هێشتا حەفتەیەک بەسەر دەستپێکی ساڵی نوێی هەتاویدا تێپەر نەبووە کە هەواڵنیرییە حکومەتیەکان لە ئێران باس لە تێپەڕ بوونی نرخی دۆلار لە سنوری ٥ هەزار تمەن دەکەن. هەواڵنیریی ئیسنا رۆژی دووشەممە ٦ ی مانگی خاکەلێوە ڕکۆردی نوێی نرخی دۆلاری ٥٠٢٣ تەمەن ڕاگەیاند. لەسەر ئەم بنەمایە ” یۆرۆ” لە بازاڕی ئازاد دا گەیشتۆتە نزیک ٦١٧٠ تمەن و ” پۆند” ی ئینگلیسیش بۆتە ٧ هەزار تمەن. هێندێک لە سەرچاوە ناحکومەتیەکان نرخەکان بە زیاتر لەو ڕەقەمانە باس دەکەن. لەوێوە کە لە ئێران بەقالی سەر کۆڵانیش لەژێر گاریگەری ڕەوانی بەرز و نزم بوونەوەی بازاری ئەرز دایە، قەیران لە بازاڕی ئەرزدا بە خێرایی ئاسەوارەکانی دەخاتە سەر ژیانی خەڵک. لەم ساڵانەدا یەکێک لە ئاسەوارەکانی دابەزینی نرخی تمەن لە بەرانبەر دۆلاردا، زیاد بوونی بەردەوامی تەوەڕوم لە ئێراندا بووە. بە شێوەیەک کە لەم رۆژانەدا لە ئێران هەواڵی ئەوە هەیە کە دابەزینی نرخی تمەن بە خێرایی زیاد بوونی نرخی، مریشک و گۆشت و هێلکە و شتی تری لە بازاڕدا بەشوێنەوە بووە. لەوێوە کە بەشێک لە مادەی سەرەتایی بەرهەمهێنانی نێوخۆییش لە دەرەوە هاوردە دەکرێت، زیاد بوونی نرخی دۆلار لە بازاڕی ئێراندا نە تەنیا نرخی کالا هاوردە کراوەکان، بەڵکو نرخی کۆتایی کالا بەرهەم هاتوەکانیش لە ئێڕاندا بەرز دەکاتەوە. زیاد بوونی نرخی ئەرز بۆتە هۆی بەرز بوونەوەی هەزینەی بنەماڵەکان بە تایبەت لە حەوزەی دابین کردنی دەرمان و کالا بێهداشتیەکاندا. لەم روەوە دواهاتە کۆمەڵایەتیەکانی دابەزینی نرخی تمەن، دابەزینی رۆژ لە رۆژ زیاتری ئاستی ژیانی خەڵک و کەم بوونەوەی توانایی کڕینی ئەوانی بەشوێنەوەیە. قەیران لە بازاڕی ئەرزدا لەگەڵ ڕکودی ئابووری و زیاتر بوونی نرخی بێکاری، بارودۆخی ژیان بۆ کرێکاران و زۆربەی خەڵکی ئێران دژوارتر دەکات. هێندێک لە چاودێرانی سیاسی ئاڵوگۆڕ لە کابینەی ترامپ دا، توند بوونەوەی گوشارەکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران و ئەگەری دەرچوونی ئەمریکا لە تەوافوقی هەستەیی و مەترسی گەڕانەوەی تەحریمە ئابووریەکان بە هۆکاری سەرەکی بەرز بوونەوەی نرخی ئەرز لە بازارەکانی ئێراندا دەزانن. ئەوان لەسەر ئەو باوەڕەن کە ” ترس لە گرژی و تێکهەڵچوونی نیزامی و گەڕانەوەی گەمارۆکان، خواست لەسەر ئەرز، بەرز دەکاتەوە، لەبەر ئەوەی هێندێک کەس لەبیری ئەوەدان داراییەکانیان بکەن بە ئەرز و بیانگوازنەوە بۆ دەرەوەی وڵات.” لەگەڵ ئەوەدا كه کاریگەری توند بوونەوەی گوشارەکانی دەوڵەتی ئەمریکا و مەترسی گەڕانەوەی بەشێک لە تەحریمەکان لەسەر بەرز بوونەوەی نرخی ئەرز لە بازاڕی نێوخۆییدا نابێ لەبەرچاو نگیرێ، بەڵام دابەزینی نرخی ڕیاڵ لە ئێران ڕیشەی لە قەیرانی ئابووری ئێران دایە. کەسادی ئابووری لە ئێران و درێژەی