نزیکەی یەک حەفتەی ماوە بۆ ٨ ی مانگی مارس رۆژی جیهانی ژن. حەفتەیەک کە بۆ هەڵسوڕاوانی کۆمەڵایەتی و هۆگرانی یهكسانی کاتێکی یەکلا کەرەوەیە بۆ ئامادەکاری کردنی بەڕێوەچوونی مەڕاسمەکانی ئەو رۆژە. لە ساڵانی ڕابردودا لە دژوارترین بارودۆخی سەرکوت و خەفەقانیشدا ژنان و پیاوانی ئازادی خواز هەوڵیان داوە تا ئاڵای رۆژی جیهانی ژن نەکەوێتە سەر زەوی و بە شێوەی جۆراو جۆر ئهورێ و رهسمهیان لە ئێران بەڕێوەبردوە. ئەمساڵ كهش وههوای سیاسی و خەباتکارانەی کۆمەڵ لە ئێران دەرفەتێکی تا ڕادەیەک زیاتری بۆ بەڕێوەبردنی رێورهسمهكانی ئەم رۆژە پێكهێناوه. ئەمرۆ ژنانی ئێران بە حوزوری بەرین لە ناڕەزایەتیە سیاسی و جەماوەری و کرێکاریەکاندا لەدژی کۆماری ئیسلامی دەوری حاشا هەڵنەگری خۆیان لە ئاڵوگۆڕە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی ئەم دەورەیەدا زیاتر لە جاران دەرخستوە. ژنانی ئازادی خوازی ئێران بۆ ڕزگار بوونیان لە کۆت و بەندی ستەمێکی گیانتاوێن کە کۆنەپەرستی حاکم بەسەر جهسته و دهرونیاندا دەسەپێنێ، لێبراوانه پێیان ناوەتە ڕێگای رزگاری خۆیان و شان بە شانی پیاوان لە دژی هەژاری و نەداری و بێکاری و گرانی و دزی و تاڵان و بڕۆوە خهبات دهكهن. ئەمرۆ ژنانی ئازادی خوازی ئێران لە ڕێزی چینی کرێکاردا، لە ڕیزی خوێندکارانی تێکۆشەر، لە ڕیزی خۆپیشاندانی سەر شەقامەکان، لە هەیئەتی دایکانی گیانبەختکردوان و دایکانی زیندانیانی سیاسیدا، لە ڕیزی مۆعهلیمان، ماڵ خۆراوان، خانەنشینان، لە گۆڕەپانە جۆراو جۆرەکانی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستاندا، لە گشت جێگایەک لە ڕیزی پێشەوەی خەباتدان و نمونەی بوێری شۆڕشگێڕانە و سەرسەختین لە بەدوادا چوونی داخوازیە ڕەواکانیاندا. ژنانی ئیران لە جەریانی ئاخێزەکانی مانگی بەفرانباری پارەکە بەم لاوە، نیشانیان داوە ههرهشه و بگیرو ببهندی ڕژیم باکیان نییە و بەهرەمەند لە سوننەتی دەوڵەمەندی خەباتکارانە و ورهی بەرز، بەرەو پێشەوە دەچن و دەوری یەکلاکەرەوەی خۆیان لە ئاڵوگۆڕەکانی داهاتوی کۆمەڵگای ئێراندا دەنوێنن.
