کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بەرگرتن بە ئامادەبوونی نوێنەرانی کرێکارانی ئێران لە ئیجلاسی ڕێكخراوی جیهانیی کاردا

بەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی مانگی جۆزەردان، هێزە ئەمنییەتییەکانی جێگیر لە فڕۆکەخانەی خومەینی بەریان بە چوونە دەرەوەی ڕەزا شەهابی و داود ڕەزەوی، له‌ ئەندامانی هەیئەت مودیرەی سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحدی تاران و دەوروبەر گرت، کە بۆ بەشداری لە سەد و شەشەمین ئیجلاسی ڕێكخراوی جیهانیی کار بەرەو ژێنێڤ کەوتبوونە ڕێ. ئەم دوو هەڵسوڕاوە کرێکارییە لە لایەن سەندیکا کرێکاریەکانی فەڕانسەوە بانگهێشتی ئەم کۆبونەوەیە کرابوون.

سەد و شەشەمین ئیجلاسی ساڵانەی ڕێكخراوی جیهانیی کار ناسراو به‌ “ئای ئێڵ ئۆ” لە شاری ژێنێڤ لە وڵاتی سوئیس لە حاڵی بەڕێوەچوون دایە. بڕیاروایە هه‌تا رۆژی هەینی ٢٦ی ئه‌م مانگه‌ درێژەی هەبێت. ئەم کۆبوونەوەیە کە بە ئامادە بوونی ١٨٧ وڵاتی ئەندامی ڕێكخراوی جیهانی کار بەڕێوەدەچێت، نوێنەرانی ئەم وڵاتانە لە سێ ئاستی نوێنه‌رانی دەوڵەتی، خاوەنکاران و کرێکاراندا ئامادەبوونیان هەیە. لە بارەی ئێرانەوە، ” شوڕا ئیسلامییەکانی کار”، ” ئەنجومەنە سێنفییەکانی کرێکاران” و ” کانونی شوڕا ئیسلامیەکانی کار”، سێ تەشەکولی ڕەسمی دەوڵەتین کە هەموو ساڵێک بە نۆبە کەسێک وەک نوێنەرانی کرێکاران بۆ بەشداری کردن لەم ئیجلاسەدا دیاری دەکەن. بەپێی یاسای کاری ئێران هەر کەسێک کە وەک نوێنەری گوروپە کرێکاریەکان لە ئیجلاسی ڕێكخراوی جیهانی کار”دا ئامادە بێت، دەبێ بە هەڵبژاردن و ناسێندرانی لە لایەن ئەم سێ ڕێكخراوه‌ ڕەسمیەوە بێت، بەڵام وادیارە ئەمساڵ دیاری کردنی ئەم کەسەش بە دخاڵەتی، وەزارەتی کاری کۆماری ئیسلامییەوە پارتی بازی بۆ کراوە و دەنگی ناڕەزایەتی ئەم ڕێكخراوانه‌شی بەرز کردۆتەوە. لە لایەن وەزاڕەتی کارەوە بۆ کەسانی هەڵبژێردراوی ئەم سێ ڕێكخراوه‌ بانگهێشت نامەی ئامادەبوون لەم ئیجلاسەدا دەرنەچووە. یەکێک لەو ئامانجانەی کە کۆماری ئیسلامیی لە بەشداری کردنی بەردەوام بە هەیئەتی پڕ ئەژمارەوە لە ئیجلاسی ڕێكخراوی جیهانی کاردا بەشوێنیەوەیەتی، خۆش کردنی ڕێگایە بۆ پەیوەست بوون بە ڕێكخراوی بازه‌رگانیی جیهانیەوە. بەپێی یاساو ڕێسای ئەم ڕێكخراوه‌یه‌، هەر وڵاتێک کە بیهه‌وێت بە ڕێكخراوی بازه‌رگانیی جیهانییەوە پەیوەست بێت، دەبێ تەئیدیەی لە لایەن ڕێكخراوی جیهانی کارەوە بۆ دەرچوبێت. هەرچەند کۆماری ئیسلامیی هه‌تا ئێستا نەیتوانیوە ئەم تەئیدیە لە ڕێكخراوی جیهانیی کار وەربگرێت بەڵام ئه‌م ڕێكخراوه‌یه‌ له‌ حاڵێکدا نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیی لەم ئیجلاسەدا قەبوڵ دەکات کە بە باشیی دەزانێ ئەم ڕژیمە بە هیچکام لە پەسند کراوەکانی ئەم ڕێكخراوه‌یه‌ پابەند نییە.146

دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی بەم ئیعتیبارەوە کەم وێنەترین وڵاتێکە کە نە تەنیا لەم کۆبونەوانەدا بەرەوڕووی شکایەتی زۆری کومیتەکانی سازمانی جیهانی کار و باقی ناوەندە نێونەتەوەییەکان و یەکێتیە کرێکاریەکان دەبێتەوە، بەڵکو یەکێک لەو وڵاتانەیە کە ئەو هەیئەتانەش ناردونی بەرەوڕووی ناڕەزایەتی بەرینی ئەحزاب و ڕێكخراوه‌ چەپ و یەکێتییە کرێکارییە سەربەخۆکان لە نێوخۆ و دەرەوەی ئیجلاسەکە دەبێتەوە. لە ماوەی ئەم ساڵانەی دواییشدا سەندیکا کرێکارییەکانی فەڕانسە لەژێر ناوی ” کلکتیوی سەندیکایی” هەموو ساڵێک میتینگێكی ناڕەزایەتی لەدژی کۆماری ئیسلامیی و بە داخوازی ئازادكرانی هەڵسوراوانی کرێکاری لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیی و ئازادی ڕێكخراوی سەربەخۆ و مافی مانگرتن بۆ کرێکاران و ئامادە بوونی نوێنەرانی ڕاستەقینەی کرێکاران لەم ئیجلاسەدا بەڕێوەدەبەن.

