌لیمان درێژە پێبدەین، و ڕژیم وادار بە پاشەکشە بکرێت.