ئەمساڵ لە بارودۆخێکدا بەرەوپیری ٨ ی مارس رۆژی جیهانی ژن دەچین کە بزوتنەوەی ژنانی ئێران بەهۆی حوزوری بەرچاویان لە خەباتی جەماوەری و مافخوازانەی خەڵکی ئێراندا بۆتە خاوەنی ئیعتیباری کۆمەڵایەتی زیاتر، هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی ڕادیکاڵی بزوتنەوەی ژنان ئەزمون و باوەڕبەخۆیی زیاتریان دەستەبەر کردوە. هەمیاری و هەمڕاهی جەماوەری خەڵک و باقی بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان لەگەڵ بزوتنەوەی ژنان زیاتر لەپێشو دابین بووە. لە بەرانبەردا ڕژیمی ئیسلامی لە یەکێک لە جیدی ترین قەیرانە ئابووری و سیاسیەکانی دەورانی حەیاتی خۆیدا گیری خواردوە بەبێ ئەوەی ڕێگایەکی بۆ دەرچوون لێیان هەبێت. لەسەر بهستێنی ئەم بارودۆخە قەیراناویە خەباتی ناڕەزایەتی لە بوارە جۆراو جۆرەکاندا لە حاڵی پەرەسەندن دایە. لەم روەوە دەکرێ هیوادار بین کە ئەمساڵ رۆژی جیهانی ژن ڕەنگ و بۆنێکی تازە تر بەخۆیەوە بگرێت. هەڵبەت وەها روداوێک ههر له خۆیهوه روو نادات. ئهمه ڕووداوێكه پێویسته بی خوڵقێنین، کارێکە دەبێ ئامادەکاریان بۆ بکرێت و بچین بە پێشوازیەوە.
ڕژیم هەوڵ ئەدات بە هەڕەشە و گرتن و زیندانی کردنی پێشڕەوان و هەڵسوڕاوانی ئەم بزوتنەوەیە بەر بە بەرپا بوونی مەڕاسمەکانی هەشتی مارس بگرێت و یان ئەوەیکە ئەم مەراسم و ئاکسیۆنانە بە شێوەیەکی پڕژوبڵاو و بە دوور لە چاوی هەموان بەڕێوەبچن، لەم بارودۆخەدا دەبێ هەوڵبدرێت تا ئەم مەڕاسمانە لە مەکان و شوێنی گونجاو، لە خیابان و مەیدانەکان، لە پارکەکان، شوێنە پڕ هاتوچۆکان لە ساڵۆنەکانی کۆبوونەوە و مەیدانە وەرزشیەکان و هیتر بە شێوەی ئاشکرا بەڕێوەبچن. پێویستە هەڵسوڕاون و پێشڕەوانی کۆمەڵایەتی و مەدەنی، جیاوازیەکیان ئەگەر هەیە بینێنە لاوە و دەست لە نێودەستی یەکتر بۆ هەرچی شکۆدار تر بەڕێوەبردنی رۆژی جیهانی ژن یەکگرتوانە بجوڵێنەوە. با هەوڵەکانی ڕژیم بۆ بەرگرتن لە بەڕێوەچوونی مەڕاسمی ئەو رۆژە بە ئامادە بوونی پڕ ئەژماری خۆمان تێیدا پوچەڵ بکەینەوە. بەڕێوەچوونی مەڕاسمی ٨ ی مارس بەردەوام یەکێک لە دیمهنه جوانهكانی بزوتنەوەی ڕزگاری ژن لەدژی دیکتاتۆڕی مەزهەبی و دژ به ژنی کۆماری ئیسلامی بووە، با بەڕێوەچوونی مەڕاسمەکانی ٨ ی مارسی ئەمساڵیش وڵامێک بێت بە سیاسەت و کردەوەکانی ڕژیم دژ به ژنانی ئهو كۆمهڵگایه. هەشتی ماڕس، رۆژی جیهانی ژن لەگەڵ بە ملیۆن ژن و پیاوی یەکسانی خواز بە هیوای سڕینەوەی پەڵەی شەرمەزاری ئەم ستەمگەریەی کە ژیانی کۆمەڵایەتی بەشەری ئالودە کردوە، بە بەڕێوەبردنی مەڕاسمەکانی شایستەی ئەو رۆژە ڕێز لێبگرین. با بەم هیوایەی کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی و بە حوزوری شیلگیرانە و بەرینی ژنان بروخێت، کۆمەڵگایەکی تازە، ئازاد و یەکسان و ئینسانی دابمەزرێت. کۆمەڵگایەک کە تێیدا، ئازادی ژن بە واتای ڕاستەقینە لە هەموو کاروباری ژیانی فەردی و کۆمەڵایەتیدا، لە سەروی گرنگ ترین پێوانەکانی ژیان بێت.