گرنگترین باسەکان لە دەستور جەلەسەی ئەمساڵدا بریتین لە:

هەڵسەنگادنی زانیاری و ڕاپۆرتەکانی پێوەندیدار به‌ به‌ڕێوه‌چوونی بڕیارنامەکان، کۆچ کردنی هێزی کار، ئیشتیغاڵ و کار کردنی شیاو بۆ ئاشتی. لەم ئیجلاسەدا بڕیاروایە هەڵبژاردنی هەیئەت مودیرەی ڕێكخراوی جیهانی کار بۆ دەورەیەکی سێ ساڵە ٢٠١٧ تا ٢٠٢٠ بەڕێوەبچێت. لە ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێكخراوی جیهانی کاردا لەژێر ناوی ” ئیشتیغاڵی جیهانی و دیمەنگایەکی کۆمەڵایەتی کە پێوەندی بە بارودۆخی چینی کرێکار لە ساڵی ٢٠١٦ دا هەیە هاتووە:” لە وڵاتانی لە حاڵی گەشەدا نزیک بە ٢ میلیاڕد کەس بە کەمتر لە ٣ دۆلار و ١٠ سێنت لە رۆژدا دەژین.” ئەم ٢ میلیاڕد کەسە نزیکەی ٣٦ لەسەد یان یەک لەسەر سێی سەرجەم كۆمه‌ڵگه‌ی وڵاتانی خاوەن ئابووری لاواز و لە حاڵی گەشەدان. لەم ڕاپۆرتەدا هەروەها هاتووە کە ” ئەگەرچی هەبوونی کار خۆی لەخۆیدا بۆ کەم کردنەوەی هەژاری بەس نییە، بەڵام مەرجێکی پێویستە بۆ ڕیشەکێش کردنی هەژاری. کەم کرنەوەی هەژاری بەبێ کاری گونجاو مومکین نابێت.

بەڵام لە ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێكخراوی جیهانیی کاردا ئامارەکانی پێوەندیدار بە ئێران نەهاتون و لەم بوارەدا لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە سەبارەت بە ئێران ئامارێک بوونی نییە. لەگەڵ ئەوەشدا ڕێكخراوی جیهانی کار لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا پێش بینی کردووە کە ئەگەرچی مامناوەندی ڕێژه‌ی بێکاریی ئەمساڵ لە ئاستی جیهانیدا تا نزیک ٥ و ٨ ده‌هۆمی له‌سد دابەزیوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ڕێژه‌یه‌ لە ئێران بۆ ١٣ تا ١٧ لەسەد زیادی کردووە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ساڵی ٢٠١٧دا، نزیکەی ٢٠١ میلیۆن کەس بە جەمعیەتی بێکارانی دنیاوە زیاد دەبێت.

ئەگەرچی ڕێكخراوی جیهانی کار تریبونێکە کە ڕێكخراوه‌ کرێکارییەکان لە دەرفەتی بەڕێوەچوونی ئیجلاسەکانی ساڵانەیدا هەوڵ ئەدەن دەنگی خۆیان بگەیەننە هەوچینەکانیان و دەوڵەتەکان بۆ دەستەبەر کردنی هێندێک ئیمتیاز دەخەنە ژێر گوشارەوە، بەڵام نابێ لەبیرمان بچێتەوە کە بڕیارەکانی ئەم ڕێكخراوه‌یه‌ لە کۆتاییدا ناتوانێ لە چوارچێوەی بەرژەوەندی دەوڵەتان و سەرمایەداران دەرچێت. لەبەر ئەوە ئەگەر تەنانەت بەفەڕز لایەنی کرێکاری، وەک یەکێک لە سێ لایەنی هەیئەتە نوێنەرایەتییەکان، نوێنەری ڕاستەقینەی کرێکارانیش بن، دیسان دوو لایەنەکەی دیكه‌ واتە نوێنەرانی خاوەنکاران و دەوڵەت، دەستی باڵایان دەبێت. وەک نمونە لە ئیجلاسی ئەمساڵدا کۆماری ئیسلامیی، یەکێک لەدژه‌ کرێکاری ترین دەوڵەتانی بەشدارە لەم کۆبونەوەیەدا، بە جێگای ئەوەی کە لەبەر پێشێلکرانی بە ئاشکرای بڕیارنامەکانی ئەم ڕێكخراوه‌یه‌ لە ئەندامەتی بکرێتە دەرەوە، بۆ سێهەمین دەورەی بەردوام وەک ئەندامی سەرەکی هەیئەت مودیرەی ڕێكخراوی جیهانی کار هەڵبژێردراوە. ئەوە لە حاڵیکدایە کە هەر سێ لایەنی هەیئەتی ئێرانی لەبەرەی سەرمایەداران دان و دژ بە کرێکارانن.