بەپێی دوایین هەواڵەکان، پاش تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ بە سەر دەستبەسەرکرانی حەمید محەممەدزادە هاووڵاتیی کوردی خەڵکی خوراسانی باکوور، چارەنووسی ناوبراو هێشتا بە نادیاری ماوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ئەم لاوە کوردە کە خەڵکی شاری ئاشخانەیە و وەک یەکێک لە وەرزشکارە بەتوانا ناسراوەکانی زۆرانبازیی لە ئێراندا دەناسرێت، لە ڕێکەوتی ١٢ی پووشپەڕەوە لە لایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراوە. شایانی باسە کە دەستبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایی ئەنجام دراوە و سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی، ناوەندە ئەمنییەکان هیچ وڵامێکی ڕوونیان بە بنەماڵەکەی نەداوەتەوە.
