کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بەرز بوونەوەی نرخی ئەرز و گرانی سەرسوڕهێنەر بەدوایدا

 

لە ماوەی ئەم دوو حەفتەی دواییدا نرخی ئەرز لە بازاڕەکانی ئێراندا بە خێرایی بەرز بۆتەوە و بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی بڵاو کراونەتەوە بۆ یەکەم جارە لەمساڵدا نرخی یەک دۆلاری ئەمریکایی، گه‌یشتوه‌ته‌ ئاستی بانتر لە ٤ هەزار تمەن و نزیک بە ٤١٠٠ تمەن. گران بوونی نرخی ئەرز هەر زوو کاریگەری لەسەر قیمەتی هەموو کالاکان دانا. یەکێک لە هۆکارەکانی گران بوونی کالا ئەساسیەکانی جێی پێداویستی ژیانی خەڵک کەم بوونی ئەرزشی پوڵی میللی و بەرز بوونەوەی نرخی ئەرزی خاریجییە. رۆژنامەی توجاڕەتی چاپی تاران لە پێوەند لەگەڵ بەرز بوونەوەی نرخی ئەرز نووسیوەتی:

“برینه‌كانی ئه‌م بارودۆخه‌ ئابوورییە هەر ئەڵێی قەت چاک نابن، و رۆژانە له‌ جەستەی نه‌خۆشیه‌وه‌ کوانی پڕ لە کێم سه‌ر هه‌ڵدێنن. هەر ئەڵێی چاره‌سه‌رێك بۆ ئەم بارودۆخه‌ ئابوورییە نییە.” لەپاڵ موشکلاتێکی بێ ئەژماری ئابووری ئێراندا ئێستا دیسانیش برینی ئەرز تەشەنەی کردۆتەوە و دیسان ئابووری ئێران لەم بارەیەوە ئازار دەکێشێ. نرخی ئەرز لە چوار ساڵی ڕابردودا بە لوتفی سیاسه‌ته‌ كونتڕۆڵ كردنی ده‌وڵه‌تی، لەم رۆژاندا بەرەوڕووی گەشەکردنێکی سەرسوڕ هێنەر بۆتەوە. “وەلیۆڵا سەیف سەرۆکی بانکی ناوەندی ئێران، دەڵێ کە زیاد بوونی نرخی ئەرزەکان لە بارودۆخی ئێستادا کاتییە و بازاڕ دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی. بەڵام ئەزموونی دوو دەورەی دەوڵەتی ئەحمەدی نیژاد و نزیک بە ٥ ساڵ دەوڵەتی روحانی نیشانی داوە کە نرخی ئەرز بەردەوام رووی لە بەرز بوونەوە بووە و لەم ماوەیەدا جارێکێش دانەبەزیوە.

لە ئابوورییەکی نەخۆشدا دابەزینی ئەرزشی پوڵی میللی و گران بوونی ئەرز دەتوانێ هۆکاری جۆراوجۆری هەبێت. بەڵام لەم قۆناغەدا هۆکارە بنەڕەتیەکەی کەسری بودجەی سەرچاوە گرتوو لە زیاد بوونی هەزینە نیزامی و ئەمنیەتیەکانی ڕژیمە. له‌ ڕاستیدا دابەزینی ئەرزشی پوڵی ڕەسمی ئێران هەر هۆکارێکی هەبێت، بەرهەمی ڕەوتێکی غەیرە قابیلی کۆنترۆڵە لە ئابوورییەکی نەخۆشدایه‌ و سیاسەتێک کە ئاگاهانە گیراوەتەبەر، له‌ ڕاستیدا هێرشێکی ئاشکرایە بۆسەر ئاستی بەڕێچوونی خەڵک و باجه‌كه‌شی کرێکاران و مووچه‌خۆرانی خواره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ ئەیدەن. زۆر ئاشکرایە کە لە حاڵێکدا ڕێژەی حەقدەستەکان لە باشترین حاڵەتدا سەقامگیر دەمێننەوە، خه‌ڵك بۆ دابین كردنی کالا ئەساسیەکانی ژیان ناچارن بۆ هەمان بڕی مەسرەفی رۆژانە، ئه‌م جاره‌ پارەیەکی زیاتر بدەن.

لە دنیای پێشکەتوی سەرمایەداریدا بە شێوەی ئاسایی دەوڵەتەکان هێندێک جار ئەرزشی پوڵی ڕەسمی وڵات دادەبەزێنن تا کڕیارانی دەرەکی بۆ کڕینی کالای هەرزانتر هانبدرێن و لە ئاکامدا، هەناردە کردن زیاتر دەبێت و بەرهەمهێنانی نێوخۆیی گەشە دەکات. بەڵام دابەزینی بەم شێوەیە بە خێرایی و توندی نرخی پوڵی ڕەسمی لە وڵاتێکی وەک ئێراندا، ئەم جۆرە ئاکامەی بەدوادا نایه‌ت. لەبەر ئەوەی یەکەم، ئابووری ئێران ئەساسەن پشتی بە هەناردە کردنی نەوت بەستوە و نەوتیش لەگەڵ ئەرزە خارجییه‌كان مامەڵەی پێوە دەکرێت. دووهەم هەناردە کردنی کالای غەیرە نەوتی ئێران بە بەراورد لەگەڵ هەناردە کردنی نەوتدا زۆر کەمە و دەستەبەر کردنی داهاتی ئەرزی لەم ڕێگایەوە ناتوانێ ئامانجی وەها سیاسەتێک بێت. لەگەڵ ئەوەشدا وەها سیاسەتێک بەر لەوەی کە ببێتە هۆی پەرەسەندنی بەرهەمهێنانی نێوخۆیی، دەبێتە هۆی بێ ئیعتیبار بوونی زیاتری پوڵی ڕەسمی.

