ڕۆژی شەممە ٢٣ی ڕەشەمە، چەندین شاری ئێران بوونەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانی و مووشەکییەکان و تا نیوەڕۆی ئەمڕۆش لە هەندێک شار دەنگی تەقینەوە بیستراوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە شاری تەورێز ناوچەیەک کە بە “دڵی پیشەسازی” ناسراوە لە ڕۆژاوای شارەکەدا کراوەتە ئامانج و چەند دامەزراوەی پیشەسازی وەک کۆمپانیای “ئیدەم”، “بونیان دیزڵ” و بەشێک لە کۆمپانیای “تراکتۆرسازی تەورێز” زیانیان بەرکەوتووە. هەروەها لە شاری ئیسفەهانیش چەندین تەقینەوە لە ناوچە جیاوازەکانی شار بیستراوە. لە هەمان کاتدا ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە لە نزیک پارکی “کوهستان”ی شاری یەزد بنکەیەکی مووشەکی کراوەتە ئامانج و دووکەڵی ڕەش ناوچەکەی داگرتووە و لانیکەم شەش دەنگی تەقینەوە لەو ناوچەیە بیستراوە. هەروەها لە تاران ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە ئامانجگرتنی ناوەندێکی توێژینەوەی ئاسمانی و کارگەیەکی دروستکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی دەکەن. بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتانە، هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر دامەزراوە پیشەسازی و هەندێک ناوەندی سەربازی لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران هێشتا بەردەوامن.
