کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بەرز و بەڕێز بێت یادی کاک فوئاد مستەفا سوڵتانی

20190831 فواد٢ jpg03450c image

ئەمڕۆ هەینی ٩ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠٣، ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی هاوڕێ فوئاد مستەفا سۆڵتانی یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە، یەکێک لە زیندانیانی سیاسی خۆڕاگری ناو سیاچاڵەکانی سەرەڕۆیی پاشایەتی، یەکێک لە ڕێکخەرانی ڕاپەڕینی ساڵی ١٣٥٧ لە کوردستان، سیمای ناسراوی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی ئێران، یەکێک لە ڕێبەرە کەم وێنەکانی ڕێکخەری بزووتنەوەی خەباتکارانەی جەماوەریی و نەبەردی چەکداری لەدژی فاشیزمی ئیسلامی لە کوردستان و یەکێک لەو دەگمەن ڕێبەرانەیە کە دوای ٤٥ ساڵ، هێشتا باوەڕکردن بە مرگی، قورس و ئەستەمە. فوئاد، کۆمۆنیستێکی بێزار لە ستەم، سەرچەشنی بەرخۆدان و یاخیبوون، یار و یاوەری زەحمەتکێشان و دوژمنی ستەمکاران، یاد و ناوی پاش ٤٥ ساڵ، هێشتاش هەر زیندووە و لەگوێی خەڵکدا دەزرنگێتەوە و بێ گومان بۆ چەند نەوەی داهاتووش، هەرمان دەبێت. ئەو ڕووناکی هیوایەک بوو کە خۆرئاسا لە شەوەزەنگی سەرزەمینێکدا درەوشایەوە کە بەردەوام مەیدانی ڕمبازێنی ستەمگەران و سەنگەری خرۆشانی ستەمدیتووان بووە و بەڵێنی ڕزگاری گشتی دابوو. کاک فوئاد کە خاوەنی پیشە و پێگە و ڕادەیەک لە ئاسوودەیی بوو و دەیتوانی پۆست و پلەی سەرۆکایەتی و وەزارەت بەدەست بێنێت و میراتگری ڕەنج و زەحمەتی خۆی و بنەماڵەکەی بێت، پشتی لە هەموو ئەوانە کرد و بوو بە یار و هاودەمی قەڵەم و تفەنگ و چین و توێژی ئازارچێشتوو، ساکار ژیان و لەپێناو گۆڕانکاریدا خەبات و فیداکاری کردن، شۆڕشگێڕانە بیرکردنەوە و شۆڕشگێڕ مانەوە، ڕەمزی خۆشەویست بوونی کاک فوئاد بوو لە نێو هاوڕێیان و چین و توێژە ستەمدیتووەکاندا. کاک فوئاد لە ماوەی تەمەنی کورت، بەڵام پڕ بەرهەمی خۆیدا، ڕۆڵ و جێگە و پێگەیەکی هێندە بەرزی بەدەستهێنا کە هەرگیز ناتوانرێت لە چوارچێوەی بەرتەسکی تەشکیلاتی دا هەڵسەنگاندن و پێوانە بکرێت. هەڵبەت ئەمە تەنیا سیفەت و تایبەتمەندی ڕێبەرێکی وەک فوئاد نییە، بەڵکوو سەرجەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە ڕەسەن و ڕاستەقینەکان، ڕێبەرانێکی هاوشێوەیان لە ڕیزەکانی خۆیاندا پەروەردە کردووە و کردوویانن بە پێشەنگی بزووتنەوەکەیان و بزووتنەوەکە لەلایەن ئەوانەوە ڕێبەریی دەکرێ و هاوکات خۆشیان تیایدا خاراوتر دەبن.