بەم جۆرە ئامانجی وەها سیاسەتێک دەبێ لە جێگایەکی دیکەدا بۆی بگەڕێی و ئەویش هیچ شتێک نییە بێجگە لە دابین بوونی کەسری بوجە لە گیرفانی خەڵک. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە دەوڵەتی روحانی، سەرەڕای تەبلیغاتێکی بێ بنەما کە لە بواری دەستکەوتە ئابووریەکانی دا دەرخواردی خەڵکی ئەدات، بە کردەوە کەوتۆتە بونبەستێکی ئابووریەوە و بە سیاسەتی ئەمرۆ بۆ سبەی ئابووری ئێران بەڕێوە دەبات. وەک ئەوەی دەبینین کە بەرەو وەرشکست چوونی بونگا ئابووریەکان هەروا درێژەی هەیە. بە دوای ئەو سیاسه‌ته‌ی کە لە یەکە پیشەسازیەکانی هیپکۆ و ئازەرئاب دا روویدا، ئێستا ئەو هەواڵانە دەگەن کە کارخانەی پلی ئەکریل ی ئیسفەهانیش بە زیاتر لە ٢ هەزار کرێکارەوە لە سەرودەمی وەرشکست بوون دایە.

لە حاڵیکدا کە کاربەدەستانی دەوڵەتی روحانی بە باشی دەزانن کە چ نەفرەتێک لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە دڵی زۆربەی خەڵکی ئەم وڵاتەدا په‌نگی خواردۆتەوە، لە حاڵێکدا کە کرێکارانی ئێران هەموو رۆژێک لە سەحنەیەکی نەبەردی چینایەتیدا لەگەڵ سەرمایەداراندان ئەگەر گرتنە پێشی وەها سیاسەتێک بە واتای بونبەستی ئابووری نەبێت، چۆن دەکرێ سیاسه‌تێك کە دەوڵەتی روحانی لە ئاوا بارودۆخێکدا دەست ئەداتە ئەم جۆرە ڕیسکە ته‌وزیح بدرێ. رۆژنامە و دەزگا تەبلیغاتیەکانی سەر بە باڵی خامنەیی و سپای پاسداران بەردەوام باس لە ناکامیەکان و ئاماری درۆینەی دەوڵەتی روحانی دەکەن. ئەم باڵە لەگەڵ ئەوەدا کە دەزانێ خۆیشی لە بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ قەیران و شپرزەیی ئابووری دا ناتوانێ کارێکی ئەوتۆ بکات، لە هەوڵی ئامادە سازی کۆمەڵگا دایە بۆ خۆش باوەڕیەکی دیکە. ئەوان بە پیشاندانی چەند گۆشەیەک لە ناکامیەکانی دەوڵەتی روحانی، دەیانەوێ وای پیشان بدەن کە گۆیا ڕێگا چارەی ڕزگار بوون لەم قەیرانی ئابووریە بە دەست ئەوانەوەیە. کارناسانی ئەم باڵە باس لە پێویستی بە دەوڵەتی کردنی زیاتری ئابووری دەکەن و هێندێک جاریش کرێکاران بۆ دژایەتی لەگەڵ خوسوسی سازیەکان هان ئەدەن. سپای پاسداران وەک مێحوەری بە دەوڵەتی کردنەکان، بە زۆرە ملێ رۆژانە حەوزەیەکی نوێی ئابووری له‌ ئێران کۆنترۆڵ دەکات.

لە ئاوا بارودۆخێکدا ئەوەی کە بە تایبەت کرێکاران دەبێ بیزانن ئەو ڕاستیەیە کە لە سیمای هیچکام لە باڵەکانی کۆماری ئیسلامیدا ڕێگا چارەیەک کە ببێتە هۆی باشتر بوونی بارودۆخی ژیانیان، بەدی ناکرێت. بۆنگا دەوڵەتیەکانی ژێر کۆنترۆڵی سپای پاسداران، بە دامەزراندنی نەزم و مناسباتێکی پادگانی، توند ترین کۆنترۆڵەکان بەسەر هەموو جوڵەیەکی کرێکاریدا پەیڕەو دەکات. ئاستی حەقدەستەکان لە دامەزراوە دەوڵەتیەکاندا بە هیچ شێوەیەک بەرزتر لە ئاستی حەقدەستی ناوەنده‌ خسوسییه‌كان نییه‌. تەنانەت قانونی کاری کۆماری ئیسلامیش لە بونگا ئابورییه‌كانی ژێر کۆنترۆڵی سپای پاسداراندا ئیجرا ناکرێت. ئەگەر خوسوسی سازیەکان کرێکاران بەبێ هیچ پشتیوانیەک دەکاتە کۆیلەی سەرمایەدارانی چاوچنۆکی کەرتی تایبەت، بە دەوڵەتی کردنەکانیش خەفەقان ئاوەر ترین بارودۆخ بەسەر فەزای ناڕەزایەتی و خەباتی کرێکاراندا دەسەپێنن.

چینی کرێکاری ئێران و خەڵکی بێبەشی ئەم کۆمەڵگایە بۆ ڕزگار بوون لە بارودۆخی دژاوری ژیانیان بە هیچ شێوەیەک ناتوانن بێجگە لە هێزی خەباتکارانەی ئاگاهانە و ڕێکخراوی خۆیان بەهیچ شتێکی دیکەوە پشت ئەستور بن.

بابەتی پەیوەندیدار

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-