بەرەو مانگرتنی گشتی لە کوردستان و هاوپشتی و هاوخەباتی لەگەڵ بزووتنەوەی سەرتاسەری خەڵکی ئێران
ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بەرانبەر بەو هەلومەرجە تاقەت پروکێنەی بژێوی ژیان کە کۆماری ئیسلامی بەسەر خەڵکی ئێرانیدا سەپاندووە، پێی ناوەتە شەشەمین ڕۆژی خۆیەوە و بۆتە بزووتنەوەیەکی بەربڵاو و مافخوازانە. ئەوەی کە لە بازاڕەکانی تارانەوە دەستی پێکرد، بەخێرایی زیاتر لە پانزە شاری ئێرانی گرتەوە و چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵک و لەوانە خوێندکاران بەم شەپۆلی ئەو ناڕەزایەتییەوە پەیوەست بوون. ئەم بزووتنەوەیە ڕەنگدانەوەی ڕق و بێزاریی گشتییە سەبارەت بەو هەژاری، هەڵاوسان، بێکاری، گەندەڵی و نایەکسانییەی کە ساڵانێکە بەرۆکی خەڵکی ئێرانی گرتووە. خەڵکی کوردستانیش لە هەمان ئەو ئازار و بێبەشییە بەهرەمەندن کە بەشەکانی دیکەی ئێرانی هەژاندووە. پێویستە ئەوەش زیاد بکرێت کە کوردستان لە دەیان ساڵی ڕابردوودا بەردەوام پێشەنگی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکانی ئێران بووە. لە شۆڕشی ژنان، ژیان، ئازادییەوە بگرە تا زۆرێک لە بزاڤە مەدەنی و سیاسییەکان، خەڵکی کوردستان گەلێک جار نیشانیان داوە کە لە ئاست ستەم و سەرەڕۆیی دا سەر دانانەوێنن.
لەم هەلومەرجە هەستیارە مێژووییەدا، دەربڕینی هاوسۆزی و هاوپشتی خەڵکی کوردستان لە هاوچارەنووسەکانیان لە سەرانسەری ئێران، پێویستییەکی سیاسی و ستراتێژیکە. یەکگرتوویی چین و توێژی کرێکار و زەحمەتکێش، بەبێ لەبەرچاوگرتنی سنوورە نەتەوەیی و جوگرافییەکان، تەنیا ڕێگایە بۆ دەربازبوون لە هەژموونی سەرمایەداری و ستەم و سەرەڕۆیی ئایینی. کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر ئەم شەپۆلە ناڕەزایەتییەدا سەرلەنوێ ڕواڵەتی فریوکارانەی خۆی نیشان دا. لەلایەک بە بیانووی بێبنەمای وەک سەرما و قەیرانی وزە، بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی کەشوهەوای ناڕەزایەتییەکان و ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی زیاتری بزووتنەوەکە، پشووی فەرمی ڕاگەیاند. (ئەم پشووە سەپێنراوە ڕۆژی یەکشەممە کۆتایی دێت). لە لایەکی دیکەوە بەرپرسانی ڕێژیم بە زمانێکی ڕیکارانە ڕایانگەیاندووە کە گۆیا لە داخوازییەکانی خەڵک تێدەگەن و ناڕەزایەتییەکان بە ڕەوا دەزانن. بەڵام لە هەمان کاتدا دەزگای سەرکوتی ڕژیم بەردەوام چالاک بووە. هێزە ئەمنییەکان ڕژانە سەر شەقامەکان، دەستگیرکردن دەستیپێکرد، توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران بەکارهێنرا و چەند خەباتکارێکیش گیانیان لەدەستدا. ئەم دووفاقییە نیشانەی ترسی لەڕادەبەدەری ڕژێمە لە هێزی جەماوەر و داماویی و بێتوانایی لە بەرامبەر ویست و داواکاریی ڕەوای جەماوەری بێبەشدا.