ڕەوتی داخرانی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و هەڵاتنی سەرمایەکان، مەحدودیەت و بەربەستە ڕەچاوکراوەکان لە لایەن ناوەندە ماڵییە جیهانیەکانەوە لە ئاڵووێری بانکیدا و زیاد بوونی هاوردە لە ئاکامی هەڵوەشانەوەی تەحریمەکان کە بە لەبەرچاو گرتنی نەخشی مافیای سپای پاسداران لە توجاڕەتی خاریجیدا بۆ دەوڵەتی روحانی غەیرە قابیلی کۆنترۆڵە، هەموویان لە قەیرانی ئابووری بازاڕی ئەرزدا دەوریان هەیە. لە لایەکی دیکەوە سەرەڕای وەعدەی دەوڵەتە جۆراو جۆرەکان لەسەر بنەمای ڕزگار کردنی ئابووری ئێران لە پشت بەستن بە تاکە سەرچاوەی داهاتی نەوتی، هێشتاش زیاتر لە ٧٠ لەسەدی داهاتە ئەرزیەکانی ئێران لە ڕێگای فرۆشتنی نەوتەوە دابین دەبێت. نرخی ئەرز لە بازاڕی نێوخۆیی ئێراندا بەردەوام بەشێک بووە لە نەوەساناتی قەبارەی هەناردە کردنی نەوت و نرخی هەر بەرمیلێک نەوت لە بازاڕە جیهانیەکاندا. لەسەر بنەمای تەرحی بوجەی ساڵی ١٣٩٧ نرخی هەر بەرمیلێک نەوت ٥٥ دۆلار لەبەرچاو گیراوە. لە حاڵێکدا بەراوردە کارناسیەکان و بەراوردی نرخی نەوتی سازمانی ئوپێک لەمساڵدا نزیک بە ٥٠ دۆلارە. ئەگەرچی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانیەکاندا بەرز بۆتەوە، بەڵام ئەگەری هەیە کە دەوڵەتی روحانی بۆ بەرەنگار بوونەوەی بەرز و نزمیەکانی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانیەکان و هەروەها بەرنگار بوونەوە لەگەڵ کاریگەریەکانی ئەگەری کەم بوونەوەی هەناردەی نەوت لە ئاکامی گەڕانەوەی بەشێک لە تەحریمەکان، هاتبێتە سەرئەوەی کە ئەرزه دەرەکییهكانی مەوجود لە بازاڕی ئێراندا بکڕێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری خانەی میللەت، بەم دواییانە یەکێک لە ئەندامانی کوموسیۆنی ئابووری مەجلیس ی ئێران و پێشتریش ژوری بازرگانی ئێران ڕایانگەیاند بوو کە ” بەپێی ئامارەکان ٢٠ تا ٢٥ میلیارد دۆلار ئەرزی خانەگی لە وڵاتدا بوونی هەیە کە ئەگەر بخرێتە بازاڕی بەرهەمی ناخالیسی نێوخۆییەوە دەبێتە هۆی ڕەخسانی هەلی کار.” ئەگەری هەیە کە دەوڵەتی روحانی بۆ قەرەبووی کەسەری بوجە و نیازە ئەرزیەکانی دەوڵەت چاوی بڕیبێتە ئەم ٢٥ میلیارد دۆلار ئەرزە خانەگیە. بەڵام چوونی دەوڵەت بەرەو کڕینی ئەرزی خانەگی ئەم قەیرانەی توند تر کردۆتەوە. لەم بارودۆخە سیاسیەدا زیاد کرانی بەهرەی بانکی بۆ بەرەنگار بوونەوەی دابەزینی ئەرزشی تمەن و بۆ بەرەنگار بوونەوەی نیگەرانیەکان و کردنی داراییەکان بە ئەرزی خاریجی و هەڵاتنی سەرمایەکان، بارودۆخی شپرزەی ئابووری ئێران ئاڵۆزتر دەکات. ئەم سیاسەتە لە هەمانحاڵدا بەشی پیشەسازی دەخاتە ژێر گوشارەوە، سەرمایە گوزاری لە بواری پیشەسازیدا کەم دەکاتەوە و دژایەتی هەیە لەگەڵ سیاسەتی” ئیشتیغاڵ زایی” دەوڵەتیش.