ئەگەر لە قۆناغێکدا کەسانی وەک کاک فوئاد، پێکهێنانی تەشکیلاتیان بۆ دەبێتە ئامانج، لە قۆناغێکی تر و لە هەلومەرج و زەمەنێکی تردا، لە ڕیزی ئەو جۆرە کەسانەدا، کەسانێک سەرهەڵدەدەن کە خۆیان دەبنە مێحوەر و ئاوێنەی باڵانوێنی ڕێکخراوەکە، کاک فوئاد لە زومرەی ئەو دەگەمەن ڕێبەرانە بوو. ئەمڕۆ ناو و یادی کاک فوئاد، تەنها ناو و یادی کەسێکی خاوەن پەیوەندییەکی دیاریکراوی ڕێکخراوەیی و فیکریی نییە، بەڵکوو ناوێکە بە پانتایی بزاڤێک، بزووتنەوەیەک و هێڵێکی دیاریکراوی فیکری و سیاسی لە ناخی چین و ڕەوتێکی بەرینی کۆمەڵایەتیدا. بەردی بناغەی بەکۆمەڵایەتیکردنی کۆمۆنیزم لە کوردستان قەرزاری فوئادە و ئەو بناغەدانەری بوو. هەربۆیە لە هەر هەنگاو و بەرەوپێشچوونێکی ئەم بزووتنەوەیەدا، کاک فوئاد هێشتا هەر پێشەنگ و سەرقافڵەیەتی. کاک فوئاد کەسێک نەبوو کە تەنیا سەرقاڵی شرۆڤە و هەڵسەنگاندنی ڕووداو و دیاردەکان بێت، هەروەها کەسێکی ئیرادەگەرا یان چاودێرێکی جیهانی دەوروبەری نەبوو، بەڵکوو ئەو خەباتکارێک بوو کە لە بنەڕەتدا لەپێناو گۆڕانکاریدا خەباتی دەکرد. ئەم تایبەتمەندییە ئەوی هەرچی زیاتر لە مارکسیزم نزیک کردەوە و هۆکارێکی گرنگ بوو بۆ تێگەیشتن لە دیاردەکان و جیهانی دەوروبەری و هەروەها فاکتەرێکی گرنگ بوو بۆ بەدەستهێنانی ئوتۆریتە و متمانەی هاوڕێیانی و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش. لە بۆچوون و پراکتیکی کاک فوئاد دا، مرۆڤ لە بەستێنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، نەک هەر بوونەوەرێکی بێدەسەڵات و پاسیڤ نییە، بەڵکوو پێکهاتەیەکی چالاک و دینامیکییە کە توانایی گۆڕینی جیهانی دەوروبەری و کۆتایی هێنان بە دابڕانی خۆی لەو ئامرازە دەستکردەی خۆی هەیە کە بەپێی هەلومەرجەکان، بەرهەمهێنان بەسەریدا زاڵ دەکات و هەروەها پێکهاتەی سەرەکیش لە کۆتاییهێنان بەم دابڕان و نامۆبوونەی مرۆڤ لە خۆی، خودی مرۆڤ بوو. بۆ ئەو، مرۆڤ چەقی گۆڕانکارییە و لە هەمان کاتدا گۆڕانکاری مرۆڤیش دروست دەکات. هەرلەمگۆشەنیگایەوەبووکەبەشداریفوئادلەپرسەوردودرشتەکانیکۆمەڵگا،لەسیاسەتوئابووریوکاروباریکۆمەڵایەتییەوەبگرەتابابەتیفەرهەنگیو

پەروەردەیی، لەپێناو گۆڕینی نەخوازراوەکان بۆ خوازراو و لە یەک کەلامدا لە خزمەت بە مرۆڤدا بوو. ئەو دەستپێشخەری داهێنانێکی نوێ بوو بۆ بەدیهێنانی جیهانێکی نوێ، کە تیایدا مرۆڤ سەنتەری بوو. فوئاد بە دروستی لەو ڕستە داهێنەرانەی مارکس تێگەیشتبوو کەکرێکاران بەشێوەی تاک دەچەوسێنەوە، بەڵام بەکۆمەڵ ڕزگار دەبن، کە جگە لە یەکگرتوویی، پێکهێنانی تەشکیلات و خەباتێکی ڕێکخراو و وشیارانە بۆ گۆڕانکاری و ڕزگاریی، هیچ واتایەکی تری نەبووە و نییە. ئەو بە حەق لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە بەبێ تیۆری شۆڕشگێڕانە، کردەی شۆڕشگێڕانە مومکین نییە و کردەی شۆڕشگێڕانەش بۆ سازماندان و ڕێکخستنی جەماوەریی کرێکاران و کۆیلەکانی سەرمایە و هەروەها گەیشتن بە سۆسیالیزم، پێویستی بە حیزبێکی شۆڕشگێڕ هەیە.

