لە سهروبهندی نزیک بوونەوەی له ٨ ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژن داین، ڕۆژی جیهانیی ژن ڕۆژی ڕاگەیاندنی هاوپشتی جیهانی ژنان، ڕۆژی وەبیرهێنانەوەی خەباتی یەکگرتوانەی ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز لەدژی هەموو شێوە و جۆرەکانی نابەرابەری، ڕۆژی ڕاگەیاندنی توند بوونەوەی خەبات لەدژی هەڵاواردنی ڕەگەزی، ڕۆژی ڕاگەیاندنی نەفرەت لە نهریت و كولتووری دژی ژن و پیاوسالارانەیە. ڕۆژی ڕێز گرتنە لە نیوەی كۆمهڵگهی جیهان کە نایەکسانی و ستەم لەدژیان بەسەر ویژدانی بەشەریەتی سەردەمی ئێمەوە قورسایی دەکات. ئەگەرچی لە ئاکامی زیاتر لە یەک سەدە خەباتی خەڵکی ئازادی خواز و بەرابەری تەڵەبدا، ژنان لە هێندێک لە وڵاتانی جیهاندا دەستیان بە بەشێک لە مافە ئیسانی و کۆمەڵایەتیەکانیان ڕاگەیشتووە، بەڵام لە زۆربەی وڵاتاندا تا ڕزگار بوونی بە تەواوەتی هێشتا ڕێگایەکی درێژیان لەبەردەم دایە.
ستەم کێشی ژن لە ئێرانی ژێر دهسهڵاتی کۆماری ئیسلامی، ئاست و شێوازێكی گەلێک دژی مرۆیی بە خۆیەوە گرتووە. هەڵاواردنی ڕهگهزیی بە ڕەسمی وەک یەکێک لە بنهماكانی بیروباوهڕی ڕژیم، تەبلیغ دهكرێت و به پیرۆز دا دهنرێت. بۆ ژن ئازاری یاسا ئامادە کراوە و لە لایەن ناوهنده ئایینی، دادگا دەوڵەتییەکان، هێزی ئینتیزامی و حیزبۆڵڵە ییەکانەوە لە سەرتاسەری وڵاتدا بەڕێوەدەبرێت. دەزگا تەبلیغیەکانی ڕژیم بەردەوام لە کاردان تا پلە دوو بوون و ژێر دەستە بوونی ژن تەنانەت بە خۆشی بسەلمێنن، ئەو بکەنە فەرمانبەردار و گوێڕایهل و پیاوسالاری لە بیروباوەڕیدا بچەسپێنن و بڵێن کە ئەمە سهرهتایهكی نەگۆڕە.
لەماوەی ساڵانێک دهسهڵاتی ڕژیمی كۆماری ئیسلامیدا ئەگەرچی ژنان بارودۆخێکی دژی ئینسانی پڕ ئازاریان ئەزمون کردووە و ئەم ڕژیمە لە هەمان ڕۆژی یەکەمی هاتنە سەرکاری بەردەوام بە شکڵ و شێوازی جۆراوجۆر لە هەوڵی جێ خستنی ئهمراز و میکانیزمەکانی ژن ئازاریدا بووە. بەم حاڵەشەوە ژنان نەک هەر ملیان بە ژێر دەستەیی خۆیان نەداوە بەڵکوو بهردهوام لەدژی ئەم ستهمكارییه خەباتیان کردوە. ئاستی خەباتی بێ پسانهوه و شێلگێرانەی جەماوەری ژنان لە ماوەی دەورانی دهسهڵاتداری کۆماری ئیسلامیدا، ئەوەندە بەرین و بەهێز بووە کە ئەم ڕژیمە هێشتا و دوای سی و چەند ساڵ حاکمیەت هاواری لەدژی بەد حیجابی ژنان بەرزە.
خۆڕاگری ژنان لە بەرانبەر یاسای کۆنەپەرستانە و ستەمگەرانەدا بەردەوام یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی خەبات لەدژی ئەم ڕژیمە بووە. ژنانی ئێران بەم ئێعتیبارەوە بوونەتە خاوەنی ڕۆڵ و پێگەیەکی تایبەت لە ئاڵوگۆڕە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێراندا. ژنانی ئازادی خوازی ئێران هەستیان بەوە کردەوە کە ڕزگار بوونیان بە مەسیری خۆ دەرخستنی لێبڕاوانەیان لە خەبات لەگەڵ کولیەتی ڕژیمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامیدا دەڕوات.
