ڕۆژی ڕابردوو و لە درێژەی هێرشەکان بۆ سەر پێگەکانی ڕژیم، هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی ئێران و کوردستان چڕتر بوونەتەوە و ژێرخانە سەربازی و ئەتۆمییەکان بوونەتە ئامانجی سەرەکی.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی ڕابردوو چەندین ناوچەی گرنگ لە ئێران و کوردستان بوونەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکان کە لەوانە ناوچەکانی سنە، ورمێ و کرماشان لە لە کوردستان و هەروەها شارەکانی یەزد، ئەراک، پارچین، ئەهواز، دێزفول و فارسان، هاوکات ناوچەی کوهەکیش کە پەیوەندیی بە بنکەی بەرگریی سایبەریی سپای پاسدارانەوە هەیە کراوەتە ئامانج. ئاماژە بەوە دەکرێت کە هێرشەکان تەنها لە چوارچێوەی هێرشی سنوورداردا نەماونەتەوە، بەڵکوو بە شێوەیەکی فراوان ژێرخانە سەربازی و ئەتۆمییەکانی وەک کارگەکانی پەیوەندیدار بە پڕۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە یەزد و وێستگەی ئاوی قورس لە ئەراک، کە نیشانەی ئاراستەکردنی هێرشەکان بۆ سەر توانا ستراتیژییەکانی کۆماری ئیسلامییە، گرتووەتەوە. لە هەمان کاتدا، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێرشەکان بە بەشداریکردنی ژمارەیەکی زۆر لە فڕۆکە جەنگییەکان ئەنجام دراون، کە بە شێوەیەکی هاوکات لە چەندین ناوچەدا بە کار هێنراون، ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەوڵێکی ڕێکخراو بۆ تێکشکاندنی ژێرخانەکانی بەرگری و پیشەسازیی سەربازی کۆماری ئیسلامی.