ئەو ساڵی ١٣٤٨ی هەتاویی، هەوڵی بنیادنانی ڕێکخراوەیەکی دا کە لە بەرواری ٢٦ی ڕێبەندانی ١٣٥٧دا و هاوکات لەگەڵ ڕۆژی گیانبەختکردنی کاک حەمە حوسەینی کەریمی  یەکێک لە هاوسەنگەرە شێلگیر و لەخۆ بوردووەکانی هاوڕێ  فوئاد، بە ناوی ڕێکخراوی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانکۆمەڵەناسێندرا. تا ئەو کاتەی لە ژیاندا بوو، پاراستی، بەهێزی کرد، بەرەوپێشی برد و کردی بە ئامرازێک بۆ خەباتی شۆڕشگێڕانی لێهاتوو، کرێکارانی وشیار، ژنانی یاخیبوو لە ستەم و ستەملێکراوانی نیزامی چینایەتی، بە مەبەستی ڕزگاربوون لە چنگ ستەم و مەینەتییەکانی نیزامی هەبوو. کاک فوئاد بە هزر و تێگەیشتووییەکی وشیارانەی چینایەتی و لەژێر ڕووناکی مارکسیزمدا، ڕێگایەکی دروستی گرتەبەر و سنوورەکانی خۆی لەگەڵ ڕوانگە و هەڵوێستی چەواشەکارانەی ناو بزووتنەوەی چەپ لەوانە خیانەت و سیاسەتی خۆبەدەستەوەدەرانەی حیزبی توودە و نۆکەریی وابەستەیی ئەم ڕەوتە، دیاریکرد و سیاسەتی خەباتی چریکی جیا لە کۆمەڵانی خەڵکی زەحمەتکێشی، ڕەتکردەوە و نیشانی دا کەبزوێنەری بچووک، توانایی بزواندنی بزوێنەری گەورەی نییە، بەشێوەیەکی ڕەخنەگرانە دەیڕوانییە بزووتنەوە چەکدارییەکانی ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧ی کوردستان کە لەلایەنکۆمیتەی شۆڕشگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە دامەزرابوون و لەو بزووتنەوانە تێپەڕی. هێشتا زیاتر لە چوار ساڵ لە پێکهاتنی کۆمەڵە تێپەڕ نەببوو کە دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان و ئەشکەنجەگای ترسناکی ساواکی شا کرا. زیندان بۆ ئەو گۆڕەپانێکی نوێی خەبات، هەندێک جار بەشێوەی تاک و هەندێک جاریش بەکۆمەڵ بوو، لەدژی دوژمن. لە زینداندا خارا. لە نێو هاوڕێیانی دا ڕێزی لێ دەگیرا و ئەشکەنجەگەران بە هەندیان وەردەگرت و سڵیان لێ دەکرد. گەلێک ژووری تاکەکەسی و بەکۆمەڵی ئەزموون کردووە و ئەزیەت و ئازارێکی زۆری جەستەیی و دەروونی تەحەمول کرد، بەڵام لە ئاست دوژمندا بەچۆکدا نەهات و سەرەنجام مانگرتن لە خواردنی ١٤ ڕۆژەی زیندانیانی سیاسیی زیندانی سنەی، ڕێبەریی کرد و بە سەرکەوتنی گەیاند. ڕێکخستن و بەسەرکەوتن گەیاندنی ئەو حەرەکەتە، توانایی حاشاهەڵنەگری ئەوی لە بواری ڕێبەریی کردنی بزووتنەوەیەکی بەکۆمەڵی، بە دۆست و دوژمن نیشان دا و وشیاری و بیری داهێنەرانەی ئەو، ڕێبەرایەتی بزووتنەوە بەرینە جەماوەرییەکانی پاش ڕاپەڕینی ساڵی ٥٧ی، بۆ یەکەمجار لە مێژووی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستاندا، بەناوی ئەو و ڕێکخراوێکی کە ئەو ڕێبەری بوو، تۆمار کرد.

