عەبدوڵڵا مەهجوور و سالار ئازەر، دوو هاووڵاتی خەڵکی سەقز سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیک بە یەک مانگ لە دەستبەسەرکرانیان، هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.
بە پێی ڕاپۆرتەکان، سالار ئازەر ٣٦ ساڵە و عەبدوڵڵا مەهجوور ٥٩ ساڵە، خەڵکی سەقز، ٢٧ ڕۆژە دەستبەسەر کراون و تا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت شوێنی ڕاگرتن و دۆخی تەندروستی و پرۆسەی دادگاییکردنەکەیان بڵاو نەکراوەتەوە. هەروەها ئیتلاعاتی سپای پاسداران و دادوەریی سەقز لە بەرپرسیارێتی چارەنووس و دەستبەسەربوونی ئەم دوو هاووڵاتییە بواردووە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە چەند کەسێک شایەدی دەستبەسەرکرانی ئەم دوو هاووڵاتییە لە لایەن سپای پاسدارانەوە بوون. عەبدوڵڵا مەهجوور و سالار ئازەر کە ئامۆزای یەکترن، ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ڕەشەممە کاتێک لە ماڵ دەچنە دەرەوە لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ڕێژیمەوە دەستبەسەرکراون. شایەنی باسه ناوەندە حکومەتییەکان ئامادەی هیچ جۆرە وڵامدانەوەیەک سەبارەت بە دۆخی ئەم دوو کەسە نین، ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری لای بنەماڵەکانیان دروست کردووە.