ڕاستیەکەی ئەوەیە کە بێجگە لەم بارودۆخە شپرزە ئابوورییە، مەقعیەتی ڕژیم لە ئاستی ناوچەکەشدا لاواز بووە. حکومەتی عەرەبستانی سعودی بە بەرەکەتی قەراردادە تەسلیحاتییە دەیان میلیارد دۆلاریەکانی لەگەڵ ئەمریکا و ئینگلیس و هێندێک لە دەوڵەتانی تری رۆژئاوایی بونیەی نیزامی خۆی بەهێز کردوە و نفوزی خۆی لەسەر شێخ نشینەکانی کەنداو پەرەپێداوە. دەوڵەتی تورکیە بە پشت بەستن بە مەوقعیەتی جوغڕافیای سیاسی و هاوپەیمانە ئیستراتیژیکەکانی کە لە پەیمانی ناتۆدا هەیەتی و ئاڵوگۆڕی بەرینی ئابووری لەگەڵ ئوروپا، لە ڕقابەت لەسەر دەستەبەر کردنی پێگەی بانتری ناوچەیی، پێش کۆماری ئیسلامی کەوتۆتەوە. لە فەلەستینیش تەوافوقی حەماس لەگەڵ فەتح بە زیانی کۆماری ئیسلامی شکاوەتەوە. لە سوریەش سەرەڕای ئەو هەزینە زۆرانەی کە سەرفی بەسەر پێوە ڕاگرتنی ڕژیمی بەشار ئەسەد و کوشتار و ئاوارە بوونی خەڵکی کردوە، سەرئەنجام یەکێک لە دۆڕاوە سەرەکیەکانی ئەو قەیرانە دەبێت. لە عێڕاقیش بەم دواییانە سەرۆک وەزیری ئەم وڵاتە ڕایگەیاند کە ” لە ناکۆکی نێوان ئێران و ئەمریکا خۆی بەدوور دەگرێت”، لە ڕاستیدا لەپاڵ ئەمریکادا دەوەستێت. لاواز بوونی پێگەی ناوچەیی ڕژیم دیمەنگای باشتر بوونی بارودۆخی ئابووری ئێرانی لێڵ و تاریک تر کردوە.
گومانی تێدا نییە کە قەیرانی سەرمایەداری ئێران و سیاسەتەکانی ڕژیمی ئیسلامی هۆکاری سەرەکی بارودۆخی فەلاکەتباری ئابووری ئێستایە و دابەزینی بەخێرایی ئەرزشی ڕیاڵ و کاریگەریەکانی لەسەر ژیانی خەڵک تەنیا یەکێک لە نیشانەکانی سەرهەڵدانی ئەم قەیرانەیە. نە تەنیا کۆماری ئیسلامی، بەڵکو هەموو بەشەکانی ئوپوزسیۆنی بۆرژوایی ئێرانیش کە خۆیان بە پارێزەری مناسباتی سەرمایەداری دەزانن، بێنە سەر کورسی دەسەڵات بە درێژەدان بەم سیاسەتانە هەمان هەژاری و فەلاکەتی ئابووری بەسەر کرێکاران و زۆربەی خەڵکدا دەسەپێنن. قەیرانی سەرمایەداری ئێران ڕێگا چارەی سەرمایەدارانەی نییە. وڵامی سۆسیالیستی کرێکاران بەم قەیرانە، خەباتی بێ پسانەوە بۆ روخاندنی کۆماری ئیسلامی، ئیفشای ماهیەتی ڕاستەقینەی ئیستراتیژی و بەرنامەی هێزە ئوپوزسیۆنەکان، دامەزراندنی حکومەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و بنیادنانی ئابووریەکی سۆسیالیستییە.