لە ڕاپەڕینی ٥٧ و پڕۆسەی ڕێکخستنی ئەو ڕاپەڕینەدا، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باشووری کوردستان، وێڕای هاوڕێکانی، دەوری چالاک و سازماندەرانەی بینی. بەڵام ڕاپەڕینێکی کە سەرجەم چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکانی لەپێناو دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانیاندا خرۆشاندبوو، بە دوورکەوتنەوە لە ٢٢ی ڕێبەندان، ڕۆژی سەرکەوتنەکەی، ناکۆکی و ململانێی نێوان بەرژەوەندییە ڕاستەقینەکان، ڕۆژ بەڕۆژ ڕیزی پتەو و لێک هەڵپێکراوی خەباتکاران و بەشداربووانی ئەو ڕاپەڕینەی، زیاتر لەیەک جیا دەکردەوە. ڕەوتی دژە شۆڕشی ئیسلامی خۆی بۆ وەرگرتنەوەی هەرچی زووتری دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین ئامادە دەکرد و دەیویست ئەوەی کە ڕژێمی شا نەیتوانیبوو بە سەرەنجامی بگەیەنێت، واتە سەرکوتی جەماوەری ڕاپەڕیو و گەڕاندنەوەی ئێران بۆ دورگەی ئارامی سەرمایە، بەسەر کۆمەڵگەی ئێراندا زاڵ بکات. کاک فوئاد و هاوڕێکانی، بە تێگەیشتن لەو ڕاستییە و بەبێ هیچ خۆشباوەڕییەک بە ڕژیمی ئیسلامی، خۆیان بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ هەلومەرجی نوێ ئامادە کرد. کاک فوئاد بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ دام و دەزگای ڕێکخراوی حکوومەتی، هیچ ئامرازێکی جگە لە ڕێکخستنی جەماوەریی لەبەردەستدا نەبوو. ئەو بە دروستی لەوە تێگەیشتبوو کە بۆ ئەم بابەتە گرنگ و هەستیارە، تەنیا ڕێکخستنی حیزبی، بەس نییە، بەڵکوو ڕێکخستنی جەماوەری لەئاستێکی ملیۆنیش دا، پێویستە. بە هەوڵ و هیمەتی داهێنەرانەی کاک فوئاد و فیداکاری و لەخۆبوردوویی هاوڕێکانی، کۆمەڵێک ناوەند و دامەزراوەی شۆڕشگێڕانە لەوانەجەمعییەتە دێموکراتیکەکانویەکێتییەکانی جووتیارانلە هەموو شارەکانی کوردستان پێکهاتن. هەروەها لە زۆرێک لە ناوچەکان، ناوەندەکانی داکۆکی لە مافی کرێکاران و ژنانیش دروست بوون. ئەو ستەمکارانەی کە شیر و تیریان لەدژی ستەملێکراوان دەسوو، خۆیان چەکدار دەکرد و ئۆرگانە دژە خەڵکییەکانی وەکشۆڕای عەشیرەتییان پێک دەهێنا و بەردەوام لە دژی گیان و ژیانی زەحمەتکێشان خەریکی پیلانگێڕی بوون، لە بەرامبەریاندا دەستبەجێ دەستیکرد بە ڕێکخستن و چەکدار کردنی زەحمەتکێشان و کۆمەڵەشی بەرلەوان چەکدار کرد و بەشێوەی چەکدارانە، بەرگری لە دەستکەوتەکانی ڕاپەڕینی خەڵکی شۆڕشگێڕی کوردستان کرد.

