لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، ڕێژەی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانی ڕژیم لە شارە جیاوازەکان بەرزتر بووەتەوە و دۆخی ژیانی خەڵک ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت.
بەپێی ڕاپۆرتی نێتبلاکس، سێ هەفتەی تەواو بەسەر دەستپێکی پچڕانی ئینتێرنێتدا تێپەڕیوە و ئەم پچڕانە گەیشتووەتە ٥٠٤ کاتژمێر و بەکارهێنەران ناچار کراون کە بە تەنیا تۆڕی میللی ئینتەرنێت بە کار بهێنن. لە هەمان کاتدا، مای ساتۆ، هەواڵنێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، هۆشداری دا کە قەیرانی مافەکانی مرۆڤ بەردەوامە و خوازیاری چارەسەرکرانی کێشەی ئینتەرنێت لە ئێران و ئازادی هەموو بەندکراوانی سیاسی و ئەقیدەتی لە ئێران بوو. ناوبراو ئاماژەی بە بەردەوامیی ئێعدامەکان، ئازاردانی کەمینەکان، زیندانییە سیاسییەکان و توندوتیژی دژ بە ژنان کرد. هەروەها بە پێی دوایین زانیارییەکان، لە بەندیخانەی چابەهار، بە هۆی ناڕەزایەتی بەندکراوان دژ بە خراپی دۆخی ژیانیان، لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە بەشە خواردنیان لێ بڕاوە و پاشان بە هۆی تێکهەڵچوونێک لەو زیندانە لە نێوان هێزەکانی ڕژیم و بەرپرسانی زیندان، لانیکەم ١٠ بەندکراو بریندار کراون.