خەبات بۆ دابین بوونی یەکسانی ژن و پیاو، تەنها ئەمری ژنان نییە، بەڵکو ئەرکی سەرجەم ئەو ئینسانانەیە بە ژن و پیاوەوە کە لە ڕێگهی ڕزگار بوونی بەشەریەت لە کۆتوبەند و ستەم و ئێختێناق و چەوساندنەوە خەبات دەکەن. خەبات بۆ ئازادی و نابێ بەرتەسک بکرێتەوە بە خەباتی خودی ژنانەوە. خەبات بۆ ڕزگاری ژن، خەباتێکە کە نهتهوه، ڕهگهز و ڕەش و سپی نا ناسێت. سیستمی سەرمایەداری جیهانی و مهیلی نهتهوهیی و مەزهەبی دواکەوتوانەی ئەم سیستمە، ماف و حوزوری فەردی و جەمعی ژنان لە مەیدانە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکاندا تا ئەو جێگهیە بە ڕەسمی دەناسێت کە لە خزمەت چهوساندنهوهی هێزی کاری هەرزانی ئەواندا بێت. نیزامی سەرمایەداری، لە شەڕەکان، تەبلیغاتی توجاڕی و ئابووریی و بەهرەکێشیدا، بەردەوام لە ژنان وەک ئهمراز کەڵکی وەرگرتوە. بەڵام ڕزگار بوونی ژن لە کۆت و بەندی ستهمی ڕهگهزی لە گرەوی سەرکەوتن لە سهرجهم ئەو بوارانەدایە کە تێیاندا هەڵاواردن و نا یەکسانی لەسەر بنەمای ڕەگەز لە ئارا دایە. سەرکەوتن کاتێک دەستەبەر دەبێت کە مافە کۆمەڵایەتی و سیاسی، مافی ئابووریی، مافی ژن لە بنەماڵەدا بە شێوەی یاسایی پەیڕەو و بە تەواوەتی ڕەچاو بکرێت.
ئهمڕۆ ژنانی ئازادی خوازی ئێران لە ڕیزی چینی کرێکاردا، لە ڕیزی خوێندکارانی تێکۆشەردا، لە ڕیزی بزوتنەوە ناڕەزایەتییەکاندا لە گەڕەکەکان و شوێنەکانی کار، لە چوارچێوەی خەباتی دایکانی گیانبەخت کردوان ودایکانی بهندكراوانی سیاسی، لە گۆڕەپانە جۆراو جۆرەکانی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و هەر جێگایەک کە نیشانەیەک لە ناڕەزایەتیی و خەبات و خۆڕاگری هەیە، لە ڕیزی پێشەوەدان و نمونەی بوێری شۆڕشگێڕانە و سەرسەختین لەبەدوادا چوونی داخوازییە ڕەواکانیاندا.
یەکێک لە مەیدانەکانی حوزوری کۆمەڵایەتی ژنان، بەشداری چالاکانە لە هەرچی شکۆدار تر بەڕێوەبردنی مەڕاسمەکانی ٨ مارس، ڕۆژی جیهانیی ژندایە. ڕۆژی جیهانیی ژن بۆنەیەکی فەراحیزبی، فەراسازمانی و فەرا کیشوەرییە. ئامادەکاری بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕهسمهکانی ئەم بۆنەیەش دەبێ بە بەشداری هەڵسوڕاوانی بوارە جۆڕاو جۆرەکانی بزوتنەوەی ژنان، هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کرێکاری و تێکۆشەرانی بوارە مەدەنیی و فەرهەنگییە پێشڕەوەکان بەڕێوەبچێت. بە ئاشکرا بەڕێوەچوونی مەڕاسم، بەشداری ژمارەیەکی هەرچی زیاتری ژنان و پیاوانی یەکسانی خواز تێیدا لە زومڕەی شاخسەکانی سەرکەوتنی ڕێکخەرانیەتی. شێلگێری پیاوان و ژنانی تێکۆشەر و یەکسانیخواز لە پاراستنی نهریتی ڕۆژی جیهانی ژن، تا ئاستێک بەڕێوەچوونی ئەم ڕێوڕهسمانه بەسەر ڕژیمدا سەپاندوە و هەموو ساڵێک، پیاوان و ژنان، ئەم رۆژە بە شێوەی جۆراو جۆر ڕێزلێدەگرن. گۆمانی تێدا نییە کە ئەمساڵیش، لە درێژەی نهریتهکانی ساڵانی ڕابردودا ئامادەکاری بۆ بەڕێوەبردنی ئەم ڕێوڕهسمانه لە لایەن هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی ژنان و جەماوەری ژنان و پیاوانی یەکسانیخوازەوە کراوە. با هەوڵەکانی ڕژیم بۆ بەرگرتن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕهسمهکانی ئەم ڕۆژە بە ئامادەبوونی پڕ ئەژماریان تێیدا، پوچەڵ بکەینەوە.