لە یەکەم بەهاری ئازادی دا و دوای ڕووخانی حکوومەتی شا، کە بە بەهاری خوێناوی شاری سنە ناسرا و کۆنەپەرستانی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی ئیسلامی، خەڵکی خۆڕاگر و خەباتکاری ئەو شارەیان خەڵتانی خوێن کرد، کاک فوئاد و هاوڕێکانی، ڕۆڵێکی سەرەکییان لە ڕێکخستنی بەرخۆدان و خۆڕاگریی خەڵک و ڕێبەرایەتیکردنی نەبەرد لەدژی کۆماری ئیسلامیان، لەم شارە لە ئەستۆ گرت. ئەوە یەکەم بەرەوڕووبوونەوەی ڕێژیمی ئیسلامی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بوو. لە کاتی دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ شاندی فەرمی کۆماری ئیسلامی، سەرجەم کەسایەتییە کاریگەرەکان جگە لە شەخسی خومەینی، تێدا بەشدار بوون و شۆڕای شاری سنە و نوێنەری بەشێک لە حیزب و لایەنەکان، لایەنی دانوستانەکانکار لەگەڵ ئەو شاندە بوون، هاوڕێ سەدیق کەمانگەر، وەک پڕوپاگاندیست و ڕێکخەرێکی دیار و بەتوانا، بوو بە زمانی ئاگرینی شۆڕش و شۆڕای شاری سنە. گاڵتەجاڕی یەکەمهەڵبژاردنی کۆماری ئیسلامی کە بە دەنگدانی کۆماری ئیسلامیبەڵێ یان نەخێرلە ١٢ی خاکەلێوەی ساڵی ٥٨دا، موهەندیسی کرا دواتر لەو سندووقە جادووییەدا، ئەژدیهای حەوت سەری حکوومەتی تیرۆر و ئەشکەنجەیان، وەک حکوومەتیبندەستانڕاگەیاند و بەسەر خەڵکی ئێرانیان دا سەپاند، کاک فوئاد و هاوڕێکانی، بەبێ هیچ ڕاڕایی و  خۆشباوەڕییەک لە بەرامبەر ئەو فریوکارییە ئیسلامییەدا هەلوێستیان گرت، لەقاویاندا و خەڵکی کوردستان، بە تێکرا و یەکدەنگ ئەو شانۆ گاڵتەجاڕانەیان بایکۆت و ڕیسوا کرد. حەرەکەتێکی کە بوو بە بەردی بناغەی یەکڕیزی و خەباتی بەکۆمەڵ و هەتا ئێستاش وەک یەکێک لە لاپەڕە زێڕینەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان یاد دەکرێتەوە. لە ڕەوتی دانوستانەکانی سنە و مەهاباد لەگەڵ شاندی دانوستانکاری ڕێژیم، ڕۆڵی کاک فوئاد هێندە بەرچاو و کاریگەر بوو کە دۆست و دوژمن پشتڕاستی دەکەنەوە و دژبەر و نەیارەکانی، چ ئەوکات و چ ئێستاش، دان بە زانایی و لێهاتوویی و کاریزمای ڕێبەریی فوئاد دا دەنێن. ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامیش لەم وتووێژانەدا و لە کاتی ڕێبەریکردنی کۆچی مێژوویی خەڵکی مەریوان و وتووێژە ڕووبەڕووەکاندا، ئەویان زیاتر ناسی و لێی دەترسان. کاک فوئاد کە هیچ گومانێکی لە مەبەستی دژە ئینسانی ڕێبەر و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە سەرکوتی خوێناوی دەسکەوتەکانی ڕاپەڕینی ٥٧ نەبوو، لە هەوڵی ڕێکخستنی نەبەردێکی جەماوەری و لەوانە خۆڕاگریی چەکداری و هاوکات و پشت بەستوو بە هێزی جەماوەریدا بوو. بەردی بناغەی ئەم هێزەی، لە ڕێکخستنی هێزی چەکداری پێشمەرگەی کۆمەڵەدا بەدی کرد و دەستبەجێ هەنگاوی کردەیی بۆ پێکهێنانی ئەو هێزە هەڵگرت و یەکەم فێرگەی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەی، لە گوندی گۆرەمەری سەر بە ناوچەی سەردەشت، دامەزراند. تەسلیمی ڕوانگەی خۆشباوەڕانە و هەڵوێستی خۆبەدەستەوەدەرانە نەبوو و لەسەر پێویستی خۆڕاگریی چەکدارانە و بەرگری لە دەسکەوتەکانی ڕاپەڕین، لەبەرامبەر دژە شۆڕشی ئیسلامیدا پێداگری کرد. مێژوو لە ٤٥ ساڵی ڕابردوودا بەرحەق بوون و ڕەوایەتی ئەویان بە دروستی سەلماند.

