لە بیست و هەشتەمین ڕۆژی شەڕدا، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە چڕی هێرشەکان گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی و هاوکات ژێرخانە پیشەسازی و سەربازییەکان لە ناوچە جیاوازەکاندا بوونەتە ئامانجی سەرەکی.
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، تەنیا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ٥٤١ هێرش لە چوارچێوەی ١٦٤ ڕووداو لە ١٨ پارێزگادا تۆمار کراون کە کۆی گشتی ١٧١ کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو، بەشە گرنگەکانی ئابووری وەک پیشەسازیی فولاد و وزەخانەکان تووشی زیانێکی بەرچاو بوون و ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە هێرشەکان ئاراستەی تێکشکاندنی توانا سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی کراون. هەروەها، ئامارەکان لە دەستپێکی شەڕەکانەوە لە ٩ی ڕەشەممە تاکوو ئێستا ئاماژە بە گیانلەدەستدانی زیاتر لە ١٥٠٠ هاووڵاتیی مەدەنی دەکەن کە لە ناویاندا بە سەدان منداڵ بوونیان هەیە. بەردەوامبوونی ئەم دۆخە، جگە لە کارەساتە مرۆییەکان، بووەتە هۆی قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری و تێکچوونی خزمەتگوزارییە گشتییەکان.