* دەرفەتی مێژوویی: مانگرتنی گشتی ملیۆنی لە کوردستان
ئێستا کە ماوەی پشووی فریوکارانەی ڕژیم بەرەو کۆتایی دەڕوات، دەرفەتێکی ناوازە لەبەردەم خەڵکی کوردستاندایە. ئەم دەرفەتە، کاتێکی گونجاوە بۆ ڕێکخستنی مانگرتنێکی گشتی ملیۆنی کە بتوانێت هێز و ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان بە هەموو ئێران و جیهان نیشان بدات. مانگرتنێکی لەم شێوەیە دەتوانێت پێگەی کوردستان وەک یەکێک لە سەنگەرە بەهێزەکانی شۆڕشی داهاتووی ئێران بچەسپێنێت و پەیامێکی ڕوون بۆ ڕێژیم بنێرێت، کە: کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە پەنای خەڵکی ئێراندا وەستاون و واز لە خەبات لە پێناو عەداڵەت و ئازادی و یەکسانی ناهێنن.
* هێزی مانگرتنی سیاسی
ئەزموونەکانی پێشووتر، بەتایبەتی لە سەردەمی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا، بە ڕوونی نیشانیان دا کە مانگرتنی سیاسی گشتی چۆن دەتوانێت هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیم ئیفلیج بکات. کاتێک کرێکاران، بازاڕیان، خوێندکاران و خەڵکی ئاسایی لە یەک کاتدا دەست لەکار دەکێشنەوە، دەزگای سەرکوتی ڕژێم لەکار دەکەوێت و زەمینگیر دەبێت. مانگرتنی گشتی نەک هەر ئامرازێکی خەباتکارانە، بەڵکوو نیشاندانی هێزی بەکۆمەڵ و هاوپشتی و هاوخەباتی خەڵکی بێبەش و هاوچارەنووسە. ئەم کردەیە ئەوە دەردەخات کە کاتێک خەڵک یەکگرتوو بن، هیچ هێزێک ناتوانێت لە بەرامبەریاندا بوەستێت. مانگرتن و ناڕەزایەتی سەرانسەری دیاردە گەلێکی دینامیکی و مێژووسازن کە دەتوانن کۆمەڵگا بەرەو گۆڕانکاریی قووڵ و بنەڕەتی پاڵ پێوە بنێن. ئەم بزاڤانە بە کاریگەری لەسەر ڕەهەندە جیاوازە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان، توانای گۆڕینی پێکهاتەی کۆمەڵگەیان هەیە. مانگرتنی سیاسی گشتی، ئەولاترە لە کردەیەکی پیشەیی یان ئابووری. ئەم بزاڤە بە ئامانجی یەکخستنی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا و هاوتەریب لەگەڵ ئامانجە هاوبەشەکان، تاکەکان بەرەو یەکگرتوویی و هاوکاری هەرچی زیاتر هان دەدات. یەکگرتووییەکی لەم چەشنە دەتوانێت هێزێکی گەورە بۆ گۆڕانکاری دروست بکات و زەمینە بۆ کۆمەڵگایەکی دادپەروەرتر و یەکسانتر خۆش بکات.
* ڕەهەندەکانی کاریگەری مانگرتن
کاریگەرییەکانی مانگرتنی گشتی لە چەندین ڕەهەنددا بەرچاو دەکەوێت. لەباری ئابوورییەوە، داخستنی دوکان و بازاڕ و وەستانی ڕەوتی بەرهەمهێنان، نیشان دەدات کە بە جێگیربوونی ئەم هاوپشتییە و هاوکات بەردەوامبوونی، ئەو سیستەمە ناتوانێت درێژە بە دەسەڵاتی خۆی بدات. لە ڕوانگەی سیاسییشەوە مانگرتنی گشتی دەتوانێت ڕێژیم لە بەرامبەر ویست و داواکارییەکانیان ناچار بە پاشەکشە بکات. مێژوو دەریخستووە کە زۆرێک لە دەستکەوتە دێموکراتیک و کۆمەڵایەتییەکان بەرهەمی مانگرتن و ناڕەزایەتی بەربڵاو بووە. هەروەها لە ڕوانگەی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیشەوە، ئەم ئەکتانە کۆمەک دەکەن بە ئاگایی و وشیاری بەکۆمەڵ و بەهێزکردنی هەستی هاوپشتی و هەروەها شکڵگرتنی فەرهەنگی خۆڕاگریی. جەماوەرێکی کە یەکگرتووانە لە پێناو مافەکانیاندا خەبات دەکەن، ئیتر بە ئاسانی فریو نادرێن و سەرکوت ناکرێن. لە سەردەمی هاوچەرخدا توانایی گەیاندنی زانیارییەکان و پەیوەندیکردن لە ڕێگەی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە گرنگییەکی بێهاوتای هەیە. ئەم ئامرازانە یارمەتیدەرن بۆ بڵاوکربوونەوەی هەرچی خێراتری زانیارییەکان، پێوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی خەڵک، پێکهێنانی کۆڕ و کۆمەڵی مەجازی و بەدەستهێنانی پشتیوانی نێونەتەوەیی.