کاک فوئاد لە کۆچی مێژوویی خەڵکی مەریواندا، شارێکی دژ بە ملهوڕی و سەرەڕۆیی پاسدارانی ئیسلامی خرۆشاند و خەڵکی بە ئاراستەی چوونەدەرەوە لە شار، ڕێبەریی و ڕێنمایی کرد. لە کاتی دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەرانی حکوومەتی ئیسلامی، وێڕای دیفاعی لێبڕاوانە لە ویست و داخوازییەکانی خەڵکی ناڕازی، ڕاپۆرتی کاری ڕۆژانەی کۆمیتەکەی بە ئاگادار خەڵک دەگەیاند و بەم کارەش، وێڕای بەهێزکردنی ​​ورەی یەکگرتوویی و هاوکاری، جەماوەری خەڵکی هاندەدا، ڕایدەهێنان و پەروەردەی دەکردن بۆ ئەوەی بەشداری لە خوارەوە لە کاروباری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ناویاندا بکات بە نەریت. ڕا و بۆچوونی ئەوانی وەردەگرت و دواجار بۆچوونە پێشڕەو و شۆڕشگێڕانەکانی هەڵدەبژارد و بە پراتیکی دەردەهێنا. بەم شێوازە داهێنەرانە نوێیە، جەماوەری ستەمدیتوو و خەباتکاری بۆ نەبەردێکی کۆمەڵایەتی گەورەتر ئامادە دەکرد. وەک ڕێبەرێکی تیژبین کە ئاستی توانایی و پۆتانسێل و ڕادەی ئامادەیی جەماوەری، بۆ درێژەدان بە خەبات و گەیشتن بە سەرکەوتنی لەدەستدا بوو، کاتێک لە سەرهەڵدانی ورەی ماندوێتی لە ڕیزی جەماوەری کۆچکردووی شاری مەریوان سەبارەت بە بەردەوامبوون لەسەر خەبات لە فۆرمی کۆچکردن تێگەیشت، بەبێ ئیرادەگەرایی، بیری لە چۆنیەتی بەسەرکەوتن گەیاندنی ئەو خەباتە کردەوە و بە هەڵسەنگاندن و کۆبەندییەک لە دەستکەوتەکان و حەرەکەتێکی کە ڕەهەند و کاریگەریەکانی تەنیا لە خەڵکی شاری مەریوان و تەنانەت کوردستانیشدا بەرتەسک نەمایەوە، بەڵکوو بزووتنەوەی چینایەتی سەراسەری، بۆ نەبەرد لەدژی دیکتاتۆری تازە بەدەسەڵات گەیشتوو، ڕاهێنا و بەهێزی کرد و خەڵکی بە شێوەیەکی شکۆمەند و سەربەرزانە بەرەو ماڵ و شوێنی کار و ژیانی خۆیان ڕێنمایی کرد. کاک فوئاد تەنها فێرکار نەبوو، بەڵکوو خۆشی بەردەوام بەدوای فێربوونەوە بوو. ئەو مامۆستای گۆڕینی نائومێدی بە هیوا و سەرکەوتن بوو.

لە کاتی فەرمانی جیهادی خومەینی لە ٢٦ی گەلاوێژی ٥٨ و دەستپێکی هێرش بۆسەر کوردستان لە ٢٨ی گەلاوێژدا، کە لایەن لیبراڵە ورد و درشتەکانەوە پاڵپشتی لێکرا، فوئاد وەک یەکێک لە ئەندامانی ڕێبەرایەتی کۆمەڵە، فەرمانی خۆڕاگرییەکی جەماوەری بە هەموو ئیمکاناتێکی کە لەبەردەستدا بوو ڕاگەیاند و لە بەیاننامەیەکدا لەژێر ناویخەڵکی کورد لە کوانووی تاقیکردنەوەدا، ڕێبەرایەتی خۆڕاگرییەکی بەدەستەوە گرت کە دوای سێ مانگ بەرخۆدان و شکستهێنانی جەللادی جەماران، بە خواردنەوەی یەکەمجامی ژەهرلە خۆڕاگریی و کۆڵنەدانی خەڵکی خەباتکاری کوردستان، لە ٢٦ی ڕەزبەری ٥٨ و ڕاگەیاندنی تەسلیمبوون و دانوستان، بە ئاکام گەیشت. بەڵام بەداخەوە ئێتر کاک فوئاد کە بەچێگوارای کوردستان و ئێران ناسرابوو، لە ژیاندا نەمابوو تا لەو قۆناغە هەستیارەدا پرۆسەیدانوستانی بزووتنەوەی خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان ڕێبەریی بکات و بەرەوپێشی ببات. بە شاهیدی مێژوو، دەتوانین بلێین کە لە ماوەی کورتی تەمەنی کاک فوئاد، لە کاتی ئازادبوونی لە زیندانەوە تا ڕۆژی گیانبەختکردنی، هیچ ڕووداوێکی گرنگی سیاسی، کۆمەڵایەتی و خەباتکارانە لە کوردستاندا نییە کە مۆرک و کاریگەری ڕێبەریی داهێنەرانەی فوئادی پێوە نەبووبێت. کاک فوئاد لە هەلومەرجێکدا کۆمەڵە، بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی ئێران و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستانی بە تەنیا هێشتەوە کە پتر لە هەر کاتێک، هەست بە پێویستی بوونی ئەو و لێهاتوویی و توانایی داهێنەرانەی ئەو دەکرا. بەڵام دەبێت دان بەوەدا بنرێت کە فوئاد ئەفسانە نەبوو، ژیانی فوئاد هیچ نهێنی و ڕەمز و ڕازێکی نەبوو، بەڵکوو سادە و خاکەڕا و شۆڕشگێڕ بوو. ئەو مرۆڤێکی ڕاستەقینە بوو، مرۆڤێکی کامڵ و پێگەیشتوو، کەسێکی ئاگا بە بوونی خۆی، کە لە ناخی خۆیدا بە ڕەهایی گەیشتبوو. لە داوی ناخۆئاگای ئەم جیهان و ئەو بوونە پێچەوانەیە، ڕزگاری ببوو. سەردەمی ئاگایی درۆینەی تێپەڕاندبوو و وشیارییەکی زانستی سەبارەت بە دنیای دەوروبەری، بە دەست هێنابوو.

