کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
ئێرانهه‌واڵه‌کان

بەردەوامی هێرشی ئاسمانی هاوبەش بۆسەر ئێران

بەردەوامی هێرشی ئاسمانی هاوبەش لەسەر ئێران

بەپێی ڕاپۆرتەکان، سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خاکەلێوەوە شەپۆلێک هێرشی ئاسمانی بەربڵاو لە سەرتاسەری وڵات دەستی پێکردووە و دەیان شار بوونەتە ئامانجی تەقینەوە، بۆمباران و هێرشە مووشەکییەکان. چڕی و فراوانیی ئەم هێرشانە بە شێوەیەک بووە کە زۆربەی ناوچەکان هاوکات لەژێر ئاگردا بوون.

لە تاران لە نزیکەی کاتژمێر ٢:٣٠ی خولەکی سەر لە بەیانی، زۆرێک لە ناوچەکانی وەک لەویزان (دەوروبەری زانکۆی مالک ئەشتەر)، نیزام‌ئاباد، نارمک، تێهرانپارس، سەبلان، مەرزداران، سەلسەبیل، مەحموداوا، پاسداران و دەوروبەری فڕۆکەخانەی مێهرآباد بوونەتە ئامانجی تەقینەوەی توند. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان چوار تەقینەوەی بەهێز لە ناوچەی سەلسەبیل، تەقینەوەی بەردەوام لە سایتەکانی پارچین و بیدگنە و هەروەها لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی تاران ڕوویداوە. هەروەها وێنە و ویدیۆکان نیشان دەدەن کە دووکەڵێکی قورس لە دەوروبەری مەیدانی ئازادی و باکووری فڕۆکەخانەی مێهرآباد بەرز بووەتەوە. لە زانکۆی پیشەسازیی شەریفیش تەقینەوە ڕوویداوە و سەرچاوە ناوخۆییەکان هۆکارەکەیان گەڕاندووەتەوە بۆ تەقینەوەی هێڵی گاز. لە پارێزگای ئەلبورز، ناوچەی فەردیس لە کرج شاهیدی تەقینەوەی بەردەوام بووە و هەروەها هێرش کراوەتە سەر بەهارستانی تاران (شاری قەلعەمیر) کە بەهۆیەوە تا ئێستا لانیکەم ١٣ کەس کوژراون. هەروەها ڕاپۆرتەکان لە بەهارستان و قوم باس لە تیرۆری ئامانجدار دەکەن. لە شارەکانی تر، لەوانە قوم، شیراز، تەورێز، خۆڕەمئاباد و کرماشان تەقینەوە ڕوویداوە. لە بۆشەهریش هێرش کراوەتە سەر وێزگەی کارەبا و دەنگی تەقینەوەکان تا مەودای چەندین کیلۆمیتر هەست پێکراوە. لە باشووری وڵات، بەندەرعەباس، بەنـدەری لەنگە، بەنـدەری کەنگان، حاجی‌آباد و ئابدانان بوونەتە ئامانجی هێرشەکان. بە پێی هەواڵەکان لە بەنـدەری لەنگە، پۆمپی بەنزین و هۆتێلێک کراوەتە ئامانج و قوربانیی زۆری لێکەوتووە. لە ئەهۆازیش جگە لە تەقینەوەی بەردەوام، بنکەکانی هێزەکانی ئاسایش و ناوەندە پەیوەندیدارەکان کراونەتە ئامانج. ڕاپۆرتەکان هەروەها ئاماژە دەکەن بە هێرش بۆسەر شارەکانی تری وەک ئەردەبیل، زەنجان، میانه، مهاباد، ئیلام، بروجێرد، شووشتەر، ئیزە، سیرجان، ئێرانشەهر، جیرفت، ڕەفسەنجان و ساوە. لە گیلانیش باس لە بۆمبارانی توند کراوە. بەپێی سەرچاوەکان، ئەم هێرشانە وەک کەمپەینێکی هاوتەریب و فراوان لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سپای ئیسرائیلەوە ئەنجام دەدرێن و بە بەراورد بە ڕۆژانی پێشوو زۆر چڕ و بەربڵاوتر بوون. هەروەها باس لە بە ئامانجکردنی ستادی فەرماندەیی سپا لە کولاهدوز و هێرش بۆسەر ناوەندە سەربازی و ئەمنییەکان دەکرێت. شایانی باسه تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، دەنگی تەقینەوە لە زۆربەی ناوچەکان بەردەوامە.