بەکارهێنانی ژیرانەی ئەم میدیایانە دەتوانێت ببێتە هۆی هەماهەنگی باشتری کردەوە ناڕەزایەتییەکان و ئاشکراکردن و لەقاودانی سەرکوتی ڕێژیم و ڕاکێشانی پشتیوانی جیهانیی. هەرچەندە ڕێژیم هەوڵ دەدات ئینتەرنێت و پەیوەندییەکان سانسۆر بکات، بەڵام ئەزموونەکان نیشانیان داوە کە خەڵک بەردەوام ڕێگەی شکاندنی ئەو گەمارۆیەیان دۆزیوەتەوە. دەرئەنجامی کۆتایی مانگرتن و ناڕەزایەتییەکان پەیوەستە بە چەند هۆکارێکەوە لەوانە: بارودۆخی ناوخۆیی و جیهانی، ئەوەی کە چ ستراتیژییەک بەکار دەهێنرێت، ئاستی ڕێکخستن و کاردانەوەی ڕژێم. ئەگەرچی ئەم بزاڤانە دەتوانن دەستکەوتی بەرچاویان لێ بکەوێتەوە، بەڵام ڕێگای هەنگاونان بەرەو پێشەوە پڕە لە کەند و کۆسپ.
زۆر پێویستە کە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی بەوپەڕی وشیاری و ڕێکخستنی تۆکمە و ستراتیژییەکی ڕوونەوە بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێت. هەروەها پێویستە لە ئەزموونەکانی ڕابردوو دەرس وەربگیرێ و هەڵەکان دووپات نەکرێنەوە. یەکڕیزی، هاوپشتی و خۆڕاگریی ڕەمزی سەرکەوتنن لەم ڕێبازەدا.
* بانگەوازی کۆتایی
بۆ خەڵکی کوردستان، کرێکاران، بازاڕیان، خوێندکاران، ژنان و پیاوانی ئازادیخواز: دەرفەتێکی مێژووییمان لەبەردەمدایە. بە سازدان و ڕێکخستنی زنجیرەیەک مانگرتنی گشتی ملیۆنی لە ڕۆژانێکی دیاریکراودا، دەتوانین نیشان بدەین کە کوردستان وەک هەمیشە پێشەنگی خەباتی شۆڕشگێڕانەی ئێرانە. وەرن با دەست لەناو دەستی یەکتر، بەرەو هاوسۆزی و هاوپشتی تەواو لەگەڵ سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی ئێران کە لە پێناو دەستەبەرکردنی نان و کار و ئازادی و دادپەروەرییدا ڕاپەڕیوین، هەنگاو هەڵبگرین. وەرن با بە گرتنەبەری تاکتیکی سیاسی مانگرتنی گشتی، پەیامێکی ڕوون و ئاشکرا بۆ ڕێژیم بنێرین و پێی بڵێین کە چیتر تەحەمول ناکەین و تا دوا هەناسە لە پێناو مافەکانماندا خەبات دەکەین.
کوردستان سەنگەری خەبات! ئێران مەکۆی شۆڕش!
مانگرتنی گشتی، چەکی جەماوەر!