فوئادشرۆڤەکاریجیهاننەبوو،بەڵکوومامۆستایگۆڕینیجیهانبوو. پێی دەنایە هەر شوێنێک، هەرکات بیری لە هەر بزاڤێک دەکردەوە، مرۆڤ سەنتەری کردەوەکانی ئەو بوو. مرۆڤ لە ڕوانگەی ئەوەوە شتێکی جگە لە هێزی بزوێنەر بۆ وەدیهێنانی گۆڕانکاری لە خزمەت بە مرۆڤایەتی دا نەبوو. لە ڕوانگەی ئەوەوە مرۆڤ لە ناو هاوچینەکانی دا دەتوانێت کۆمەڵگا و مێژوو بخوڵقێنێت. بۆ ئەم مەبەستە هەموو وزە و توانایی خۆی لەپێناو ڕێکخستن و هەوڵی مرۆڤەکان بۆ گۆڕینی کۆمەڵگا و بنیاتنانی مێژوویەکی نوێ، مێژوویەک بە پێچەوانەی ئەوەی کە لە ڕابردوودا بوونی هەبوو، تەرخان کرد. ئەو لایەنگری ئینسانێک بوو کە بتوانێت چارەنووس و مێژووی خۆی بنیات بنێت، ئەم کارە لە ڕوانگەی هاوڕێ فوئادەوە، ئەرکێکی تاکەکەسی نەبوو، بەڵکوو ئەرکێکی بەکۆمەڵ و چینایەتی بوو. لە پراکتیکی کورت ماوەی خۆیدا، بەتایبەتی دوای ئازادبوونی لە زیندان، لە ڕۆژی ٦ی ڕەزبەری پەنجاو حەوتەوە تا ٩ی خەرمانانی ٥٨ ڕۆژی گیانبەختکردنی، واتە لە ماوەی ١١ مانگدا، ئەوەی بە باشی و بە ڕوونی بەکردەوە دەرهێنا. بێ گومان چینی کرێکار و نەوەی نوێ و ئومێدەوار بە ژیان و داهاتوو، باشتر و زیاتر لە کاک فوئاد و ئارمانە کۆمۆنیستی و ئینسانییەکانی ئەو بۆ گۆڕانکاری تێدەگەن و بەکردەوەی دەردەهێنن. پێویستە لە بەرامبەر شرۆڤەی ناسیۆنالیست و لیبراڵە هەلپەرستەکاندا، کاک فوئاد، ئارمان و پراکتیکە چینایەتی و سۆسیالیستییەکانی ئەو، وەک ئەوەی کە بوو بناسرێت، نەک وەک ئەوەی کە کەسانێک بە پێی بەرژەوەندییە بەرتەسکە شەخسییەکانی ئەمڕۆی خۆیان دەیانەوێت پێناسەی بکەن. ئێستا و لە یادی ٤٥ ساڵەی گیانبەختکردنی ئەم گەنجینە بەنرخ و پڕبایەخ و لێوانلێو لە شۆڕشگێڕی و پاکی و ڕاستگۆیی و فیداکارییە لەپێناو ڕزگاری چینی کرێکار و مرۆڤایەتی ستەملێکراو دا، یاد و بیرەوەرییەکانی، نەک بە پەرستن و کڕنۆش بردنی ئایینی و خوڕافی، نەک بە ڕیاکاری و کەڵک وەرگرتنی خراپ لە ناوەکەی و لەگۆڕنانی ئارمان و بیر و باوەڕەکەی، بەڵکوو بە بەکارهێنانی سەرجەم تایبەتمەندییە بەرجەستە مرۆیی و شۆڕشگێڕانەکانی، بەرز و بەڕێز ڕادەگرین.