کابینەکانی ترامپ و نەتانیاهۆ بە بیانووی پووچ و بێ بنەما، ڕۆژی ١٨ی مارس کۆتاییان بە ئاگربەست هێنا و کوشتاری بەکۆمەڵی دانیشتوانی غەززە بەتایبەت ژنان ومنداڵانیان دەستپێکردەوە. بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە فەلەستینییەکان، فەرماندەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل هەتا ڕۆژی ٢٩ی مارس بەرامبەر بە ٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، بوونەتە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە ٩٢٠ فەلەستینی و بریندارکردنی ٢٠٢٥ کەسی دیکە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی سەرچاوە سەربەخۆکانی غەززە، زۆربەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە، ژنان و منداڵان بوون و بە ئەنقەست کراونەتە ئامانج.
لە جەرگەی بەردەوامی جینۆسایدی ئەم دواییەی خەڵکی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە، بەرپرسان و دەست پێوەندەکانی ڕژێمی ئیسلامی، وەک هەموو ساڵێک، ڕۆژی هەینی هەشتی خاکەلێوەیان وەک ڕۆژی قودس تەرخان کرد بۆ بەڕێوەبردنی ڕێپێوان و ڕێوڕەسمە ئایینییەکان. کامێراکانی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی، زۆمیان کردەسەر تاک بە تاکی کاربەدەستە باڵاکان و ئامادەکارانی ڕیپۆرتاژەکان، لێدوانی درۆ و ڕیاکارانەی ئەوانیان بە شێوەیەکی گشتی یان بەشی هەرە زۆریان بۆ خەڵکێک بڵاو کردەوە کە لە زومرەی نانبەنرخی ڕۆژخۆرەکانی ڕژێمن و بۆچوون و لێدوانە پڕوپووچەکانیان بە باشی دەناسن. بۆچوونەکان وەک هەمیشە پڕ بوون لە درۆی شاخدار و خۆفریودانی زیاتر و ئاشکراتر لە ساڵانی پێشوو.
کۆماری ئیسلامی لە کاتی ڕاگەیاندنی ڕۆژی قودس لەلایەن خومەینییەوە لە خاکەلێوەی ١٣٥٨ەوە هەتا ئێستا، جگە لە پاڵپشتی و بەهێزکردنی دارایی، دابینکردنی چەکوچۆل و ئیدئۆلۆژیکی هێزە کۆنەپەرستەکانی وەک حەماس و گرووپە ئیسلامییە هاوشێوەکانی و هەروەها ڕێگریکردن لە خۆڕێکخستنی هێزە پێشکەوتنخوازەکان، نەک هەر هیچ کارێکی سوودبەخشی بۆ هاوڵاتیانی غەززە و کەناری ڕۆژئاوا نەکردووە، بەڵکوو زیانیشی پێ گەیاندوون. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە بەدەستەوەدانی بیانوو بە دەوڵەتەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ کوشتاری خەڵکی فەلەستین، پەرەپێدانی شارۆچکەکان و وێرانکردنی ماڵ و حاڵ و ژێرخانی شارەکانیان لە کەناری ڕۆژئاوا و بەتایبەت غەززە، باشترین خزمەتیان بە ڕاستڕەوەکانی دەسەڵاتدار لە ئیسرائیل و ئەمریکا و گەورە سەرمایەدارەکانی ئەو وڵاتانە کردووە.
ئیسرائیل لەژێر گوشاری ترامپدا، بە پێچەوانەی ویستی خۆی، مانگی ژانویەی ٢٠٢٥ ئاگربەستێکی لەگەڵ حەماس واژۆ کرد. ئەم گرووپە کۆنەپەرستە، لەژێر کاریگەری سیاسەت و تێگەیشتنە خوڕافییەکەی سەبارەت بە هاوسەنگی هێز لەگەڵ ئیسرائیل، لە بری سپاردنی ئەرکی بەڕێوەبردنی غەززە بە دانیشتوانەکەی، خۆی ڕاستەوخۆ دەسەڵاتی بە دەستەوە گرت. کاربەدەستانی ئیسرائیلی و ئەمریکایی، وێڕای ناسینی مۆرە سەرەکییەکانی حەماس، بیانوویەکیان داتاشی و ڕۆژی ١٨ی مارس بە پشتگیری تەواوی ترامپ، سەرلەنوێ جینۆسایدی لە غەززە و کوشتار لە کەناری ڕۆژئاوایان توندتر لە جاران، دەستپێکردەوە. هەڵە مەترسیدارەکانی بەرپرسانی حەماس لە ماوەی ئاگربەستدا، بوونەتە هۆی
ئەوەی کە بەشێک لە دانیشتوانی باکووری غەززە خوازیاری دەرکردنی حەماس و کورتکردنەوەی دەستی ئەو گرووپە لە دەسەڵاتدارێتی ئەو ناوچەیەدا بن و هاوکات کۆنەپەرستانی ئیسرائیل و ئەمریکا خۆشحاڵ بکەن.
بەپێی لێدوانی ڕاشکاوانەی ترامپ و نەتانیاهۆ، ئامانجی ڕاستەوخۆتری ئەم قۆناغە لە جینۆساید و وێرانکارییەکان، کە ڕەزامەندی و پشتگیری تەواوی دەسەڵاتدارانی ئەمریکای لەپشتە، بریتییە لە وەدەرنان یان کوشتاری خەڵکی غەززە. هەنگاوی دواتر بریتی دەبێت لە کوشتار و دەرکردنی دانیشتوانی کەناری ڕۆژئاوا. بۆ پاککردنەوەی غەززە و سەرەنجام تەواوەتی فەلەستین، بەدەستهێنانی هاوکاری دەوڵەتەکانی میسر و ئوردنی پێویستە. هێرشی چڕوپڕ و بەردەوامی هێزی ئاسمانی ئەمریکا بۆ سەر خەڵکی یەمەنیش بە بیانووی چالاکییەکانی حوسییەکان و هەروەها هەڕەشەی توندی ڕژێمی ئێران، بە ئاراستەی ئەو پلانە بەڕێوە دەچێت. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکەوتی یەکی خاکەلێوەی ڕۆژنامەی ئەلئەخبار، میسریش لەژێر گوشار و هەڕەشەکانی کابینەی پڕۆ ئیسرائیلی ترامپدا، قبووڵی کردووە کە نیو ملیۆن کەس لە دانیشتوانی غەززە بۆ ماوەی شەش مانگ لە بیابانی سینا نیشتەجێ بکات. ئەگەر بێتوو پلانێکی لەو شێوەیە جێبەجێ بکرێت، دواتر ئیسرائیل ڕێگە بە گەڕانەوەی تەنانەت یەک کەسیشیان نادات. بەپێی هەواڵ و ڕاپۆرتە بەردەستەکان، ئوردن هەتا ئێستا لە بەرامبەر هەڕەشە و گوڕەشەکانی ترامپدا خۆڕاگریی کردووە و پشتگیری لە پلانی دوو دەوڵەتیی فەلەستینی و ئیسرائیل کردووە.
کێشەی فەلەستین لەو هاوسەنگی هێزەی ئێستادا و بە زاڵبوونی هێژمۆنی ئیسرائیل و ئەمریکا لە ناوچەکەدا، نەک هەر چارەسەر نابێت، بەڵکوو ڕۆژ بە ڕۆژ ئاڵۆزتر دەبێت. تەنها بزووتنەوەیەکی بەهێزی دژە شەڕ دەتوانێت، بەستێنی چارەسەری ئەو کێشەیە فەراهەم بکات.