کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ سیاسەتی ترس و تۆقاندنی ڕژیم لە پێوەند بە ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکانی سەر شەریفە محەمەدی

046f316b4536e4148610f

بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ سیاسەتی ترس و تۆقاندنی ڕژیم لە پێوەند بە ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکانی سەر شەریفە محەمەدی

ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)

 

بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە تۆڕی ئینتەرنێت و ماڵپەڕەکانی هەواڵدا بڵاو بونەتەوە، دادگایەک لە شاری ڕەشت، شەریفە محەممەدی، چالاکی کۆمەڵایەتی و کرێکاریی و زیندانیی سیاسی بەندکراوی زیندانی لاکانی ڕەشت، بە تۆمەتی “بەغی” یان “شۆڕشی چەکداری لە دژی نیزام” و بەهۆی ئەندامبوونی ناوبراو تا ساڵی ١٣٩٢ لە ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکاریی “کۆمیتەی هەماهەنگی بۆ یارمەتیدانی بە پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکانی، بە ئێعدام مەحکووم کردووە. شەریفە محەممەدی مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر کرا و تۆمەتی بێبنەمای ئەندامبوون لە کۆمەڵەیان بەسەردا سەپاند. ناوبراو پاش دەسبەسەرکردن گواسترایەوە بۆ گرتنگەی ئەمنییەتی سنە و بۆ ماوەیەکی زۆر بەبێ دەستڕاگەیشتن بە مافی دیاریکردنی پارێزەر و پەیوەندی کردن بە بنەماڵەکەی، لە ژووری تاکەکەسی دا ڕاگیرا و دواتر سەرلەنوێ لە سنەوە ڕەوانەی زیندانی لاکانی ڕەشت کرایەوە. شەریفە محەممەدی پێشتر لە لقی چواری لێکۆڵینەوەی دادسەرای ڕەشت بە سەرۆکایەتیی لێکۆڵەر ” ڕەجبی” به “پڕوپاگەندە لە دژی نیزام”، “هەوڵدان لە دژی ئەمنییەتی میللی” و “بەغی” یان چالاکی چەکداری و ئەندامبوون لە یەکێک لە گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکان، تۆمەتبار کرابوو. شەریفە محەممەدی بۆ ماوەیەکی زۆر بەمەبەستی قبوڵکردن و دانپێنان بەو تۆمەتە هەڵبەستراو و ناڕاستانەی کە لەلایەن مەئموورانی لێکۆڵینەوەو ئاراستەی کرابوو، لە ژێر ئەشکەنجەی تووندی جەستەیی و دەروونیدا بوو. ناوبراو نەک هەر بۆ ماوەیەکی زۆر لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەشکرا، بەڵکوو تەنانەت مافی پێوەندی تەلەفونی لەگەڵ بنەماڵەکەشیان لێ زەوت کردبوو. ماوەیەک لەمەوبەر واتە ڕۆژی پێنجی پووشپەڕ، دایکی شەریف محەممەدی پەیامێکی ویدیۆیی بڵاوکردەوە و وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی سەبارەت بە بارودۆخی کچە بندکراوەکەی، خوازیاری گەیاندنی هەواڵەکانی پێوەندیدار بە دۆخی کچەکەی بە ڕای گشتی بوو. هاوژینی شەریفە محەمەدیش مانگی ڕابردوودا بەهۆی بەدواداچوون بۆ بارودۆخی ناوبراو، دەستگیرکرا و ماوەیەک لەمەوبەر ئازادکرا.

دەستبەسەرکردنی سەرلەنوێی عاتیفە ڕەنگریز و ڕەوانەکردنی ناوبراو بۆ زیندانی شاهروود، دەرکردنی سزای یەک ساڵ زیندان بۆ “موتەهەرە گونەیی” لە لقی ٢٩ی دادگای تاران، دەستبەسەرکردنی نەسرین حەسەنی و ناردنی بۆ زیندانی بجنوورد و دروستکردنی دۆسییە لە یەک هەفتەی رابردوودا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتی و دادوەرییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بە تۆمەتی “بەغی” یان چالاکی چەکداری بۆ شەریفە محەممەدی و زیندانیانی سیاسی لەوانە نەسیم غوڵامی سیمیاری، حەمیدرەزا سەهلابادی، ئیحسان ڕەوازژیان، ئەمین سوخەنوەر، عەلی هەراتی موختاری، حسێن محەممەد حوسێنی، حوسێن ئەردەستانی، ئەمیر شاهوەڵایتی، وەحید بەنی عامریان، پوویا قوبادی، محەممەد تەقەوی، موجتەبا تەقەوی، بابەک عەلیپوور، ئەبولحەسەن مونتەزر و ئەسغەر دانشفەر، بەیانگەری سیاسەتێکی سەرکوتگەرانەیە کە حکوومەتی ئیسلامی، گرتویەتییەبەر. کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا کە لەگەڵ گورزێکی قورسی “بزووتنەوەی بایکۆتی هەڵبژاردن” بەرەوڕوو بووەتەوە و نیگەرانە لە دوورکەوتنەوەی بەربڵاوی جەماوەر لە حکوومەتی ئیسلامی و ترسی لە تەقینەوەی نەفرەت و بێزاری جەماوەری وەگیان هاتوو، بەمەبەستی زاڵکردنی فەزای ترس و تۆقاندن بەسەر کۆمەڵگادا و سەرکوتکردنی هەر چەشنە توانایەکی سازماندەیی و وشیاریدەرانە، ڕێوشوێنی تۆڵەسەندنەوە لەدژی زیندانیانی سیاسی دەگیرێتەبەر.

ئێمە وەک داکۆکیکارانی ئازادییە سیاسییە بێ شەرت مەرجەکان، نەیارانی زیندان، ئەشکەنجە، سزای نامرۆڤانەی لەسێدارەدان، هەڵسوڕاوانی ڕێبازی پێکهێنانی ڕێکخراوە سەربەخۆ سنفی سیاسیی و هەروەها تێکۆشەران و خەباتکارانی مافی جەماوەر بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان، لە سەرجەم مرۆڤە ئازادیخوازەکان، ڕێکخراوە چەپەکان، یەکێتییەکان، ناوەند و ڕێکخراوەکانی مافی زیندانیانی سیاسی لە ئێران و جیهان، داواکارین کە بەرامبەر بەم حوکمە ناڕەوا و سەدەی ناوەڕاستییە هەڵویست بگرن و سەبارەت بەو مەترسییەی کە هەڕەشە لە گیانی شەریفە محەممەدی دەکات، بەوپەڕی هەستیارییەوە هەڵس و کەوت بکەن. ئێمە خوازیاری لابردنی ئەو تۆمەتانە لەدژی ئەو هەڵسووڕاوە کرێکارییە و ئازادکردنی خێرا و بێ شەرت و مەرجی ناوبراو و سەرجەم زیندانیانی سیاسین.

 

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

سەرکەوتوو بێت شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران

بژی ئازادی، دێموکراسی و سۆسیالیزم

ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر) و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

ڕۆژی هەینی ١٥ی پووشپەڕی ١٤٠٣/ ٥ی

ژولای ٢٠٢٤